دەزگای ھەواڵگریی ناوەندی
| دەزگای ھەواڵگریی ناوەندی | |
|---|---|
نیشانی دەزگای ھەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا | |
| تێڕوانینی گشتی | |
| درووستبوون | ١٨ی ئەیلوولی ١٩٤٧ |
| شوێنگەی سەرەکەی | 38°51′30″N 77°03′14″W / 38.8583°N 77.0540°Wپۆتانەکان: 38°51′30″N 77°03′14″W / 38.8583°N 77.0540°W |
| کارمەندان | پۆلێن کراوە |
| بودجەی ساڵانە | پۆلێن کراوە |
| کاربەدەستانی دەزگاکە | ویلیام بێرنز, بەڕێوەبەر |
| دەزگای باوان | کۆمەڵگەی ھەواڵگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا |
| ماڵپەڕ | www |
دەزگای ھەواڵگری ناوەندی یان سی ئای ئەی (سیا) (بە ئینگلیزی: Central Intelligence Agency) دەزگای ھەواڵگریی حکوومیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و ئەرکی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاری لەسەر وڵاتەکان، حکوومەتەکان، کۆمپانیا دەرەکییەکان و کەسایەتییە بیانییەکان ھەیە بۆ حکوومەتی ئەمریکا. ئەم دەزگایە لە ساڵی ١٩٤٧ و لە دوای شەڕی جیھانی دووەمەوە و لەلایەن سەرۆک ھاری تروومەنەوە دامەزرا و ناوەندەکەی لە لانگلی لە ویلایەتی ڤیرجینیایە.
مێژوو
[دەستکاری]دەزگای ھەواڵگریی ناوەندی لەگەڵ واژووکردنی یاسای ئاسایشی نیشتمانی لەلایەن سەرۆک ھاری تروومەنەوە لە ساڵی ١٩٤٧ دامەزرا. ئەم یاسایە ھەروەھا پۆستی بەڕێوەبەری ھەواڵگریی ناوەندی (DCI)ی داھێنا بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی دەزگا ھەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، و ڕاوێژکاری یەکەمی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ھەواڵگریی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانی، جگە لە سەرۆکایەتیکردنی دەزگای ھەواڵگریی ناوەندی. یاسای چاکسازیی ھەواڵگری و ڕێگریکردن لە تیرۆر کە لە ساڵی ٢٠٠٤ دەرچوو، ھەموارکردنەوەی لە یاسای ئاسایشی نیشتمانیدا کرد و پۆستی بەڕێوەبەری ھەواڵگریی نیشتمانیی خوڵقاند، کە ئەویش بە نۆرەی خۆی ھەندێک لەو ئەرکانەی گرتە ئەستۆ کە پێشتر بەڕێوەبەری ھەواڵگریی ناوەندی ئەنجامی دەدان، لەگەڵ دانانی بەڕێوەبەرێکی سەربەخۆ بۆ دەزگای ھەواڵگریی ناوەندی. دەزگای ھەواڵگریی ئەمریکا بە یەکێک لە گرنگترین دەزگا سەرەکییەکانی سیخوڕی و دژەسیخوڕی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دادەنرێت. ئەم دەزگایە لە کاتی جەنگی جیھانیی دووەمدا بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا «ھاری ترومان» دامەزرا تا جێگەی «نووسینگەی خزمەتگوزارییە ستراتیژییەکان» بگرێتەوە کە لەلایەن سەرۆک «فرانکلین ڕۆزڤێڵت»ەوە لەژێر پەستانی ھەواڵگریی سەربازی و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی دامەزرابوو.
