قازی محەممەد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
قازی محه‌ممه‌د

لەدایکبوون (١٨٩٣-0٥-0١) ١ی ئایاری ١٨٩٣
مەرگ٣١ی ئازاری ١٩٤٧(١٩٤٧-٠٣-٣١) (٥٣ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگلەسێدارەدان
شوێنی گۆڕمەھاباد
نیشتەجێیکوردستان
نەتەوەکورد
ناوەکانی ترپێشەوا
پیشەدادوەر (قازی)
کارسەرۆکی کۆماری کوردستان
وادە١١ مانگ
حیزبی سیاسیکۆمەڵەی ژێکاف، حیزبی دێموکراتی کوردستان
بەرامبەر(ەکان)شانشینی پەھلەوی
ئایینئیسلام (سوننە)
ھاوسەرمینا ئەسکەندەری
مناڵ(ەکان)عیفەت، عەلی،[١] پەروین، فەوزیە، مونیر، سوھەیلا[٢] و مریەم[٣]
باوان(ەکان)قازی عەلی (باوک)
گەوھەرتاج خانم (دایک)

قازی محەممەد ناسراو بە پێشەوا (١ی ئایاری ١٨٩٣ – ٣١ی ئازاری ١٩٤٧)[٤] سیاسەتوان، دادوەرێکی کورد و سەرۆکی کۆماری کوردستان بوو. ئەو یەکێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ناوچەی موکریان بوو کە لە ساڵی ١٩٤٦، بە ھاوکاری چەند کەسێکی دیکە ده‌وڵه‌تی کۆماری كوردستانیان لە شاری مەھاباد دامەزراند. دوای ڕووخانی کۆمار لە ساڵی ١٩٤٧، قازی لەگەڵ برا و ئامۆزاکەی لەلایەن حکوومەتی پەھلەوییەوە لە مەیدانی چوارچرای مەھاباد لە سێدارە دران.

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

وێنەی قازی محەممەد بە گەنجی و بە جلوبەرگی کوردییەوە.

قازی محەممەد، کوڕی قازی عەلی، لە بنەماڵەیەک لەدایکبووە کە ناوبانگی لە شاری مەھاباد بۆ چوار سەدە پێشتر دەگەڕێتەوە. ئەوان نەک تەنیا لەلای خەڵک بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حکوومەتیش جێگەی ڕێز و پێزانین بوون. ھەر بە بنەماڵە زانا و ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر بوون. لە جەنگی یەکەمی جیھانیدا پیاوی وەک میرزا فەتاحی قازییان لە بەرەنگاریی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسەکان لێ شەھید بوو، کوڕە لاوەکانیشی (سالار و محەممەد) بە دیل گیران و بۆ شوێنە دوورەکانی ڕووسیای ئەو کات بەڕێ کران و تا شۆڕشی تشرینی یەکەم ھەر لە دیلیدا بوون.

قازی عەلی باوکی، لە ١٩٣٠ لە مەھاباد ڕێکخراوێکی کوردی بە ناوی بزووتنەوەی محەممەد پێک ھێنا. ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەممەد خیابانی لە تەورێز پەیوەندی ھەبوو، تا ساڵی ١٩٣٤یش کە مرد لەسەر ئەو کارە بەردەوام بووە.

قازی عەلی، دوو کوڕی ھەبووە، یەکێکیان ئەبوالقاسم قازی (ناسراو بە سەدری قازی) بووە کە دوو دەورە لەلایەن خەڵکەوە کراوەتە نوێنەری پەرلەمان و جێی بڕوا و کاریگەرێتی تایبەتی ھەبووە. دوای تەواوبوونی کاری پەرلەمان لەسەر ڕاسپاردەی باوکی، بۆ ڕاپەڕاندنی کارە سیاسییەکان و یاریدانی خەڵک ھەر لە تاران مابووەوە.

