کەڵھوڕ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

کەڵھوڕ، یەکێک لە گەورەترین خێڵەکانی کوردە، یان کۆنفیدراسیۆنێکی ئەو ھۆزانەی ناوچەی کرماشانی ئێران و سنوورەکانی نێوان عەجەم و عوسمانی ئەوسایە. لە ١٨٣٠یەکان ھێشتا زۆربەی کەڵھوڕ لە سەر ڕێبازی یارسان بوون، بەڵام لە سەرەتای ١٩٠٠ەکاندا کە دەستیان پێ کرد ڕۆڵی گرنگ بگێڕن، ھەموو ڕێبازی خۆیانیان گۆڕی و بوونە شیعە، لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەم، داودخانی کەڵھوڕ، کە ناوبانگی بە ڕێگری دەرکردبوو، ناودارترین سەرۆکی کەڵھوڕ بووە. داودخان کە مرد کوڕە گەورەکەی و کوڕەزایەکانی لەسەر سەرۆکایەتیکردنی کەڵھوڕ بووە ململانێیان و لە ئەنجامدا سامانی ھۆزەکەیان بە فیڕۆ دا.[١][٢]

عەشیرەتی کەڵھوڕ بە دیالێکتی کوردیی باشووری دەئاخڤن و ئەگەر بێین و بەراوردی زاری کەڵھوڕی لەگەڵ زارەکانی تری کوردیدا بکەین، دەبینین زاری کەڵھوڕی بەپێی ڕواڵەتی زمان واتە دەنگسازی، وشەسازی و ڕستەسازی، نزیکترین زارە لە دیالێکتی کوردیی ناوەندی کە ناوەڕۆکی زمانی یەکگرتووی کوردییە و دەتوانین بە یەکێک لە وەچەزارەکانی کوردیی ناوەندی بژمێرین.[٣]

زانیارییەکان[دەستکاری]

واتای ناوی کەڵھوڕ[دەستکاری]

دەربارەی ناوی ئەم ھۆزە کوردە، ھێندێ کەس لەو بڕوایەدان کەدەبێ لە شێواز و ریشەی ئەم ناوە ورد ببینەوە تا بتوانین بە شیوەیەکی راست و دروست واتای ناوەکە ڕاڤە بەکەین. وشەکە وشەیەکی لێکدراوە و لە دوو وشە پێکدێت. (کەڵ) و (ھوڕ یان ھر) ئەم وشەیە بە چەند شێوەیەک گۆ دەکرێ وەکو (کەڵھور، کەڵھڕ، کەڵڕ). کەڵ بە واتای ئاسکە کێوی نێر دێت و لەتایبەتمەندیەکانی ئەم ئاژەڵە بوێری و خۆڕاگرانە چوست و چالاکی وتوند رەوەییە، بەشی دووەمی وشەکە (ھوڕ یان ھر) لە فەرھەنگەکاندا بە واتای (خۆر، خورشید، ئافتاو، ھەتاو) لێکدراوەتەوەو لەتایبەتمەندیەکانی (خۆر = رۆژ) توندی درەوشانەوەیە. ئێستا ئەگەر بە شوێنی لایەنەلێکچووەکانی ئەم دوو وشەیە کەڵ و ھۆر و لەگەڵ خەڵکی ھۆزی کەڵھور دابگەرێین دەبێ تەماشایەکی ژینگە و قەڵەمڕەوی ئەم ھۆزە بکەین واتا داوێن و بەرزاییە پڕ لە ھەورازو نشێوەکانی زنجیرە شاخەکانی زاگرۆس، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە خەڵکی ئەم ھۆزە بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ سەخت و نالەباری سروشتی ناوچەکەداو دەست و پەنچەیان داوەو بەئازایی و خۆراگەرانە وەک ئاسکی کێوی ژیاون وخۆیانلە گەڵ سەختی ناوچەکەدا راھێناوە و بەرگرییان لە خاکی خۆیان کردووە. تاقمێکی دیکە لەو باوەڕەدان کە کەڵھوڕییەکان لە نەژاددا کوردی ئاری رەسەنن، ئەم خەڵکە بە ھۆی روخساری گەش و ھەروەھا خێرایی لە رادەبەدەریان لە رێرۆیشن وتەیکردنی شاخەکان و شێوە سەختەکان شوبھێنراون بەخۆر (خورشید) کە سەرچاوەی سەرنجراکیشانە.[٢][٤]

