شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران
ڕێکەوت٨ی شووبات-ئازار ١٩٢٥[١]
شوێن
ئەنجام سەرکەوتنی تورک،
بەکۆتایی ھێنان بە شۆڕش
شەڕکەرەکان
 تورکیا ھۆزە کوردییەکان
ھەندێ لە عەلەوی زازا
(ھۆزەکانی لۆلان و ھۆرمەکان)
فەرماندە و سەرکردەکان
ئاتاتورک
کازم پاشا (سوپای سێی تورکیا)
مورسیل پاشا
ناجی پاشا
شێخ سەعیدی پیران
ھێز
شووبات-ئازار:
٢٥٬٠٠٠ پیاو (کەمتر لە ١٢ ھەزاریان سەربازی چەکداری بوون، ئەوەی دیکە کارمەندی لۆجیستیک بوون)[١]
نیسان:
٥٢٬٠٠٠ پیاو (٢٥٬٠٠٠یان چەکداربوون)[١]
١٥٬٠٠٠ پیاو[١]
زەرەر و زیانە گیانییەکان
١٥٬٠٠٠–٢٠٬٠٠٠[٢] or ٤٠٬٠٠٠–٢٥٠٬٠٠٠ھاوڵاتی کووژران[٣]

شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران (بە کورمانجی: Serhildana Şêx Seîdê Pîranî، بە تورکی: Saideyh Said İsyanı).[٤][٥] شۆڕشێک بوو دژی سیاسەتەکانی بە تورککردن لە باکووری کوردستان کە حکومەتە نوێیەکەی ئەتاتورک پەیڕەوی دەکرد. شۆڕشەکە لە لایەن شێخ سەعیدەوە سەرپەرشتیی دەکرا و، زۆرینەی ھۆزە کوردەکانی باکووری کوردستان چوونە پاڵی،[٦] ھەروەھا ھەندێک لە ئەفسەر و سەربازانی پێشووتری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە کورد و تورک (حەمیدیە، ئازادیخوازان) چوونە پاڵی بە ئامانجی گەڕاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی.[٧][٨]

پێشینەی شۆڕش[دەستکاری]

دەوڵەتی عوسمانی بۆ ناوچە کوردییەکان لەشکرێکی لە ئەفسەر و سەربازە کوردەکانی ناو دەوڵەتەکەی دروست کردبوو؛ ناویان لەخۆ نابوو لەشکری ئازادی، بەڵام تورکەکان پێیان دەگوتن حەمیدیە. کاتێک قیزلباشەکان تاوانی جینۆسایدیان دژی ئەرمەنەکان بەکار ھێنا، لەشکری ئازادی دەستی بەسەردا گرتن و خستنیانە ژێر دەستی خۆیان. ئەمە وای کرد ئەرمەنەکان پاڵپشتیی لەشکری ئازادی بکەن. ھەروەھا، دەرفەتێکی چاکیش بوو بۆ ئەو کۆمەڵە تورکانەی دژی کەمال ئەتاتورک بوون و ھاتنە پاڵ شۆڕشەکە. بەپێی زانیارییەکانی ھەواڵگریی بەریتانی، پتر لە ١١ ئەفسەر لە سوپای ئازادی سکاڵایان دژ بە کاری ڕەگەزپەرستیی تورکە نوێخوازەکان لە دادگا تۆمار کردووە. ھەروەھا، لە سکاڵاکەیان ناوی کورد و کوردستان و کلتووری کوردیان ھێناوە. جگە لەمە، ئەم ١١ ئەفسەرە داوای خوێندنی کوردی و ناوچەی سەربەخۆی ئابوورییان کردووە.

ڕاستەوخۆ گومان خرایە سەر شێخ سەعید کە سەرکردایەتی ئەم ئەفسەرانەی دەکرد و دەنگۆی دواکەوتوویی و ھەوڵی گەڕاندنەوەی خەلافەتی ئیسلامیان خستە پاڵی.[٩]

دوای دڵنیابوون لە بوونی ویستی شۆڕش دژ بە حکومەت و وڵات و خۆخستنەپاڵی کۆمەڵەیەک لە خەڵکان بۆ گەڕاندنەوەی خەلافەت.