قازی محەممەدیش کە ساڵی ١٨٩٣ی زایینی لەو بنەماڵەدا لەدایکبووە. قازی محەممەد لە منداڵی و لاویدا زۆر خولیای زانست و فێربوونی زمانە بیانییەکان بووە و جگە لە کوردی، عەرەبی و فارسی، لەگەڵ زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی و ئێسپێرانتۆ و تا ڕادەیەکیش ڕووسی ئاشنایەتی کردووە. قازی محەممەد زۆری حەز بە تێکەڵاوی لەگەڵ کەسایەتییە گەورەکان، کوردانی نیشتمانپەروەر و سەرۆک عەشیرەتەکان ھەبووە.

دەستپێکی فەرھەنگی[دەستکاری]

دوای مردنی باوکی، بوو بە دادوەر (قازی)ی شار. لەبەر ئارەزووی خۆی بۆ کاری فەرھەنگی و بردنە سەرەوەی زانیاری خەڵک، لە ساڵەکانی بەر لە ١٩٤١ و دوای ئەوەش بەرپرسایەتی دایەرەی فەرھەنگ و ئەوقافی شاری مەھابادی بە ئەستۆوە گرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرھەنگی کردوە و لە کاتی بەرپرسایەتیی ئەودا، یەکەم قوتابخانەی کچان لە مەھاباد کراوەتەوە. ھەر لەبەر ئەوە لەگەڵ زۆرێک لە خوێندکاران، ڕۆشنبیران و مامۆستایان پەیوەندی نزیکی بووە.

لە چەند ساڵ ماوەی نابەسامانی دەوڵەتی ئێران، واتە لە ساڵانی١٩٤١ تا١٩٤٦ کە کۆماری کوردستان پێکھاتووە، بەڕێوبەرایەتی ئەو لە پێشبردنی کاروبارەکاندا و بەتایبەتی لە چارەسەریی کێشە عەشیرەیییەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاو بووە. زۆر لە گرفتەکانی کاری ڕۆژانەی خەڵک لە دیوانی ئەودا کە مەحکەمەیان دادگایان پێدەوت، چارەسەر بووە.

قازی محەممەد ڕێزی تایبەتی بۆ دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ.ک) ھەبووە. زۆر لە دامەزرێنەرانی ژ.ک ڕاوێژیان لەگەڵ کردووە و زۆریان خۆش ویستوە و گەلێک ھەوڵیان لەگەڵ داوە تا ببێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە.

قازی لە ڕوانگەی نوێنەرانی بیانیشەوە کە ئەوکات ئێرانیان لەنێو خۆیان دا دابەش کردبوو، ڕێزی تایبەتی ھەبووە. ھەر کەس چووەتە مەھاباد تێکۆشاوە بەر لە ھەموو کەس چاوی بە ئەو بکەوێت. بانگ کرانی بۆ یەکێتیی سۆڤیەت ھەر لەم پەیوەندییەدا بووە، کە لەگەڵ شاندێکی گەورە سەردانی باکۆیان کردووە.

کەسایەتی قازی[دەستکاری]

قازی محەممەد و مستەفا بارزانی

قازی محەممەد مرۆڤێکی فەرھەنگ دۆست، خۆش بەیان، ئەدەب و ھونەر دۆست، ئەھلی ڕاوێژ و لە ھەمان کاتدا خەباتگەرێکی نیشتمانپەروەر و گەل خۆشەویست بوو. لەگەڵ ھەموو چین و توێژێک ھەڵسوکەوتی ھەبوو و لە کاتی پێویستدا لە ھەست و ھێزیان کەڵکی وەر دەگرت.

وەک ئەوەی لە وەسیەتەکەیدا ھاتوو، قازی محەممەد برایەتی و یەکگرتوویی کوردی پێ گەورەترین ھۆی سەرکەوتن بوو. ھەربۆیە لە زۆربەی وتارەکانی کە لە ڕۆژنامەی کوردستان، ئەوکات چاپ کراون لەسەر بابەتی یەکێتی و برایەتی دواوە و مەرجی سەرکەوتن و کۆڵەکەی ڕاگرتنی کۆمار و ھۆی سەرکەوتن بەسەر دوژمنانیدا زانیوە.

ھەرچەند دەیزانی دوژمنەکانی کورد ڕاست ناکەن بەڵام لە وتووێژدا زۆر بە ڕاشکاوی ڕای دەگەیاند کورد حەز دەکات لە ڕێگای ئاشتییەوە بە مافی خۆی بگا، بەڵام ئەگەر وا نەبێ ئەوەی بۆی بکرێ دەیکات.

