کۆماری ئارارات

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
  ئەم وتارە سەبارەت بە کۆماری ئارارات نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە ‏کوردستان (ڕوونکردنەوە).
کۆماری ئارارت
Komara Agiriyê
پایتەختکورداڤا[١][٢]
زمانە فەرمییەکان زمانی کوردی (سۆرانی، کورمانجی، زازاکی)
دەوڵەت کۆماری
 -  سەرۆک کۆمار[٣] ئیبراھیم حەسکی[٤]
 -  فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان ئیحسان نووری پاشا[٤]
ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی
 -  راگەیاندنی سەربەخۆیی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٧ 
 -  ھێرشی ھێزەکانی تورکیا بۆ سەر کۆمار ئەیلوولی ١٩٣٠ 
 -  رووخانی کۆمار ئەیلوولی ١٩٣٠ 
 -  لەسێدارەدانی سەرکردەکان ١٩٣٠ 

کۆماری ئارارات یەکەم کۆماری کوردییە کە خۆی راگەیاندبێت. کەوتبووە رۆژھەڵاتی تورکیای ئێستاو پارێزگای ئاگری ناوەندەکەی بووە. کۆماری ئارارات کە لەلایەن کۆمەڵەی خۆییبوونەوە سەرکردایەتی دەکرا، لە ساڵی ١٩٢٧ سەربەخۆیی خۆی راگەیاند، ئەمەش لەکاتی شەپۆلی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردەکانی باشووری رۆژەڵاتی تورکیا.

پوختەی مێژوویی[دەستکاری]

شۆڕشی ئاگری لەلایەن ئیحسان نووری پاشاوە سەرکردایەتی دەکرا لە تشرینی یەکەمی ١٩٢٧، کورداڤا گوندێکی نزیکی چیای ئارارات وەک پایتەختی کوردستان دەستنیشانکرا، خۆیبوون بانگەوازی بۆ زلھێزەکان و عوسبەتولئومەم کرد و پەیامی بۆ کوردەکانی عێراق و سووریاش نارد، تێیدا داوای ھاوکاری کردبوو.

سەرەڕای سەرنەکەوتنی شێخ سەعید و ئازادی، بیرمەند و سەرکردە نەتەوەییەکانی کورد بەردەوامبوون لە بەرنامەداڕشتن بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ، زۆرێک لەم نەتەوەخوازانە لە تشرینی یەکەمی ١٩٢٧دا کۆبوونەوە نەک ھەر سەربەخۆیی کوردستانیان ڕاگەیاندووە، بگرە خۆییبوونیان وەک ئۆرگانی باڵای نەتەوەیی کە ھەموو دەسەڵاتێکی تایبەتی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی ھەبێت ڕاگەیاند، سەرکردایەتی ئەم ڕێکخراوە تازەیە باوەڕی وابوو کە کلیلی سەرکەوتنی خەبات بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ لە وەفاداری خێڵەکیی دا نیە، بەڵکو لە رێگەی بەکارھێنانی ھێزی سەربازیی گونجاوی ئەوتۆوە دێتە دی کە بەرنامە بۆ داندراو‌و ڕێکخراوبێت، سەرەڕای بێزارییان بەرامبەر ڕژێمی کەمالیستەکان، بەڕیتانیا و فەڕەنسا پشتگیریی بەرچاوی خۆییبوونیان نەکرد، بەپێی سەفرەستیان، ھێزە ئەوروپییەکان لە کاتێکدا پشتگیریی سەربەخۆیی کوردەکانیان کردووە، کە لەلایەن ڕاپۆرت‌ و میدیای تورکییەوە مەیلیان درابێتێ، بە یارمەتییەکی کەمەوە لە ئەوروپاوە، دواجار خۆییبوون کۆمەک کرا لەلایەن فیدراسیۆنی شۆڕشگێڕیی ئەرمەنی، شای ئێران و ھاوڕێ کوردەکانیان، وەک ئەحمەد بارزانی، سەرۆکی خێڵی بارزانیەکانی باشووری کوردستان.

