سەلیمی یەکەم

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
Osmanli-nisani.svg
   سەلیمی یەکەم
Yavuz Sultan I. Selim Han.jpg
سوڵتان موڕادی یەکەم
Tughra of Selim I.JPG
ناوی سوڵتان سوڵتان سەلیمی یەکەم
لە دایکبوون ١٤٧٠
شوێنی لە دایکبوون ئەماسیا
مردن ١٥٢٠
شوێنی مردن تەکیرداغ
پێش خۆی بایەزیدی دووەم
دوای خۆی سوڵتان سولەیمان قانونی
بنەماڵەی فەرمانڕەوا عوسمانییەکان
بنەماڵەی پاشایەتی عوسمانی
باوک بایەزیدی دووەم
دایک گوڵبەر خاتوون
بیروباوەڕ ئیسلامی سوننە

سوڵتانی غازی سەلیمی یەکەم، بە تورکی عوسمانی غازی یاوز سلگان سلیم خان ڕول و بە تورکی نوێ Yavuz Sultan Selim Han I یان I. Selim، نۆیەم سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی بووە ویەکەم سوڵتانی عوسمانی بوو کە نازناوی (پێشەوای باوەڕداران)ی ھەڵگرتووە، حوکمی کردووە لە نێوان ساڵانی ١٥١٢ تا ١٥٢٠ز، ناسراوە بە یاوز واتە ئازا لای تورکەکان لەبەر ئازایەتی ولێھاتوویی لە مەیدانەکانی جەنگدا ولای ڕۆژئاوا وبەتایبەت لای ئینگلیز ناسراوە بە ڕووگرژ، بە پێی ئەوەی ھەندێک لە مێژوونوسان ئەڵێن ھەردەم ڕوخساری گرژ بووە.

سەلیم حوکمی گرتە دەست دوای ئەوی کودەتای کرد بەسەر باوکیدا (بایەزیدی دووەم) بە پاڵپشتی ئینکیشاری وخاقانی قەڕم، وسەرکەوتوو بوو لە دەرکردنی براکانی ومناڵەکانیاندا ودەست گرتن بەسەریاندا تاکو ڕکەبەری نەبێت لە دەسەڵاتدا، لەم سەردەمەدا سەفەوییە شیعەکان دەرکەوتن لە ئێران و ئازەربایجان، کە شەڕێکی گەورە لە نێوانیان کەوتووە و بە سەرکەوتنی سوڵتان سەلیم کۆتایی پێھات، پاشان سەرنجی چووە سەر مەمالیکەکان و غەزووی خاکەکانی کردن وبە تەواوی دەستی بەسەرا گرتن دوای ئەوەی ٢٦٧ ساڵ بەردەوام بوون.

سەردەمی سوڵتان سەلیم جیادەکرێتەوە لە سەردەمەکانی پێشتری بەوەی کە فەتحەکانی گۆڕی لە ڕۆژئاوای ئەوروپیەوە بۆ ڕۆژھەڵاتی عەرەبی، ڕووبەری دەوڵەتەکە فراوان بوو و ھەموو وڵاتی شام وعێراق ومیسر وحیجازی ئەگرتەوە، ھەروەھا لە دەرئەنجامی فەتحەکانی سوڵتان سەلیم بوو کە دەوڵەتی عوسانی ئەو گەشەسەندنەی بەخۆیەوە بینی لە سەردەمی سلێمان قانونی، دوای ئەوەی گرنگنرین ڕیگە بازرگانیە وشکانیەکان (ڕێگەی حەریر وتەوابل) بە دەوڵەتی عوسمانیدا تێپەڕ دەبوون، وچەند بەندەرێکی گرنگی دەستکەوت لە ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست ودەریای سوردا.