لە پێش کۆماردا جاربەجارە لە ڕۆژنامەی کوردستان بە ناوی پێشەوا باسی لێوە دەکرا، لە دوای دامەزرانی کۆمار بە شێوەی فەرمی نازناوی پێشەوای پێبەخشراو و ئەو ناوە تا ئێستاش لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی خەڵکیدا ھەر باوە.

ژیانی ڕامیاری و کۆمار[دەستکاری]

قازی محەممەد لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی سەربازی.
قازی محەممەد لە کاتی دامەزراندنی کۆماری مەھاباد لە ساڵی ١٩٤٦.

قازی محەممەد کە بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژ. ک و ناوی نھێنی بینایی بۆ دانرا، ھیوایەکی زیاتری بۆ بەرپرسان و خەڵک پێک ھێنا. لە ئاکامی تێگەیشتنی بە وەخت و ئازایەتی ڕامیاری ئەو و بە قەناعەت گەیشتنی بەرپرسانی کۆمەڵەدا بوو کە ژ. ک بوو بە حیزبی دیموکراتی کوردستان و وەک پارتێکی دیموکرات و پێشکەوتوو دەستی کرد بە تێکۆشان و خەباتی ڕامیاری. قازی لەبەر ڕێزی تایبەتی کە بۆ ژ. کی ھەبوو، بناغەی دامەزرانی پارتی دیموکراتیشی ھەر بە ٢٥ی گەلاوێژ، ڕۆژی دامەزرانی ژ. ک دانا و ھەر بۆیەش سەرنجی زۆربەی نزیک بە تەواوی بەرپرسانی بۆ تێکۆشان لە نێو پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕاکێشا. پارتەکە زۆر بە خێرایی پەلوپۆی سەند و تێکۆشانی لە ھەموو ناوچەی ئازادی کوردستان دا پەرەی سەند. قەیرانی بە زۆر لکاندنی کوردستان بە ئازەربایجانەوە چارەسەر کرد و ناچاری کردن حیسابی جیاواز بۆ کوردستان بکەن. لە یەکەم کۆنگرەدا، لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ (٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی کۆچیی ھەتاوی) بە بەشداریی نوێنەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆکی عەشیرەت و نوێنەرانی ھەموو چین و توێژەکانی کوردستان پێکھاتنی یەکەم کۆماری کوردستان ڕاگەیەندرا.

لە ماوەی دەسەڵاتداری کۆماری کوردستان ئەوەی پێویست بوو زۆر بە ڕاشکاوی بە شای ئێران و ئەحمەد قەوام (سەرۆک وەزیرانی کاتی ئێران) ڕاگەیاندووە، قامکی لەسەر پێگه‌ی ئه‌وان بەرامبەر بە نه‌ته‌وه‌ی کورد داناوە. بە ئاشکرا پێی گوتوون ناتانەوێ پرسی کوردستان چارەسەر بکەن.

ڕووخانی کۆمار[دەستکاری]

دوای وتووێژی زۆر، تاران و کۆماری کوردستان بە خاڵێکی ھاوبەش نەگەشتن و گرفتەکان چارەسەر نەکران. ھەر بۆیە بەشوێن ماوەیەک ھەڕەشە، و بە دوای وەر گرتنی ھێندێ بەڵێن بۆ یارمەتیدان لە ڕووخاندنی کۆماری كوردستان لەلایەن بڕێک سەرۆک عەشیرەتەکان، تەنانەت چەن کەس لەوانەی دەگەڵ قازی سەفەری باکۆیان کردبوو، تاران لە پێشدا ھێرش دەکاتە تەورێز بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئازەربایجان و پاشان ھێرش دەکاتە سەر کوردستان.

وێنەی قازی محەممەد لەگەڵ چەند وەزیر و کاربەدەستێکی کۆماری مەھاباد لە ساڵی ١٩٤٧.