ژینەگەو بارودوخی کۆمەڵاێتی ھۆزی کەڵھوڕ[دەستکاری]

سنوری باکوری ھۆزی کەڵھوڕ، ھۆزەکانی کرند و گۆران و گۆران بان زەردەیە سنوری باشوری، خاکی حکومەتی والی پیشتکۆیە سنوری رۆژئاوای دەوڵەتی عێراقە (خانەقین و مەندەلی) ھەروەھا گەرمیانی ھۆزی سنجاوی کە (مایەشت -ماددەشت) ەو گەرمیانی ھۆزی کرندە. سنوری رۆژەڵاتی کوێستانی ھۆزی زەنگەنەیە و بەشی لە کوێستانی ھۆزی سنجاوی ماھیدەشت وباشوری کرماشانە. خەڵکی ئەم ھۆزەلە راستیدا گەورەترین ھۆزی رۆژاوای وڵاتە. ئەم ھۆزە نیشتەجێی شارەکانی گەیلان غەرب و ھاروناوا و بەشێ لە کڕند و نەفتشار و سۆمار و گاوارە و ئەیوان و مایەشت و دیێ قەڵاشاین لە سەرپێلی زەھاو و نەصرئابادی قەصری شیرین، نیشتەجین، ئەڵبەتە خەڵکی پەراکەندی مەردومی کەڵھوڕ زیاترە لەو دەڤەرانەی کە ناومان بردن، بۆ نموونە: ژمارەیەکی رۆز لە خەڵکی شاری کرماشان کەڵھورن. زۆربەی ھەرە زۆری ھۆزی کەڵھور لەو شوێنانە ژیانیان بە ئاژەڵ بەخێوکردن بەرێوەدەچێ. بۆ دابینکردنی لەوەڕ بۆ ئاژەڵەکانیان لە وەرزەکانی ساڵ ھەمیشە خەریکی کۆچ و شۆین گۆڕینن. ئەم کۆچکردنە بۆتە ھۆکاری بەرپابوونی ناکۆکی و ئاژاوەی نێوان ئەم ھۆزە وھۆزەکانی دیکە. لە دیاریکردنی سنوری گەرمەسێر و سەردەسێری (گەرمیان و کوێستانی) ھۆز، شاخە سەرکەشەکانی (قەلاچە) لە باکوری شاری گەیلان و دەوروبەری دەشێ بە سنوور دابنرێ، واتە باشوری ئەم شاخە گەرمەسێر و باکوری سەردەسێری ھۆزی کەڵھوڕە «گەرمەسێر و سەردەسێر» ە تاقمێ لەم ھۆزە نێشتەجێن و کۆچەرینین و خەریکی کشت وکاڵن و بە شێوەیەکی کەم ئاژەڵ بەخێوە دەکەن. لە بەرچاوگرتنی شەڕوئاژاوەی ناوچەیی ومەترسی رێگاوبان و ناوچەکە دەستێوەردانی حوکمڕانانی کرماشان و کێشە سروشتیەکان، ئەم خەڵکە کۆڕەو کۆچێان کردووە، لە سەردەسێر وگەرمەسێر لە شوێنی نزیک لە یەکترەوە دادەنیشن. تیرەکانی ھۆز بریتین لە (خاڵدی، شیانی، سیاسیا، کازم خانی تەڵەش، خەمان، کەرگا، کوڵەپا، ھاروناوایی ،مەنسوری، کوڵەجۆ، ئەڵوەندی، شوان، ماێشتی، بڵاغ بەگی، زەینەڵخانی، شاێنی، ھەیوانی، گەیڵانی، زوێری، منشی، گڵینی، شێرگ، دەێرەیی، وەرمزیاری ھتد…) ھەر تیرەیەک لەم تیرانە دەڤەری دیاری خۆی ھەیە و دەڤەرکە بە ناوی خۆیانەوە ناوبانگە. ناوچەکانیان بە رێککەوتن لە نێوان سەرۆک ھۆز وکوێخاکاندا بەش دەکرێ. بە پێی قسەی بە ساڵاچووەکان، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە بە ھۆی دەسەڵاتی فراوانی قەڵمڕەوی ھۆزەکان پەیوەندی بە ھێزودەسەڵاتی سەرۆک ھۆزەکانەوە ھەبووە لەوانە: داودخانی سەرۆک ھۆزی کەڵھوڕ. دەسەڵاتی داودخان گەیشتە ڕادەیەک، بەرپرسانی کرماشان بە بێ ڕەزامەندی ئەو نەیاندەتوانی سەرۆک بۆ ھۆزەکانی دیکە دیاریبکەن یان لایان بدەن.[٤]

