عەبدولڕەحمان قاسملوو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
عەبدولڕەحمان قاسملوو
لەدایکبوون٢٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٣٠
 کوردستان، ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ورمێ
مەرگ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩(١٩٨٩-07-١٣) (٥٨ ساڵ ژیاوە)
 نەمسا ڤییەن
ھۆکاری مەرگتیرۆر
شوێنی گۆڕکۆڵانی ٣٤، گۆڕستانی پێر لاشێز، پاریس
نەتەوەکورد
ناوەکانی ترپێخەمبەری ئاشتی
پەروەردەدوکتورا
پیشەسکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
زانای بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی
ساڵانی چالاکی١٩٧١ تا ١٩٨٩
سەرناوسکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
زانای بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی
پێشووپێشەوا قازی
جێگردوکتۆر سادق شەرەفکەندی
حیزبی سیاسیحیزبی توودەی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بەرانبەر(ەکان)حکوومەتی ناوەندیی ئێران
ئایینئازاد،سکولار
ھاوسەرنەسرین قاسملوو(Helen Krulich) -  Czechoslovakia
منداڵەکانمینا قاسملوو(١٩٥٣)
ھیوا قاسملوو (١٩٥٥)
قاسملوو لە چیای قەندیل

عەبدولڕەحمان قاسملوو (لەدایکبووی ٢٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٣٠ لە ورمێ – مردووی ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩ لە ڤیێنا) زانیارێکی بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و خەباتکەر، پێشمەرگە و سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ساڵانی ١٣٥٠ ھەتا ١٣٦٨. لە شاری ورمێ لە دایک بوو و لە شاری ڤییەن تیرۆر کرا. دوکتور قاسملوو کاتێ دەگەڵ چەند ھاوڕێی، ئامادەی وتووێژ سەبارەت بە ئاشتی نێوان کورد و ئێران بوون، لە شاری ڤییەنی وڵاتی ئۆتریش، بە دست نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر کرا.

پووختەیەک لە ژیانی[دەستکاری]

عەبدولرەحمان قاسملوو لە شەو زستان (شەوی یەلدا) ی ساڵی ١٣٠٩ی ھەتاوی ڕێکەوتی ٢٢ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٠ زایینی‌دا لە شاری ورمێ لە بنەماڵەیەکی خاوەن مڵکی دەست ڕۆیشتوودا لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی، پێشان لە ورمێ‌و دوایە لە تاران تەواوکرد.

ھێشتا زۆر منداڵ بوو کە لەگەڵ مەسەلە سیاسی‌یەکان ئاشنا بووو بیرو باوەڕی ئازادیخوازانە لە مێشکی‌دا جووڵا. بۆ خۆی لەم بارەیەوە لە کتێبی "چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی‌"دا پاش باسی سەفەری ٣٠ کەس لە کوردەکان بۆ باکۆ لەسەر بانگھێشتنی سۆڤیەت، دەنووسێ: "ھەر چەند ئەو کاتە من تەمەنم یازدە ساڵ بوو، بەڵام وەک زۆر منداڵی ئەو سەردەمە سیاسەت سەرنجی ڕاکێشا بووم".

بابم یەکێک لە ئەندامانی ئەو ھەیئەتە بوو. زۆر باشم لە بیرە کە لە باکۆ ھاتەوە چەندین تاقەندی لەگەڵ خۆی ھێنابوو، تاپڕێکی باشیشی پێ بوو. وادیارە سۆڤیەتییەکان قەند و تفەنگ و شتی دیکەیان بە دیاری دابوو بە ھەموو ئەندامانی ھەیئەت. قەند بە تایبەتی زۆر بە نرخ بوو، چونکە ئەو کاتە لە ئێران زۆر کەم و گران بوو. من ئەو کارەم زۆر پێ سەیر بوو، چونکە لە ماڵی ئێمە براکانم و ئامۆزاکانم کە لە من گەورەتر بوون، باسی ئەوەیان دەکرد کەبابم لەگەڵ چەند کەسی دیکە چوون بۆ باکۆ حەق و ئازادیی کوردان داوا بکەن. بۆیە ڕاست‌و ڕەوان لە بابم پرسی: ئەدی مافی کوردان چی لـێ ھات؟[١]