ئەرتەشی ئێران کە قورسترین ئامێری شەریان چەن تانکی کۆن و قۆڕازە بوو، ڕۆژی ٢٠ سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٥ی ھەتاوی (١٩٤٦ی زایینی) گەیشتە دەرۆی شاری تەورێز و ڕۆژی ٢١بە ھەڵاتنی سەرۆکانی کۆمار بۆ سۆڤیەت کۆماری ئازەربایجان ڕووخا و ئەرتەش شاری تەورێزی داگیر کرد. دوای ئەوە ئەرتەش لەوێڕا بەرەو مەھاباد ڕێ کەوت. لەو ئەو ناوچانەی دیکە لە باشووری مەھاباددا کە خۆیان بە بەشی کۆمار دەزانی و دەسەڵاتی تارانیان بە حکوومەتی ناوەندی نادەزانی، واتە لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، مەریوان ھەتا نزیکی سەقز، لە چەن مانگ پێش ئەوە، ھێزیان ئامادە کردبوو؛ بەڵام دوای تەورێز ئەرتەش ھێزی نوێی لە ڕێگای قەزوین بۆ سەقز نارد کە لە ٢٠ی سەرماوەز گەیشتنە سەقز و لە ڕێگەی بۆکان بە یارمەتی ھێندێ لە کوردەکانی سەربە حکوومەتی شا، ڕێگەی مەھابادیان گرتە بەر. قازی وەک سەرۆک کۆمار دەستوور دەدات ھەتا دەکرێ لە شەڕ خۆ بپارێزن چون ماڵوێرانی پێوەیە. ئەگەرچی لە پێناوی وڵات ھەمووان تێدەکۆشن بەڵام بەھۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاکێشی ھێزەکانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەن ڕۆژ کوردستان داگیر دەکرێ. ئەگەر چی ئەو ڕەخنە لە قازی، وەک سەرۆک کۆمار و جێی متمانەی جەماوەر دەگیرێت کە بۆ ئەوندە پشتی بە یارمەتی سۆڤیەت بەستبوو کە بە دەستکێشانی لە پاڵپشتی کۆمار ئاوەھا بە خێرایی کۆمار تێدا چوو؛ بەڵام لەوەدەچێ گەورەترین ھۆی ڕووخانی کۆمار یەکنەبوونی ھەوموو دەستەکان ببێت، تا ئەو ڕادەیە کە ھێندێ ھەتا سۆڤیەت کوردستانی چۆڵ کرد، نامەیان نارد بۆ تاران کە وەرن، ئێستە کاتی ھێرشە. بە ئاگادار بوون لە داھاتووی کۆمار مەلا مستەفا ھەوڵی دا کە قازی دەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە، بۆ پاراستنی گیانی، بەڵام قازی بەوە ڕازی نەبوو، پێی وا بوو دەبێ لەسەر بەڵێنی خۆی بمێنێتەوە. قازی دەزانێ کە بە زوویی کۆمار دەڕووخێت؛ لە نێوان شەر یان خۆبەدەستەوە دان، وەک بەرپرسیارێکی گیانی خەڵک، بۆ بەرگری لە کوشتن و وێرانکردن، وەک قارەمانێکی نەتەوەیی خۆ بەدەستەوە دەدات. ھەڵبەت سەبارەت بەوە، ڕەخنەدەگرن کە ئایا ئەگەر قازی دەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەکەی؟ بەڵام لە کاتی ماڵاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای کوردستان دەسپێرێ بە مەلا مستەفا و وەک جوابی ئەو پرسیارە دەڵێ: «من خۆم فیدای خەڵکی دەکەم و ھیچ کات وەک پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناکەم تا وڵاتەکەم لە خوێن دا شەڵاڵ بێو ھەزاران کەس بە کوشت بچن.»

ئەرتەش ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەز دەگاتە مەھاباد وەک پایەتەختی كوردستان و وەک ئەو شارەی ده‌وڵه‌تی كوردستانی تێدایە، کاتێ زیاتری بۆ دادەنێن. ئەگەرچی ھەر لە پێشدا ھەم قازی بۆخۆی و ھەمووان دەیانزانی سزای قازی و ھەڵسووکەوتی حکوومەت دەگەڵ وی چۆن دەبێ، بەڵام دادگایەک ڕێ دەخرێت و تێیدا قازی و ئەندامانی کۆمار بە چەن تاوانی سەرەکی دادگایی دەکرێن.