ژیانی پێش حوکم گرتنە دەست[دەستکاری]

وێنەى شارى ئەماسیا کە سوڵتان سەلیم تیایدا لە دایک بووە

سەلیمی یەکەم کوڕی سوڵتان بایەزیدی دووەم کوڕی سوڵتان محەمەد فاتیحە و دایکی عائیشە گوڵبەھار خاتوونە، لە دایک بووە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ١٤٧٠ز لە شاری ئەماسیا لەسەر کەناری دەریای ڕەش لە ئەنادۆڵ، و یەکێک بووە لە ھەشت کوڕەکەی سوڵتان بایەزیدە دووەم ، کە پێنج کوڕی بە مناڵی مردوون ولەگەڵ سەلیمدا دوو کوڕی ماوەتەوە (کرکود وئەحمەد)، کە زۆر جیاواز بوون لە بیروڕادا، کرکود زانست وئەدەب وھونەری خۆشئەویست وسەرگەرم بوو بە کۆڕی زانست وخوێندنەوە، و ئەحمەد خۆشەویست بوو لای بەرپرسەکان وسەدری ئەعزەم (عەلی پاشا) دڵسۆز بوو بۆی، بەڵام سەلیم حەزی لە شەڕ بووە وخۆشەویست بووە لای سەربازەکان بە گشتی وئینکیشاری بە تایبەت، ولەبەر جیاوازی بیروڕای کوڕەکانی سوڵتان بایەزید ترسا لەوەی ناکۆکی دروست بێت لە نێوانیان ، لەبەر ئەوە لە یەکی دوورخستنەوە، کرکودی کردە والی یەکێک لە ولایەتە دوورەکان وئەحمەد بە والی ئەماسیا وسەلیم بە والی تەڕابزۆن.

حوکمی تەڕابزۆن[دەستکاری]

سەلیم حوکمی تەڕابزۆنی گرتە دەست لە تەمەنی ١١ ساڵیدا وبە وریاییەوە ماوەی ٢٩ ساڵ حوکمی کرد لە ١٤٨١ تا ١٥١٠، لەسەرەتاوە دەرکەوتنی سەفەوییەکانی بینی لە ئێران و ئازەربایجان وھەستی کرد جەماوەری سەفەوییەکان وردە وردە زیاد ئەکات ومەترسی بۆ دەوڵەتی عوسمانی دروست ئەکات لە داھاتوودا، لە ماوەی حوکمی تەڕبزۆندا ھەڵمەتی بردە سەر جۆرجیا چەند جارێک وغەزووی قارس وئەرزڕوم وئەرتەڤینی کرد وخستنیە سەر دەوڵەتی عوسمانی، لە ئەنجامی ئەوەدا ھەموو جۆرجیەکانی ئەو شارانە ئیسلام بوون، وسەربازەکان زیاتر پەیوەست ئەبوون بە سەلیمەوە لەبەر ئازایەتی وباشی ڕێکخستنی ئەو ھەڵمەتانە.

یاخی بوونی لە سوڵتان[دەستکاری]

لە ڕۆژانی کۆتایی سوڵتان بایەزیدی دووەمدا ئاگری شەڕی ناوخۆ ھەڵگیرسا لە نێو کوڕەکانیدا لەبەر چەند ھۆکارێکی جیاواز، سوڵتان بایەزید بانگی کرد بۆ دیوانەکەی تا ڕاوێژ وڕێکەتن بکەن بۆ دانانی یەکێکیان لە جێگەی، وڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ئەمیر ئەحمەد ببێت بە جێگر، کە ھەوڕل گەیشت بە سەلیم زۆر توڕە بوو، وشۆڕشی ڕاگەیاند بەسەر باوکیدا، ڕۆیشت بۆ شاری ئەدەرنە ودەستی بەسەرا گرت وخۆی وەک سوڵتانی ئەوێ ڕاگەیاند، باوکی سوپایەکی ٤٠،٠٠٠ کەسی بۆ نارد و تێکی شکاند لە ساڵی ١٥١١ وھەڵھات بۆ وڵاتی قەڕم، وسوپایەکی گەورەی نارد بۆ کرکود وئەویشیان تێک شکاند وھێزەکانیان پەرت وبڵاوکرد، پاشان داوای لە ئەحمەد کرد بگەڕێتەوە قوستەنتینیە خێرا تا حوکم بگرێتە دەست، بۆ ڕۆژی دواتر ئەحمەد گەیشت و وەک سوڵتان ڕاگەیەنرا، ئەوەی کە بە پێویستی ئەزانی ئەحمەد حوکم بگرێتە دەست سەدری ئەعزەم (ئەحمەد پاشا)بوو، کە باوەڕی بە حەقی کرکود وسەلیم نەبوو.