کورتەی مێژووی ھۆزی کەڵھور[دەستکاری]

پاش لە ناوچوونی ئیمپراتوریەتی ساسانی، ناوچەکانی رۆژاوای ئێران کەوتە ژێر دەسەڵاتی عەربە موسڵمانەکان ئەگرچی لەو سەردەمەو ھەتا سەرەتای حکومەتی سەفەوییەکان ناوی کەڵھور لە میانە نەبووە، بەڵام مێژوو باسی کوردەکان لە زنجیرە چیاکانی باکوری رۆژاوا و رۆژاوای ئێران و موسڵ و جزیرە و دیاربەکر (ئامەد) دەکا. بێگومان ھۆزی کەڵھوڕ لە نێوان کوردانی ئەو سەردەمەدا سەرچاوەی کار وچالاکێکی فراوان بووە لە گۆڕەپانی سیاسەت و بەرگری کردن لە خاکی نیشتمان، بەداخەوە ھیچ بەڵگەیەکی مێژوویی نووسراو بە دەستەوە نیە. ھەر بۆیە کار وچالاکیان روون نیە. ئاماژەی روون و بەڵگەی نووسراو دەربارەی ھۆزی کەڵھوڕ دەگەڕێتەوە سەردەمی سەفەوییەکان بە تایبەتی سەردەمی شاتاماسب، بە ھۆی جیاوازی وناکۆکی دەربارەی سنور وئاینزاوە سەردەمێکە پڕ بووە لە شەڕو شۆڕوبەگژداچوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە سەر کێشەو ناکۆکیە سنووری و ئایینیەکان بووە (أیرج أفشار) لە توژینەوەکانی دەربارەی کەڵھوڕ دەڵێ: لە سەرەتای حوکمی شاتاماسبی یەکەم(١٥٧٦–١٥٢٤) مێژوونووسان لە قسەکانیاندا دەربارەی فەرمانڕەوایانی کەڵھوڕەوە نووسیویانە: کەڵھوڕە کۆچەریەکان لە نێوان کرماشان و سنوری ئێران نیشتەجێ بوون، لەوانەیە لە سەرتادا دەسەڵاتی ئێران لە نێوانیاندا کەم بووە، لە پاڵ رووداوەکانی ساڵی(١٥٤٤ز) سەرچاوەکان دەڵێن: تاقمێ بۆ سەرکوتکردنی ھۆزی کەڵھوڕ، کە ھەمیشە سەرکێشیان دەکرد، رەوانە کرا. ھۆزی کەڵھوڕ لە سەردەمی سەفویەکان زیاتر لە ناوچەی ماێشت تا مەندەلی سەرقاڵی ژیان بوون و بە گوێرەی سەرچاوەکان ھەمیشە (٥٠٠) کەس جەنگاوەریان بۆ سوپای ئێران کردووە. فەرماندەی ھۆز شوێن وپایەی سەربەخۆی خۆی ھەبووە. یەکێ لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی سەفەوییە دیاریکردنی ھۆزەکان، یەکێکیان لە نێوان قزڵباشەکان بۆ سەرۆکاێتی خێل ھەڵدەبژارد، ئەم کارە مایەی ناڕەزایی خەڵکی عەشایەر وھۆزەکان بوو. بەگەیشتنی شاعەباسی گەورە بۆ عەرشی ئێران ئەم سیاسەتەی ھەڵوەشاندەوە، ئیدی ھۆزەکان لە نێوان خۆیاندا سەرۆک ھۆزیان ھەڵدەبژارد.[٥]

