بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شەڕی براکوژی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شەڕی براکوژی
بەشێک لە ناوچەی دژەفڕینی عێراقی و شەڕی ھەرێمی کوردستان و پەکەکە

ناوچەکانی کۆنترۆڵکراو لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان
ڕێکەوت ئایاری ١٩٩٤–٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩٩٧
شوێن ھەرێمی کوردستان، عێراق
ئەنجام ئاگربەست بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دروستبوونی دوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دابەشبوونی باشووری کوردستان بۆ دوو ناوچە، یەکێک لە سلێمانی و یەکێک لە ھەولێر.
جەنگاوەران
ی.ن. ک

ک.ن. ع
پ.ک.ک
پ.پ. ک
 ئێران (لەدوای ١٩٩٥)
ئ.ب.ئ. ع

فەرماندە و سەرکردەکان
مەسعوود بارزانی

ڕۆژ شاوەیس
عێراق سەددام حوسێن
تورکیا ئیسماعیل حەققی قەرەدایی
مستەفا ھیجری

جەلال تاڵەبانی

نەوشیروان مستەفا
کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی
ئەحمەد چەلەبی
عەبدولڵا ئۆجەلان

زیان و تیاچوونەکان
٥٠٠٠ کوژراو

شەڕی براکوژی یان شەڕی ناوخۆ شەڕێکی چەکداریی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بوو، کە لە ساڵانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٨ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ڕوویدا و بووە ھۆی دروستکردنی گورزێکی بەھێز لە نێوان کوردانی تەنھا بەشی ڕزگارکراوی کوردستاندا، کە بە شەڕی براکوژی ناسراوە. بەھۆی ڕێکەوتننامەی ئاشتیی واشنتۆن کە لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٨ بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەوسای ئەمریکا مادلێن ئۆڵبرایت لە نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعوود بارزانی واژووکرا و کۆتایی پێھات.[١]

پێشینە

[دەستکاری]

حوکمی خۆبەڕێوەبەری کورد لە عێراقدا لە ساڵی ١٩٧٠ بە شێوەیەکی بنەڕەتی سەری ھەڵدا، کاتێک ناوچەی حوکمی خۆبەڕێوەبەری کورد بە «ڕێککەوتنی سەربەخۆیی» نێوان حکوومەتی عێراق و سەرکردەکانی کورد لە عێراقدا پابەند بوو. ئەنجومەنێکی یاسادانان لە شاری ھەولێر دامەزرا، بەپێی دەسەڵاتی تیۆری لەو پارێزگایانەی کە کوردنشین بوون وەک ھەولێر و دھۆک و سلێمانی. لەکاتێکدا شەڕ و پێکدادانی جۆراوجۆر لە نێوان ھێزەکانی جیابوونەوەخوازانی کورد و ھێزەکانی حکوومەتی عێراقدا بەردەوام بوو تا ڕاپەڕینی ١٩٩١، ئاماژە بە سەلامەتی پەنابەرە کوردەکان کرا لە بڕیارنامەی ژمارە ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کە بووە ھۆی دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام، کاتێک ھێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ناوچەکانی کوردیان پاراست.

لەکاتێکدا ناوچەی قەدەغەکراوی فڕین دھۆک و ھەولێری دەگرتەوە، بەڵام سلێمانی و کەرکووکی نەدەگرتەوە. ئەمەش بووە ھۆی زنجیرەیەکی تر لە پێکدادانە خوێناوییەکان لە نێوان ھێزەکانی عێراق و لیوا کوردییەکان؛ بەڵام زۆری نەخایاند ھاوسەنگیی ھێز گەیشتە حاڵەتێکی ناجێگیر و ناجۆر، و حکوومەتی عێراق ھێزە سەربازییەکان و بەرپرسانی تری لە ناوچەکەدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩١دا کشاندەوە. لەو کاتەوە کوردستان لە عێراقدا سەربەخۆیییەکی کرداری بەدەستھێناوە و لەلایەن دوو حیزبی سەرەکیی کوردەوە – پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان – بەڕێوەدەبرا، دوور لە کۆنترۆڵی بەغدا. لەو کاتەدا ناوچەکە ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی گرتەبەر و سروودێکی نیشتمانیی بۆ خۆی دانایەوە.[٢]

کورد لە ساڵی ١٩٩٢ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدا و دانیشتنەکانی پەرلەمانیش لە پارێزگای ھەولێر بەڕێوەچوون. کورسییەکانی پەرلەمان بە یەکسانی لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانیدا دابەش کرابوون.[٣]