عەبدولرەحمان قاسملوو ساڵی ١٣٢٤ تێکۆشانی سیاسیی خۆی بە دامەزراندنی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات لە شاری ورمێ دەست پی کرد. ساڵی ١٣٢٥ کۆماری کوردستان لە مەھاباد ڕووخا. بە دوای ئەو دا ئەویش بۆ خوێندن چووە تاران. ساڵی ١٣٢٧ بۆ درێژە پێدانی خوێندن چوو بۆ پاریس پایتەختی فەرانسە. گەیشتنی بە پاریس ھاوکات بوو لەگەڵ تەقە کردن لە شا لە زانکۆی تاران (٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٧) کە بوو بەھۆی لە نێو چوونی ئازادییە دێموکراتییەکان لە سەرانسەری ئێران‌دا. بەو بۆنەیەوە کۆبوونەوەیەکی بەرینی خوێندکارە ئێرانی‌یەکان لە پاریس پێک ھات کە لەوێ دا قاسملوو بە درێژی لە دژی شاو ڕێژیمەکەی قسەی کرد لە ئاکام دا خوێندکاران پەیامێکی ناڕەزاییان بۆ محەممەدڕەزا پەھلەوی نارد. ئەم کارە بوو بەھۆی فشاری باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس، تەنانەت حکوومەتی فەڕەنسا بۆسەر قاسملوو. سەرئەنجام ناچار بوو پاریس بە جێ بھێڵی و وەک یەکەم بوورسیەی ئێرانیی «یەکێتیی نێونەتەوەیی خوێندکاران» چوو بۆ پڕاگ پێتەختی چێکۆسلۆڤاکیا. ھەر لەو ماوەیەدا کە لە فەڕەنسا بوو، بە ھاوکاریی چەند خوێندکاری دیکەی کورد «کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا» یان دامەزراند.

لەو ماوەیەدا کە لە پڕاگ خەریکی خوێندن بوو لە تێکۆشانی یەکێتیی نێونەتەوەیی خوێندکارانیش‌دا بەشدار بوو. ساڵی ١٣٣٠ بە نوێنەرایەتیی خوێندکارانی ئێران لە دووھەم کۆبوونەوەی ئەم ڕێکخراوەدا کە لە شاری پڕاگ گیرا، بەشدار بوو. ھەر لەو ماوەیەدا وەک نوێنەری ئێران لە زۆر کۆبوونەوەو کۆنفرانسی فیدراسیۆنی جیھانیی لاوان دا لە شاری بوداپێست پێتەختی مەجارستان بەشدار بوو.

ساڵی ١٣٤١ (١٩٦٢) قاسملوو لەزانستگەی پڕاگ دوکتورای زانستی ئابووریی وەرگرت و ھەتا ساڵی ١٣٤٩(١٩٧٠) لە زانستگەی پڕاگ دەرسی ئابووریی سەرمایەداری و ئابووریی سۆسیالیستی و تیئۆریی ھەڵدانی ئابووری‌ ی گوتەوە. لەو ماوەیەدا دوکتور قاسملوو چەندین کتێب و نامیلکەی لەسەر گیرو گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان نووسی کە لە ھەموویان بە ناوبانگتر کتێبی کوردستان‌و کورد. ئەم کتێبە لە جێدا بە زمانی چێکی نووسراوە، تا ئێستا بە زمانەکانی:ئینگلیزی سلۆڤاکی، پۆڵەندی، عەرەبی و کوردی و فارسی و ھیندی وچەند بەشیشی بە فەڕەنسی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

دوکتور قاسملوو زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی، عەرەبی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، چێکۆ ـ سلۆڤاکی، ڕووسی بە باشی دەزانی‌و بە زۆر زمانی دیکەش وەک ئەڵمانی و زمانەکانی سڵاڤ تا ڕادەیەک ئاشنا بوو.