— - سەرۆکی دادگای سەربازی بڕیاری تاوانی خستە پاڵ ١١ ئەفسەرە سکاڵاکارەکە ،، ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٢٥[١٠][١١]

دواتر ئەفسەرەکان داوای ھاوکارییان لە بەریتانیا کرد، کە ناکرێت وەھا بەتەنھا جێمان بھێڵن (ھەواڵگریی بەریتانی).[١٢]

ڕووداوەکان[دەستکاری]

تاوانبارکردنی شێخ سەعید بە ناپاکیی نیشتیمانی و ھەوڵدان بە گەڕاندنەوەی خەلافەت لە ھەموو تورکیا دەنگی دایەوە، بۆیە زۆرینەی کوردەکان لە ھەموو شارەکان چوونە پاڵی، بەتایبەت زازایییەکان و ھەرکی و خۆرمەک، بەڵام لەلایەن قزڵباشەکان دژایەتیی زۆری شێخ سەعید کرا لەگەڵ ھەندێک لە کوردە عەلەوییەکانی زازا، ئەمیش بەھۆی ئەوەی (خالید بەگ جیبران) یەکێک لەئەفسەرانی ئازادی چووبووە پاڵ شێخ سەعید، چونکە زۆرێک لەھۆزەکان دژی (خالید بەگ جیبران) بوون.

لە یەکەم و گەورەترین پێکدادانەکاندا، شەوی ٦–٧ ی ئازار بوو، کە شێخ سەعید بە ٥٠٠٠ تا ١٠٠٠ سەرباز و چەکدار،[١٣] ھێرشی کردە سەر شاری ئامەد لە ھەموو لایەکەوە و لەژێر دەستی ھێزەکانی ئەتاتورک دەری ھێنا. سەرجەم ھێرشەکانی سوپای ئەتاتورک و کوردە جاشەکانی گەمارۆیان خستە سەر ئامەد و دەستیان بە ھێرش کرد، بەڵام شکستیان پێ ھات کە جۆرەھا چەکی بەھێز و پێشکەوتوویان ھەبوو. دواتر، ھێرشی دووەمیان ئەنجام دا بە ھێز و سەربازی زیاترەوە ھەمدیسان شکستیان خوارد و زیانێکی گیانی زۆریان بەرکەوت؛ دوای شکستی دووەم ناچاربوون لە ١١ی ئازار گەمارۆدانەکەی سەریان بشکێنن.[١٤]

تا کۆتاییی مانگی ئازار، سەرجەم ھەوڵ و ھێرشەکان بۆ سەر شێخ سەعید شکستیان خوارد. دواتر نەیانتوانی ناوچەکانی پشت (ھینس) یش بگرن، چونکە ھەردوو ناوچەی (ھینس و تێک) دوو ناوچەی زۆر ستراتیژی بوون و شێخ سەعیدیش زۆر شارەزای ناوچەکە بوو. لەلایەکی دیکەشەوە، جەماوەرێکی زۆری ناوچەکان بە ناڕاستەوخۆ ھاوکاریی شێخ سەعیدیان دەکرد.


دوای بێئومێدبوونی تورکەکان بۆ دامرکاندنەوی شۆرش و یاخیبوونەکە، لە سەرەتای ئەپریل دەستیان بە ھێرشی ئاسمانی کرد و بەشێوەیەکی ڕژد و سەخت شارەکەیان مووشەکباران کرد.[١٥]

لەم ھێرشە ئاسمانییەدا، حکوومەتی تورکیا فڕۆکە پێشکەوتووەکانی بەکار ھێنا و سەرجەم ناوچەکانی پالۆ و بێنگۆلیشیان مووشەکباران کرد؛ لەم چالاکییە سەربازییانەدا، فڕۆکەخانەی خارپێتیان بەکار ھێنا.[١٦]

لە بەڵگەنامە ھەواڵگرییە بەریتانییەکاندا ھاتووە کە ڕاپۆرتی کەمیان بەدەست دەگات سەبارەت بە ھێرشی فڕۆکەکان دژ بە شێخ سەعید.[١٧] بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لە شاری موسڵ بۆ بەریتانیا نێردراوە، تورکیا فڕۆکەی جەنگیی بۆ سەرکوتکردنی ھاووڵاتییانی بەکار ھێناوە.[١٨]

بەپێی بەڵگەنامە ھەواڵگرییەکان، سەرەتا یەک ھێرشیان کردووە کە لە ھێرشەکەدا حەوت فڕۆکە بەکار ھاتووە و، لە ھێرشی دووەمدا چوار فڕۆکە بەگەڕ خراوە.[١٩] بەپێی ڕاگەیاندنی سەربازیی ھێزی ئاسمانیی تورکیا: «ئێمە تەنھا ١١ فڕۆکەمان ھەیە؛ لەم فڕۆکانەش تەنھا ٦ فڕۆکە بەکاری جەنگ دێن.»[١٩]

بەردەوامیی شۆڕش[دەستکاری]

شێخ سەعیدی پیران لە ڕیزی دانیشتوان، یەکەم کەسی لای ڕاست.