لەم سەردەمە خێڵی کەڵھوڕ ماڵئاواییان لە قوناخێکی پر لە ھێزو دەسەڵاتداری خۆیان کرد. بەدلیسی دەربارەی رووداوەکانی ساڵی(١٠٠٢ک) باسی میرانی ماێشت و گوڕانی دەسەڵاتدارییان لە سەردەمی شاعەباس ودەنووسی: چونکە لە کاتی نووسینی ئەم نووسخەیە (کە کەمو و کورتی تێدایە) کەس نەبوو زانیاریی ھەبێ لە زاری خەڵکەوە وام بۆ دەرکەوت پێشر قەڵەمڕەوەییەی (مایەشت – ماددەشت، واتە دەشتی مادیەکان – وەرگێر) و تیاوەر بووە. زۆربەی ھەرە زۆری ھۆزی کەڵھوڕ کە سەر بە ئەوان بوون خاوەنی ئاژەڵ و وڵسات بوون. پێش حکومەتەکەی، ناوی شابازو مەنسوور پێکەوە دەنووسران. ساڵی(١٠٠٢ک) مەنسوور، شابازی کوشت و ئاژەڵ و وڵساتی کوردەکانی زەوتکرد. ئەم ناکۆکییە ناوخۆیە تا ڕادەیەک بووە ھۆکاری تێکچوونی شیرازەی ھۆزو ئەڵبەتە میری تاقمێک دەنێرێ بۆ سەرکوتکردنی ئەم ھۆزە و پابەندکردنیان بە ھۆزی زەنگەنەوە. (رھبێرن) دەنووسێ: (ھۆزی کەڵھور لەو سەردەمەدا لە ناوەندی سونقر و کرماشان) لەژێر ڕکیفی قەڵەمڕەوی زەنگەنەدا بوون.[٢] بەدلیسی بەم شێوەیە باسی تەقسیماتی کەڵھوڕ دەکا (ھۆزی کەڵھور لە سەردەمی سەفەوییەکان سێ بەشبوون: پڵنگان، دەرتەنگ دەرتەتنگی زەھاو، مایەشت لە رۆژاوای کرماشان).

بە لەناوچوونی دەوڵەتی سەفەوی لەسەر دەستی ئەفغانەکان، ھەراو ئاژاوەو شاگەردانیی باڵی بە سەر ئێراندا کێشا. ئەمەش ھەلێکی لە بار بوو بۆ دەوڵەتی دراوسێی رۆژاوایان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە ھەمیشە دەیویست قەڵەمڕەویی خۆی بەرین وفراوانر بکات، ئەوە بوو ھەڵیکوتایە سەر رۆژئاوای ئێران و داگیریکرد. ھەر چەندە گەورەی ئەفغان (ئەشرفی ئەفغان) سەرکەوتنی بە سەر تورکەکاندا وەدەسھێنابوو بەڵام لە بەر مەترسی و بەربەرەکانیی ناوخویی وڵات، لە گەڵ ئیمپراتۆریەتەی عوسمانیدا، کە ھاوئاینزا بوون، ئاشت بووەوە ودانی بە دەسەڵات و خەلافەتی عوسمانیدا نا، لەبری ئەوەش سولتانی عوسمانی دانی بە پاشاێتی ئەشرەفخانی ئەفغانیدا نا. دەربارەی ئەو پێکدادانەش سەرچاوەکان ھیچ شتێکیان لەو بابەتەوە نە نووسیووە. بە دەرکەوتن بە ھێز بوونی دەسەڵاتی نادرشا و زنجیرە شکستییەکانی ئەفغان و دوژمنانی ئێران لە باکور و باشورو ڕۆژاوا و رۆژھەڵات، شاتاماسی دووەم بیری لەوە دەکردەوە کە تەخت و تاجی پاشایی مەترسیدارە، بۆیە ویستی بەو شێوەیە خۆی بەرامبەر نادر پیشان بدات، کەوا ئارەزووی ئەوە دەکا ھەر خۆی ببێ بە راوێژکاری جەنگ و لەگەڵ عوسمانیەکاندا رویشت، بەڵام شکستی ھێنا ھەر بۆیە پەیمانێکی لەگەڵیاندا بەست، بە پیێی ئەو پەیمانە دەبوایە پێنج دەڤەری کرماشان ڕادەستی ئەحمەد پاشای والی بەغدادی بکردایە.

