بۆ ناوەڕۆک بازبدە

میرنشینی حەسکیف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

میرنشینی حەسکیف،[١] حەسەنکێف یان مەلیکان (١٢٣٢–١٥٢٤،[٢][٤] بە کوردیی باکووری: Mîrektiya Melîkan) میرنشینێکی کوردی بوو کە ناوەندەکەی لە دەوروبەریی حەسکیف بوو و لەلایەن نەوەکانی بنەماڵەی ئەییووبییەکانەوە حوکمڕانی دەکرا تا ھەڵوەشاندنەوەی لە ساڵی ١٥٢٤.[١] میرنشینەکە بە دوا پاشماوەی دەوڵەتی ئەییووبی دادەنرێت.[٥] فەرمانڕەواکانی پێیان دەگوترا 'ئەملاک' (پاشاکان) و سەرەڕای داگیرکاری و خاوەندارییەتییە جیاوازەکان لە ساڵی ١٢٣٢ تا ١٥٢٤ بەردەوام بوون لە سەرکردایەتیکردنی میرنشینەکە.[٦][١]

ئەشکەوتی بەردین لە نزیک حەسکیف کە خەڵکی ناوچەکە لە کاتی داگیرکاریی تەیموور بەرەو ئەوێ ھەڵھاتن.[٧]

سەردەمی نێوان سەدەی ١٣ بۆ سەدەی ١٦ گەواھیدەری دروستکردنی چەندین پێکھاتەی نژیاروانی جۆراوجۆر بوو، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە نژیاروانیی ئیسلامییەوە هەبوو. نەخشەکار عیزەدین کوڕی شەداد، پێدەچێت پێش ساڵی ١٢٥٩، ئاماژەی بەوە کردبێت کە میرنشینەکە خاوەنی سێ خوێندنگە، چوار گەرماو، مەزارگە، بازاڕ، کاروانسەرا، مزگەوت و قەڵا بووە. لە دەوروبەری قەڵاکەدا، گۆڕەپانێکی شار و کێڵگەکانی گەنم و جۆ و دانەوێڵە هەبوون. بەڵام ئاستی بژێوی بەهۆی هێرشی تەیموورییەکانەوە ڕووی لە خراپی کرد و زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکە بۆ پاراستنی گیانیان بەرەو ئەشکەوتە شاخاوییەکان هەڵاتن. تەنانەت پردی دیجلەش لەو ماوەیەدا لەکارکەوتوو بوو. تەنها دوای واژووکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی لە نێوان ئەلناسر محەممەد و ئەبوو سەعید بەهادر خان لە نیوەی یەکەمی سەدەی ١٤دا، میرنشینەکە دووبارە گەشایەوە و کارەکانی بیناسازی دەستیان پێکردەوە.

میرنشینەکە چەندین دەزگای خێرخوازی دامەزراندبوو کە پاڵپشتیی کاروباری پەروەردەییان دەکرد، و زانایانی بوارەکانی مۆسیقا، ھەڵبەست و وێژە لە میرنشینەکەدا نیشتەجێ بوون. چەندین میر هەستان بە کۆکردنەوەی بەرهەمە زانستییەکان و دامەزراندنی پەرتووکخانە بۆ توێژینەوە.[٨][٩]

مێژوو

[دەستکاری]

کاتێک تەیموور گەیشتە حەسکیف، شای میرنشینەکە ئەشرەف بوو کە بە تەواوی خۆی ڕادەستی ئیمپراتۆریەتیی تەیمووری کرد. دەسەڵاتی شا ئەشرەف بە «درێژ و ئارام» وەسف دەکرێت. کوڕەکەی، خەلیل، جێگەی گرتەوە کە پاڵپشتی کۆدەنگی هەموو هۆزەکانی حەسکیفی هەبوو، ئەویش دڵسۆزی خۆی بۆ ئیمپراتۆریەتیی تەیمووری دەربڕی کە ئەو کاتە لەلایەن شاروخ، کوڕی تەیموورەوە، سەرکردایەتی دەکرا. کاتێک شاروخ لە وان لە دژی قەرەقۆینلۆ دەجەنگا، شا خەلیلیش بۆ دەربڕینی ڕێز و وەفا چووە لای فەرمانڕەوای تەیمووری. سەردەمی دەسەڵاتی مەلیک خەلیل وەک «قۆناغێکی بەختەوەری و ئاشتی» وەسف دەکرێت. کاتێک مەلیک خەلیل کۆچی دوایی کرد، خەڵەفی برازای جێگەی گرتەوە کە چووە ناو شەڕ لە دژی هۆزە کوردەکانی جزیر. دەسەڵاتی شا خەلەف کاتێک کۆتایی هات کە ئۆزۆن حەسەنی ئاققۆینلۆ حەسکیفی گەمارۆدا. لەکاتی ئەم گەمارۆدانەدا، شا خەلەف لەلایەن برازایەکی خۆیەوە تیرۆر کرا، کە دواتر دەروازەکانی بۆ داگیرکەران کردەوە. ئەو برازایە دەرفەتی فەرمانڕەوایی میرنشینەکەی بۆ نەرەخسا و میرنشینەکە ڕادەستی سەرکردەیەکی تورک کرا.[١٠]

