بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شێخ مەحموودی حەفید

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شێخ مەحموودی حەفید
شێخ مەحموود بەرزنجی[١]
شێخ مەحموود لە ١٩٢٠ەکان
پاشای کوردستان
ماوەی دەسەڵات١٩٢٢–١٩٢٤
پێشووئیمپراتۆریەتیی بەریتانی
جێگرپلەوپایەی لێ سەندرایەوە (فەیسەڵی یەکەم وەک پاشای عێراق)
منداڵ(ەکان)بابە عەلی شێخ مەحموود (کوڕ، ١٩١٢–١٩٩٦)
لەدایکبوون١٨٧٨
سلێمانی، ویلایەتی مووسڵ، عێراقی عوسمانی، ئیمراتۆریەتیی عوسمانی
مردن٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٦(١٩٥٦-١٠-٠٩) (٧٧–٧٨ ساڵ ژیاوە)
بەغداد، عێراق
ناشتنسلێمانی، کوردستانی عێراق، عێراق

شێخ مەحموود بەرزنجی یان مەحموود حەفیدزادە (١٨٧٨ – ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٦) ھەروەھا ناسراو بە شێخ مەحموودی نەمر سەرکردەیەکی کوردی زنجیرەیەک ڕاپەڕینی کوردی بوو دژی دەستووری بەڕیتانیا لە عێراق. شێخی بنەماڵەیەکی سۆفیی قادری بوو لە خێڵی بەرزنجیی خەڵکی شاری سلێمانی، کە ئێستا لە باشووری کوردستانە. لە چەندان لەو ڕاپەڕینانەدا وەک پاشای کوردستان ناوبراوە.

پێشینە[دەستکاری]

دوای جەنگی جیھانیی یەکەم، ئینگلیز و زلھێزەکانی تری ڕۆژاوا بەشێک لە ئیمپراتۆریەتیی عوسمانییان داگیرکرد. ئەو پلانانەی کە لەگەڵ فەڕەنسییەکان لە ڕێککەوتنامەی سایکس-پیکۆدا کرابوون، بەڕیتانیایان وەک خاوەن دەسەڵات دەستنیشان کرد.[٢] ئینگلیزەکان توانیان سنووری خۆیان بە دڵی خۆیان پێکبھێنن بۆ ئەوەی لەم ناوچەیەدا زاڵ بن.[٣] ئینگلیزەکان بە توندی بەغدا و بەسرەیان لەژێر دەستتابوو و ناوچەکانی دەوروبەری ئەم شارانە زۆرتر لە عەرەبی شیعە و سوننە پێکھاتبوون.

لە ساڵی ١٩٢١دا، ئینگلیزەکان فەیسەڵی یەکەمیان کردە پاشای عێراق. ئەمە ھەڵبژاردنێکی سەرنجڕاکێش بوو چونکە فەیسەڵ ھیچ پەیوەندییەکی ناوخۆیی نەبوو، چونکە بەشێک بوو لە بنەماڵەی ھاشمی لە ڕۆژاوای عەرەبستان.[٤] لەگەڵ پەرەسەندنی ڕووداوەکان لە بەشی باشووری عێراق، ئینگلیزەکان خەریکی پەرەپێدانی سیاسەتی نوێ بوون لە باکووری عێراق، کە بەزۆری کوردی تێدا نیشتەجێ بوون، و لە پەیمانی ڤێرسای ساڵی ١٩١٩دا بە کوردستانی گەورە ناسرابوو. ئەو سنوورانەی کە ئینگلیزەکان پێکیان ھێنابوو، کوردی لە نێوان ناوەڕاستی عێراق (بەغدا) و خاکی عوسمانییەکانی باکووردا تێدابوو.

گەلی کوردی عێراق لە خاکە شاخاوییەکانی ویلایەتی مووسڵ دەژیان. ناوچەیەکی سەخت بوو بۆ کۆنتڕۆڵکردن لە ڕوانگەی ئینگلیزەوە بەھۆی زەوی و دڵسۆزیی خێڵەکیی کوردەوە. ململانێیەکی زۆر لەدوای جەنگی گەورەی نێوان حکوومەتی عوسمانی و ئینگلیزدا ھەبوو لەسەر چۆنییەتی دانانی سنوورەکان. عوسمانییەکان لە دەرەنجامی پەیمانی سیڤەر ناڕازی بوون کە ڕێگەی بە سەرکەوتووانی جەنگی گەورە دا کۆنترۆڵی زۆربەی خاکەکانی پێشووی عوسمانی بکەن لە ڕێگەی دابەشکردنی خاکی پێشووی عوسمانی وەک ئەوەی کۆمەڵەی گەلان فەرمانی پێدەکرد.

