پارتی کرێکارانی کوردستان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
پارتی کرێکارانی کوردستان
پەکەکە
Partiya Karkerên Kurdistan (PKK)
ناوی ئینگلیزی Kurdistan Workers' Party
سەرکردە موراد قەرەیلان، جەمیل بایک، بەسێ هۆزات و هەروەها عەبدولڵا ئۆجەلان ئێستاش لە ژوورەکەی خۆی لە زیندانەوە ڕێنمایی پارتەکە دەکات.
لیژنەی جێبەجێکاری هەمیشەیی کوردی شکاکی، کوردی باکور
وتەبێژ ئەحمەد دێنیز[١]
دامەزرێنەر عەبدولڵا ئۆجەلان و چوار کەسی دیکە
دروشم ئازادی بۆ ئۆجەلان، ئاشتی بۆ کوردستان
دامەزراندن ۱۹۷٨
شوێنگەی سەرەکی چیای قەندیل، هەرێمی کوردستان[٢]
باڵی سەربازی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)
ئایدۆلۆژیا کوردایەتی
سۆشیالیزمی دیموکراتی
کۆنفیدراڵیزم
کۆمۆنیزم
مارکسیزم-لینینیزم(پێشتر)
ماویزم(پێشتر)
شوێنی سیاسی ئەوپەڕی چەپ
ئایین عەلمانی
ئینتیمای نێودەوڵەتی کۆما جڤاکێن کوردستان
ماڵپەر
www.PKKonline.net
www.hezenparastin.com
وێنەیەکی عەبدووڵڵا ئۆجەلان له چیای زینی، باشوری کوردستان، ئەم وێنەیه به پارچه کاشی درووست کراوه

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پارتێکی کوردی باکوری کوردستانە لە ٢٧ی سەرماوەرزی ١٦٧٨ی کوردی (١٩٧٨) وەک پارتێکی مارکسی-لینینی دامەزرا. بە بەشداربوونی ٢٣ ئەندام کۆنگرەی دامەزراندنی پەکەکە پێکھێنرا. ناوی پەکەکە لە لایەن فەرھاد کورتاییەوە پێشنیار کرا. لە سەرەتاوە بە کاری سیاسی دەستی پێ کرد بەڵام لە ساڵی ١٩٨٤ بە ناچاری بووە ڕێکخراوێکی چەکداری، لەبەر ئەو ھەموو ئێش و ئازار و چەوساندنەوەیەی دەوڵەتی تورکیا دەرحەق بە گەلی کوردستانی لە باکووری کوردستان ئەنجامداوە لە ماوەی ٩٠ ساڵی ڕابردوودا. ئایدۆلۆجیای پەکەکە لەسەر بنەما شۆڕشگێڕییەکانی مارکسیزم - لینینیزم و نەتەوەخوازیی کوردی دامەزرێنرا. ئامانجی پەکەکە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی سۆشیالیستی بوو لە کوردستان، ئەو ناوچەیەی کەوتۆتە باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا، باکووری ڕۆژھەڵاتی ێێراق، باکووری ڕۆژھەڵاتی سوریا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران، کە تیایدا کوردەکان ڕێژەی سەرەکی دانیشتوان پێک دەھێنن. ئەم ئامانجە ئێستا نوێ کراوەتەوە بەوەی داوای مافی کلتوری و سیاسی بۆ کوردەکانی ناو دەوڵەتی تورکیا دەکەن. پەکەکە پشتیوانییەکی بەربڵاو، بەڵام نەک جیھانی، ھەیە لە نێوان کوردەکانی تورکیا و لایەنگرییەکی سنووردار لە لایەن کوردی پارچەکانی تر. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە لایەن چەند دەوڵەت و ڕێکخراوێکەوە بە تیرۆریست ناسێنرا، لەوانە ئەمریکا و ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا بەڵام دوایی ھاتنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا یەکێتیی ئەوڕووپا ناوی پەکەکەی گۆڕی لە لایەنێکی تیرۆریست بۆ چالاکوانان بەڵام ئەمریکا و ناتۆ ھەڵوێستی خۆیان نەگۆڕیوە. لە ساڵی ٢٠٠٧دا بە یەکێک لە ١٢ ڕێکخراویە تیرۆریستییە چالاکەکان ناسێنرا بەپێی بەشی دژە تیرۆر و چالاکییەکانی سەر بە فەرمانگەی گشتی ئاسایش (پۆلیسی تورکیا). سەرچاوە تورکییەکان پەکەکە بە ڕێکخراوێکی جوداییخوازی قەومی ناودەبەن کە تیرۆریزم دژی خەڵکی شارستانی و ئامانجە سەربازییەکان بەکاردێنن بۆ گەیشتن بە مەرامە سیاسییەکان.ھێزە چەکدارەکانی تورکیا نزیکەی ٨٠٠٠ دێی کوردستانیان خاپوور کرد و بەمەش نزیکەی ٣ - ٤ ملیۆن کورد ئاوارەبوون.لە ١٩٨٤ەوە کە پەکەکە خەباتی چەکداری دەست پێکردووە، زیاد لە ٣٧٠٠٠ کەس کوژراون.