خەلیل، برای شا خەلەف، کە لەکاتی ڕووداوەکاندا بۆ سووریا هەڵاتبوو، بە هاوکاری هۆزی شیرووی گەڕایەوە بۆ حەسکیف کە سەرۆکەکانیان وەک وەزیری میرنشینەکە کاریان دەکرد. هۆزە جیاوازەکان پەیوەندییان بە خەلیلەوە کرد و سەرکەوتوو بوون لە کۆنترۆڵکردنەوەی نەک تەنها حەسکیف، بەڵکو سێرت-یش لە چنگی ئاق قۆینلۆ. شا خەلیلی نوێ ئێستا سەربەخۆیی تەواوی پاراستبوو و بێوێنە بوو لە نێوان فەرمانڕەواکانی دیکەی کوردستاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، لەکاتی سەردانێکیدا بۆ لای شا ئیسماعیلی یەکەمی سەفەوی بە دیل گیرا. قزڵباشەکان کۆنترۆڵی میرنشینەکەیان گرتە دەست و ناوچەکەیان ڕادەستی هۆزی بەژنەوی کرد. بەڵام شا خەلیل توانی لەکاتی شەڕی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤دا هەڵبێت و خەڵکی حەسکیفی یەکخستەوە و سێرت و حەسکیفی گرتەوە. هۆزی بەژنەوی سزا نەدران، بەڵکو گوندێکیان وەک قەرەبوو بۆ کوژرانی باوکی سەرۆکەکەیان پێدرا.[١١]

دەسەڵاتی میراتیی میرنشینی حەسکیف بە مردنی شا خەلیل کۆتایی دەهات. ڕکابەری لە نێوان هەر چوار کوڕەکەیدا لەگەڵ ناڕەزایەتی هۆزەکاندا یەکیان گرت و بووە هۆی ڕادەستکردنی میرنشینەکە بە دەلی خوسرەو پاشا، والی عوسمانیی دیاربەکر. عوسمانییەکان لە کۆتاییدا میرنشینەکەیان هەڵوەشاندەوە.[١٢]

پێرستی فەرمانڕەواکان

[دەستکاری]

ئەمەی خوارەوە پێرستی ئەمیرە ئەییووبییەکانە لە حەسکیف:[١٣]

  • ساڵح نەجمەدین ئەییوبی یەکەم (١٢٣٦–١٢٣٩)
  • توران شا (١٢٣٩–١٢٤٩)
  • مووەحید عەبدوڵڵا (١٢٤٩–؟)
  • کامیل ئەبوبەکر سەیفەدین شادی (؟ –١٢٤٩)
  • ساڵح نەجمەدین ئەییوبی دووەم (؟ –١٣٢٤/١٣٢٥)
  • غازی محەممەد کوڕی ئەبوبەکر (١٣٢٤/١٣٢٥–١٣٦٤)
  • عادل ئەبومەفاخر فەخرەدین سلێمان (١٣٦٤–١٤٢٤)
  • ئەشرەف ئەحمەد (١٤٢٤–١٤٣٢)
  • کامیل ئەبوحامید خەلیل (١٤٣٢–١٤٥٢)
  • مەلیک ئەحمەد (١٤٥٢–١٤٥٥)
  • خەلەف کوڕی محەممەد (١٤٥٥–١٤٦١)
  • ئەییوبی سێیەم، کوڕی عەلی کوڕی محەممەد (١٤٦١–١٤٦٢)
داگیرکاریی ئاق قۆینلۆ (١٤٦٢–؟)
  • مەلیک خەلیل
  • مەلیک حەسەن (؟ –١٥٢٥)

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. 1 2 3 Eppel (2018).
  2. Maisel (2018).
  3. Meinecke (1996)، لاپەڕە ٦٤.
  4. Meinecke puts the year of Ottoman submission as 1516.[٣]
  5. Bruinessen (1992).
  6. «Hasankeyf - Tarih». Encyclopedia of Islamic Religious Foundation of Turkey. Sabah. لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٠ ھێنراوە.
  7. Meinecke (1996).
  8. Meinecke (1996), p. 57.
  9. Meinecke (1996), p. 65.
  10. Bruinessen (1992), pp. 145–146.
  11. Bruinessen (1992), p. 146.
  12. Ghereghlou (2015), p. 102.
  13. Barsoum (2008).