دانانى سەلیمى یەکەم بە سوڵتان

ئینکیشاریەکانی شارەکە شۆڕشیان کرد دوای دانانی ئەحمەد وڕازی نەبوون بەوە ودانیان پیانەنا وداوایان لە سوڵتان بایەزید کرد لە سەلیم خۆشبێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ ولایەتی سەمەندەریە لەبەر ئەوەی زۆر ھۆگر بوون پێوەی وبە تاکە کەسیان ئەزانی کە ڕێگە لە مەترسی سەفەوییەکان بگرێت، بە تایبەت کە شا ئیسماعیلی سەفەوی لایەنی سوڵتان ئەحمەدی ئەگرت بۆ دەسەڵات گرتنە دەست، ئینکیشاریەکان ترسان لە دەست تێوەردانی سەفەوییەکان لە کاروباری عوسمانی وبڵاوکردنەوەی مەزھەبی شیعە وەک ئەوەی لە ئێران وئازربایجان کردیان، بەم شێوەیە سوڵتان بایەزیدیان ناچارکرد لە سەلیم خۆشبێت وبیگەڕێنێتەوە بۆ ویلایەتەکەی ودواتر ئینکیشاریەکان سوڵتان بایەزیدیان ناچار کرد لە دەسەڵات دابەزێت بۆ سەلیم، کە ناچار قبوڵی کرد ولە حوکم دابەزی لە ٢٥ی نیسانی ١٥١٢ز وسەلیم حوکمی بە فەڕمی گرتە دەست لە ٢٣ی ئایاری ھەمان ساڵدا.

دوای ئەوەی بایەزید لە حوکم دابەزی سەفەری کرد بۆ دیمۆتیڤیا تا لەوێ بژی لە ڕێگەدا کۆچی دوایی کرد لە ٢٦ی ئایاری ١٥١٢، وھەندێک لە مێژوونوسان ئەڵێن سەلیم ژەھر خواردی کردووە لە ترسی ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ حوکم، بەڵام لە نامەیەکدا ئەمیر ئەحمەد بۆ سوڵتانی مەمالیکی نوسیوە باوکی بە ھۆکاری سروشتی کۆچی دوایی کردووە.

گرتنە دەستی دەسەڵات[دەستکاری]

کاتێک سەلیمی یەکەم حوکمی گرتە دەست پاداشتی ئینکیشاریەکانی دایەوە وەک پێشتر لەبەرئەوەی ئەیزانی بە بێ ئەوان نەیئەتوانی بگاتە تەختی دەسەڵات، دوای ئەوەی کە ئەحمەدی برای یاخی بوو لە دەسەڵاتی سەلیم، سەلیم دەرچوو بۆیان وھەردوو براکەی ومناڵەکانی کوشتن تا ڕکەبەری نەبێت لە دەسەڵات ولە بارودۆخی ناوخۆ دڵنیا بێت، کاتێک گەڕایەوە بۆ ئەدەرنە نوێنەری کۆماری بوندقیە وشانشینی مەجەڕ ودۆقیە مۆسکۆ ومیرنشینی مەملوکی چاوەڕێیان ئەکرد، لەگەڵ ھەموویان ئاگربەستێکی دوورودرێژی بەست تا یەک لایی بێتەوە بۆ وڵاتی فارس وبەرەنگاری سەفەوییەکان.

ھەڵمەتی سەفەوییەکان وشەڕی چاڵدێران[دەستکاری]

وێنەى شا ئیسماعیل سەفەوی, دامەزرێنەرى دەوڵەتی سەفەوی

بنەماڵەی دەسەڵاتداری سەفەوییە شیعەکان دەرکەوتن لەسەر دەستی شا ئیسماعیلی یەکەم کوڕی حەیدەر سەفەوی ساڵی ١٤٩٩ز، وتوانی مەترسی بۆ دەوڵەتی عوسمانی دروست بکات لە ڕۆژھەڵات، وئیسماعیل مەزھەبی شیعەی سەپاند بەسەر خەڵکەکەدا وەکو ئاینی فەڕمی دەوڵەت ڕایگەیاند، کە کاردانەوەیەکی توندی لێ کەوتەوە لە کاتێکدا زۆربەی شارە گەورەکانی ئێران وەک تەبرێز سونە بوون.

