عەنازی
عەنازییەکان خاوەن میرنشینێکی کوردی بوون، کە بە میرنشینی عەنازی (٩٩٠–١١١٧) ناسراوە، کە بە گوتەی مێژوونووس ئیبن ئەسیر (١١٦٠–١٢٣٣) وا ناونراون بەھۆی بەخێوکردنی بزنەوە لەکاتێکدا مێژوونووس ئیبن ئەلموستەوفی پێی وایە ناوی عەیارییەکان ڕێکترە لە عەنازییەکان، چونکە دامەزرێنەری میرنشینەکە ناوی محەممەد ئەلعەیار بووە، و وشەی ئەلعەیار لە نێو کورد دا بە مانای زیرەکی یان مرۆڤی زیرەک بەکارھاتووە، ئەم ناوە مشتومڕی لەسەر بوونی عەشیرەتێکی عەرەبی بە ناوی بەنو عەنزە دروست کردووە، بەڵام کوردەکان ناوی عەنازییەکان بە ھەڵە دەزانێت و عەیارییەکان بە ناوێکی وردتر دەزانن.[١][٢][٣][٤]
ئەم میرنشینە لە ناوچەی حەلوان لەلایەن کوردەکانی شازەنجانییەوە دامەزراوە دواتر دەسەڵاتی فراوان بووە و لەشارەکانی ئەسەد ئاباد و داقوق و ئاوەدانی دیکە دەسەڵاتەکەی پەرەی سەندووە، لە میرە بەناوبانگەکانیان، میر ئەبولفەتح محەممەد کوڕی عەنناز و میر حسام ئەلدەو.
ڕەچەڵەکناسی
[دەستکاری]عەلی کوڕی ئەسیر ڕای گەیاندووە کە ناوی «عەنناز» لە وشەی «عەنز»ەوە ھاتووە کە بە واتای «بزن» دێت و ئاماژەیە بۆ خاوەن، بازرگان، یان شوانکاری بزن؛ بەڵام شەرەفخانی بدلیسی و حەمدوڵڵا موستەوفی ناوی «بەنوو عەییار»یان پێشنیار کردووە و پێیان وایە وشە عەرەبییەکەی «عەییار» کە بە واتای «زیرەک»یان «فێڵباز» دێت، لە کوردی و فارسیشدا باو بووە و وەک نازناو بۆ خێزانە کوردەکان بەکارھاتووە، لەکاتێکدا نە «عەنز» و نە «عەنناز» لە فەرھەنگە کوردییەکاندا باس نەکراون.[٥]
جوگرافیا
[دەستکاری]عەننازییەکان بە پلەی یەکەم دەسەڵاتیان بەسەر کرماشان، حەڵوان، دینەوەر، شارەزوور، داقووق، دەسکەرە، مەندەلی و نوعمانییەدا ھەبوو.
مێژوو
[دەستکاری]دامەزرێنەری خانەدانی عەننازییەکان ئەبولفەتح محەممەدی کوڕی عەنناز بوو (کۆچی دوایی ١٠١٠–١٠١١ ز) کە فەرمانڕەوایی حەڵوانی دەکرد و پێدەچێت بەستراوە بێت بە ئیدارەی بەھائولدەولەی خانەدانی بوەیھییەکانەوە. لە بیست ساڵی یەکەمی حوکمڕانیدا، جەنگی لەگەڵ «بەنوو عوقەیل» کرد و بۆ ماوەیەکی کاتی داقووقی گرت، ھەروەھا لە دەوروبەری خانەقین لەگەڵ «بەنوو مەزییەد» جەنگا.
لە ساڵی ١٠٠٦دا، بەدری کوڕی حەسەنوەیە و ئەبولحەسەن عەلی کوڕی مەزییەدی حەسەنوەیھی، ١٠ ھەزار سەربازیان دژی عەننازییەکان نارد، ئەمەش ئەبولفەتحی ناچار کرد پەنا بۆ بوەیھییەکان لە بەغدا ببات. لە پەیماننامەیەکی نێوان ھەردوو خانەدانەکە لە ھەمان ساڵدا، ئەبولفەتح خۆی وەک پاشکۆی حەسەنوەیھییەکان ناساند.