بە تایبەتی تورکەکان ھەستیان دەکرد کە ویلایەتی مووسڵ ھی ئەوانە، چونکە ئینگلیزەکان بە شێوەیەکی نایاسایی داگیریان کردبوو دوای ئاگربەستی مودرۆس، کە کۆتایی بە دوژمنایەتییەکانی شەڕەکە ھێنابوو.[٥] لەگەڵ دۆزینەوەی نەوت لە باکووری عێراق، ئینگلیزەکان ئامادە نەبوون دەستبەرداری ویلایەتی مووسڵ ببن.[٦] ھەروەھا لە قازانجی ئینگلیزدا بوو کە کورد ڕۆڵی نێوانگر بگیڕن لە نێوان خۆیان و ئیمپراتۆرییەتیی عوسمانیدا. ھەموو ئەوانە بوونە ھۆی گرنگیی شێخ مەحموود حەفید.

حکوومەتی بەڕیتانیا لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا بەڵێنی بە کورد دابوو کە خاکی خۆیان وەربگرن بۆ پێکھێنانی دەوڵەتێکی کوردی؛ بەڵام حکوومەتی بەڕیتانیا لە کۆتاییی جەنگەکەدا بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکرد، ئەمەش بووە ھۆی ناڕەزایی لەنێو کوردەکاندا.[٧]

بێمتمانەیی لەلایەن کوردەوە ھەبوو. لە ساڵی ١٩١٩ نائارامی لە ناوچە کوردنشینەکاندا دەستی بە پەرەسەندن کرد، چونکە ناڕازی بوون لەو دۆخەی کە تێیدا بوون و لە مامەڵەکردنەکانیان لەگەڵ حکوومەتی بەڕیتانیا. کورد دوای ساڵێک ڕاپەڕینێکیان ئەنجامدا.

حکوومەتی بەڕیتانیا ھەوڵیدا بەڕێوەبەرێکی کوردی لە ناوچەکەدا دابمەزرێنێت و بەم شێوەیە سەرکردەیەکی جەماوەری ناوچەکەی دەستنیشانکرد،[٨] کە بەم شێوەیە شێخ مەحموود بوو بە پارێزگاری باشووری کوردستان.

دەسەڵات و ڕاپەڕینەکان[دەستکاری]

شێخ مەحموود لە نز. ١٩٢٨

شێخ مەحموود سەرکردەیەکی نەتەوەیی کورد زۆر باڵاخواز بوو و بانگەشەی بۆ بیرۆکەی کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتی کورد لەلایەن کوردەوە و سەربەخۆیی لە ئینگلیزەکان دەکرد. ھەروەک چارڵز تریپ دەگێڕێتەوە، ئینگلیزەکان وەک ڕێگەیەک بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵاتێکی ناڕاستەوخۆی ناوچەکە، شێخ مەحموودیان کردە پارێزگاری سلێمانی لە باشووری کوردستان. ئینگلیزەکان ئەم دەسەڵاتە ناڕاستەوخۆیەیان دەویست کە شێخ مەحموودی جەماوەری لە سەرکردایەتیدا بوو، کە پێیان وابوو ڕوخسار و سەرکردەیەکیان پێدەبەخشێت بۆ کۆنترۆڵکردن و ھێورکردنەوەی ناوچەکە؛ بەڵام کاتێک تامی دەسەڵاتی کرد، شێخ مەحموود تەماحی زیاتری بۆ خۆی و بۆ گەلی کورد ھەبوو. بە «پاشای کوردستان» ناسێندرا و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە فەرمانڕەوای ھەموو کوردانە، بەڵام بۆچوونی شێخ مەحموود لە نێو کورددا تێکەڵاو بوو، چونکە خەریک بوو لەلای ھەندێک کەس زۆر دەسەڵاتدار و باڵاخواز دەبوو.[٩]

شێخ مەحموود ھیوای دەخواست کوردستان دروست بکات و لە سەرەتادا ئینگلیزەکان ڕێگەیان بە شێخ مەحموود دا، چونکە ئەو ناوچەکە و خەڵکی کۆدەکردەوە لەژێر کۆنتڕۆڵی ناڕاستەوخۆی بەڕیتانیادا؛ بەڵام تا ساڵی ١٩٢٠ شێخ مەحموود بە ناڕەزاییی ئینگلیزەکان دەسەڵاتی خۆی لە دژی ئینگلیزەکان بەکاردەھێنا بە گرتنی بەرپرسانی بەڕیتانیا لە ناوچەی کورد و دەستپێکردنی ڕاپەڕین دژی ئینگلیزەکان.[١٠] وەک مێژوونووس کێڤن مەکییرمان نووسیویەتی، «ڕاپەڕینەکان بەردەوام بوون تاکوو ئەوکاتەی مەحموود لە شەڕدا بریندار بوو، کە لەسەر ڕێگای نێوان کەرکووک و سلێمانی ڕوویدا. شێخ مەحموود لەلایەن ھێزەکانی بەڕیتانیاوە دەستگیرکرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر لە قەڵایەکی بەڕیتانیا لە لاھۆر زیندانیکرا.»[١١] شێخ مەحموود تا ساڵی ١٩٢٢ لە ھیندستان مایەوە.