دوای ئەوەی سوڵتان سەلیم لە کێشەی براکانی بوویەوە وئاشتی نامەی کرد لەگەڵ دراوسێکانی بە تایبەت مەجەڕ، بە دوای ھۆکارێکدا ئەگەڕ بۆ شەڕ لەگەڵ سەفەوییەکان، و لە وەڵامی ئەو کوشتارگەیەی سەفەوییەکان بەسەر سونەی عێراق وتەبرێز وئازربایجاندا ھێناین، سوڵتان فەرمانی کرد بە کۆکردنەوەی شیعەکانی لە ولایەتە فارسەکان وڕۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ بوون وەک ئەڵێن ژمارەیان گەیشتۆتە چل ھەزار کەس لە قزڵباش، ھەموویانی کوشت، وکاتێک شا ئیسماعیل ھانی ئەوانەی ئەدا تا شۆڕش بکەن لە دژی عوسمانیەکان، لەم کاتانە سوڵتان سەلیم ھەموو سەرکردە جەنگی وزانا ووەزیرەکانی کۆکردەوە و ڕازی کردن بە ڕاگەیاندنی حیھادی پیرۆز لە دژی دەوڵەتی سەفەوی لە ١٦ی ئازاری ١٥١٤ز، ٣ ڕۆژ دوای ئەو کوبوونەوەیەوە سوڵتان لە سەرکردایەتی سوپایەکی گەورەدا دەرچوو لە ئەدەرنەوە بۆ قوستەنتینیە بەرەو ئەنادۆڵ ڕۆژھەڵاتی تەبرێز دوای ئەوەی کاروباری پایتەختی دایە دەست سلێمانی کوڕی.

لەم میانەیەدا چەندین پەیام گۆڕادرایەوە لە نێوان سوڵتان سەلیم وشا ئیسماعیل کە ئەمەی دواییان زۆر حەماسی بۆ شەڕ نەبوو لەبەر زۆری ژمارەی عوسمانیەکان، نوێنەری نارد بۆ لای سوڵتان سەلیم وداوای ڕێکەوتنی لێکرد، بەڵام سەلیم نوێنەرەکەی کوشت وپەیامێکی نارد بۆ شا ئیسماعیل کە بە شێوەیەکی فەڕمی شەڕی ڕاگەیاند، ولە ناوچەی چاڵدێراندا لە ئازربایجانی ڕۆژئاوا بە یەکیاندا لە ٢٣ی ئابی ١٥١٤ز دا ودوای شەڕ وپێکدانێکی قورس، عوسمانیەکان سەرکەوتن، وسوپای سەفەوییەکان تێکشکان وزۆریان لێ بەدیل گرتن وشا ئیسماعیل کە لە قۆڵیەوە برینداربوو بوو ھەڵھات بۆ تەبرێز.

دوای سەرکەوتنی عوسمانیەکان لە شەڕی چاڵدێراندا دەرگاکانی شاری تەبرێزیان بۆ کرایەوە وسوڵتان بەسەرکەوتوویی چووە ناویەوە لە ٤ی ئەیلولی ١٥١٤ ودەستی گرت بەسەر خەزێنەکانی شا وناردنی بۆ قوستەنتینیە، پاشان دواتر نەیانتوانی زۆر بچنە پێشەوە لەبەر ئەوەی ئازوقەی پێویستیان پێ نەما بوو بۆ سوپاکەیان ولەبەر سارد وسەرما بە تایبەت دوای ئەوە سەربازە پاشەکردووەکانی سەفەوی بە فەرمانی شا ھەموو بەروبووم وئازوقەی تەبرێز ودەوروبەریان سوتاندبوو، لەبەر ئەوە یەک حەفتە دوای گرتنی سوڵتان شارەکەی چۆڵ کرد و ھەزاران لە بازرگان ولێھاتوو وزاناکانی لەگەڵ خۆی برد بۆ ئەستانە.