ناوچەی کەڵھوڕ لەو پێنج دەڤەرانە بوو کە سەر بە خاکی ئێران بوون، کە نادر لە جەنگی ئەفغان گەڕایەوە ھێشتا رێککەوتنامەکە جێبەجێ نەکرابوو. لە سەردەمی ئەفشاریەکان زۆر بەی فەرماندارانی کرماشان ڕاوێژکاری نادرشا بوون، وەکو حسەین قولیخانی زەنگەنە و مستەفا قولیخانی زەنگەنە، یەکەمیان لە ساڵی (١١٤٨ک)، دووەمیان ساڵی(١١٥٢ک) دا فەمانداری ناوچەکەیان دەکرد. حسەین قولیخان یەکێ لە سەردارە ناودارەکانی نادرشا بووە لە شەڕەکانی نادر دژ بە ئەفغانیەکان و عوسمانیەکان رۆڵێکی کاریگەری ھەبووە.[٤]

ژمارەیەکی زۆری سوارەی خێڵەکانی ڕۆژاوا وەکو زەنگەنە و کەڵھور کۆکردبۆوە، شەعبانی دەڵی: بۆ پشتوانی خوێ. پاش ھەڵبژاردنی نادر بە پاشای ئێران لەدەشتی (مەنمان)، سیاسەتی گواستنەوەو شوێنگۆرینی ھۆزەکانی خستەکارو ئاگاداری سەرکێشی کردنی ھۆزی کەڵھور بووە، ئەڵبەتە بۆ کەمکردنەوی دەسەڵاتی ئەم ھۆزە لە ناوچەی کرماشان ژمارەیەکی زۆر (میش مەستی و تورکمانی دەشتەکی) ھێناو لە قەڵای کرماشان نیشتەجێی کردن.

ئەولسەن گولستانە دەنووسێ: نادرشا (١١٤٨–١١٦٨ک) لە ترسی سەرکێشیکردنی ھۆزی کەڵھوڕ ژمارەیەکی زۆری دەشتەکیەکانی میش مەست و تورکمانی خوراسانی ھێناو لە قەڵای کرماشان نیشتەجێی کردن، کە جەنگاوەری پیادەو سوارەی زەنگەنە و گۆران بوون. ئەمانە لە قەڵاکە نیشتەجێبون و ڕووبەرووی ناڕەزایی (نەجەف قولیخانی) سەرۆک ھۆزی کەڵھور بوونەوە. لەئەنجامدا نادر فەرمانی ھەڵکۆڵینی چاوانی نەجف قولێخانی داو میلیان بە چاویدا کێشا. پاش مەرگی نەجەف قولیخان، نادرشا بە ھەمان دەستور چاوی خانیخانانی کەڵھوڕی ھەڵکۆڵی، عەلی خان شوێنی خانیخانانی کەڵھوڕی گرتەوە و لەگەڵ کوشتنی نادرشا خێلەکانی زەنگەنەو کەڵھوڕ سوودیان لەو ھەرا و ئاژاوەو و ئاڵوزییەی بارودۆخی ناوخۆ وەرگرت و ئاویان کردە ژێر دانشتوانی قەڵاکە و ناچاری راکردن کران. گوایا کەریم خانی زەند فەرمانی ئابڵوقە دانی قەڵاکەی دەرکردبوو و ئەڵبەتە سەرۆک ھۆزەکانی زەنگەنەو کەڵھوڕ بەڵێنی ئەنجامدانی ئەم کارەیان دابوو. لە سەرێنی دەسەڵاتی کەریم خانی زەندا، ھۆزی کەڵھوڕ بە قوناغێکی نۆی دا تێدەپەری و پاش داگیرکردنی تاران و ئەراک و قەزوین، رووی کردۆتە کرماشان لە ھاروناوا کە ئیستا (ئیسام ابادە) و ناوچەی کەڵھور، سەردارانی خێڵ بە پیریەوەچوون و لایەنگیری خۆیان بۆ دەربڕیوە.