سەرچاوە دارایییەکان[دەستکاری]

بودجەی ساڵانەی پەکەکە بە ١٥٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت. سەرچاوەی داھاتەکە بە کورتی خۆی لە کۆمەکە داراییەکانی دەوڵەمەندە کوردەکانی باکووری کوردستان دەبینێتەوە ھەروەھا یارمەتی کوردی پارچەکانی تر، ھەروەھا لە ڕێگەی بڵاوکراوە و بازرگانی ڕێپێدراوەوە کە پەکەکە. هەروەها،پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ناوخۆی تورکیاو لە وڵاتانی ئەوروپا چەندین سەرچاوەی داهاتییان هەیە وەک کۆمپانیای بچووک و گەورە کە لەلایەن ئەندامان ولایەنگرانی ئەو پارتەوە بەڕێوە دەچێ وداهاتەکانیان بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەچێتە خزمەت پارتی کرێکارانی کوردستان.

درووست بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK[دەستکاری]

پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) ساڵی ١٩٨٧ لە گوندێکى باکوورى کوردستان یەکەم کۆنگرەى خۆى بەست و بوونى خۆى بە شێوەى ئاشکرا و فەرمى ڕاگەیاند. پەکەکە لە ڕۆژى ٢٧/١١/١٩٧٨ لە گوندى فیسى سەر بە قەزاى لیجە لە پارێزگاى ئامەد لە باکورى کوردستان یەکەم کۆنگرەى خۆى بە بەشداریى ٢٣ کەس بەست و سەرهەڵدانى خۆى ڕاگەیاند. دانانى ناوى پەکەکە بۆ ئەو حزبە تازە دامەزراوە لەلایەن ئەندامێکى کۆنگرەى یەکەمى پەکەکە بە ناوى فەرهاد کورتاى پێشنیاز کراوە و لەو کۆنگرەیەدا پەسەندکرا. پێش دامەزراندنى پەکەکە، ئەندامان و لایەنگرەکانى ئەو حزبە، بەناوى ئاپۆچییەوە کارو چالاکییان بەڕێوە دەبرد. یەکەم دەستەى ئەو کەسانەى پێیان دەوترا ئاپۆچى لە ساڵى ١٩٧٤ دا لە ئەنقەرەى پایتەختى تورکیا وەک گروپێکى فیکرى و ئایدۆلۆژى بە سەرۆکایەتیى عەبدوڵا ئۆجەلان دەستیان بەکار کرد. لە ساڵى ١٩٧٧دا ئەو گروپە سەرەتاییەى پەکەکە بڕیاریدا بۆ درێژەدان بەکارو چالاکییەکانى بگەڕێتەوە بۆ باکوورى کوردستان. ساڵێک لە دواى گەڕانەوەیان بۆ باکوروى کوردستان بە بەشداریى ٢٣ کەس یەکەم کۆنگرەیان بەست، لەو کۆنگرەیەدا حەوت کەس بۆ دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە هەڵبژێردران. دەرکەوتنى ئاپۆچییەکان و پەکەکە لە باکوورى کوردستان لەلایەن بەشێک لەو عەشیرەتە چەکدارانەوە، کە حکومەتى تورکیا پشتیوانیى لێدەکردن دژایەتى دەکرا. ئەوەش بووە هۆى ئەوەی یەکەم پێکدادانە سەربازییەکانى پەکەکە لەناوچەى حیلوان - سیڤەرەک لە پارێزگاى ڕحا (ئورفا) لە نێوان ئاپۆچییەکان و چەکدارە عەشیرەییەکاندا ڕووبدات. ئەو دۆخە بەردەوام بوو تاوەکو کودەتاى سەربازیى ١٢ ئەیلولى ١٩٨٠ بەسەرۆکایەتیى کەنعان ئەڤرەن، لەلایەن جەنەڕاڵەکانى سوپاى تورکیاوە بەڕێوەچوو. لە دواى ئەو کودەتایە ئەندامانى پەکەکە وەک زۆربەى گروپ و دەستەکانى دیکە لە باکورى کوردستان و تورکیا کەوتنەبەر شاڵاى ڕاونان و گرتن و کوشتن. هەڵمەتى ڕاوەدونان و کوشتنى ئەندامانى پەکەکە بووە هۆى ئەوەی لە کۆتایى ساڵی ١٩٨١دا بەشێک لە ئەندامانى پەکەکە بەرەو لوبنان بڕۆن. لوبنان لەو کاتەدا ناوەندێک بوو بۆ کۆبوونەوەى گروپە شۆڕشگێڕەکانى سەرتاسەرى جیهان. ئەندامانى پەکەکە بە سەرۆکایەتیى عەبدوڵا ئۆجەلان لە لوبنان پەیوەندییان بە گروپە شۆڕشگێڕەکانى ئەو سەردەمەوە کرد و لەلایەن کەسانى وەک نایف حەواتمە، جۆرج حەبەش و بەگشتى بزووتنەوەى ڕزگاریى فەلەستینەوەوە هاوکارى کران.