لە دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق ھێزەکانی لە کوردستان لە تشرینی یەکەمی ١٩٩١ کشاندەوە، بەغدا گەمارۆیەکی ئابووریی خستە سەر ناوچەکە، و بڕی نەوت و خۆراکی کەم کردەوە. ئابووریی کوردیش زۆر تووشی کێشە ببوو بەھۆی بەردەوامیی ئەو گەمارۆیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان خستیبوویە سەر عێراق، کە ڕێگر بوو لە بازرگانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی تر. بەم شێوەیە ھەموو مامەڵە بازرگانییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و جیھانی دەرەوە لە ڕێگەی بازاڕی ڕەشەوە دەکران. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کێبڕکێیەکی زۆریان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ڕێگا قاچاخەکانی گواستنەوە دەکرد.[٤]

سەرەتای شەڕ (١٩٩٤)

[دەستکاری]

شەڕ و پێکدادان لە نێوان دوو لایەنەکەدا لە مانگی ئایاری ١٩٩٤دا سەری ھەڵدا. پێکدادانەکان نزیکەی ٣٠٠ کەسیان لێ کوژرا. لە ماوەی ساڵی داھاتوودا نزیکەی دوو ھەزار کەس لە ھەردوولا گیانیان لەدەستدا. بەپێی وتەی ڕۆبەرت بایەر، بریکاری ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا، ئەندامانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران پشتگیرییەکی سنوورداریان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دابین کرد و ڕێگەیان پێدا ھێرشەکانیان لە خاکی ئێرانەوە ئەنجام بدەن.[٥]

ھێرشکردنە سەر سەددام (١٩٩٥)

[دەستکاری]

ئەفسەری ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا، ڕۆبەرت بایەر، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٥دا گەشتی کرد بۆ باشووری کوردستان لەگەڵ تیمێکی پێنج کەسی بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا. پەیوەندی بە سەرکردەکانی کوردەوە کرد و توانی دانوستان لەسەر ئاگربەستێک لە نێوان بارزانی و تاڵەبانیدا بکات.

لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، بایەر پەیوەندی بە لیوایەکی عێراقییەوە کرد کە پیلانێکی تیرۆرکردنی سەددام حوسێنی دادەڕشت. پلانەکەی ئەوە بوو کە لیوایەکی عێراقیی ١٠٠ کەسیی یاخیبوو بەکار بھێنێت بۆ تیرۆرکردنی سەددام حوسێن کاتێک بەسەر یەکێک لە پردەکاندا تێدەپەڕێت لە نزیک تکریت. بایییەر پلانەکەی بۆ واشنتۆن نارد، بەڵام ھیچ وەڵامێکی وەرنەگرت. دوای سێ ھەفتە پلانەکە ھەموارکرایەوە بە شێوەیەک کە ھێزەکانی کورد لە باکووری عێراق ھێرش بکەن، لەکاتێکدا لیوا یاخیبووە عێراقییەکە یەکێک لە ماڵەکانی سەددام بڕووخێنێت بە بەکارھێنانی تۆپی تانک بۆ کوشتنی سەرکردەی عێراق. بایییەر پلانەکەشی بۆ واشنتۆن نارد، بەڵام ھیچ وەڵامێکی وەرنەگرت. لە ھەمان کاتدا، لە ڕۆژی ٢٨ی شوباتدا سوپای عێراق خرایە حاڵەتێکی ئامادەباشییەوە. وەک وەڵامێک، سوپاکانی ئێران و تورکیاش خرانە حاڵەتێکی ئامادەباشییەوە. بایییەر پەیامێکی ڕاستەوخۆی لە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، تۆنی لەیک، پێگەیشت کە پێی دەگوت کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئاشکرا بووە. ھاوپەیمانە کورد و عێراقییەکان بەم ھۆشدارییە ئاگادار کرانەوە. لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە، بارزانی لە ھێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکە کشایەوە و ھێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بە سەرۆکایەتی تاڵەبانی بە تەنھا جێھێشت بۆ ئەنجامدانی ھێرشەکە.

کەسایەتیی ئەفسەرانی سوپای عێراق کە پیلانی تیرۆرکردنی سەددام حوسێنیان دادەڕشت بە بەکارھێنانی تۆپی تانک ئاشکرا بوون و پێش ئەوەی بتوانن ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجام بدەن، دەستگیر و لەسێدارە دران؛ بەڵام ھێرشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەپێی پلانەکە دەستیپێکرد، و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ھێزەکانی کورد توانییان سێ فرقەی عێراقی تێکبشکێنن و ٥ ھەزار سەرباز بە دیل بگرن.

