میرنشینی پنیانشی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

میرنشینی پنیانشی (هەروەها وەک کوڕانی شاهکولویش ئاماژەی پێدەکرێ) دەسەڵاتێکی کوردی بووە کە ساڵی 1548 لە ناوچەکانی سەڵماس و سۆمای دامەزراوە.

مێژوو[دەستکاری]

سەرەتاکانی سەدەی 15ی زایینی، یەک لە ئەندامانی بنەماڵەی بلەجان کە سەر بە هۆزی کوردی پنیانشی بووە حکومەت و دەسەڵاتی پنیانشی دامەزراندووە. یەکەمین سەرۆکی ناسراوی ئەم بنەماڵەیە شاهکولو بووە. هەر بەم بۆنەشە هەم عوسمانییەکان و هەمیش ئێرانییەکان ناوی کوڕانی شاهکولویان بۆ ئاماژەدان بەو میرنشینە بەکار هێناوە. لەگەڵ دابەشبوونی ئەمارەتی هەکاری لە ساڵی 1548دا، میرنشینی پنیانشی دامەزراوە و سەڵماسی وەک پایتەختی خۆی دەستنیشان کردووە. ساڵی 1555 و دوابەدوای واژۆکرانی پەیمانی ئاماسیە، ئاشتی کەوتۆتە نێوان ئیمپەراتۆریەتی عوسمانی و دەسەڵاتی سەفەوییەکان. بەڵام هەر لەو سەروبەینە بێدەنگ و ئارامەدا کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکی لەنێوان ئەمارەتی هەکاری، میرنشینی مەحموودی و میرنشینی کوڕانی شاهکولو لە ئارادا بووە. ناکۆکی گرنگ و سەرەکی لەو میانەیەدا گەڕاوەتەوە نێوان کوڕانی شاهکولو و ئەمیر زەینەڵ بەگی هەکاری. لە میانەی ئەو ناکۆکییانەدا ئەمیر زەینەڵ بەگ لە باری سیاسی و چەکدارییەوە و لە دژی کوڕانی شاهکولو، پاڵپشتی ئیمپەراتۆریەتی عوسمانی کردووە.[١] کوڕانی شاهکولو کە بەردەوام شەڕی ئەمارەتی هەکارییان کردووە، سەرەتاکانی سەدەی شازدەیەم ناوچەی "هۆی"یان خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. ساڵی 1605 شاهکولو کۆجی بەگ لە میانەی شەڕ لەگەڵ ئێراندا کوژراوە. بازنەی میرنشینەکە دابەش کرابووە سەر ناوچەکانی سەڵماس و سۆمای. سوڵتان مورادی چوارەمی عوسمانی ساڵی 1635 ئیرەوانی گەمارۆ دا. لە میانەی گەمارۆدرانی ئیرەواندا، سوپای سەفەوییەکان لە شەڕێکدا لەگەڵ کوڕانی شاهکولو کە لە نزیکی سەڵماس تووشیان هاتبوون، شکستێکی قورسی هێنا. ئەم میرنشینە ساڵی 1823 و ئەو کاتەی ئێران سەڵماسی داگیر کرد کۆتایی پێهات.

کتێبناسی[دەستکاری]

Kaplan, Yaşar (2015), "PINYANIŞ Government", University of Hakkari (بە تورکیی ئەستەمبوڵی): 2–44

سەرچاوەکان[دەستکاری]