میرنشینی سەراب

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
نەخشەی خانەدانی سەراب

میرنشینی سەراب یان خانەدانی سەراب خانەدانێکی کوردی بوو لە دوای ساڵی ١٧٤٧ەوە لەلایەن عەشیرەتی شکاک حوکمڕانی کراوە، و سەراب ناوەندەکەی بووە.[١][٢][٣]

مێژوو[دەستکاری]

سەرھەڵدان[دەستکاری]

لەگەڵ ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی سەفەوی لە ساڵی ١٧٢٢، پارێزگاکانی قەوقاز کەوتنە ئاژاوەوە. عوسمانییەکان و ڕووسەکان ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە بۆ داگیرکردنیی ناوچەکە، پیتەری مەزن لە ھاوینی ساڵی ١٧٢٢دا داگیرکارییەکەی دەست پێکرد. عوسمانییەکان لە ھاوینی ساڵی ١٧٢٣ دەستیان پێکرد، و تا ساڵی ١٧٢٥ ھەموو پارێزگا قەوقازەکانی فارسیان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە؛ بەڵام گرووپە خێڵەکییەکانی ناوچەی ئازەربایجان بەرھەڵستکار بوون و لە دژی ئەو ھێزانە ڕاپەڕین.[٤]

لە بەھاری ساڵی ١٧٢٦ شاحسێڤانی موغان و شکاکییەکانی مشکێن بەھۆی توڕەییانەوە لە داگیرکردنی ئەردەبیل، بە سەرکردایەتی عەبدولڕەزاق خان، لە دژی عوسمانییەکان ڕاپەڕین. لە مانگی ئایاردا ھێزێکی عوسمانی بە فەرماندەیی عەبدڕەحمان پاشا ئەردەبیلی بەجێھێشت و لە ناوچەی ئەرشەق شکستیان بە خێڵەکان ھێنا.[٤] لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٧٢٨دا پارێزگاری دیاربەکر لە مشکێن شکستی بە شکاکییەکان ھێنا و ژن و منداڵەکانیانی بە دیل گرت. لە کۆتاییدا عوسمانییەکان تا مانگی یەکی ساڵی ١٧٢٩ یاخیبووەکانیان سەرکوت کرد؛ بەڵام دووبارە سەرھەڵدانەوەی سەفەوییەکان و نادر شا ھیچ بوارێکی بۆ سوپای بێگانە لە ئازەربایجاندا نەھێشتەوە. تا ساڵی ١٧٣٢ مۆغان گەڕایەوە ژێر کۆنترۆڵی سەفەوییەکان.[٤]

لە سەردەمی ئەفشارییەکاندا، نادر شا زۆرێک لە شکاکییەکانی ڕاگوێستی خۆراسان کرد؛ بەڵام لەگەڵ تیرۆرکردنی لە حوزەیرانی ساڵی ١٧٤٧، شکاکییەکان ھاتنەوە بۆ ناوچەی ئازەربایجان. لەبری ئەوەی لە مشکێن نیشتەجێ ببن، لە سەراب و میانە نیشتەجێبوون.[٤]

سەردەمی عەلی خانی شکاک[دەستکاری]

خانەدانەکە لەلایەن عەلی خان سەرۆکی عەشیرەتی شکاکی کوردەوە لە دوای ساڵی ١٧٤٧ دامەزراوە.[١] لە ساڵی ١٧٥٠دا عەلی خان لە بەرامبەر ئازادخانی ئەفغانییەوە شکستی ھێنا و ناچار بوو ملکەچی بێت. کەریم خانی زەند لە بەھاری ساڵی ١٧٦٢ ھێرشی کردە سەر ئازەربایجان بۆ ئەوەی فاتیح عەلی خانی ئەفشار و خانەدانی ورمێ ناچار بکات ملکەچی بکەن. عەلی خانی شکاکی لەشکری زەندی پەسەند کرد و ملکەچی زەندییەکان بوو. کەریم خان دوای گەمارۆدانی حەوت مانگ، لە ٢٠ی شوباتی ساڵی ١٧٦٣ تەورێز و ورمێ دەگرێت. لە سەردەمی دەسەڵاتی عەلی خاندا، خانەدانەکە ھاوپەیمانییەتی لەگەڵ خانەدانی ئەردەبیلی دراوسێی و خانەدانی قەرەباخ ھەبوو.[٤][٥]

سەردەمی سادق خانی شکاک[دەستکاری]

کاتێک عەلی خانی شکاک لە ساڵی ١٧٨٦ کۆچی دوایی کرد، سادق خانی شکاک شوێنی گرتەوە. لە ساڵی ١٧٨٧ سادق تەورێزی گرت و پارێزگارەکەی، خوداداد خانی دونبەلی کوشت. ھەروەھا شوێنکەوتووانی ھەڵیانکوتایە سەر گێڵان.[٤] کاتێک ئاغا محەممەدخانی قاجاڕ لە سەرەتای ساڵی ١٧٩١دا ئازەربایجانی داگیرکرد، سادق بۆ بەرگریکردن لە سەراب، لە تەورێز پاشەکشەی کرد، بەڵام شکستی ھێنا و سوپای ئێران سەراب و لادێکانی دەوروبەری وێران کرد. پاشان سادق بە بارمتە گیرا، لەگەڵ ھەندێک لە سەرۆکەکانی شاسەوان لە ئەردەبیل.[٤]

خانەکانی سەراب[دەستکاری]

  • عەلی خانی شکاک ١٧٤٧‒١٧٨٦
  • سادق خانی شکاک ١٧٨٦‒١٨٠٠
  • سان خان ١٨٠٠‒؟

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا Tapper (2010).
  2. ^ "Sarab Khanate - Azerbaijan". www.azerbaijans.com. Retrieved 2024-02-10.
  3. ^ "Iran". www.worldstatesmen.org. Retrieved 2024-02-10.
  4. ^ ئ ا ب پ ت ج چ Tapper (1997).
  5. ^ "About: Ardabil Khanate". dbpedia.org. Retrieved 2024-02-10.