ئەگەرچی ھەردوو ده‌وڵه‌تی کوردستان و ئازەربایجان لەسەر پاڵپشتی سۆڤیەت دامەزرێندران، بەڵام کۆماری کوردستان ڕاسته‌قینە ئارەزووی جەماوەری کورد بوو. سۆڤیەت بۆ سوودی خۆی دەستی لە پاڵپشتی کێشاوە و دەسەڵاتی تاران ھەردوو ده‌وڵه‌تی تازه‌دامه‌زراوی كوردستان و ئازەربایجانی ڕووخاند. درێژەی کۆماری كوردستان ١١ مانگ بوو.

دادگاییکردنی قازی[دەستکاری]

٦ی ڕێبەندانی ھەمان ساڵ (١٣٢٥ھەتاوی- ١٩٤٧زایینی) لێژنەی تایبەت کە لە تارانەوە ھاتبوون بە سەرۆکایەتی سەرھەنگ ڕەزا دەگەنە مەھاباد و دادگا ڕێدەخەن. پرسیارەکانی دادگا ڕوون نەبوون. لەلایەن قازییەکانەوە (قازی محەممەد، سەدر قازی، سەیف قازی) ھەموو تاوانەکان ڕەد کرایەوە و داوای بەڵگەیان دەکرد. ئاشکرا بوو کە ئەو دادگا ھیچ بەڵگەیەکی بە دەستەوە نەبوو.
تاوانەکانی قازی ئەمانە بوون:

قازی ھەموو ڕەد دەکاتەوە و لە وەڵام دا دەڵێ ئاڵایەکم داناوە بەڵام نە وەک ئەوەی ئەوان دەڵێن وەک ئاڵای سۆڤیەت. سەبارەت بە مستەفا بارزانی، ئەو بۆ خۆی ھاتووەتە مەھاباد و کەس نەیھێناوە، ئەو کوردە و کوردستان ماڵی ھەموو کوردێکە و ھەر کوردێک بە ئارەزووی خۆی لەسەر ھەر بستە خاکی کوردستاندا دەتوانێ بژی.

یەکێک لە تاوانەکانی سەرەکی سەدر قازی جێگری سەرۆک کۆمار و برای قازی محەممەد نووسینی شێعرێکی گەرم بۆ بەخێرھاتن وتن بە مەلا مستەفا بارزانی بوو.

دادگاکە بە دانی بڕیار لە سێدارە دانی ھەر سێ تاوانبارەکە کۆتایی ھات؛ بەڵام ئەمە کۆتایی کارەکە نەبوو. قازییەکان لە بەندیخانە کران بۆ ماوەی سێ مانگ. دیسان بە ھەمان شێوە دادگای پێداچوونەوە بەڕێوە چوو، ئەگەر چی ھەمووان لەسەر ئەو بڕوا بوون کە بە تاوانبار ناسینی قازی ھەر لە پێشدا وەک ئامانجی دادگاکان لە تارانەوە نیشان کرابوو.

پێشەوا و ھاوڕێیانی ئەوەندەی لە ماوەی یازدە مانگی کۆماردا ھەوڵیاندا، ھەر ئەوەندەش لەو دادگا بوو، لە خۆبردوویی و ئازایەتییان لە خۆیان نیشان داوە.

لەگەڵ ھەموو ئازاری دەروونی و ئەو ژیانە تاڵەی کە لە بەندیخانەی پادگانی مەھاباددا بۆیان پێک ھاتبوو، نە تەنیا بڕوایان بە ئامانجەکانیان، لاواز نەببوو بەڵکو زۆر ئەرخەیانتر و بە ورەتر ببوون.

لە چاوپێکەوتنێکی نھێنیدا کە لەگەڵ یەک دوو مرۆڤی جێی باوەڕی خۆیان بوویانە، گوتوویانە:

ئێمەیان فریودا، با نەتەوەی کورد فریو نەخوا و خەباتی خۆی بۆ ڕزگاری و سەربەستی درێژە بدات و چەک دانەنێ.