کوردانی سووریاش یارمەتی خۆییبوونیان دا، ئەمەش لە رێگەی بڕیینی ھێڵەکانی شەمەندەفەر، تاڵانکردنی لادێی تورکەکان و دەستدرێژیی چەکدارانە. لە ساڵی ١٩٢٨ دا، ئیحسان نوری پاشا گروپێکی بچوکی سەربازی کۆکردەوە کە بە چەکی ھاوچەرخ چەکدارکرابوون و خول و تاکتیکی سەربازی پیادەیان بینیبوو. ئەم ھێزە شۆڕشی خۆییبوونی دەستپێکرد بە رۆیشتنیان بەرەو چیای ئارارات. نوری و پیاوەکانی نەک تەنیا سەرکەوتن و گەیشتنە ئارارات، بەڵکو توانیان شارەکانی بەتلیس، وان و زۆربەی ناوچەکانی نزیکی دەریاچەی وان پاکبکەنەوە و ناوچەیەکی بەرچاو بۆ بەرگری کوردیی دابمەزرێنن. لەپاڵ چەک، رێکخستن و توانایانەوە، ھێزی کوردەکان زیادی دەکرد بەھۆی شۆڕشەکەیانەوە. ھەرچەندە سوپای تورک ھەوڵی دا شۆڕشەکە ھەر لە سەرەتاوە، ساڵی ١٩٢٧، دابمرکێنێتەوە، ھەوڵەکەیان سەرکەوتوو نەبوو لەبەر ئەوەی ئێران ھاوکاری نەئەکردن، ئەمە لەکاتێکدایە کە چیای ئارارات لە سەر سنووری نێوان ئێران‌و تورکیایە.

ھێرشی سوپای تورکیا بۆ ئارارت[دەستکاری]

بە ھاتنی ساڵی ١٩٣٠، تورکەکان توانیان سەرکەون. لە مانگی مایسدا دەستیان پێ‌کرد. سوپای تورک بە شێوەیەکی شەڕەنگێزانە دەوری چیای ئاراراتیان دا‌و تا کۆتایی مانگی حوزەیران زیاد لە ١٠ ھەزار سەربازیان بردە ئەوێ. ژمارەی ھێزەکانی ھەردوولا لە زیادبووندا بوو، چونکە خێڵە کوردەکانیش لە پەیوەندیکردندا بوون و نزیکەی ٦٠ ھەزار سەربازی تری تورک لەلایەن حکومەتی تورکەوە بانگکران. سەرەڕای رووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی زیانەکان، بەرگرییەکەی خۆییبوون وردەوردە کەمبوونەوەی پاڵپشتی ھەرێمی بەخۆوە بینی، بەھۆی گوشاری حکومەتی تورکیا، ئیدارەی فرەنسی لە سوریا و بریتانی لە عێراق، زۆربەی یارمەتییەکانی باشوور سنووردارکران. پێش پێداگرییەکەی تورکەکان، ھێزێکی پاڵپشتیی بارزانەکان لە باشووری کوردستانەوە بە ٥٠٠ ئەسپ سوارەوە لە ناوچەی موسڵەوە لەلایەن "شێخی بارزان"ەوە گەیشتن. سەرۆک خێڵی تریش، بۆ نمونە ھاچۆ‌و سمکۆ، لە سوریاوە، لە ساڵی ١٩٣٠ بۆ یارمەتیدانی خۆییبوون گەیشتنە ناوچەکە.

ڕۆڵی ئێران و پاڵپشتی کردن لە تورکەکان[دەستکاری]