گەڕانەوە و دووەم ڕاپەڕین[دەستکاری]

شێخ مەحموود

لەگەڵ دەربەدەربوونی شێخ و ھێشتنەوەی لە ھیندستان، ناسیۆنالیستە تورکەکان لە ئیمپراتۆرییەتیی عوسمانی ڕوو لە ڕووخاندا کێشەیەکی زۆریان لە ناوچە کوردنشینەکانی عێراق دەنایەوە. ناسیۆنالیستە تورکەکان بە سەرۆکایەتیی مستەفا کەمال ئاتاتورک لە سەرەتای ١٩٢٠ەکاندا لە لووتکەدا بوون دوای سەرکەوتنیان بەرامبەر یۆنان و چاوەڕوانی ئەوە بوون کە ئەو زەبروزەنگە ببەنە ناو عێراق و مووسڵ وەربگرنەوە. لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی ڕاستەوخۆی باکووری عێراق لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دوای دەربەدەریی شێخ مەحموود، ناوچەکە تا دەھات مەترسیدارتر دەبوو بۆ بەرپرسانی بەڕیتانیا بەھۆی ھەڕەشەکانی تورکیاوە. ھەرێمەکە لەلایەن شێخ قادری برای شێخ مەحموودەوە سەرکردایەتیی دەکرا، کە توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆخەکەدا نەبوو و لەلایەن ئینگلیزەکانەوە وەک سەرکردەیەکی ناسەقامگیر و متمانەپێنەکراو سەیر دەکرا.

سێر پێرسی کۆکس، بەرپرسێکی سەربازی و کارگێڕی بەڕیتانی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی عێراق، و وینستن چێرچڵ، سیاسەتمەدارێکی بەڕیتانی، ناکۆکییان لەسەر ئەوە ھەبوو کە ئایا شێخ لە دەربەدەرییەکەی ئازاد بکەن و بیھێننەوە بۆ حووکمڕانی لە باکووری عێراق. ئەوە ڕێگەی بە ئینگلیزەکان دەدا کە کۆنتڕۆڵی باشتریان بەسەر ئەو ناوچەیە مەترسیدارە گرنگەدا ھەبێت. کۆکس باسی لەوە دەکرد کە ئینگلیزەکان دەتوانن دەسەڵات بەدەستبھێنن لە ناوچەیەکدا کە بەم دوایییە چۆڵیان کردووە، و شێخ مەحموود تاکە ھیوایان بووە بۆ بەدەستھێنانەوەی ناوچەیەکی سەقامگیر.[١٢] کۆکس ئاگاداری مەترسییەکانی ھێنانەوەی شێخ مەحموود بوو، بەڵام ئاگاداری ئەوەش بوو کە یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی نائارامییەکانی ناوچەکە پەرەسەندنی ئەو تێڕوانینە بوو کە بەڵێنەکانی پێشووتری سەربەخۆیی وازیان لێدەھێنرێت و ئینگلیزەکان گەلی کورد دەھێنن لەژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی حکوومەتی عەرەبی لە بەغدا. خەونی کوردان بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ کەمتر دەبووەوە کە بووبووە ھۆی ناکۆکی لە ناوچەکەدا.[١٣] ھێنانەوەی شێخ مەحموود تاکە ھەلی دەوڵەتێکی عێراقیی ئاشتیانە بوو لە ناوچەکە و دژی تورکیا.