ساڵی ١٣٤٩ پاش دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازار و ڕێککەوتنی نێوان ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان و دەوڵەتی ئەو وڵاتە ئیمکانی تێکۆشانی سیاسی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانزیاتر بوو. لەو کاتەدا دوکتور قاسملوو لە ئەورووپا گەڕایەوەو بە ھاوکاریی چەند کەس لە یارانی نیزیکی ئەرکی زیندوو کردنەوەی ڕێکخراوەکانی حیزبی دێموکراتی بەئەستۆ گرت. لە کۆنفرانسی سێھەمی حیزب‌دا کە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٠ گیرا، دوکتور قاسملوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشان بە سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ھەڵبژێردراو لەو کاتەوە لە ھەموو کۆنگرەکانی حیزبی دا وەک سکرتێری گشتی ھەڵ بژێرایەوە. بەم جۆرە بۆ ماوەی ھەژدە ساڵ وەک ڕێبەرێکی کارزان‌و شارەزا لە پلەی یەکەمی مەسئوولییەت‌دا کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە یەکێک لە سەختترین قۆناخەکانی خەباتی ئەم حیزبەدا بەڕێوەبرد.

دوکتور قاسملوو ڕۆژی (٢٢ی پووشپەڕی ساڵی١٣٦٨، ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩) لە کاتێک دا بۆ دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەری ئاشتیخوازانەی کێشەی کورد لە ئێران دا لەگەڵ چەند نوێنەری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڤییەن لەسەر مێزی وتووێژ دانیشتبوو لەگەڵ عبداللە قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە ئەورووپا بە دەستی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وتووێژی ئاشتی، شەھید کرا. ھەر لەو تیرۆرە دا دوکتور فازل رەسووڵ، ھاوڵاتی باشووری کوردستان شەھید بوو.

سەرەتای خەباتی سیاسی[دەستکاری]

عەبدولڕەحمان قاسملوو ساڵی ١٣٢٤ تێکۆشانی سیاسی خۆی بە دامەزراندنی یەکێەتی لاوانی دێموکرات لە شاری ورمێ دەست پی کرد. ساڵی ١٣٢٥، کۆماری کوردستان لە مەھاباد ڕووخا. بە دوای ئەو دا ئەویش بۆ خوێندن چووە تاران. ساڵی ١٣٢٧ بۆ درێژە پێدانی خوێندن چوو بۆ پاریس پایتەختی فەڕەنسا. گەیشتنی بە پاریس ھاوکات بوو لەگەڵ تەقە کردن لە شای ئێران لە زانکۆی تاران (٢٥ی رێبەندانی ١٣٢٧) کە بوو بەھۆی لە نێو چوونی ئازادییە دێموکراتییەکان لە سەرانسەری ئێراندا. بەو بۆنەیەوە کۆبوونەوەیەکی بەرینی خوێندکارە ئێرانییەکان لە پاریس پێک ھات، لەوێدا عەبدولڕەحمان قاسملوو بە درێژی لە دژی شا و ڕێژیمەکەی قسەی کرد لە ئاکام دا خوێندکاران پەیامێکی ناڕەزاییان بۆ محەممەدڕەزا پەھلەوی نارد. ئەم کارە بوو بەھۆی فشاری باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس، تەنانەت حکوومەتی فەڕەنسا بۆسەر قاسملوو. لەئەنجامدا ناچار بوو پاریس بە جێبھێڵی و وەک یەکەم بوورسیەی ئێرانی یەکێتیی نێونەتەوەیی خوێندکاران چوو بۆ پڕاگ پێتەختی چێکۆسلۆڤاکیا. ھەر لەو ماوەیەدا کە لە فەڕەنسا بوو، بە ھاوکاری چەند خوێندکاری دیکەی کورد، کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا یان دامەزراند.

لەو ماوەیەدا کە لە پڕاگ خەریکی خوێندن بوو لە تێکۆشانی یەکێتیی نێونەتەوەیی خوێندکارانیشدا بەشدار بوو. ساڵی ١٣٣٠ ھەتاوی بە نوێنەرایەتی خوێندکارانی ئێران لە دووھەم کۆبوونەوەی ئەم ڕێکخراوەدا کە لە شاری پڕاگ گیرا، بەشدار بوو. ھەر لەو ماوەیەدا وەک نوێنەری ئێران لە زۆر کۆبوونەوە و کۆنفرانسی فیدراسیۆنی جیھانی لاوان دا لە شاری بوداپێست پێتەختی مەجارستان بەشدار بوو.

