ئایینی زەردەشتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە


پاشماوەیەکی ئایینی زەردەشتی لە شاری سلێمانی
زەردەشتی
فەرەھوەھەر یەکێک لە نیشانییەکانی ئایینی زەردەشتی


ماڵی ئاگر لە شاری یەزدی ئێران
ئایین زەردەشتی
شوێنی دەرکەوتن ئێران
درێژبوونەوە  ئێران، (لە شاری یەزد و کرمان)
 ھیندستان
ھەندێک وڵاتی تر.
ژمارەی بڕوادارانی نزیکەی ۱۱۰–۱۲۰ ھەزار[١]
دامەزرێنەر زەردەشت

ئایینی زەردەشتی یان بەھدین یانژی مازدایاسنا (مەزدێ یەسنا) لەسەر بنەمای بیروبۆچوونەکان و بڕواکانی زەردەشت پێکھاتووە.[٢] ئەم ئایینە جیھان وەکو دووبەرەکییەکی بەردەوام دەبینێت لەنێوان ھێزی پاک و ھێزی خراپەدا. خوداوەندی «ئاھورامەزدا» خودای چاکە و حیکمەتە، دانەر و پێکھێنەری ئەم جیھانەیە، «ئەھریمەن» یان «ئەنگرامەینو» ڕۆحە خراپەکانن، مرۆڤیش بوونەوەرێکی ئازادە و تاکە ئەرکی سەرشانی بریتییە لە یارمەتیدان و سەرخستنی خودای ئاھورامەزدا، ئەم ئایینە بە شێوەیەکی گشتی لە ناو فارسەکان بڵاو بووەوە و لە سەدەی شەشەمی پێش زایین بوو بە ئایینێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا و تا سەرھەڵدانی ئیسلام لە سەدەی حەوتەمی زایینیدا ئایینێکی گرنگ بوو و بڕواداری زۆری بوو.

ئەھورامەزدا و ئەھریمەن[دەستکاری]

ڕۆڵێکی ئەھورامەزدا لە ڕۆڵی ڕۆستەم

ئەھورامەزدا[٣] خوای ئایینی زەردەشتییە. ئەھورا بەمانای سەرۆک و مەزدا بەمانای حیکمەتە. لەدیدی زەردەشتییەکان ئەھورامەزدا خوایە و ئەوەی ھەردەم دژی دەوەستێت، ئەھریمەنە. واتە شەیتان کە ئیشی خراپە و شەڕە، ئەھورامەزدا خوای ڕووناکییە و دوژمنی تاریکییە. ھێنەری شەنس و خۆشی و شادییە و ھەموو سیفەتە باشەکانە، بە پێچەوانەی ئەھریمەن کە شەیتانە مایەی تاریکی ودەرد و ناخۆشییە. ئایینی زەردەشتی ئایینێکە داوای کاری چاکە و ڕەوشتی باش و یارمەتی نێوان بونەوەری مرۆڤ دەکات. ئاگر و ڕۆژ ھێمای ئەھورامەزدان، بۆیە لای ئەوان ئاگر زۆر پیرۆزە و ھەمیشە زەردەشتییەکان لەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە ئاگر لە پەرستگاکان نەکوژێتەوە. ھەر ئەمەشە کە وای لە ئایینەکانی تر کردوە کە وابزانن زەردەشتییەکان ئاگر پەرستن.

ئاوێستا[دەستکاری]