ھەروەھا گوتبوویان:

کە زۆریان زەخت خستووینەتە سەر تا نامەیەک بۆ مەلا مستەفا بنووسین کە دەست ھەڵبگرێ. بەڵام ئێمە نەتەنیا شتی وا نانووسین بەڵکوو پێمانوایە ئەوەی بۆی دەکرێ دەبێ دەگەڵ ئەو ناپیاوانە بیکا.

ئازایەتییان لە دادگاکاندا بە ڕادەیەک بووە کە ئەفسەرەکان سەریان سووڕماوە. لە ڕاستیدا ئەو دادگایە ئەمریکا و ئینگلیزیشی لە پشت بوو. ھەرچەند جگە لە کاربەدەستانی خۆیان کەسی نامۆی لێ نەبووە، بەڵام ھەر لە ڕێگای ئەوانەوە زۆر شت بڵاو بووەتەوە کە پێویستە بیزانین.

پێشەوا ھەر جارێک لەو دوو جارە کە بە ناو دادگایی کراوە زیاتر لە چوار کاتژمێر قسەی کردوە و بە وتەی سەروان شەریفی کە پارێزەری بووە: ئەوە قازی محەممەد بووە کە حکوومەتی دادگایی کردوە و لە ھەموو بوارێکەوە ھێناوییەتە ژێر پرسیار.

ڕۆژنامەی ئازادی کە لەو سەردەمدا لە بەغدا بە زمانی کوردی دەردەچوو، سەبارەت بە پشتگیریی ئەمریکا و ئینگلیز لەو دادگایییە نوسیبووی: ئیستێعماری ئینگلیس و ئەمریکا لە وجوودی قازی محەممەد و ھاوڕێکانیدا دوژمنی ھەرە سەرسەختی خۆیان دەدی. ھیوایان ھەبوو بتوانن بە چۆکیان دابێنن و لە بەندیخانەش نوێنەرەکانیان چوون دەگەڵیان دوان تا بتوانن بۆ لای خۆیانیان ڕابکێشن، بەڵام ھیچ کات سەرکەوتوو نەبوون.

دواتر ڕۆژنامەی ئازەربایجان لە باکۆ نوسیبووی قازی محەممەد بە نوێنەری ئەمریکا (جورج ئالێن)ی گوتبوو: گەلی کورد چاوەڕوانی ھیچ چاکەیەکی لە وڵاتانی ئیستێعماری نییە.

نەجەفقولی پسیان وتەکانی پێشەوا لە دادگادا لە چەند ڕستەدا کورت دەکاتەوە و دەنووسێ: لە کاتی دادگاییدا قازی محەممەد پەلاماری دەبردە سەر سیاسەت و ئاکاری دەوڵەتی ئێڕان و دەیگوت: "من لە قوژبنی گرتووخانەوە دەنگی خۆم بەرز دەکەمەوە لە دژی دەوڵەتی تاران و سەرۆکەکانی و دەڵێم تاوانبار ئێوەن نەک ئێمە. ئێوە وڵاتتان لێ داگیرکردووین

ڕۆژنامەنووسێکی دیکە بە نێوی سلیمان. خ لە نووسراوەکانیدا دەڵێ، قازی گوتی:

تەواوی ئەم بەسەرھات و ڕووداوانە ئاکامی سیاسەتی داگیرکەرانەی دەوڵەتە. ئەگەر دەوڵەت تەواوی کوردان بە خائین دەزانێ با دەست لەو مەڵبەندە ھەڵبگرێ، ئەگەر بە نیشتمانپەروەریشیان دەزانێ با لێ بگەڕێ خۆیان کاروباری خۆیان بگرنە دەست.

لە بەڵگە و ڕۆژنامەکانی یەکێتیی سۆڤیەت زۆر شت لەم بابەتانە نووسراون. لە زمان ئەفسەرە ئێرانییکانەوە دەگێڕنەوە کە قازی لە جوابی ئەوەی کە کۆماری مەھاباد دەستنیشانی یەکێتیی سۆڤیەت بووە گوتویە:

ئەو ڕووداوانە لە ئاکامی ئەوەی دابوون کە ئێوە خۆتان قانوونی بنەڕەتیتان لەژێر پێ ناوە. ئێستاش من تەنیا خۆم دامەزرێنەری دێمۆکراسی لە کوردستانم و ھیچ ھێزێکی بێگانە منی ھان نەداوە. بێبەشی کورد منی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کارانە ھان داوە.