سەرەڕای داواکاریی بایەر بۆ وەرگرتنی پشتگیریی ئەمریکا بۆ ھێرشەکە، ھیچ پشتگیرییەکی وەرنەگرت و ھێزەکانی کورد ناچار بوون بکشێنەوە. دەستبەجێ بایەر لە عێراقەوە بانگ کرایەوە و لێکۆڵینەوەیەکی کورت لەگەڵیدا ئەنجامدرا سەبارەت بە ھەوڵی تیرۆرکردنی سەددام حوسێن. دواتر بێتاوان دەرچوو.[٦]

ڕووداوەکان

[دەستکاری]

سەرەتای پێکدادانی ی.ن. ک و پ.د. ک

[دەستکاری]

لە ئایاری ١٩٩٤دا شەڕ دەستی پێکرد لەنێوان ھەردوو حیزبدا. پێکدادانەکان ٣٠٠ کوژراوی لێکەوتەوە،[٧] لە ساڵی داھاتودا نزیکەی ٢٠٠٠ کوژراو ھەبوو لە ھەردوولا،[٧] بەپێی بریکاری CIA ڕۆبێرت بێر ژمارەیەک لە ئەندامانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران یارمەتییەکی سنوورداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان داوە و ھەروەھا ئێران ڕێگەی دا بە چەکدارانی یەکێتیی کە لە چەند ناوچەیەکەوە ھێرش بکەن.

شەڕی ھەولێر ١٩٩٦

[دەستکاری]
شەڕی ھەولێر ١٩٩٦
بەشێک لە شەڕی براکوژی
ڕۆژ٣١ی ئابی ١٩٩٦
شوێن
ئەنجامھەولێر لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕژێمی بەعس کۆنتروڵکرا
بەشداری حیزبەکان
کەسە دیارەکان

ھەرچەندە لەئاداری ١٩٩٦ دا پەرلەمانی کوردستان بڕیاری کۆبوونەوەی دا، ئەو ئاگربەستە شکا کە لەنێوان پارتی و یەکێتی بەسترابوو تا ھاوینی ١٩٩٦، لەم ماوەیەدا ڕێکەوتن کرا لەنێوان حکوومەتی عێراقی و پارتی بۆ گواستنەوە و ناردنی نەوتی نایاسای بەڕێگەی قاچاغ لەڕێی پێش خابورەوە.[٨] بارزانی و ھاوکارەکانی ئەم ھەلەیان قۆستەوە بۆ باج خستنە سەر ئەم بازرگانییە، و ئەم کارەش بووە ھۆی ئەوەی چەندەھا ملیۆن دۆلار قازانج بکەن لە ھەفتەیەکدا.[٩] ھەرچەندە ئەم دوو حیزبە ڕێککەوتن لەسەر سودی بەڕێوەبردنی نەوتی قاچاغ لەنێوان عێراق و تورکیا بۆ ئەوەی بەیەکسانی دابەشی بکەن، پارتی ھەوڵی گەورە و زیاتری دەدا بۆ جڵەو کردنی جووڵەی کاڵای ناو کوردستان.

یەکێتی ھاوپەیمانییەکی دامەزراند لەگەڵ ئێران، ڕێگەی بە ئێران دا تا ھێرشی سەربازی بکاتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٢٨ی تەممووزدا، کە ڕوبەڕووی شەڕ بووەوە لەگەڵ ئێران و یەکێتی. مەسعوود بارزانی داوای یارمەتی لە سەددام حوسێن کرد، ئەم بینینە بۆ سەددام بووە دەرفەتێک بۆ گرتنەوەی باشووری کوردستان. لە ٣١ ئاب دا ٣٠٠٠٠ سەربازی عێراقی بە سەرپەرشتی فرقەی زرێپۆش کە بەشێک بوون لە گاردی کۆماری بەھاوشانی پێشمەرگەکانی پارتی ھێرشیان کردە سەر شاری ھەولێر کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو. شارەکە بەرگری لێ کرا لەلایەن ٣٠٠٠ پێشمەرگەی یەکێتی بەسەرکردایەتی کۆسرەت ڕەسوڵ. شاری ھەولێر گیرا لەلایەن سوپای بەعس و ٧٠٠ چەکداری یەکێتی و المؤتمر الوطنی العراقی گیران لەلایەن سوپای عێراقی لە دەرەوەی ھەولێر.