چەکدار و سەربازانی شێخ سەعیدی پیران لە ١٣ فەبرایەری ١٩٢٥، لەگەڵ سەربازانی تورکیا لە گوندی دیکلی نزیک بە ئامەد ڕووبەڕووی پێکدادان بوونەوە. ئەم پێکدادانە بووە بڵێسەی ھەڵگیرساندنی ڕاپەرینی جەماوەریی سەرجەم کوردانی باکور، بەڵام حکوومەتی تورکیا و شوێنکەوتووانی پرۆپاگەندەی وەھایان بڵاو کردەوە کە شێخ سەعید خوازیاری میللەتی کورد نییە، بەڵکوو ھەوڵی گەڕاندنەوەی دەسەلاتی خەلافەتی عوسمانی دەدا. بەڵگەشیان ھێنانەوەی ناوی ھەموو ئەو ئەفسەرە تورکە عوسمانییانە بوو کە دژی ئەتاتورک بوون. لە ١٦ فەبرایەری ١٩٢٥، ھەموو خەڵکیان کۆکردەوە و چەندین بەڵگەنامەیان بڵاو کردەوە کە شێخ داخوازی دەوڵەتی خەلافەت دەکا، نامەیەکی شێخ سەعیدیان بڵاو کردەوە کە بۆ ئەفسەرانی ناردبوو و، داوای لێیان کردبوون لە پێناو ئاینی ئیسلام بجەنگن.[٢٠]

بەڵام ئەم ھەوڵانە خەڵکەکەی سارد نەکردەوە و، خەڵک زیاتر بەرەو پاڵپشتیی دەچوون، بۆیە ھەریەک لە ھۆزەکانی میستان و بۆتان و مەھالامی ھاتنە سەر شەقام و بە ڕێپێوان بەرەو ئامەد ڕۆیشتن بۆ شکاندنی گەماڕۆیەکەی سەر شێخ سەعید لە ئامەد. دواتر ڕاپەرین ناوچەکانی گەنچ و چاپاکچوور و ماردین و سێڤی ڕێک و ئێرگانی گرتەوە. لە شاری مووش، ڕاپەرین سەری ھەڵدا، بەڵام لە ٢١ فەبرایەر لەلایەن ھەوادارنی ئەتاتورک بڵاوەیان پێ کرا و، ژمارەیەکی زۆریان لێ کوشتن و دەستگیر کردن. لەماوەیەکی کورتدا ڕاپەرینەکان زۆرینەی شارەکانی باکوری کوردستانی گرتەوە، بەڵام بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو نەبوو تاوەکوو ھەموو ئەم دەنگانە لە بەرەیەک کۆ بکاتەوە، بۆیە سوپای تورکیا توانیی سەربکەوێت بەسەر ئەم دەنگانەی خەڵک و بڵاوەیان پێ بکات بۆ شارەکانی خۆیان. بەڵام ھاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانە لە ٢٣ فەبرایەر لە شاری خارپێت (ئەلەزیز) بە سەرکردایەتیی شێخ لەتیف شۆرشێکی تری ھەڵگیرساند و چووە پاڵپشتیی شێخ سەعید و شاری خارپێتیان لەژێر دەستی تورکەکان دەرھێنا، بەڵام سەروەرییەکەیان درێژەی نەکێشا و دوای سێ ڕۆژ تورکەکان توانییان شارەکە بگرنەوە.[٢١]

پاشان، ھەوڵەکانیان چڕ کردەوە بۆ سەر شاری ئامەد، بۆیە تورکەکان بە ھاوکاریی ھەندێک ھۆزی کوردی لە شەوێک توانییان بچنە نێو شاری ئامەد—ئەو شارەی شێخ سەعید و ھاوەڵەکانی بە ١٠٠٠٠ شەڕڤان توانییان بیگرن و پارێزگاریی لێ بکەن، بەڵام بەھۆی ناپاکییەوە، لەیەک شەودا ھەموویان لەدەست دا. لەشەوی ٧ لەسەر ٨ ی ئازار ھێرشیان کردە سەر شەڕڤانان و ھەموویان ڕاوەدوو نان و ژمارەیەکی کەمیان لێ مایەوە، بۆیەشە شێخ سەعید و سەربازانی ناچار بوون لە ئامەد دەربچن.[٢١]