ئەبولفەتح لەلایەن کوڕەکەیەوە، حوسامولدەولە ئەبوشەوک (تا نزیکەی ١٠٤٦ فەرمانڕەوایی کرد)، جێگەی گیرایەوە کە سەردەمی فەرمانڕەوایییەکەی پڕ بوو لە وێرانکاری و ململانێی ناوخۆیی. بەو ھۆیەشەوە، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی زۆر گۆڕانکاری بەسەردا دەھات؛ لە گەورەترین فراوانبوونیدا گەیشتە حللە، لەکاتێکدا لە کەمترین ئاستیدا تەنھا سنووردار بوو بە ڕۆژاوای ئێران. ئەو ژنی لە خانەدانی بەنوو مەزییەد ھێنا کە ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو خانەدانەکەی باشتر کرد. دوای مردنی بەدری کوڕی حەسەنوەیە، ھۆزەکانی لوڕ و شادەنجان کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی ئەبوشەوک. وەک کاردانەوەیەک، بوەیھییەکان لە ھەمەدان کوڕی بەدری کوڕی حەسەنوەیھیان ئازاد کرد، کە تاھیری کوڕی ھیلال بوو و لە کاتی شەڕدا لەلایەن ئەوانەوە دەستگیر کرابوو. تاھیری کوڕی ھیلال بەرەو ڕووی عەننازییەکان ھێرشی برد و ئەوانیش ناچار بوون بۆ حەڵوان بکشێنەوە؛ بەڵام شەڕەکە کاتێک کۆتایی ھات کە تاھیری کوڕی ھیلال لە ناوەن نیشتەجێ بوو دوای ئەوەی ژنی لە خێزانی ئەبوشەوک ھێنا. دواتر ئەبوشەوک تاھیری کوڕی ھیلالی کوشت و تەواوی خاکی عەننازییەکانی گرتەوە. لە ساڵی ١٠٢٩دا، ئەبوشەوک جەنگی دژی شەمسوولدەولە و تورکە ئۆغوزەکان کرد و شکستی پێ ھێنان و ھەمەدان، دینەوەر و ئەسەداوای گرت. لە ساڵی ١٠٣٠دا داقووقی لە بەنوو مەزییەد سەندەوە و کرماشانیش لە ساڵی ١٠٣٨/٣٩دا گیرا. پاشان سەربازەکانی بەرەو ئەرنەبە و خولەنجان برد کە لەژێر دەستی قووھییەکاندا بوون. لە ساڵی ١٠٤٠دا، کاتێک ویستی بەرەو ئەو زەویانە پێشڕەوی بکات کە لەژێر کۆنترۆڵی براکەی، موھەلھەلدا بوون (١٠١١–١٠٥٥)، دەستگیر کرا؛ موھەلھەل پشتگیری لەلایەن کاکوەیھییەکانەوە دەکرا. کاکوەیھییەکان بەردەوام بوون لە گرتنی بەشێکی زۆری خاکی عەننازییەکان. دواتر ڕێگە بە ئەبوشەوک درا بگەڕێتەوە بۆ حەڵوان.
پەیوەندییەکانی نێوان ئەبوشەوک و براکەی بە نێوەندگیری شەمسوولدەولە باشتر بوون، بەڵام دووژمنایەتییەکان سەریان ھەڵدایەوە کاتێک موھەلھەل ڕەتی کردەوە کوڕی ئەبوشەوک (ئەبولفەتح کوڕی ئەبوشەوک) ئازاد بکات. ئەبوشەوک دوو جار ھێرشی کردە سەر موھەلھەل بەڵام نەیتوانی کوڕەکەی ڕزگار بکات کە دواتر لە دیلێتیدا کۆچی دوایی کرد. کەمێک دوای ئەوە، لە ساڵی ١٠٤٥دا، توغرەڵی فەرمانڕەوای تورکمانەکان ئیبراھیم ئینالی زڕبرای بۆ ناوچە کوردییەکان نارد و ئەبوشەوک ناچار بوو لە دینەوەرەوە بەرەو کرماشان و پاشان بۆ قەڵای سیروان لەسەر ڕووباری دیالە ھەڵبێت، کە لەوێ زۆرێک لە کوردەکان لە دەوری کۆبوونەوە. ھەردوو براکە ھەوڵیان دا یەک بگرن، بەڵام ھێزەکانی ئینال سەرکەوتوو بوون لە گرتنی حەڵوان و مەیدەشت و ھێرشیان کردە سەر خانەقین. ئەبوشەوک لە نیسانی ١٠٤٦دا کۆچی دوایی کرد و لایەنگرانی لە دەوری براکەی کۆبوونەوە.
سەعدی کوڕی ئەبوشەوک، بڕیاری دا بچێتە پاڵ ئینال و بەو ھۆیەوە گرژییە ناوخۆیییەکانی عەننازییەکانی نوێ کردەوە. کاتێک ئینال لە ساڵی ١٠٤٦دا حەڵوانی گرت، سەرکەوتنی جەنگەکەی پێشکەش بە تاھیری کوڕی ھیلال کرد، کە کوڕە کوژراوەکەی ئەبوشەوک بوو.[٥]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «The Prophet and the Age of the Caliphates: The Islamic Near East from the … - Hugh Kennedy - Google Books». web.archive.org. ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩. لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩. لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: bot: original URL status unknown (بەستەر) - ↑ Foundation، Encyclopaedia Iranica. «Welcome to Encyclopaedia Iranica». iranicaonline.org (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
- ↑ E.J. Brill's First Encyclopaedia of Islam 1913-1936 (بە ئینگلیزی). BRILL. ١٩٨٧. ژپنک ٩٧٨-٩٠-٠٤-٠٨٢٦٥-٦.
- ↑ https://web.archive.org/web/20200712042114/http://localhistories.journals.pnu.ac.ir/article_3562.html
- 1 2 https://iranicaonline.org/articles/annazids-banu-annaz-a-kurdish-dynasty-r