کاتێک سەرۆکی دادگا بە خەیانەت تاوانباریان دەکا لە وەڵام دا دەڵێ: ئێرە ماڵی منە، خاکی کوردستان خاکی باب و باپیر و ئەجدادی منە چۆن دەتوانم دەستی لێ ھەڵگرم.
دادگایی یەکەم لە ١٩ی مانگی کانوونی دووەم دەستی پێکرد و چەند ڕۆژی خایاند و حوکمی ئیعدامی قازییەکانی دا. دادگایی دووھەم لە ٢٨ی ئازاری ١٩٤٧ (واتە ٧ی خاکەلێوە) دەستی پێکرد و ڕۆژی ٣٠ی مارس کۆتایی پێھات.

پەتی سێدارە[دەستکاری]

لە بەرەبەیانی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی ھەتاوی(٣١ی ئازاری ١٩٤٧) پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی (ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدر قازی (برای پێشەوا) بە دوای حوکم دران لە دوو دادگای نایاسایی و فەرمایشیدا بەدەستی دووژمنانی گەلی کورد لە چوارچرای شاری مەھاباد، واتە ھەر لەو شوێنەی کە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ھەتاوی (٢٢ مانگی کانوونى دووەمی ١٩٤٦) کۆماری کوردستان لێی ڕاگەیەندرابوو، لە سێدارەدران و شەھیدکران.

ھەڵسوکەوتی قازی کاتی لە سێدارەدران کە ڕۆژنامەنووسێکی دەرباری شا دەیانگێڕێتەوە وەک چیرۆک و ئەفسانەی لێھاتووە. قازی لە پێشدا داوا دەکات کە تیربارانی بکەن چونکە لە سێدارەدان ئایینی نییە، بەڵام ڕێگەی پێنادەن. پاشان وەسیەتنامەیەک دەنووسێت کە جێگەی سەرنجە لە باری کۆمەڵایەتیەوە و لە باری ڕامیاریەوە. قازی ئەو مردنەی بە سەرکەوتن دەزانی و ھەر بۆیە بە ٧ ھەنگاو ڕێگەی بۆلای سێدارەکە پێوا. لە پای سێدارە ڕێگەی نەدا چاوی ببەستن و دەڵێت:

حەز دەکەم لە ئاخرین چرکەی ژیانیشم دا بە سەربەرزی و چاوی کراوەوە لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم.

ڕوو لە خوێنمژانی گەل دەڵێ: ئێوە قازی محەممەدێک دەکوژن، بەڵام بزانن لە ھەر تنوکە خوێنێکی من، قازی محەممەدێکی دیکە شین دەبێتەوە. داوا لە گەلی کورد دەکەم خەباتی خۆی لەپێناو ڕزگاریی کوردستان دا پەک نەخات، باوەڕ بە دەوڵەتی خۆفرۆشی تاران مەکەن. بژی کورد و کوردستان.

تەرمی ئەو شەھیدانە ھەر ئەو ڕۆژە لەسەر شان و پیلی خەڵکی بە شرەفی مەھاباد لە گۆڕستانی مەلا جامی بە خاکی نیشتمانەکەیان سپێردران. شوێنی گۆڕەکەیان ئێستاش لەژێر چاودێریدایە.