پێش شۆڕشەکەی شێخ سەعید، یەکێک لە پاشاکان کە سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی تورکی کردبوو، لە ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٢٤ دژایەتیی ئەتاتورکی کرد لە بارەی ڕق و کینەی ئەتاتورک بەرامبەر بە ئایین و کورد، بۆیە یەکەم پارتی بەرھەڵستکاری تورکیای دامەزراند. ھەواداری زۆری کۆکردەوە لەبارەی ڕێگەدانی حکومەت بە ئازادیی ئایین و فرەکلتوری،[٢٢] چونکە بەپێی دەستوری نوێی تورکیا پارتی سیاسی دەبێت ڕێز لە بیری فرەئاینی و کلتووریی تورکیا بگرێت. بۆیە چەندین کۆمەڵەی دژ بە حکوومەت لە تورکیا دروست بوون کە داوای ئازادیی ئاینییان دەکرد وەک فەتحی بەگ لە پارتی TCF ئەندامانی پارتی سیاسیی تری وەک CHF.[٢٣]

دوو ھەفتە پێش ڕووداوەکەی شێخ سەعید، لە کۆتاییی یەنایەری ١٩٢٥، جێگری پارتی TCF (زەیائەدیین ئەفەندی) نوێنەری پارتەکە لە ئەرزەڕۆم دژایەتیی توندی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا (CHF)ی کرد، کە ھەوڵ دەدات بە ھۆی ھێزەوە خەڵک بکاتە تورک و سەرپۆشیان پێ فڕێ بدات و، ژنانی موسڵمان ڕووت بکاتەوە و بیاننێرێت بۆ کەنار دەریاکان، ئەمانە کردەوەیەکن کۆمەڵگەی تورکی ناتوانێت ھەڵیانبگرێت.[٢٤]

لە ١٣ی شوباتی ١٩٢٥، لە وتاری ڕۆژی ھەینی لە مزگەوتی گەورەی پیران وتارێکی پێشکەش خەڵکەکە کرد:

«ئەگەر حکوومەت حوجرەکان دابخات، منداڵەکانمان بەزۆری بنێرین بۆ قوتابخانە میرییەکان تاوەکوو تورکی بخوێنن، ڕۆژنامەکان ھەمووی تورکی بن، پەرتووک و بابەتی ڕەگەزپەرستی لەنێو خەڵک بڵاوبکەنەوە و، زمانی پێغەمبەرمان قەدەغە بکرێت، سوێند بە خودا خۆم لەپێناوی دەکوژم، بەڵام دەستبەرداری داواکارییەکانم نابم.[٢٥]

بە ناوی شێخ سەعید، ھەندێک لێدوانی ناتەواو بڵاو کرانەوە، کە وتارەکان بە دڵی ھەموو خەڵکێک نەبوو. بۆ نموونە، لە نامەیەک بۆ محەممەد سەعید نەقشبەندی یان بۆ ھاوەڵانی ھۆزەکانی زازا و عەلەویی زازا، داوایان لێ دەکات دەستبەرداری ھزری ئایینیی خۆیان ببن و بێنە سەر ڕێبازی سوننەتی پێغەمبەر و پێکەوە دژی حوکمی کەمالییەکان بجەنگن.[٢٦]

لە نامەیەکیدا نووسیی: «لەڕۆژی دامەزراندنی کۆمارەوە، سەرۆک کۆمار و ھاوڕێیانی دەیانەوێت بنەما پیرۆزەکانی ئیسلام لەناو ببەن و دژی کردەوەکانی قورئانن و دەبێت خەلافەتی ئیسلامی بگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە ھەر موسڵمانێک وەک کردارەکانی پێغەمبەرمان ڕەفتار بکات و بێتە دەنگ.»[٢٧]

ھەروەھا، لەنامەیەکی بۆ خەلیل، سەرۆک ھۆزی عەلەوییەکان و ھۆزی ڤەلی و حەیدەرییەکان لە ڤارتۆ، نووسیویەتی:

«بەناوی ڕزگاریکەری ئیسلام لە دەستی بێباوەڕ و کافر، مستەفا کەمال، داواکارم لە بەڕێزتان کە بێن بۆ ناوچەی سوزار، بۆ جیھاد. داواکارم کە بە خۆتان و ھێزەکانتان بە گڕوتینەوە بە دەم داواکارییەکەمەوە بێن، کە ئەمە واجبە لەسەر ھەر موسڵمانێک. لا الە الا اللە محمد رسول اللە.»