ئەڤێستا کتێبی زەردەشتە کەوا بە کتێبێکی پیرۆز دادەنرێت لەلایەن شوێنکەوتوانی ئایینی زەردەشتی. وشەی ئاڤێستاش بە مانای بنچینە و بینای پتەوە. ئەم کتێبە بە زمانی ئاڤێستایی نووسراوە کە زمانێکی ئێرانیی مردووە (بۆیە ڕەنگە لەیەکچوونی لەگەڵ بڕێک زمانە ئێرانییەکاندا ھەبێت وەک فارسی یا کوردی). ئەم زمانە لە گرووپی زمانە ڕۆژھەڵاتییە ئێرانییەکاندا دادەنێن. ئاوێستا ڕۆژگاری ھەخامەنشینەکانەوە ھەزار بەش بووە لە ڕۆژگاری ساسانیەکاندا ٣٤٨ بەشی مابۆوە بریتی بوو ٣٤٥٧٠٠ ووشە فردەوسی لە شانامەکەیدا ئاوێستابە ١٢٠٠ بەش دادەنێت بەڵام ئەو ئاوێستای ئێستا ھەیە ٨٣٠٠٠ ووشەیە و شەش بەشەو ھەر بەشەو چەندین بەشی لێ دەبێتەوە

تێبینی.

پەیکەری زەردەشت لەبەرامبەر دادگای ئیستئنافی نیویورک لە گۆڕەپانی «مدیسون» دانراوە لەسالی ١٩٥٠ دروست کراوە.[ژێدەر پێویستە]

بڕوادارانی ئێستای ئەم ئایینە[دەستکاری]

دوای ئایینی ئیسلام، ئایینی زەردەشتی بەشێوەیەکی گەورە تەڵاشەی کرد و لەناوچوو. ئێستا لە ھەموو جیھان بەتۆمار ٢٥٠، ٠٠٠ کەس دوای ئەم ئایینە کەوتوون، جگە لەوانەی سەرژمێری نەکراون و بە ڕەگەزنامە لەسەر ئایینێکی ترن. بەم شێوە:

قیبلە (ڕوگە) لەئاینی زەردەشتیدا[دەستکاری]

قیبلەی زەردەشتیەکان تیشک و ڕووناکیە. ئەوان لەڕۆژدا دەتوانن بەرەو ڕۆژ و شەوانە لەبەرانبەر تیشکی مانگ، ئاگر، مۆم، چرا نوێژ بکەن. زەردەشتیەکان تەنھا لە ئاتەشکەدا ڕوو دەکەنە ئاگر و نوێژ دەکەن و تەنانەت ئەو کەسانەی لە دراوسێ ئاتەشکەدەکانن ڕوو لە ئاتەشکەدە نوێژ ناکەن. ئاگر لە مەزدەیەسنا ھێمای «ئەشا» یە. ئەو ئاگرەی لە ئاتەشکەدەدایە وەک ئاڵای مەزدەیەسنا و ھێمای شووناسی دینی – کولتوری زەردەشتیەکانە. شایانی باسە کە نوێژ لە ئایینی زەردەشتیدا لە شەو و ڕۆژدا پێنج (٥) جار دەکرێت مێژینەیەکی چەند ھەزار ساڵی ھەیە و لە ھیچ ئایینیکیترەوە وەرنەگیراوە.

باوەرەکانی زەردەشتی[دەستکاری]

جەژنەکان[دەستکاری]

ئایینی زەردەشتی زۆر جەژنی تێدایە. ناودارترینیان نەورۆزە، نەورۆز جەژنی سەری ساڵە و دەکەوێتە یەکەمین ڕۆژی بەھار. وە بە ڕۆژی لە دایک بوونی پەیامبەر زەردەشت دێت

ژیانی ھاوسەری[دەستکاری]

زەردەشتییەکان باوەڕیان وایە کە زەردەشت ھێنانی بێوەژنی لا پەسندترە لەوەی کە مێردی نەکردبێت،[ژێدەر پێویستە] ھەروەھا ژنی بە منداڵی پێ باشترە لەوەی کە منداڵی نەبێت. ھەروەکوو چۆن تەڵاق دان لەلای زەردەشتییەکان حەرامە.[ژێدەر پێویستە] ھاوسەرگیری لەگەڵ قەوم و تەنانت برا و خوشک و باوک و دایکدا لە ئایینی زەرتەشتیدا ھەبووە کە بە خوێدۆدە ناسراوە.[٥]

مردن لەلای زەردەشتیەکان[دەستکاری]

زەردەشتییەکان باوەریان وایە کە ڕۆح دوای دەرچونی لە لەش، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەناویدا دەمێنێتەوە؛ دواتر بۆ جیھانی تر دەڕوات. ھەروەھا باوەڕیان بە حسابکردن ئەوەیە کە زەردەشتیی چاک تاھەتایە لە بەھەشت دەمێنێتەوە، مرۆڤی خراپیش تاھەتایە لە دۆزەخدا دەمێنێتەوە.