کەریم خانی زەند لەو دیدارەدا پێوەندییەکانی لەگەڵ ھۆزی کەڵھوڕدا پتەوترکردوو، قەدەم خێری، کچ یان برازای عەلی خانی کەڵھوری مارە کردوەو ئاھەنگێکی لە لای کانییەکی دەشتی ماێشت سازکرد، ئەم کانیە ھێشتا بە کانی (شاپەسەند) بە ناوبانگە، چونکە ناوی قەدەم خێری ژنی بە شاپەسەند گۆڕی. سەرەڕای ئەم پێوەندیە، تاقمێ سوارەی کەڵھوری لەگەڵ خوێدا بەرەو شیراز بردو وەئەوانە ھەتا کۆتایی دەسەڵاتی زەندیەکان ھەر لەوێ ماونەتەوە، بڕێکیان بەھۆی ژن وژنخوازیەوە بە یەکجاری نێشتەجیێ شیراز بوون. پاش زەندیەکان بنەماڵەی قاجارییەکان حوکمڕانیی ئێرانیان کردووە فەرماندەیی دەسەڵاتی ھێزی کەڵھوڕ کەوتە ژێر دەستی بنەماڵەی حاجی زادەکانەوە. ئەمانیش شارستانی بوون بۆیە پێتەختی خێڵ لە ھاروناواوە گوێرزایەوە بۆ کرماشان، لەو سەردەمەدا سمایل خانی کەڵھوڕ وکوڕەکەی مەھدی خان گەورەترین فەرمانبەری خێلی کەڵھوڕ بوون. ئاغا ئەحمەد کوڕی محەممەد عەلی بەھبەھانی دەربارەی ڕابردوی خێڵی کەڵھور دەنووسێ: (لە جوملەی سەردارانی پایەبەرزی ھۆز جەنابی پایە بەرز مەھدی خانی کوری خواڵیخوشبوو سمایل خان، گەورەی ھۆزی شکۆداری کەڵھوڕ کە بەبێ سنوور پیاوێکی راستپەرست و دادپەروەرو دەستبڵاو بووەو ھونراوەی شیرین و ناسکی ھەیە وحەزی لە ھاودمێ زانا وپیاو چاکان بووە). لە پێکدادانی نێوان ئێران و عوسمانیەکاندا فتح علی شا، میرزا عەلی شای دەوڵەت شای کوڕی بە فەرمانداری گشتی ناوچە رۆژئاواییەکانی وڵات لە روۆژئاوای ئازەربایجانەوە ھەتا شاری بەسرا دانا. پێکدادانێکی سەخت بوو، ئەڵبەتە ھۆزی کەڵھوڕ بە وریایی و ھۆشمەندییەوە لەو رووداوانەدا ھەڵسوکەوتیان دەکرد، بنەماڵەی حاجیزادە کە سەرۆکایەتی ھۆزی کەڵھوڕیان دەکرد لە ناوچەی (١٥) کیلۆمەتری شاری گیلانی غەرب دلێرانە دژ بە عوسمانیەکان دەجەنگان، ھێشتا ئەو شوێنەی وڵاتەکەمان (تەنگی حاجیان) بەناوی سوارانی کەڵھور، ناو دەبرێت.[٢][٤]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ گەنتەر، مایکڵ، فەرھەنگی مێژووی کورد، (بڵاوکراوەی ئاراس-ھەولێر، ٢٠٠٧)، ل٢١٢، وەرگێڕ: مامکاک.
  2. ^ ی ا ب پ https://www.facebook.com/muhammad.faiqkallhury[بەستەری مردوو]
  3. ^ عەلی سایە، نیعمەت، ڕێزمانی کوردی زاری کەڵھوڕی، (چاپخانەی شڤان، ٢٠٠٤)، لل٦–٥، حکومەتی ھەرێمی کوردستان:وەزارەتی ڕۆشنبیری.
  4. ^ ی ا ب پ پەرتوکی ئێڵی کەڵھوڕ لە سەردەمی مەشروتیەتدا نووسینی: عەلی رەزا گۆدەرزی وەرگێڕانی: محسن بنی ویس
  5. ^ KALHOR

سەرچاوەکان[دەستکاری]