لە لایەکی ترەوە، بەھەمان شێوە نامەی جیھادی نێردرا بۆ حەسەن خەیری ئەفەندی، کە جێگری سەرۆکی شارەوانیی دێرسم بوو لە ڕێبازی عەلەوی زازا و شێخ شەریف کە پێشتر چاویان پێک کەوتبوو نامەیەکی شێخ سەعیدی بەدەست گەیشت کە ھەمان جۆری نامە بوو.[٢٨]

ھەموو ئەم نامانە کەبەناوی شێخ سەعید بە دەست سەرۆک ھۆزەکان دەگەیشت ھیچ وشەیەکی لەبارەی کورد و زمانی کوردی تێدا نەبوو، لەھەندێک نامەکانی دژایەتی سیاسەتمەدارە کوردە نوێخوازەکانیشی تێدابوو.

لەدوای ٦٦ساڵ لە نسکۆی شۆڕشەکەی شێخ سەعید، کەناڵی بەرخودان (Berxwedan)کە دەزگایەکی ڕاگەیاندنە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانە، ھەموو ئەم بەڵگەنامانەی نیشانی بینەرانی دا:

کە چۆن پێشتر گومراکراون، بەھۆیەوە شەڕێکی خوێناوی کەوتە نێوان ھۆزەکانی زازا و جاشەکانی تورکیا، ھەزاران گەنج و لاوی زازا خوێنیان ڕژا و زیاتر لەھەزاران خێزان بەرەو ناوچەی ئەنادۆڵ کۆچیان پێ کرا، ھەربەھۆی ئەم نامانەوە کەلەلایەن ئەو ھۆزە کوردانەوە بڵاوکرابوونەوە، وە بەھۆی پاڵپشتیان بۆ تورکەکان، ناتوانن بۆ ھەندەرانیش کۆچ بکەن، بەردەوام تفەنگ بەدەستن.[٢٩]

وێنەی دەورەدانی سوپای تورکیا بەسەر ناوچەکانی شۆڕش، لە ڕۆژنامەی جمھوریت، لە ٣٠ی ئازاری ١٩٢٥ بڵاوکراوەتەوە.

لە دەستپێکی شۆڕشدا، مستەفا ئەتاتورک درکی بە مەترسیەکان کردبوو، بۆیە بانگھێشتی عیسمەت ئینونو ی بۆ ئەنقەرە کرد، بەڵام نەیتوانی ئامادەبێت بەھۆی باری تەندروستیەوە، بۆیە ئەتاتورک خۆی دەچێت بۆ لای تابزانێت ڕووداوەکان چۆنن. عیسمەت ئینونو پێی ڕادەگەیێنێت کە «ئایین لە خۆڕھەڵات بەکاردەھێنرێت و خەڵک پێی بریندار دەبێت بەھۆی دەستخستنەناوی ئینگلیزەکان، بەڵام مەترسیداریەکە ڕاپەڕینی خەڵکە». پەیامەکەی عیسمەت کاریگەری دەبێت بۆیە عەلی فەتحی ڕادەسپێرێت بۆ کۆبونەوەی نوێی حکومەت سەبارەت بە پرسی کێشەکان و چاڕەسەریان، بەڵام عەلی فەتحی بابەتەکە بەھەند وەرناگرێت و بە دۆزێکی کەلتوری و ھۆزەگەری دەبینێت . لەگەڵ ئەمەدا، مستەفا کەمال پاشا داوا لە عەلی فەتحی دەکا دەست بەجێ دەست لەکاربکشێنێتەوە و داوا لە عسمەت ئینونو دەکات کە لە ٣ ئازار کابینەی حکومەتێکی نوێ ڕابگەیێنێت . دوای ڕۆژێک لە پێکھێنانی حکومەت، کۆمەڵەی نیشتمانی تورکی مەزن یاسایەک دەردەکات، کە ھێزە چەکدارەکان و فریاکەوتن دەست کراوە دەکات لەبارەی کپ کردنی ھەر خۆپێشاندانێکی جەماوەری. ھەروەھا بریاری کردنەوەی دادگایەکی سەربەخۆی لە ئەنقەرە و ئامەد دەرکرد. ھێزێکی زەبەلاحیان ناردە سەر ھێزەکانی شێخ سەعید و گەماڕۆیان دان، لە ٢٦ ئازار لەئەنجامی ھێرشێکی درندانە سەرجەم چەکدارە شۆڕشگێرەکانیان دەستگیرکرد و ئەوانی تریش لەگەڵ شێخ سەعید ڕایان کرد بۆ ناوچەی بۆگلان لە ئێران (ئێستا پێی دەڵێن سەھلان)، لەئێران بەھاوکاری فارسەکان ھێرشیان کردنەسەری و لەئەنجامدا لە (١٥ئەپریلی ١٩٢٥) شێخ شەریف و شێخ سەعید و چەندین کەسایەتی تر لەسەر پردی کارپۆ دەستگیردەکرێن.