زەردەشتیەکان بارودۆخی تایبەتیان ھەیە بۆ ناشتنی مردوەکانیان؛ چونکە ئەوان نایانەوێ جەستەی مردووەکان تێکەڵ بە یەکەکانی ژیان بێت وەکوو خۆڵ و ئاو و… ھتد. چونکە باوەڕیان وایە کە پیسیان دەکات بۆیە مردووەکانیان نانێژن، بەڵکوو بۆ باڵندە گۆشتخۆرەکان جێیان دەھێڵن لەسەر بورجی تایبەتی کە پییان دەڵێن «بورجەکانی بێ دەنگی». جەستەکان لەلایەن کەسانی تایبەتی لەسەر ئەم بورجانە دادەنرێن، دوای خواردنی جەستەکانیش لەلایەن باڵندەکان، ئێسقانەکان لە جێگایەکی تر دادەنرێن لە بورجەکان بەبێ ناشتن.

ھەرچی ئەو زەردەشتیانەی کە لە کۆمەڵگای موسڵمانی دادەنیشن، کەوا ناتوانن ئەم کارە ئەنجام بدەن، ھەڵدەستن بە دانانی مردوو لەناو سندوقی پتەوو، دواتر دەینێژن. بەمەش تیکەڵ بە سروشت نابێت.

ڕەوانترین لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی ژیانی زەردەشت[دەستکاری]

سەردەمی لەدایکبوونی زەردەشت دەگەریتەوە بۆ(٦٦٠ ساڵ پ. ز) لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان پارێزگای کوردستان شاری ورمێی ئێستا لە ناوچەی شارۆچکەی سەردەشەت لە خێڵی سپیتەمان ھاتووەتە دنیاوەو ھەورامان بەتایبەت ونشینگەی پەیدابونی و ژیانی زەردەشتە. دەتوانین بەچەند بەلگەیەک بیسەلمێنین لەم ناوچەیەدا و بەتایبەتی لە ناوچەی شاۆچکەی سەردەشت لەدایکبوە و دواتر کۆچی کردوە بۆ ناوجەکانی دیکەی مەدیا:شوێنەوارەکان باشترین وتەی ئێمەن بۆ لێکۆڵینو واژەی ڕۆژھەلات ناسەکان جگەلەوەش چەندەھا گوندو ناوجە بەناوی ئاڤیستای ناونراوە سەرەرای ئەوزمانەی کە پێی ئاخاوتونو ئاویستای پینوسراوەتەوە کە ئاڤیستایییەو لەونوجەیەدا بەکارھینراوەو ئێستاش لەناو ھەوارامیدا ھەرماوە پێدەچی ھەمان ئەو زارەشبی مابێتەوە و نەفەوتانێ.

