مەحموودی دووەم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
   مەحموودی دووەم
سوڵتان مەحممودی دووەم
ناوی سوڵتانسوڵتان مەحممودی دووەم
لە دایکبوون١٧٨٥
مردن١٨٣٩
پێش خۆیموستەفای چوارەم
دوای خۆیعەبدول مەجیدی یەکەم
بنەماڵەی فەرمانڕەواعوسمانییەکان
بنەماڵەی پاشایەتیعوسمانی
باوکعەبدول حەمیدی یەکەم
بیروباوەڕئیسلامی سوننە

مەحممودی دووەم لە ساڵانی ١٧٨٥ تا ١٨٣٩ ژیاوە، سییەم سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانییە، سەردەمەکەی چەندین ھەنگاوی فراوانی چاکسازی بە خۆوە بینی، و ھەوڵێدا دەوڵەتی عوسمانی بە ئاگا بھێنێتەوە، و بیباتە ئەو شوێنەی کە شایانییەتی لە پایە و ڕێزلێناندا.[١]

ویلایەتی سوڵتان مەحمودی دووەم[دەستکاری]

مەحممودی دووەم حوکمی گرتە دەست ساڵی ١٨٠٨ کاتێک لە تەمەنی بیست و چوار ساڵیدا بوو، و ئەیویست لەسەر ڕێگەی ئەو چاکسازییە بەردەوام بێت کە ھەندێک لە سوڵتانەکانی پێش خۆی گرتبوویانە بەر، دەستی کرد بە چاکسازی سەربازی، سەدڕی ئەعزەم (موستەفا بریقدار) ی ڕاسپارد تا ھەستێت بە ڕێکخستنی ئینکیشاری و کاروبارەکانیان چاک بکات، و ناچاریان بکات کە بە دوای ئەو ڕێکخستنە کۆنانەدا بچن کە لە سەردەمی سوڵتان سولەیمان قانونی دانرابوون و وردە وردە پشت گوێ خرابوون.

دەستگرتن بەسەر ئینکیشاریدا[دەستکاری]

سەدڕی ئەعزەم ھەوڵیدا بەو ئەرکە ھەستێت کە مەحموودی دووەم ڕایسپاردبوو، بەڵام ڕووبەڕووی ناڕەزایی ئینکیشاری بوویەوە، و شۆڕشیان کرد لە پایتەخت لە ڕەمەزانی ١٨٠٨ و ھەوڵیاندا سوڵتانی پێشوو موستەفای چوارەم بگێڕنەوە تا بە دڵی خۆیان بێت، و ئاگریان بەردایە شوێنە حوکمییەکانی پایتەخت و سەدڕی ئەعزەم وەفاتی کرد بە سووتاویی لەم ئاژاوەیەدا کە ئەیویست دەستی بەسەردا بگرێت، سوڵتان ناچاربوو ملکەچ بێت بۆیان و بیرۆکەی ڕزگاربوون لێیانی دواخست بۆ کاتێکی تر.

سوڵتان ئەیزانی کە توندی دەسەڵاتی ئینکیشاری ھەموو ھەوڵە چاکسازییەکانی سوڵتانەکانی پێشتری تێکداوە، و سولتان ڕزگاری بوو بە تەواوی لە ئینکیشاری ساڵی ١٨٢٦ز.

ڕژێمی سەربازی نوێ[دەستکاری]

سوڵتان مەحموودی دووەم گرنگی دا بە دامەزراندنی گروپی سەربازی بە ڕژێمی نوێ، گرنگی دا بە دامەزراندنی چەکی تۆپخانە و فێرکردنی ھونەرەکانی جەنگ و خوێندنگەکانی تۆبخانە و دەریایی و ئەندازەیی، و ھەوڵیدا ڕای گشتی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، بەوەی بۆ ھەر چاکسازییەکی نوێ ئاھەنگی گەورەی دەگێڕا و دەرکردنی فەتوای گەورە زانا ئایینییەکانی دەوڵەت بە پێویست بوونی چاکسازی سەربازی و وچوونە ڕژێمی سەربازی نوێوە.