ھەروەھا لە ئەستەمبۆل شێخ عەبدولقادر سەرۆکی دەستەی تیلی کوردی و ھاوەڵی شێخ سەعید دەستگیردەکرێت لەگەڵ پازدە ئەندامی دەستەکە، دەگوازرێنەوە بۆ دادگای ئامەد و لەدادگا حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەردەچێت لە ٢٧ مایۆی ١٩٢٥ حوکمەکە جێبەجێ دەکرێت.

ھەروەھا ھەمان دادگای ئامەد حوکمی لە سێدارەدان بۆ شێخ سەعید دەردەچێت بە تاوانی ٤٧ کاری تێکدەرانە و لە ٢٩ ی یۆنیۆی ١٩٢٥لەسێدارە دەدرێت.

لەکاتی کۆنگرەی لۆزان بۆ ئاشتی، چەندین بەڵگە بڵاوکراوەتەوە لەبارەی کێشەی موسڵ و سنووری تورکیا، کە لەگەڵ ئینگلیزەکان یەکلایی نەکراونەتەوە، بەھۆی سەرکەوتنی بەسەر شۆڕشەکەی شێخ سەعید بە ھێزەوە ھاتە سەرمێزی گفتوگۆی بەریتانیەکان، لە ١٤ یەنایەری ١٩٢٣ ڕایگەیاندبوو ئەگەر بێتو ئینگلیزەکان دەولەتێک بۆ کوردەکان درووستبکەن لەباکووری عێراق ئەوا ھزرەکە دەگوازرێتەوە بۆ ناو کوردەکانی سنووری تورکیا بۆیە ئێمە ناچارین بێین موسڵ و کەرکووک بخەینە ژێڕ ڕکێفمان تا ئەمە ڕوونەدات چونکە بەھیچ شێوەیەک ڕێگا بە درووستبوونی دەولەتێکی کوردی نادەین. لەماوەی کۆنگرەی لۆزان بەرپرسانی ئینگلیز وتەیان لەبارەی ئەم کێشانە دا، لەڕاپۆرتێکیان بۆ لەندەن لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ١٩١٩؛ دەلێت "لەبارەی ئەمەوە ئێمە متمانە بە کوردەکان ناکەین،[٣٠] بەڵام لەبەرژەوەندی خۆمان بەکاریان دێنین ". سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لوید جۆرج، لە ١٩ مایۆی ١٩٢٠ لە کۆنگرەی سان ڕیمۆ ڕایگەیاند کە "ناتوانن کوردەکان بژین ئەگەر دەولەتێکی مەزن لەپشتیان نەبێت "، ھەروەھا لەبارەی سیاسەتی بەریتانیا لەناوچەکە: "دانبەوەدادەنێین کە گشت کوردەکان دژی حکومەتی تورکیان بەڵام بۆ ئێمەش سەختە دەستبەرداری موسڵ ببین، کوردەکان چیا نشینن و شارنشینیشن بۆیە دەکرێت دەولەتێکی کوردی دروستبکەین و موسڵیشی پێوە بلکێنین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە چۆن لەگەڵ کوردەکان ڕێک بکەوین ".[٣١]