زەردەشت (سپیت مان) بووە، بەواتای بەواتای ڕەگەزی سپی یان (سپی پێست). یان {تەمێکی سپی} واتە لە تەمەوە ھاتووە. لە کتێبی ئاوێستادا کە کتێبی پیرۆزی ئایینی زەڕدەشتیانە، بەم جۆرە ناوی زەردەشت نووسراوە (زەرەتاو شەتەرە ئاتی). بەواتای (خاوەن وشتری زێڕین) دێت، بەشێوە زاری ھەورامی بەواتای (ئەی کەسێ کەوەک تیشکی خۆر دەدرەوشێیتەوە و دەباری) (زەڕ) بەمانای تیشکی زێڕینی خۆر، (تاو) بەواتای تین، (شتەر) بارین (ئاتی) ھاتووی یان لە دەشتی زەردەوە ھاتووە، ئەم پێغەمبەرە کەناوی ڕاستی ئەو لەھیچ نوسراووێکدانەنووسراوە، بەو ناسناوەی کە پێیان بەخشیوە بەرەبەرە بەشێوەی زمانی گشتی بەناوی (زەردەشت) ناسراوە و لەمێژودا جێگیر بووە وئەم ناوە بڕاوە بەسەریدا. زەڕدەشت تا تەمەنی چل ساڵی لەناو ھەورامییەکاندا بەمەڕ لەوەڕاندن ژیانی بردووەتە سەر. ژنی ھێناوەو بووە بەخاوەنی خێزان، یەکەم کچی (فەڕینی) بوو، دووەمی (پریتی) بوو، کچی سیێەمی (پووروچیستا) بوو، بەواتای پڕ لە زانیاری، کچی سێیییەمی بووە بە ھاوسەری (جاماسب) وەزیری (کەیگوش تاسب), ئەم شایە پێش بوونی زەردەشت بەپەیامبەر پێشبینیکردووە کە زەردەشت دەبێتەپەیامبەر، زەردەشت لە تەمەنی چل ساڵیدا گۆشەگیردەبوو، حاڵەتێکیتایبەتی بەسەردا دەھات، خۆی لەگەڵ خۆیدادەدوا، تا لەلایەن خوای گەورەوە بەم شێوەیە سروشتی بۆ ھاتووە، (ئەی زەردەشت تۆم بە پەیامبەر ھەڵبژارد و گەلەکەت ھانبدە بۆ پەرستنی خوای نادیار (ئاھورامزدا) و باخۆیان دووربخەنەوە لە خواوەندە درۆکان وھەڵخەڵەتێنەرەکان، تەنھا ئاھورامزدا بپەرستن وتەنھا ئەو شایانی سوپاسگوزارییە. ساڵی کوردی بۆ یادی لەدایکبوونی دانراوە لە چل ساڵیدا بووەتە پەیامبەر واتە ٦٦٠ ساڵ پێش زایین ئایینی زەردەشت پەیدا بووە یەکەمین کەس کە پەیامبەری زەردەشتی پەسەندکردو باوەڕی پێھێنا یەکێ بوولە ئامۆزاکانی بەناوی (مزی ماو). بەبلاَوبونەوەی ئایینی مزدائی، (خووی)یەکان کە دانیشتووی ناوچەی (خووی) بوون، چوون بەگژ زەردەشت و پەیڕەوانیدا. زەردەشت ناچار بووە کۆچ بکات بۆ ناوچەی (سنە) و لە شوێنێکدا جێگیر بوو بە ناوی کێوی (ئاوشی درینەر), کەپاش ھەزاران ساڵ ناوەکە گۆرا بە (ئاویدەر)، لەوسەردەمەدا ئەو کەسانە کەمتر لە شارەکاندا نیشتەجی دەبوون، لەبەر ئەوەی ڕان و ئاژەڵەکانیان پێویستییان بەلەوەڕ گەو ئاوی زۆروسازگار بوو، کێوی ئاویدەری سنەش ئەو مەرجانەی تێدا بوو.

