خۆیبوون

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

خۆیبوون (بە کوردی: جواتا سەرخوەبوونا کورد، Ciwata Serxwebûna Kurd) ڕێکخراوەیەکی ناسیۆنالیزمی کوردی (کوردایەتی) بوون کە پاڵپشتییان لە سەرھەڵدانی ئارارات دەکرد، ئەم کۆمەڵەیە بە سەرکردایەتی ئیحسان نووری پاشا لە وڵاتی لوبنان لە ڕۆژی ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٧ دامەزرا.

چالاکییەکانی خۆیبوون لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان[دەستکاری]

لە پەرتووکی بیرەوەرییەکانی ئەحمەد ئەمیرئەحمەدی لە سەرکردەکانی ئەرتەشی پاشایەتیی ئێران نووسراوە کە حیزبێک بە ناوی «حیزبی خۆمان» لە لایەنی کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی کورد لە وڵاتی میسردا دامەزراوەتەوە و گۆڤارێک سەبارەت بە سەربەخۆییی کوردستان بڵاو دەکاتەوە و لە ئێران و تورکیا خەریکی چالاکییە. بە وتەی ئەحمەد ئەمیرئەحمەدی ڕەزا شا پێڕستێک لە ناوی سەرکردەکانی کوردی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە لەو حیزبە لایەنگریان دەکرد بەشێوەی تلێگراف بە ئەمیرئەحمەدی ناردووە و ئەمیرئەحمەدیش کە لەو سەردەمە بەرپرسی سەرکوتکردنی سەربزێوییەکانی کوردستان و لوڕستان بوو، نەخشەیەک دادەڕێژینێت و بە بوونەی ڕێزلێگرتن داوەتیان دەکات بێن بۆ ساخلۆکانی ئەرتەش و ھەموویان دەستبەسەر و ڕەوانەی تاران دەکات و تا داکەوتنی ڕەزا شا و دەستپێکی شەڕی دووەمی جیھانیی لە زنیداندا دەیانپارێزێت. محەممەد عەلی سوڵتانی وای زانیوە کە حیزبی خۆمان ھەر ئەو حیزبی خۆیبوونە بێت.[١] ھەروەھا ئەسغەر شیرازیش ئەمەی پشتڕاست کردووە و وتوویەتی کە خۆمان یان ھەر ئەو خۆیبوون لە بەھاری ساڵی ١٩٢٧ لە یەکگرتنی چوار ڕیکخراوەی کوردی باکووری کوردستان لە وڵاتی لوبناندا دامەزراوە و بەرەنگاری شەڕێکی سەخت بەرامبەر بە حکوومەتی تورکیا بووە. شیرازی ھەروەھا ئاماژە بەوە کردووە کە حکوومەتی ئێران لە سەرەتادا ھەر بە تەنیا نیگەرانی کیشانەوەی ئەم شەڕە بە ناوی سنوورەکانی خۆی بووە، بەڵام بە دوای ماوەیەک کە ئەم بزووتنەوە لە سەری کوردەکانی ئێلی جەلالی کاریگەر دەبێت و جەلالییەکان سەرھەڵدەدەن، لە ساڵی ١٩٣١ لەگەڵ حکوومەتی تورکیا دژ بە خۆیبوون ڕێک دەکەوێت و ھاوکاری دەکاتەوە.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ سلطانی، محمدعلی، احزاب سیاسی و انجمن‌ھای سری در کرمانشاە، از فراموشخانە تا خانەی سیاە: دورەھای ۵–۱ انتخابات مجلس شورای ملی و فریادگران بر نظام دیکتاتوری از کرمانشاە؛ تھران: مؤسسەی فرھنگی نشر سھا، جلد اول، چاپ یکم: ۱۳۷۸؛ ص ٢٧٣-٢٧٢.
  2. ^ شیرازی، اصغر، ایرانیت،‌ ملیت، قومیت؛ تھران: مؤسسۀ فرھنگی-ھنری جھان کتاب، چاپ یکم: ۱۳۹۵؛ ص ۷۵٢.