ئەم ھێرشە ئەمریکای ترساند کەوا سەددام بییەوێت جینۆساید دەست پێبکات وەک ساڵانی ١٩٨٨ و ١٩٩١. ئەم جووڵەیەی سەددام پێشێلکارییەکی ڕوون بوو بەرامبەر بڕیارنامەی ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. لەوەڵامدا ئیدارەی کلینتۆن دەستی کرد بە ئۆپراسیۆنی بیابان لە ٣ی ئیلولدا، کاتێک کەشتییەکانی ئەمریکاو بی-٥٢ ستراتوفورتریس بە موشەکی بڕاھمۆس (مووشەک) بۆمب بارانی ٢٧ بەرگری ھەواییان کرد لە باشووری عێراق، بۆ ڕۆژی دوای ١٧ موشەکی بڕاھمۆس (مووشەک) لە کەشتییەکانی ئەمریکاوە ئاڕاستەی بەرگرییە ھەوایییەکانی عێراق کرا. ھەروەھا ئەمریکا فرۆکەی شەڕکەری بە کەنداوی فارسدا بڵاوکردەوەو ناوچەی دژە فڕینی باشووری زیاد کرد بۆ پلەی ٣٣ باکوور.

پاش گرتنەدەستی شاری ھەولێر، ھێزەکانی بەعس شاری ھەولێریان گەڕاندەوە دەست پارتی دیموکراتی کوردستان و عێراق کشانەوە لە ناوچەی ھەولێر. پاش چەند پێکاھەڵپژانی دیکە لەنێوان پارتی و یەکێتی، پارتی بە یارمەتی ھێزەکانی عێراق توانی شاری سلێمانی بەبێ شەڕ بگرێت لە ٩ی ئەیلوولدا. ھێزەکانی ئەمریکا ٧٠٠ ئەندامی المؤتمر الوطنی العراقی و ٦٠٠٠ کوردی بردە دەرەوەی باشووری کووردستان. لە ١٣ تشرینی یەکەم، سلێمانی گیرایەوە لەلایەن ئەکێتی، گوایە بەیارمەتی ھێزی ئێرانی.[١٠]

دەستتێوەردانی تورکیا

[دەستکاری]

شەڕکردن بەردەوام بوو بە درێژایی زستان لەنێوان پارتی و یەکێتی. بابەتەکان ئاڵۆز بوون بەھۆی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراق، پ.ک. ک ھاوپەیمان بوو لەگەڵ یەکێتی، بەپێی ھەندێک سەرچاوە پ.ک. ک شەڕی کرد دژی ھەموو ئەو گرووپانەی پشتگیری پارتیان دەکرد، تورکیا کاتێک دیمەنی شەڕی ناوخۆی نێو کوردی بینی، ئەمەی بە دەرفەت زانی و ھاوپەیمانی لەگەڵ پارتی بەست و ئۆپراسیۆنی چەکوشی کرد تا لەڕێی ھێز و توندوتیژییەوە پ.ک. ک لە ھەرێمی کوردستان بکاتە دەرەوە. ئەم ئۆپراسیۆنە زیانی زۆری لە پ.ک. ک دا بەڵام ناکام بوو. پ.ک. ک سەرکەوتوو بوو لە مانەوەی کەمپەکانی لە ھەرێمی کوردستان.[١١]

لە ٢٥ ئەیلوولی ١٩٩٧ تورکیا دووبارە چووەوە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان پەلاماری یەکێتی و پ.ک. ک ەیدا تا بتوانێت بە ھێز پ.ک. ک بخاتە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا، بە گوێرەی سەرچاوەی تورکی، ئەوە ھەوڵێک بوو تا ئاگربەستێک بھێنێتە ئاراوە لەنێوان لایەنەکان، لە ئەنجامی ئەم ئۆپراسیۆنەدا قوربانییەکی زۆر لە یەکێتی و پ.ک. ک کەوت. پاشان ئاگربەست و دانوستان کرا لەنێوان پارتی و یەکێتی، ئەمریکا بریاری پشتگیری ئەم ئاگربەستەی دا.