خەباتی سیاسی[دەستکاری]

ساڵی ١٣٣١ ھەتاوی لە سەردەمی حکوومەتی میللی دکتۆر محەممەد موسەددیقدا عەبدولڕەحمان قاسملوو پاش ئەوەی لە زانکۆی پڕاگ لیسانسی زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەرگرت گەڕایەوە ئێران. ئەو کاتە لە نێوان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی توودەی ئێراندا یەکێتی تەشکیلاتی ھەبوو. قاسملوو پاش شەش مانگ تێکۆشان لە تاران ھاتەوە مەھاباد و لەوێ بەرپرسایەتی کاری حیزبی دیموکراتی گرتە ئەستۆ.

پاش کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ ناچار بوو بە تەواوی خۆی بشارێتەوە و بە نھێنی لە تاران و لە کوردستان خەریکی کاری حیزبی بێ. لەو ماوەیەدا عەبدولڕەحمان قاسملوو سەرپەرستی ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی بە ئەستۆوە بوو کە تەنیا پێنج ژمارەی بە نھێنی لـێ دەرچوو. ھەر لەو ماوەیەش دا بوو کە کۆمیتەیەکی سەرانسەری بۆ کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەرپرسایەتی ئەو پێک ھات.

عەبدولڕەحمان قاسملوو پاش پێنج ساڵ تێکۆشانی سیاسی لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان، ساڵی ١٣٣٦ جارێکی دیکە چۆوە چێکۆسلۆڤاکیا، ساڵی ١٣٣٧ (١٩٥٨) پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئەیلوول و بووژانەوەی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان قاسملوو لەگەڵ چەند ئەندامی بەرپرسی دیکەی حیزبی ھەوڵیان دا لە ڕێگای عێراقەوە ڕێکخراوەکانی حیزبی زیندوو بکەنەوە. بەڵام بەھۆی کارشکێنی ھێندێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان (باشوور) لەو کارەدا سەرنەکەوتن. ساڵی ١٣٣٩ عەبدولڕەحمان قاسملوو بە دەستووری دەوڵەتی عێراق لەو ولاتە دەرکراو گەڕایەوە بۆ پڕاگ.

فیلیپ بولانژێ، پڕۆفیسۆری فەڕانسی دەڵێ: «عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکڕات، ئەگەر ئاکادیمیسییەنێکی ناسراو بوو، نە تەنیا بابەت و وتاری ئاکادیمی دەنووسین: ئەو بە ڕاستی مرۆڤێکی یەکجار زۆر بەکردەوە بوو، واتە نەتەنیا ڕێبەرێکی سیاسی دور لە مانۆڕدان و بەرپرسێکی بە ئەزموونی حیزب بوو، بەڵکوو سەرۆکێکی چریکییش بوو کە دەنگی کەڵاشینکۆڤ نەیدەترساند. ئەو شایانی ستایشە چونکە ھیچکات بنەمای ئەخلاقی خۆی نەفرۆشت و کواڵێتییەکانی ئەخلاق بەرزی بە ھاوچەرخەکانی خۆی نیشان دا.»[٢]

تیرۆر[دەستکاری]

لە ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩، یەکێک لە سامناکترین ڕووداوەکانی مێژووی کورد لە ڤییەنی پایتەختی نەمسا دوکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری ئازەر و فازیل ڕەسوڵ مەحموود لەسەر مێزی وتووێژ لەگە ڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کران. دوکتور قاسملوو لەکاتێکدا تێرۆر کرا کە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی ئاشتییانە بۆ مەسەلەی کورد لە ئێران و بۆ وەدەستەھێنانی مافە سیاسی و ئینسانییەکانی گەلی کورد چووبووە ئەم دیدارە. سەرەڕای بەڵگە حاشاھەڵنەگرەکانی کاتی تێرۆرە کە دەوڵەتی نەمسا ڕێگای بە پۆلیس و دەزگای قەزایی خۆی نەدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان بە ئەنجام بگەیەنن؛ لە ئاکامدا ئەم تاوانە کەم وێنەیە کە لە نێو دڵی وڵاتێکی دیموکراتیکی ئەورووپا دا ئەنجام درابوو بێ سزا مایەوە و دۆخە یاسایییەکەی ھیچ کات چارە نەکرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]