لە بەھاری داھاتوودا سوڵتان سەلیم گەڕایەوە بۆ وڵاتی فارس و فەتحی قەڵای کوماش ومیرنشینی زولقەدری تورکمانی کرد وگەڕایەوە بۆ قوستەنتینیە وئەرکەکەی بە جێھێشت بۆ سوپاکەی، ولە کاتی گەڕانەوەی زۆر لە ئەفسەرە ئینکیشاریەکان لە ناوبرد لەبەر ئەوەی ڕیگریان کرد لە بەرەو پێشچوون لە وڵاتی فارس وبۆ ئەوەی گەندەڵی ونا گوێڕایەڵی بڵاو نەیتەوە لە ناو سوپا، ودوای گەڕانەوەی سوڵتان بۆ قوستەنتینیە، سوپای عوسمانی فەتحی شارەکانی ماردین و ئۆرفە و رقە و موسڵ و سنجار وحوسن کێف وعیمادیە ودوورگەی ئیبن عومەر، کە بەمەش بەشی ھەرە زۆری ھەرێمەکانی کوردستان مل کەچ بوون بۆ دەوڵەتی عوسمانی، بەمەش ڕووبەوڕوو وەستا بوون لەگەڵ سەفەوییەکان لەبەر ئەوە قورس بوو بۆیان بتوانن فراوان بن لەسەر حسابی دەوڵەتی عوسمانی، وھەموو ھۆزە کوردیەکان بە خواستی خۆیان چوونە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی وبەمەش ٢٣ شار لە ماوەیەکی کەمدا چووە سەر دەوڵەتی عوسمانی، سوڵتان سەلیم ڕێکەوتنی ھاوڕێیەتی ودۆستایەتی وھاوپەیمانی بەست لەگەڵ کوردەکان ئەمەش بە فەزڵی شێخ (ئیدریس بەدلیسی)بوو، کە سوڵتان کردبوویە ڕاوێژکاری کارگێڕی ئەو ھەرێمانە لەبەر ئەو خزمەتەی پێشکەش بە سوڵتانی کرد.

سوڵتان سەلیم لە مەیدانى جەنگدا

ھەڵمەتی مەملوکی[دەستکاری]

بۆ ئەم ھەڵمەتە ھۆکاری جیاواز ھەبوو لەوانە، ناکۆکی لەسەر سنوری نێوان دوو دەوڵەتەکە و ھەڵوێستی مەمالیکەکان لەسەر سەفەوییەکان وپەنادانی ئەو بەرپرسە عوسمانیانەی ھەڵئەھاتن، وپەنابردنی خەڵکی شام بۆ عوسمانیەکان لە دەست زوڵمی مەمەلیکەکان کە نامەیەکیان نوسی وداوایان لە سوڵتان سەلیم کرد ڕزگاریان کات لە دەست مەمالیکەکان بۆ ئەو زوڵمەی ئەیکەن وڕێئەگرن لە جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلامی، سوڵتان نوێنەرێکی ناردە بۆ لایان ودڵنیایی کردن. ھەرچۆنێک بێت ھۆی ناکۆکیەکە لەوە قوڵتر بوو، لەبەر ئەوەی سوڵتان سەلیم ئەیویست ھەموو وڵاتە سونەکان لەژێر ئاڵای خۆیدا یەکخات، ومەمالیکەکان لەم فراوانخوازیەی سەلیم ترسان وھاوپەیمانیان لەگەڵ شا ئیسماعیل سەفەوی بەستبوو.

وێنەى سوڵتان سەلیم کاتێک هێرش دەبێتە سەر میسر

فەتحی شام[دەستکاری]

سوڵتان سەلیم لە سەرکردایەتی سوپایەکی گەورەدا بەڕێکەوت بەرەو شام ولە نزیک حەلەب لە دۆڵی مەرج دابقدا بەیکیاندا لە شەڕێکدا کە بە مەرج دابق ناسراوە وبەسەرکەوتنی عوسمانیەکان کۆتایی ھات، ودوای ئەوە سوڵتان سەلیم زۆر بە ئاسانی فەتحی حەما وحومس ودیمەشقی کرد، زاناکانی بینی زۆر بەباشی وسودی پێ گەیاندن و فەرمانی کرد بە نوێکردنەوەی مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق وکاتێک نوێژی ھەینی تێدا کرد، وتارخوێنەکە ئەم ئاماژەیەی بۆ زیاد کرد (حاکمی حەڕەمە پیرۆزەکان) بەڵام سەلیم بەباشی زانی ئاماژەیەکی ئاینی تر بەکاربھێنن کە ئەویش (خزمەتکاری حەڕەمە پیرۆزەکان)بوو، و بەردەوام دوای خۆی سوڵتانەکان ئەو نازناوەیان وەرئەگرت، پاشان شاکانی ئال سعود وەریان گرت لە سعودیەی عەرەبی لە سەدەی بیستدا. ھەروەھا سوڵتان پێشوازی لە وەفدێک لە بەرپرسەکانی لوبنان کرد کە پیرۆزبایی سەرکەوتنیان لێکرد، وبە لە خۆگرتنی وڵاتی شام ڕووبەری دەوڵەتی عوسمانی گەیشتە ٥،٢٠٠،٠٠٠ کم.