سوڵتان ڕژێمێکی بەسەرباز کردنی بەزۆری دانا بۆ موسڵمانان، و ماوەی سەربازییەکە ١٠ ساڵ بوو، چەندین ئەفسەری ناردە دەروە بە شێوەیەکی فراوان و چەندین ئەفسەری لە برووسیاوە ھێنا بۆ ڕاھێنانی ھێزە نوێکان، ھەروەھا دەستی کرد بە چاکسازی دەریایی.

چاکسازی فێربوون[دەستکاری]

مەحموودی دووەم بایەخی دا بە چاکسازی فێربوون، خوێندنگەی سەرەتایی دامەزرێنران بۆ فێربوونی ئەلفوبێی تورکی و خوێندنەوەی قورئان و ڕێزمانی عەرەبی، و خوێندنگەی ناوەندی کرانەوە بۆ فێربوونی بیرکاری و مێژوو و جوگرافیا، شان بە شانی خوێندنگەی مزگەوتەکان، ھەروەھا خوێندنگە کرانەوە بۆ ئامادەکردنی خوێندکارەکان بۆ چوونە خوێندنگە دەریایی و پزیشکی و کشتوکاڵ و ئەندازیاری و تۆپخانە.

مەحموودی دووەم گرنگی دا بە فێربوونی زمانەکان کە لە سەردەمی موستەفای چوارەمدا دامەزرابوون بۆ دەرچوونی وەرگێڕەکان، و دەرچووانی ئەم خوێندنگانە چوونە باڵیوزە جیاوازەکانەوە، ھەروەھا مەحموودی دووەم چەندین کۆمەڵەی زانسیتی نارد بۆ لەندەن و پاریس بۆ بەدەستھێنانی ھونەر و زانستی نوێ. ھەروەھا گرنگییەکی زۆری دا بە نوێکردنەوەی کتێبخانەکان بۆ نموونە ھەستا بە نوێکردنەوەی کتێبخانەی مەحموودی لە مەدینە.

چاکسازی تر[دەستکاری]

سوڵتان ھەوڵیدا چاکسازی دەزگا نوێکانی دەوڵەتی ناوەندی بکات بە رێگەی ئەورووپی، ئەوقافی خستە ژێر سەرپەرشتی خۆیەوە و ئەوقافە بچوکەکانی ھەڵوەشاندەوە و کردی بە یەکێک لە موڵکەکانی سوڵتان، و یەکەم ئامار بۆ زەوییە کشتوکاڵییە عوسمانییەکان کران لە سەردەمی نوێدا، و چاکسازی کرا لە تۆڕەکانی گەیاندن، و ڕێگەی نوێ دروستکران و ھەروەھا ڕۆژنامەی فەڕمی دەوڵەت دانرا.

سەردەمی سوڵتان مەحموودی دووەم چالاکی بیناسازی کارا بوو، و شوینە کۆنەکان نوێکرانەوە کە پێشتر پشت گوێ خرابوونن ساڵی ١٨٢٥ مزگەوتی نەسڕ دروستکرا لە ئیستەنبوڵ و مزگەوتی ئایا سۆفیا و زۆر لە مزگەوتەکانی تری پایتەخت نوێکرانەوە.

مردن[دەستکاری]

سوڵتان مەحموودی دووەم جیا دەکرێتەوە بە ئاڕاستەکردنی ڕۆژئاوایی دەوڵەت، ھیلاک بوو بە شەڕی ڕووسەوە، و شەڕ لەگەڵ محەممەد عەلی والی میسر سەرقاڵی کردبوو کە ئەیویست وڵاتی شام بخاتە سەر ویلایەتەکەی لە میسر، و جەزائیر کەوتە ژێر داگیرکاری فەڕەنساوە ساڵی ١٨٣٠.

سوڵتا نەخۆش کەوت و پاش ماوەیەک کۆچی دوایی کرد لە ٢ی تەممووزی ١٨٣٩ و سوڵتان عەبدول مەجید جێگەی گرتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Mahmud II | Ottoman sultan". Encyclopedia Britannica (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-05-08.
  • بزوتنەوەی چاکسازی عوسمانی – محەممەد عەبدول لەتیف بەحراوی
  • میژووی دەوڵەتی عوسمانی – محەممەد زەید بەگ
  • میژووی دەوڵەتی عوسمانی – عەلی حەسوون
  • دەوڵەتی عوسمانی - محەممەد حەرب.