ناکۆکی نێوان موسڵ و بەریتانیا و تورکیا لە کۆنگرەی لۆزان بە دوو قۆڵی تاوتوێ کران، ئەم بابەتە ڕووی نەدەدا بەڵام پەیوەندی ھەبوو بە کۆمەڵەی نەتەوەکان. لە کۆنگرەی ئەستەمبۆل لە ١٩ مایۆی ١٩٢٤ بە دانیشتن نەگەیشتنە ئەنجام، بۆیە بەریتانیا لە ٦ی ئابی ١٩٢٤ بابەتەکەی برد بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکان. ھەمان کات ڕاپەرینی شێخ سەعید چەگەرەی کرد، بەریتانیەکان حوکمی کەلتوریان لە باکوری عێراق سەپاند،[٣٢] سەربازەکانی گواستەوە موسڵ و لەھەمان ڕۆژگاردا لەژێڕ چاودێری سەرۆک وەزیرانی عێراق کەشتیگەلی سەربازی بەریتانیا ھات بۆ کەناراوەکانی بەسرە. ڕێککەوتنامەی ئەنقەرەی ٥ی حوزەیرانی ١٩٢٦ لەگەڵ تورکیا مۆرکرد و موسڵ بوو بە بەشێک لەعێراق بە ناوچە کوردنشینیەکانیشیەوە.

شۆڕشەکەی شێخ سەعید کاریگەری زۆری خستە سەر تورکیا، جگە لەوەی بەھۆی شۆڕشەکەوە شاری موسڵی لەدەستدا، دەسەلاتی تەواوی گرت بەسەر ناوچە کوردیەکان، بەھۆی زۆری قوربانیەکان ژیانی ئاسایی ھاوڵاتیان گۆڕدرا و چاوترسێن کران ھەروەھا بەھۆی شۆرشەوە تورکیا بەرەو تاک ڕەوی ڕۆیشت بۆ ماوەیەکی درێژ، یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی ھاوڵاتیان قورستر بوونەوە.

ئەنجام[دەستکاری]

شێخ سەعید دەستگیر کرا و لە ساڵی ١٩٢٥ لە سێدارە درا. کوردەکان بێئومێد بوون لە گەیشتن بە مافە کلتووری و مرۆیییەکانیان، تورکیاش ویلایەتی موسڵی لە بەرژەوەندیی عێراق و بەریتانیا لەدەست دا.

دوای شۆڕشەکە[دەستکاری]

لەدوای شۆڕش، حکومەتی تورکیا ھەندێک بڕیاڕی سەختی دەرکرد، بەناوی چاکسازی خۆڕھەڵاتی وڵات، بەپێی ئەم چاکسازیە ھەموو کوردەکان تورکن بەڵام تورکی شاخ نشین،[٣٣] ھەروەھا بە ھەزاران کوردی باکوور ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشت بەرەو سووریا، لەوێ مافی ھاوڵاتیبوونیان پێدرا لەلایەن دەسەڵاتی فەڕەنسییەوە لە قۆناغی ئینتیدابی فەڕەنسی لە سووریا و لوبنان.[٣٤]