کۆکس ڕازی بوو بە ھێنانەوەی شێخ و ناوبردنی وەک پارێزگاری باشووری کوردستان. ھەروەھا لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ١٩٢٢دا، کۆکس ڕازی بوو بە ڕاگەیاندننامەیەکی ھاوبەشی ئینگلیز و عێراق کە ڕێگەی بە حکوومەتێکی کوردی دەدا ئەگەر بتوانن دەستوورێک پێکبێنن و لەسەر سنوورەکان ڕێک بکەون. کۆکس دەیزانی لەگەڵ ناسەقامگیری ناوچەکە و ئەوەی کە کۆمەڵەی کوردی زۆرن مەحاڵە کە بتوانن بگەنە چارەسەرێک.[١٤] لەگەڵ گەڕانەوەیدا، شێخ مەحموود دەستی کرد بە ناساندنی خۆی وەک پاشای شانشینی کوردستان. شێخ ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئینگلیزەکان ڕەتکردەوە و دەستیکرد بە ھاوپەیمانی لەگەڵ تورکەکان دژی ئینگلیزەکان. کۆکس درکی بەو دۆخە کرد و لە ساڵی ١٩٢٣دا ھەموو قسەیەکی کوردەکانی لە حکوومەتی عێراقدا ڕەتکردەوە و پێشنیارەکەی بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ کشاندەوە. شێخ مەحموود تا ساڵی ١٩٢٤ پاشا بوو و تا ساڵی ١٩٣٢ بەشداریی لە ڕاپەڕینەکانی دژی ئینگلیزەکاندا دەکرد، و لەو ساڵەدا کاتێک ھێزی ئاسمانیی شاھانە و عێراقییە ڕاھێنراوەکانی بەڕیتانیا توانیان دیسان شێخ مەحموود دەستگیر بکەنەوە و دەربەدەری بکەن بۆ باشووری عێراق.[١٥]

مردن و یادکردنەوە[دەستکاری]

شێخ مەحموود داوای ئاشتیی کرد و لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٣٢دا لە باشووری عێراق دوورخراوەیەوە و لە ساڵی ١٩٤١ توانی بگەڕێتەوە بۆ گوندی بنەماڵەکەی و تا کۆتاییی تەمەنی لەوێ مایەوە.[١٦] لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٥٦ لەگەڵ خێزانەکەی کۆچی دواییی کرد. تا ئەمڕۆش بە نمایشکردنی لە دەوروبەری کوردستان و بەتایبەتی لە شاری سلێمانی یادی دەکرێتەوە. ئێستاش بۆ گەلی کورد قارەمانێکە، و وەک ناسیۆنالیستێکی پێشەنگی کورد بیری لێدەکرێتەوە کە بۆ سەربەخۆیی و ڕێزی گەلەکەی خەباتی کردووە.[١٧] وەک پێشەنگێک بۆ زۆرێک لە سەرکردەکانی داھاتووی کورد سەیر دەکرێت.[١٨]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Sicker, Martin (2001). The Middle East in the Twentieth Century (بە ئینگلیزی). Greenwood Publishing Group. ISBN 978-0-275-96893-9.
  2. ^ Fromkin, David (1 September 2001). A Peace to End All Peace: The Fall of the Ottoman Empire and the Creation of the Modern Middle East (بە ئینگلیزی). Henry Holt and Company.
  3. ^ BBC (25 April 2018). "Iraqi Kurdistan profile". BBC News.
  4. ^ Hashemites Family. "Hashemites". www.alhussein.jo.
  5. ^ Oltoman Empire. "The Mosul Vilayet". www.researchgate.net.
  6. ^ Hale, William M. (2000). Turkish Foreign Policy, 1774-2000 (بە ئینگلیزی). Psychology Press. ISBN 978-0-7146-5071-5.
  7. ^ World WAR I. "BRITISH LIES IN THE WORLD WAR I". www.worldfuturefund.org.
  8. ^ İki Hükümet Bir Teşkilat. "History" (PDF). www.historystudies.net.
  9. ^ Tripp, Charles. A History of Iraq. Cambridge Press, 2007. Page 33-34
  10. ^ Lortz, Michael. "The Kurdish Warrior Tradition and the Importance of the Peshmerga", Willing to face Death: A History of Kurdish Military Forces - the Peshmerga - from the Ottoman Empire to Present-Day Iraq, 2005-10-28. Pages 10–11
  11. ^ McKierman, Kevin. The Kurds. New York: St. Martin's Press, 2006. Page 31
  12. ^ Olson, Robert. The Emergence of Kurdish Nationalist and the Sheikh Sa'id Rebellion, 1880–1925. Austin: University of Texas Press, 1989. Pages 60–61
  13. ^ Tripp, Charles. A History of Iraq. Cambridge Press, 2007. Page 53
  14. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی نادروستی <ref>؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری McKierman2006p322 نەدراوە
  15. ^ McKierman, Kevin. The Kurds. New York: St. Martin's Press, 2006. Page 32
  16. ^ Tripp, Charles. A History of Iraq. Cambridge Press, 2007. Page 66
  17. ^ Library, CNN. "Kurdish People Fast Facts". CNN.
  18. ^ Nakhoul, Samia. "Iraqi Kurdish leader says no turning back on independence bid". U.S.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]