بەڕێوەبەران
[دەستکاری]ئالن دالاس بە یەکێک لە گرنگترین دامەزرێنەرانی سیخوڕیی ئەمریکی دادەنرێت، چونکە ئەرکی دامەزراندنی دەزگای ھەواڵگریی ناوەندیی پێ سپێردرا، بەڵام لە ئەنجامی ھەندێک ھەڵەدا سەرۆک ترومان دووری خستەوە و ژەنەڕاڵ واڵتەر سمیتنی خستە جێگەکەی. لەگەڵ ھاتنی «ئایزنھاوەر» وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، «ئالن دالاس» گەڕایەوە بۆ سەرۆکایەتی دەزگاکە و ھەبوونی براکەی «جۆن فۆستەر دالاس» وەک وەزیری دەرەوە، پێگەکەی بەھێزتر کرد. دوای ئەو تەنگژە توندەی لە نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دروست بوو سەبارەت بە نیازی ئەمریکا بۆ داگیرکردنی کووبا و شکستخواردنی ئەم ئۆپراسیۆنەی کە بە تەنگژەی «کەنداوی بەرازان» لە ساڵی ١٩٦١ ناسراوە، و لەکەداربوونی وێنەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە جیھانی سێیەمدا بەو ھۆیەوە، «جۆن کینیدی»، «ئالن دالاس»ی لە سەرۆکایەتی دەزگاکە لادا و ژەنەڕاڵ جۆن مەککۆنی لە ساڵی ١٩٦٣دا دەستنیشان کرد، لە دوای ئەویش ئەدمیراڵ «ولیم ڕابۆن» تا حوزەیرانی ١٩٦٦، پاشان «ڕیچارد ھێڵمز» و دوای ئەو «جەیمس شلێسینگەر» و پاشان «ولیم کۆڵبی» لە کۆتایی سەردەمی نیکسۆندا.
شوێن
[دەستکاری]بنکەی ھەواڵگریی ناوەندی لە گەڕەکی «لانگلی»یە و ١٥ کم لە واشنتۆنی پایتەختەوە دوورە. بنکەکە بەھۆی ھەبوونی ڕووباری پۆتۆماکەوە پارێزراوییەکی سروشتیی ھەیە، جگە لە پاسەوانیی توندوتۆڵ و کامێراکانی تەلەڤیزیۆن کە شەو و ڕۆژ لە ناوچە دەوروبەرەکە جێگیر کراون. ڕووبەری ئەم بنکەیە نزیکەی ١٢٥ ھەزار مەتر دووجایە، تێچووی دروستکردنەکەشی لە ساڵی ١٩٦٦دا ٤٦ ملیۆن دۆلار بووە، و دیوارێک بە بەرزی چوار مەتر کە تەلی دڕکاویی لەسەرە، دەوری بیناکەی داوە. دەزگاکە ھەندێک بینای تری ھەیە کە لەژێر ناوی خوازراودا بەکاریان دەھێنێت.
ئۆپراسیۆنە دەرەکییەکان
[دەستکاری]زنجیرەیەکی درێژ لە ئۆپراسیۆنی سیاسی و سەربازی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھاندا، بەتایبەتی لە ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور و ڕۆژاوای ئەفریقا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و نزیک، بۆ دەزگای ھەواڵگریی ناوەندی دەگەڕێنرێتەوە، کە تێیان دا چەندین کودەتای سەربازی و تیرۆری تاکەکەسی و بەکۆمەڵ ئەنجام دراون.
ھەروەھا دەزگاکە ڕۆڵێکی گەورە لە ڕێکخراوە سەندیکایی و کولتوورییەکاندا دەگێڕێت لە ڕێگەی دەستوەردان لە چالاکییەکانیاندا. سەرپەرشتی بزووتنەوەی خوێندکارانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە و دەستوەردانی لە بزووتنەوەی زانکۆ لە ویلایەتی میشیگان و لە پرۆگرامە زانکۆیییەکانی زانکۆکانی ئەمریکا و لە سەندیکاکاندا کردووە، جگە لە دابینکردنی بوودجە بۆ زۆرێک لە خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانەی کە پشتگیری لە سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن، ھەروەھا بەکارھێنانی کەسایەتییە خاوەن زانیاری و لێھاتوو بۆ ساغکردنەوەی بیرۆکە و باوەڕەکانی لە پێناو خزمەتکردن بە سیاسەتی ئەمریکا.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]بەستەرە دەرەکییەکان
[دەستکاری]- دەزگای ھەواڵگری ناوەندی ١٠ی ئایاری ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. (کوردی)
- دەزگای ھەواڵگری ناوەندی (ئینگلیزی)