لە پایزی ١٩٢٧، دەنگی یەکەم تفەنگی شۆڕشی کوردەکان لەشاخەکان بیسترایەوە لەلایەن شێخ عەبدولرەحمانی پیران.[٣٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ Olson 1989, p. ١٠٧.
  2. ^ The Militant Kurds: A Dual Strategy for Freedom, Vera Eccarius-Kelly, page 86, 2010
  3. ^ "(page 104)" (PDF). Archived from the original (PDF) on ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧. Retrieved ١٨ی نیسانی ٢٠٢٠. Check date values in: |access-date=, |archive-date= (help) ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ "Hunermendê navdar ê Kurd klîba Bedîuzzeman Seîdê Kurdî amade kir". Rûdaw. 12 November 2018. Retrieved 21 December 2019.
  5. ^ Kamal Soleimani. Dîndar çi Misilman çi ne-Misilman, Nikarin li Derveyî Paradîgmaya Netewe-Dewletê Bifikirin. Retrieved 21 December 2019.
  6. ^ Hassan, Mona (2017-01-10). Longing for the Lost Caliphate: A Transregional History. Princeton University Press. ISBN 978-1-4008-8371-4.
  7. ^ Mehmed S. Kaya (15 June 2011). The Zaza Kurds of Turkey: A Middle Eastern Minority in a Globalised Society. I.B.Tauris. pp. 64–. ISBN 978-1-84511-875-4. was led specifically by the Zaza population and received almost full support in the entire Zaza region and some of the neighbouring Kurmanji-dominated regions
  8. ^ Mehmed S. Kaya (15 June 2011). The Zaza Kurds of Turkey: A Middle Eastern Minority in a Globalised Society. I.B.Tauris. pp. 64–. ISBN 978-1-84511-875-4. was led specifically by the Zaza population and received almost full support in the entire Zaza region and some of the neighbouring Kurmanji-dominated regions
  9. ^ http://theunjustmedia.com/Islamic%20Perspectives/March%202008/The%20Destruction%20of%20the%20Khilafah.htm ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  10. ^ Viennot, Jean-Pierre (1974) Contribution á l'étude de la Sociologie et de l'Histoire du Mouvement National Kurde: 1920 á nos Jours. Paris, Institut Nationale des Langues et Civilisations Orientales. p. 108
  11. ^ White, Paul J. (1995), "Ethnic Differentiation among the Kurds: Kurmancî, Kizilbash and Zaza", Journal of Arabic, Islamic & Middle Eastern Studies, 2 (2): 67–90
  12. ^ Olson 1989, p. ٤٥.
  13. ^ Olson 1989, p. ٢٠٢.
  14. ^ Uğur Ümit Üngör (2012-03-01). The Making of Modern Turkey: Nation and State in Eastern Anatolia, 1913-1950. OUP Oxford. p. 125. ISBN 978-0-19-965522-9.
  15. ^ van Bruinessen, Maarten Martinus (1978). Agha, Shaikh and State: On the Social and Political Organization of Kurdistan. Utrecht: University of Utrecht. ISBN 1-85649-019-X. (also London: Zed Books, 1992)[پەڕە پێویستە]
  16. ^ (Olson 2000, p. 77)
  17. ^ Die Welt des Islams. E.J. Brill. 2000. p. 77.
  18. ^ Die Welt des Islams. E.J. Brill. 2000. p. 77.
  19. ^ ئ ا Olson 1989, p. ١٢٠.
  20. ^ Sulhi Dönmezer, Türkiye Cumhuriyeti Devleti'ne Yönelik Bozguncu Hareketler ve Tehditler ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., Atatürk Araştırma Merkezi Dergisi (Sayı 38, Cilt: XIII, Temmuz 1997)
  21. ^ ئ ا János M. Bak, Gerhard Benecke, Religion and rural revolt", Manchester University Press ND, 1984, ISBN 0-7190-0990-1, sayfa 289–290.
  22. ^ Ali Fuat Cebesoy, Siyasi Hatıralar, Vatan Neşriyat, İstanbul 1957; Tarık Zafer Tunaya, Türkiye’de Siyasi Partiler, İstanbul 1952, sayfa 606.
  23. ^ Nurşen Mazıcı, Belgelerle Atatürk döneminde Muhalefet (1919-1926), Dilem Yayınları, İstanbul 1984, sayfa 82.
  24. ^ Metin Toker, Şeyh Sait ve İsyanı, Akis Yayınları, Ankara 1968, sayfa 21.
  25. ^ Behçet Cemal, Şeyh Sait İsyanı, Sel Yayınları, İstanbul 1955, sayfa 24.
  26. ^ M. Şerif Fırat, Doğu İlleri ve Varto Tarihi, TKAE Yayını, Ankara 1981, sayfa 180.
  27. ^ M. Şerif Fırat, a.g.e. , sayfa 181.
  28. ^ M. Nuri Dersimi, Kürdistan Tarihinde Dersim, Halep 1952, sayfa 180.
  29. ^ Berxwedan Gazetesi, Sayı: 120 (Almanya/Bonn, 01 Mart 1991), s. 5.
  30. ^ "İngiliz Belgelerinde Türkiye" Erol Ulubelen, Çağdaş Yay. , 1982, sf.195; ak. U.Mumcu, "Kürt-İslam Ayaklanması" Tekin Yay. , 19. Bas. , 1995, sf.24
  31. ^ "Sevr Anlaşmasına Doğru" Osman Olcay, SBF Yay. , Ank. -1981, sf.121; ak. U. Mumcu, "Kürt-İslam Ayaklanması" Tekin Yay. , 19.Bas. 1995, s. 28
  32. ^ "Türkiye Cumhuriyetinde Anlaşmalar 1924–1938" Genelkurmay Yay. , Nak. -1972, sf.43–44; ak. U.Mumcu, "Kürt-İslam Ayaklanması" sf.53
  33. ^ Bayir, Derya (2016-04-22). Minorities and Nationalism in Turkish Law. Routledge. p. 133. ISBN 978-1-4094-2007-1.
  34. ^ Dawn Chatty (8 March 2010). Displacement and Dispossession in the Modern Middle East. Cambridge University Press. pp. 230–231. ISBN 978-1-139-48693-4.
  35. ^ David L. Phillips (2017). The Kurdish Spring: A New Map of the Middle East. p. 45.