فەتحی میسر[دەستکاری]

دوای سەرکەوتنی سەلیم بەسەر مەمالیکەکان ڕێگەی بۆ کرایەوە بۆ فەلەستین و میسر، وھێزی ھەردوولا لای سنوری شام بە یەک گەیشتن وعوسمانیەکان غەزەیان گرت وڕۆیشتن تا گەیشتنە نزیک قاھیرە، و پاشان لە ساڵی ١٥١٧ ھەردوولا لە شەڕێکی گەورەدا بەیەکیاندا وبەسەرکەوتنی عوسمانیەکان کۆتایی ھات و ھەردوولا زەرەرێکی گیانی زۆریان لێکەوت. لە ٢٣ی کانونی دووەمی ساڵی ١٥١٧زدا سوڵتان چووە ناو قاھیرەوە، ونزیکەی مانگێک لە شارەکە مایەوە و لەو ماوەیەدا سەردانی ھەموو مزگەوت وئاسەوارە مێژوویەکانی کرد وکاتێک سوڵتان لە قاھیرە بوو شەریفی مەککە کلیلی حەڕەمە پیرۆزەکانی پێشکەش کرد وەک ملکەچیەک وداننان بە دەسەڵاتی عوسمانی لەسەر خاکە پیرۆزەکان، بەمەش حیجاز بە بێ شەڕ چوونە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکان، ودوایین خەلیفەی عەباسیەکان لە قاھیرە کە دوای غەزوی مەغۆل بۆ بەغدا چووبوونە قاھیرە دابەزی لە خەلافەت بۆ سوڵتان سەلیم، ولەو کاتەوە سوڵتانە عوسمانیەکان بوون بە خەلیفەی موسڵمانان وپێشەوای باوەڕداران.

پێکدادان لەگەڵ پورتوگالیەکان[دەستکاری]

خەیرەدین بەربروس پاشا

پورتوگالیەکان چالاک بوون لە کردارە سەربازییە دەریاییەکاندا لە شارەکانی مەغریبی عەرەبی وزەریای ئەتڵەسی، و پلانیان دانا تا دەست بگرن بەسەر ئەو گەرووە گرنگانەی جیھانی عەرەبی بە زەریای ھندیەوە ئەبەستن، کە بەمە ویستیان لە ئابوری میسر وبوندقیە بدەن وتوانیان دەست بگرن بەسەر ھەندێک گەرووی گرنگدا ودوای دەستگرتنیان بەسەر گەرووی ھورمز، ڕێکەوتن لەگەڵ شا ئیسماعیل لە دژی دەوڵەتی عوسمانی . وعوسمانیەکان دوای ئەوەی دەستیان گرت بەسەر میسڕدا، خێرا ڕۆیشتن بۆ بەرەنگاری پورتوگالیەکان وتوانیان مقادیشۆ وچەند شارێکی تر ئازاد بکەن و زەرەرێکی گەورە لە پورتوگالیەکان بدەن، لەم کاتانە ئەستێرەی یەکێک لە سەرکردە موسڵمانەکان دەرکەوت کە (خەیرەدین بەربروس پاشا)بوو، کە توانی شاری شرشالی جەزائیر بگرێت وپاشان گەڕایەوە تونس ونوێنەری نارد بۆ سوڵتان سەلیم ودڵسۆزی وگوێڕایەڵی خۆی بۆ دووپات کردەوە.