زەردەشت لەسەر ئەو کێوە بۆ دووەم جار سروشی پەیامبەری بۆ ھاتووەو دڵنیا بووە کە (ئاھورا مزدا) ئەوی بە پەیامبەر ھەڵبژاردووە. دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی بانگەواز کرد بۆخوا پەرستی، بەرە بەرە سەر پێچیکەرانی زۆربوون، تاوای لێھات نەیتوانی لەوی ژیان بەرێتەسەر، ناچار بوو کۆچ بکات بۆ ڕۆژ ھەلاَتی ئەو ناوچەیەو لەسەر کێوی (ھۆگیر) جێگیر بوو کەدواتر بەکێوی (ھیجر)یان (ھەجیر) ناو برا بۆ سێیەم جار لەوی سروشی بۆ نوێبوَتەوە، لەوی بانگەوازەکەی نوێکردەوەو سروودە ئایینییەکانی، کە بە (گات)ەکانناسراون، ھۆنینەوە. ئەم (گاتانە) بەشێکن لەئاوێستاو بریتین لەسوپاسگوزاری (ئاھورا مزدا). ئەو ناوچەیە بەناوی (دینئاوەر) ناسراوە، تائەمڕۆش بە (دینەوەر) ناسراوە دانیشتووانی کێوی ھەجیر ئایینی ڕاستیان پەسەند کردوەو پەیڕەوانی زەردەشتی پەرەیان سەندو پاشای ئەو ناوچەیە، کە لە سەرکێوەکە کۆشکی دەسەلاَتی دروست کردبوو، لەوی ئەژیاو بە (گنگ شا) ناوداربوو، کە لەناوچەی (سەحنە)یا (سەھنەی) ئیمڕۆیە ئەو کاتە بە (سائین دژ) بەمانای قەلاَی سائین ناودار بووە، ئەو پاشایە ئایینی زەردەشتی پەسەندکردو باوەڕی پێھێنا. شا (کەیگوشتاسب) ناوچەیەکی فراوانی ژێر دەسەلاَتداریی خۆی بەخشییە پەیڕەوانی زەردەشت بۆ ئەوەی خواپەرستان و پارسیان لەو ناوچەیەدا بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکبن. زەردەشت دەستیکرد بە دروستکردنی ئاتەشگەکەی خۆی لەناوچەی (باکتیرا) کە پارسەکان لەو ناوچەیەدا دەژیان، پاش ھەزاران ساڵ گۆڕا بە ناوی پارسینە لەناوچەی دینەوەری کرماشان، باکتیرا گۆڕرا بە (باختەر) و پاشان بۆچوونەکان وابوون کە زەڕدەشت لە ھەرێمی (بەڵخ) و (بوخارا) ژیاوە، بەلاَم ئەو دێیە ئێستەش بەناوی باکتەر ناو ئەبری و دوو دێی تر لە نزیکییەوە پێیان دەوتری باکتەرەکان. زەردەشت لەکەناری گۆمی ئورمییە بوو بە پەیامبەر، بەھۆی دژایەتیکردنی دانیشتووانی، لە ناوچەی (خووی)ەوە پەنایبردە کێوی (ئاویدەر)، لەوێوە بۆ کێوی ھەجیو، لەناوچەی (سائین دژ) (سەحنەی ئێستا)، دواتر بە ناوی دینەوەر ناوبانگی سەند، پاشان (کەیگوشتاب) چووەتەسەر ئایینەکەی زەڕدەشت و ئاتەشگەیەکی دروست کرد. پەیڕەوانی زەڕدەشت لە ناوچەیەک بە ناوی (پارسییە) نیشتەجێبوون.

بەرەبەرە بەرەنگاریی ئایینەکانی ئەو سەردەمە بوونەوە، لە دێو پەرستان وئەستێرە پەرستان و درۆزنان لە ئەنجامی ئەو بەربەرەکانێیە، لە شەڕێکی خوێناویی سەختدا (گوشتاسب) و کوڕەکانی و زەردەشت و یارانی کوژران وئاتەشگەکەش وێرانکرا، پارسەکان بەپەراگەندەیی ھەڵھاتن و لە شوێنانی تر نیشتەجێبوون و ژیانیان بردە سەر، ئاوێستا و سروودە ئایینییەکان و ئامۆژگارییەکانی زەڕدەشت بەھۆی ھاوبیرانییەوە گوێزرانەوە بۆ دارستانەکانی مازیندەران و دورتر وەکو بەڵخ و بوخارا خۆیان پەنادا و پەرەیان بە ئایینی زەردەشتی دا. دوای ماوەیەک لە دارستانەکانی مازیندەران حکوومەتێکیان بە ناوی (پارت)، پێکھاێنا. ھاوبیرانی زەردەشت بە کۆکردنەوەی کتێبی (گاتا) و (ئاوێستا) و خەریکبوون. ئەم ئاوێستایە کە ئێستە لەبەر دەستایە، بەشێکە لەو ئاوێستا کۆنە کەپاش ھێرشی ئەسکەندەر و تالاَنکردنی کتێبخانەی گەورەی ئەو سەردەمە، سەردەمی ھەخامەنشییەکان، کە لە (دژبنشت)، یا قەلاَی (نوختە)، نووسرا و کتێبخانەکە لەو قەلاَیەدا بوو و ھێرشی ئیسلامیش ھەمان شت بووەتە لەناوبردنی. ئاوێستا بەھۆی پیاوە ئایینییەکانەوە کە لەبەریان کردبوو، دەماودەم گێڕراوەتەوەولەسەردەمی ئەشکانییەکاندا نووسراوەتەوە، ئەو ئاوێستایەی ئێستا ھەیە، پاشماوەی ئەو نووسینەی سەردەمی ئەشکانییەکانەو و بەو جۆرە نووسینە نووسراوەتەوە.