دەرئەنجامەکانی لەسێدارەدان[دەستکاری]

لە ١١ی ئایاری ١٩٤٧ (١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦)، خۆپیشاندانێکی توندوتیژانە لە خوڕەماوە، ناوەندی لوڕستان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ئێعدامەکانی شاری مەھاباد بەڕێوەچوو.[٥] لەو ڕۆژە کە محەممەد ڕەزا شای پەھلەوی لەگەڵ حوسێن فەردووست فەرماندەی ھێزی زەمینیی ده‌وڵه‌تی ئێران بەرەو مەھاباد چوون، ئەوان ئاگاداریان کردبووەوە کە خەڵکی دەڤەری مۆکریان (مەھاباد و ناوچەکان) لێی ناڕەحەتن. لە مەھاباد و دەوروبەری، ھیچکەس و تەنانەت فەرمانداری تایبەتی مەھابادیش نەھات بۆ پێشوازی.[٦]

وەسیەتنامەی قازی محەممەد[دەستکاری]

قازی محەممەد لە وەسیەتنامەکەی لە گەلی کورد داوا دەکات متمانە بە غەیری خۆی نەکات و ھەر بە تەنیا پشت بە یەکتر ببەستێن و بەرژەوەندیی گشتی نەکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی تاکەکەسی. ئەو دەڵێت من بەرپرسیاریەتییەکی گەورەم قەبوول کردبوو و بۆ ئەوەیە کە لە ژێری حوکمی سێدارەدام و بە خاتری لەسێدارەدرانم میننەتێک لەسەر کەسێک ناکەم. ھەروەھا لە کوردەکان داوا دەکات ڕێگری لە خوێندنی منداڵانیان نەکەن و دەڵێت ڕەمزی پێگەیشتوویی و سەرکەوتنی کورد لە خۆیندەواریدایە.[٧]

لە وێژە و ھونەردا[دەستکاری]

لە کارە ھونەرییەکانێکی جۆراوجۆر ناوی قازی محەممەد و ژیان و چالاکییەکانی ھاتووە. ناسر ڕەزازی گۆرانیبێژی کورد لە گۆرانییەک بە ناوی ئافەرین قازی محەممەد ئافەرین خوێندووە کە لە نێویدا لە ئەو وەکوو پێشەوای کورد ناو دەبات کە ناوی کوردی لە جیھان زیندوو کردووەتەوە.[٨]

لاری کرماشانی، نووسەری کوردی خەڵکی کرماشان لە کۆتایییەکانی ژیانیدا خەریکی نووسینی ڕۆمانێک بە ناوی تەنیاییی سەرۆک کۆمار بوو کە بەھۆی ئەوەی کۆچی دواییی کرد، ڕۆمانەکە ناتەواو مایەوە.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "تەرمی عەلی قازی لە گۆڕستانی كەلار بە خاك دەسپێردرێت". www.gksat.tv. Retrieved 2022-07-18.
  2. ^ سوهەیلا قازی محەمەد کۆچی دوایی کرد. jinhaagency.
  3. ^ "تەرمی مریەم قازی کچی پێشەوا قازی محەممەد لە کەلار بەخاکسپێردرا". rudaw. ٢٠٢٠-٠٤-٠١.
  4. ^ ژیان و خەباتی پێشەوا، قازی محەممەد
  5. ^ جویدە، وادی. ۱۳۹۰[=٢٠١١]. جمھوری مھاباد، لە سیاست کردھا در خاورمیانە، نووسینی نادر ئینتسار، وەرگێڕانی عیرفان قانعیفەرد، تاران: علم، چاپی یەکەم: ۱۳۹۰[=٢٠١١]، پ ۳٥۸؛ و ھەروەھا لە کۆواری گفتگو، ژمارەی ٥٣، گەلاوێژی ۱۳۸۸[=٢٠٠٩].
  6. ^ خاطرات ارتشبد حسین فردوست. انتشارات اطلاعات. 1369. p. 152.
  7. ^ ڕووداو: وەسیەتنامەی قازی محەممەد بۆ گەلی کورد (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٣١ی ئازاری ٢٠١٨؛ سەردان لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.
  8. ^ ڕۆژپڕێس: ئافەرین قازی موحەممەد ئافەرین/ ناسر ڕەزازی (بە سۆرانی)؛ سەردان لە ٨ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۱.

کتێبناسی[دەستکاری]

  • دەقی دادگاییکردنی پێشەوا قازی محەممەد و سەدر و سەیفی قازی، ئامادەکردنی بەدرەدین ساڵح، وەرگێڕاوی بەڵگەکانی نووسراوە سەروان کەیومەرس ساڵح، ھەولێر، ٢٠٠١.

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]