ھەرچۆنێک بێت گەورەترین زیان لە شۆڕشەکەی خۆییبوون لە ئارارات لە ئێرانەوە پێی گەیشت. ھەرچەندە لە سەرەتادا پاڵپشتی بەرگریی کوردی بوو، حکومەتی ئێران نەیتوانی رێگری لە سوپای تورک بکات کە بە مەبەستی تەوقکردنی چیای ئارارات چوونە خاکەکەیەوە. سەربازە ئێرانییەکانی سەر سنووریش سنووری ئێران -تورکیایان داخست بەسەر ھەر گەشتیارێکدا، بەو خێڵە کوردانەشەوە کە ھەوڵیان ئەدا یارمەتی شۆڕشەکە بدەن. ئێران دواجار بەتەواوی ملکەچی داوای تورکەکان بوو سەبارەت بە پرۆسەکە بەوەی مامەڵەی کرد بەو زەوییانەی چواردەوری چیای ئارارات بەرامبەر بەو زەوییە تورکییانەی نزیک قوتور و بەرزیرگان (بازرگان). ئەو شۆڕشە رێکخراوەی چیای ئارارات لە پاییزی ١٩٣٠ دا شکێنرا، ھەرچەندە تورکەکان تا بەھاری دواتر چاوەڕێیان کرد بۆ ھێرشکردنە سەر ناوچەکە بۆ سەرکوتکردنی ھەر نەیارێکی خێڵەکی. ھەروەک ئەنجامی راپەڕینە کوردییەکەی پێشووتر، حکومەتی تورک بێبەزەیی بوو بەرامبەر شۆڕشگێڕەکان. سەرەڕای شکست، خۆییبوون‌و شۆڕشی ئارارات لە سێ خاڵدا بۆ مێژووی پێشمەرگە گرنگن. یەکەمیان، ئەوە یەکەمجار بووە ھێزێکی چەکدار دابمەزرێنرێت تایبەت بە ئامانجی نەتەوەخوازیی کوردی. کاریگەریی سەرۆک خێڵەکان وەک سەرکردەیەکی سوپایی وردەوردە کەمئەبووەوە بەرامبەر بە بیرۆکەی نەتەوەخوازیی کە بووە ھۆکارێکی گرنگتر بۆ چالاکییە سەربازییەکانی کورد.

دووەم، شۆڕشی خۆییبوون دەرخەری گەشەی پەیوەندیەکان بوو لەنێوان خێڵی بارزانی و نەتەوەخوازیی کوردی. ھەرچەندە مەلا مستەفا بارزانی لە شۆڕشەکەی شێخ مەحمود دا بەشدار بووە و چاوی بە شێخ سەعیدی پیرانیش کەوتووە، ئەو یارمەتییە سەربازییەی لەلایەن خێڵی بارزانییەوە گەیەنرایە خۆییبوون (کە شێخ ئەحمەد رێبەری بوو، و مەلا مستەفا سەرکردایەتی ئەکرد) یەکەمین ھاوکاری لەوچەشنە بووە لە مێژووی کوردا. ئەم ئاستەی ھاوکاری بەردەوام بووە تا دواتر وەک پێشمەرگە دەرکەوت، بەتایبەتی لە سەردەمی بارزانی‌یەوە، ئەتوانرێ بۆ پاراستنی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردەکان بانگ بکرێن.

خاڵی کۆتاییش ئەوەیە کە شۆڕشی خۆییبوون شێوازێکی نوێی ھاوکاری نێودەوڵەتیی دژی کوردەکان ھێنایەکایەوە. دواتر گۆڕینەوەی زەوی لەنێوانی دوو وڵاتی دراوسێدا دەبینرێتەوە کە سەرەڕای جیاوازییان، بۆ سەرکوتکردنی توانای سەربازیی کوردەکان رێکدەکەون.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ Wadie Jwaideh, The Kurdish national movement: its origins and development, Syracuse University Press, 2006, ISBN 9780815630937, p. 211.
  2. ^ Celal Sayan, La construction de l'état national turc et le mouvement national kurde, 1918-1938, Presses universitaires du septentrion, 2002, p. 649. (فەڕانسەوی)
  3. ^ Paul J. White, Primitive rebels or revolutionary modernizers?: the Kurdish national movement in Turkey, Zed Books, 2000, ISBN 978-1-85649-822-7, p. 77.
  4. ^ ئ ا Emin Karaca, Ağrı Eteklerinde İsyan: Bir Kürt Ayaklanmasının Anatomisi, 3. Baskı, Karakutu Yayınları, 2003, ISBN 9758685387, s. 23(تورکی). ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «Karaca» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا

سەرچاوەکان[دەستکاری]