لە کتێبی گەورەی زەردەشتدا (گاتا) کان کەلە ھەڵبەستەکانی زەڕدەشت خۆیەتی و نووسینەکانی تر بەناوی (یەشتە) کان، یان ئاوێستای دواتر دادەنێن، کە چەند بەشێکی جۆراو جۆرە، وەک جوگرافیای ئاوێستایی بەناوی (زامیاد یەشت) و چیرۆکی جۆراوجۆری کۆن و بەجێماوی ئەو زەمانە دێرینە، بەناوی (فەروەردین یەشت)، کە بریتییە لەشیوەنی ڕۆستەمی قارەمانیکورد، لەسەر تەرمی زۆرابیکوڕی، کە بە نەزانی بە دەستی باوکی لە خۆباییبووی کوژراوە.

کەزۆربەمان داستانی ڕۆستەمی زاڵ مان گوێ لێ بووە یان خوێندومانەوە یان بیستومانە ھەروەھا چەند پارچە سروودێکی سەردەمە کۆنەکان کەبەو شێوە نووسینە نوسراوون پارێزرابوون، ئاشکرایە پاش حکوومەتی ئەشکانییەکان، پاشاکانیساسانی، کەباوەڕیان بە ئایینی زەردەشتی ھێنابوو، ھەندی گۆڕینیان لە دەقەکانی ئاوێستادا، بۆ بەرژەوەندی خۆیان کردووە. پاش ھێرشی عەرەبەکان ئاوێستا کەوتە بەر پلارو زۆر بەشی لەناو برا. پەیڕەوانی ئایینی زەردەشتی، ناچار لە ئێران ھەڵھاتن وپەنایانبردە ولاَتی ھند، کە دوور بوو لە ھێرشی عەرەبەکان. ئاوێستایەک لە چنگ کوشتارو تالاَنی عەرەبەکانڕزگار بوو بوو، گەیاندیانەھند، دوای ھەزارو چەند ساڵێک بەشێک لە مەبەستەکانی ئاوێستا لەگەڵ مەبەستەکانی زۆربەی ئایینەکانی ھندستان ئاوێتە بوو. بەرە بەرە زمانی یەکەمی ئاوێستا گۆڕا بە زمانی (کوچرانی) وشێوە زمانەکانی تری ھندستان.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Zoroastrian World Population Table" (PDF). FEZANA Journal. Retrieved March 7, 2023.
  2. ^ "ژیاننامەی زەردەشت".
  3. ^ "Ahura Mazda". Merriam-webster.com. Retrieved 2016-01-11. {{cite web}}: Text "Definition of Ahura Mazda by Merriam-Webster" ignored (help)
  4. ^ "گاتهای زرتشت در کوهستان‌های کردستان عراق". BBC News فارسی (بە فارسی). 2017-01-31. Retrieved 2021-04-11.
  5. ^ Slotkin, J. S. (1947). "On a Possible Lack of Incest Regulations in Old Iran". American Anthropologist (بە ئینگلیزی). 49 (4): 612–617. doi:10.1525/aa.1947.49.4.02a00080. ISSN 1548-1433.[بەستەری مردوو]