دواتر دەستیان گرت بەسەر شاری جەزائیر وسوپا ئیسپانیەکانیان تێک شکاند، ھەروەھا شاری تەلمیسانیان فەتح کرد، دواتر خەڵکی جەزائیر بە ناوی وتاربێژ وزانا وبازرگانەکانیانەوە پەیامێکیان نوسی بۆ سوڵتان سەلیم و داوایان کرد بچنە ژێر ئاڵای دەوڵەتی عوسمانیەوە ویارمەت بدرێن بۆ وەستان لە بەرامبەر پورتوگال و ئیسپانیا، وخێرا سوڵتان چوو بە دەم داواکەیانەوە بەمەش ئەم ھەرێمە بووە ولایەتێکی دەوڵەتی عوسمانی. لە سەرەتاکانی مانگی ئەیلولی ساڵی ١٥١٧ سوڵتان سەلیم گەڕایەوە بۆ قوستەنتینیە بە ھاوەڵی دوایین خەلیفەی عەبباسی.

ڕێکخستنی ناوخۆیی سوڵتان[دەستکاری]

چاکسازی سەربازی[دەستکاری]

وێنەى سەرکردەیەکى گشتی ئینکیشاری

ئەو یاخیبوونەی ئینکیشاری گرتەوە لە دوای شەڕی چاڵدێران وڕەتکردنەوەیان بۆ دواکەوتنی شا ئیسماعیل وشوێنکەوتووەکانی لە شاخەکانی ئێران کاریگەریەکی گەورەی ھەبوو بۆ بڕیاری سوڵتان لە گۆڕینی رژێمی ئەفسەرەکان، بە تایبەت کە زۆربەی یاخی بووەکان لە ئەفسەرەکان بوون، ولەسەروو ھەموویانەوە قازی سەرباز (جەعفەر چەلەبی)، دوای ئەوە سوڵتان سەلیم قازی سەربازی کوشت لەگەڵ ھەموو ئەوانەی دەستیان ھەبوو لەو ئاژاوەدا، وحەقی دانانی سەرکردەکەیانی دا بە خۆی بەوەش دەستی گرت بەسەریاندا بەڵام ڕژێمی پێشتر سەرکردەی گشتی دیاری ئەکرا للەایەن کۆنترین ئەفسەرەکانی سوپاوە.

چاکسازی دەریایی[دەستکاری]

دوای ئەوەی سوڵتان محەمەد فاتیح فەتحی قوستەنتینیەی کرد، عوسمانیەکان دروسکردنی بەندەر ومیناکانیان پشت گوێ خستبوو، فاتیح وبایەزیدی کوڕی ھەندێک لە کەشتیە دەریاییەکانیان پاراست کە ئیشیان پاراستنی کەنار وئاوە ھەرێمیەکان بوو لە دەستدرێژی وئیشی قەڕاسینەکان، سوڵتان سەلیم لە ئابی ساڵی ١٥١٨ز بڕیاری کردنەوەی وەرشەیەکی دروستکردنی کەشتیگەلی دا کە پێک بێت لە کەشتی جەنگی گەورە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کەشتیە پڕتوگالیەکان دوای ئەوەی مەترسی پرتوگال زیادی کرد بۆ سەر حیھانی عەرەبی و ئیسلام، سوڵتان گەرووی قەرن زەھبی ھەڵبژارد بۆ ئەو مەبەستە، بەام سوڵتان پێش ئەوەی بەرھەمی ئەو کەشتیە ببینێت کۆچی دوایی کرد.

بیناسازی[دەستکاری]

سوڵتان چەندین بەرھەمی تەلارسازی ھەبوو لەگەڵ کەمی ماوەی حوکمەکەی وسەرگەرم بوونی بە غەزوو وفەتحەوە بە دێژایی ژیانی، سوڵتان سەلیم ژمارەیەکی زۆر مزگەوتی بنیاتنا وزۆری تری تازە کردەوە، لە دیارترینی ئەو مزگەوتانەش، مزگەوتی فاتح پاشا ومزگەوتی بوستان لە دیاربەکر ومزگەوتی ئیبن عەرەبی لە دیمەشق و نوێکردنەوەی مزگەوتی ئەمەوی بوون، ودەست کرا بە ئیش لە سەردەمەکەیدا بۆ کردنەوەی مزگەوتێک بە ناوی خۆیەوە، بەڵام تەواو نەبوو تا وەفاتی کرد، ھەروەک چەندین فێرگە وتەکیە وگۆشەی بۆ سۆفیەکان کردەوە، وجوانترین کەنیسەکانی قوستەنتینیەی کرد بە مزگەوت.