سەڕەڕای ئاگربەست شەڕی نوێ لە ھێڵی پەیمانی ئاگربەست ڕوویدا لە تشرینی یەکەم و دووەم. لە کاتی ئەم شەڕەدا ١٢٠٠ کەس کوژران و ١٠٠٠٠ خێزان ئاوارە بوون. لە ٢٤ تشرینی دووەمی ١٩٩٧، پارتی ئاگربەستێکی یەک لایەنەی ڕا گەیاند، سەڕەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست (پارتی ھێرشی نوێی کردەسەر یەکێتی لە ٢٥ تشرینی دووەم.[١١]

دەرئەنجام

[دەستکاری]
ئاکامەکانی شەڕی ناوخۆ

لە ئەیلوولی ١٩٩٨ دا بارزانی و تاڵەبانی ڕێکەوتننامەی واشنگتنیان واژوو کرد کە بوو بە ڕێکوتننامەیەکی فەرمی، لە ڕێکەوتنامەکەدا پارتەکان ڕازیبوون تا لە داھاتدا ھاوبەشبن، و ھێز ھاوبەش بکەن و باشووری کوردستان لە پ.ک. ک قەدەغە بکەن، و ڕێگری بکەن لە دەست وەردانی سوپای عێراق لە ناوچە کوردییەکان؛ و ئەمریکا بەڵێنیدا بە بەرگری سەربازی پارێزگاری لە کوردەکان بکات لە دەستدرێژی سەددام حوسێن. لە ھەمان کاتدا پیادەکردنی بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک بۆ باشووری کوردستان. کوردستانی باشوور بوو بە ناوچەیێکی تا ڕادەیەک ئاشتیخواز، پێش ئەوەی ئەنساڕولئیسلام دروست ببن لە ناوچەی بیارە کە بووە ھۆی نوێبوونەوەی پێکدادان لە ھەرێمی کوردستان.

لە دەوروبەری پاش مانگێک، سەرۆکی ئەمریکا بیڵ کلنتن یاسای ڕزگارکردنی عێراقی واژووکرد. دەستەبەرکردنی یارمەتی سەربازی بۆ گرووپە بەرھەڵستکارەکانی عێراق، وەکو پارتی و یەکێتی. لە ٢٠٠٣ دا ھەریەک لە پارتی و یەکێتی بوونە یارمەتیدەری ئەمریکا لە داگیرکردنی عێراق لە باشووری کوردستاندا و پاشان مەسعوود بارزانی بووە سەرۆکی ھەڵبژێردراوی کوردستانی باشوور لەکاتێکدا تالەبانی بوو بە سەرۆکی ھەڵبژێردراوی عێراق.[١٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. http://www.globalsecurity.org/intell/library/news/1998/09/98091707_nlt.html
  2. L. Fawcett, Down but not out? The Kurds in International Politics, Reviews of International Studies, Vol.27, 2001 p.117
  3. https://web.archive.org/web/20110131074958/http://www.slate.com/id/1032/
  4. M. Leezenberg, Iraqi Kurdistan: contours of a post-civil war society, Third World Quarterly, Vol.26, No.4-5, June 2005, p.636
  5. https://web.archive.org/web/20190705161016/https://www.globalsecurity.org/military/world/para/kdp.htm
  6. https://web.archive.org/web/20090214073609/http://www.wmassociation.com/reports/spkers/baer.html
  7. 1 2 John Pike. «Kurdistan Democratic Party (KDP)». Globalsecurity.org. لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ھێنراوە.
  8. Pollack، Kenneth (٢٥ی ئازاری ٢٠٠٣). The Threatening Storm: What Every American Needs to Know Before an Invasion in Iraq (چاپی The Case for Invading Iraq: An Excerpt from The Threatening Storm). Random House LLC, 2003. لاپەڕە ٨١. ژپنک ٩٧٨-١-٥٨٨٣٦-٣٤١-١. لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٤ ھێنراوە.
  9. Stansfield، G.؛ Anderson، L. (٢٠٠٤). The Future of Iraq: Dictatorship, Democracy, or Division?. New York: Palgrave Macmillan. لاپەڕە ١٧٤. ژپنک ١-٤٠٣٩-٦٣٥٤-١.
  10. United Nations High Commissioner for Refugees. «Refworld - Chronology for Kurds in Iraq». Refworld. لە ڕەسەنەکە لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ١ی ئایاری ٢٠١٦ ھێنراوە. ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  11. 1 2 The State of the Middle East: An Atlas of Conflict and Resolution. لاپەڕە ٩٢. لە ٢٧ی شوباتی ٢٠١٦ ھێنراوە.
  12. «Kurdish Agreement Signals New U.S. Commitment - The Washington Institute for Near East Policy». Thewashingtoninstitute.org. ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٩٨. لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ھێنراوە.