گرنگی دانی بە ئەدەب[دەستکاری]

سوڵتان سەلیم زۆر ئەدەب وشیعر ومێژووی خۆشئەویست، ولەگەڵ توند وتیژیەکەیدا حەزی بە ھاوڕێیەتی پیاوەکانی زانست ئەکرد وھاوڕێیەتی مێژوونوس وشاعیرەکانی ئەکرد بۆ مەیدانەکانی جەنگ تا بەرەوپێشچوونەکانی جەنگ تۆمار بکەن وئەو قەسیدانە بڵێن کە باسی سەربەرزیەکانی ڕابردوو ئەکات. کە ئەمەش لە کەسایەتی سەلیمدا دەرئەکەوت، ھەروەک سەلیم شاعیرێکی لێھاتوو بوو، وزمانی تورکی وعەرەبی وفارسی زانیووە وشیعری پێ ڕێکخستوون، ھەتا ئێستا کۆمەڵێک لە شیعرە فارسیەکانی ماونەتەوە لە ئەستەنبوڵ ولە بەرلین دوای ئەوەی ئیمپڕاتۆر فیلھلمی دووەم گواستیەوە بۆ ئەوێ لە ساڵی ١٩٠٤ز.

کۆچی دوایی[دەستکاری]

دوای گەڕانەوەی لە میسر سوڵتان سەلیم ھەستا بە ئامادەکردنی کەشتیگەلێکی دەریایی گەورە بۆ گرتنی دوورگەی رۆدوس دوای ئەوەی سوڵتان محەمەد فاتیحی باپیرەی تەواوی نەکردبوو، ھەروەھا بۆ ئەوەی ھێرش بەرێتە سەر مەجەڕ وبۆ ئامادەکاری جەنگ لەگەڵ شا ئیسماعیل سەفەوی جارێکی تر لەسەر ئەو ھاوپەیمانیەی لەگەڵ پرتوگالیەکان کردبووی لە دژی.

لەم ماوەیەدا سوڵتان نەخۆش کەوت بە ھۆی مانەوەی زۆری لە مەیدانەکانی جەنگ وسەفەر کردنی بەردەوامی لە شوێنە کەش وھەوا جیاوازەکان ومانەوەی زۆر لە بەردەم تیشکی خۆردا، لەگەڵ ئەمەشدا سوڵتان ھەر بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن بەرەو ئەدەرنە تا پڕۆژەی فەتحی ڕۆدس تەواو بکات، تا کۆچی دوایی کر لە ٢٢ی ئەیلولی ساڵی ١٥٢٠ز لە نۆیەم ساڵی حوکمیدا ولە تەمەنی پەنجا ساڵیدا. لە ٣٠ی ئەیلولی ھەمان ساڵدا جەنازەکەی گەیشتە قوستەنتینیە و سلێمانی کوڕی و وەزیر و پیاوە گەورەکان چوون بۆ بەڕێکردنی جەنازەکە ونێژرا لەو شوێنەی مزگەوتەکەی بەناوی سوڵتان سەلیمەوە لێ ئەکرایەوە، وسوڵتان سلێمان فەرمانی کرد بە کردنەوەی فێرگە و بینا بۆ خواردنی ھەژاران وەک خێرێک بۆ ڕۆحی باوکی.

سوڵتان سەلیم لەگەڵ کەمی ماوەی حوکمەکەی، دەوڵەتی عوسمانی پێشخست بە شێوەیەک گەیشتە ئەوپەڕی تەواوی وگەشەسەندن لە سەردەمی سلێمانی کوری، ناوی سوڵتان لە چەندین شوێن نراوە لە ناو ودەرەوە تورکیا وەک مزگەوتی سوڵتان سەلیم ئازا لە شاری مانھایم لە ئەڵمانیا، ولە ساڵی ٢٠١٠ فیلمێکی سینەمایی تورکی بە ناوییەوە دەرکرا کە باس لە ژیانی ئەکات.

سەرچاوەکان[دەستکاری]