پەکەکە لە ساڵى ١٩٨٢ دا دووەمین کۆنگرەى خۆى لە لوبنان بەڕێوەبرد و لەو کۆنگرەیەدا بڕیاردرا لەسەر گەڕانەوەى گروپە ڕاهێنراوەکانى پەکەکە بۆ باکورى کوردستان و ئامادەکارى بۆ دەستپێکردنى شەڕى چەکداریی درا. ئەو گروپە ڕاهێنراوانەى پەکەکە لە دواى گەڕانەوەیان بۆ باکورى کوردستان پردى پەیوەندییان لە نێوان باکور و لوبناندا دروستکرد و پۆل پۆل کەسان و لایەنگرانى خۆیان دەنارد بۆ ڕاهێنان بۆ لوبنان. بەهۆى گەورەبوونەوەى ئەو کار و چالاکییەکانى پەکەکە سوپاى تورکیا هەڵمەتێکى لە دژى ئەندامان و لایەنگرانى پەکەکە دەستپێکرد. لەو هەڵمەتانەى سوپاى تورکیادا ژمارەیەکى زۆر لە ئەندامان و لایەنگران و کادێرە پێشکەوتووەکانى پەکەکە دەستگیرکران، یان کوژران. ئەو سەرکردە و کادیرە دیارانەى پەکەکە لەلایەن سوپاى تورکیا و دەستگیرکران بریتی بوون لە مەزڵوم دۆغان، حەقى قەرار، محەمەد خەیرى دورمش، کەمال پیر و عەلى چیچەک. مەزڵوم دۆغان لە دواى دەستگیرکردنى لە زینداندا بە بۆنەى نەورۆزەوە ئاگرى لە جەستەى خۆى بەردا و نەریتى یادکردنەوەى نەورۆزى لە دۆخە سەخت و ئەستەمەکاندا چەسپاند. هەر یەک لەو ئەندامانى دیکەى پەکەکە مانگرتنیان تا مردنیان بەڕێوە برد و بەهۆى مانگرتنەوە گیانیان لە دەستدا. باردۆخى خۆڕاگریى ئەندامان و کادیرانى پەکەکە کاردانەوەى بەرچاوى لە ناو کۆمەڵگەى کوردستاندا دروستکرد. ئەوەش بووە هۆى ئەوە لە دەرەوەى زیندانیش کاروچالاکییەکانى پەکەکە ڕوو لە زیادبوون بکات و سەربارى ئەوەى زۆربەى کادیرە سەرەکییەکانی پەکەکە دەستیگرکرابوون، ژمارەى ئەندامانى ئەو حزبە ڕووى لە زیادبوون کرد. لە دواى ئەو پێشهاتانە پەکەکە لە ساڵى ١٩٨٤ هێزى ڕزگاریى کوردستان (هەرەکە)ى دامەزراند و لە ١٥ى ئابى ١٩٨٤دا شەڕى چەکدارى بەشێوەى فەرمى و بە سەرۆکایەتیى مەعسوم کۆرکوماز (عەگید) لە دژى سوپا و حکومەتى تورکیا لە ناوچەکانى ئەڕوح شەمزینان دەستپێکرد. لە ساڵى ١٩٨٦ و لە ڕۆژى ٢٨ى ئازارى ئەو ساڵەدا و لە دواى چەند پێکدادانى قورس دامەزرێنەى هێزى ڕزگاریى کوردستان، عەگید لە چیاى گابار گیانى لە دەستدا. عەگید خەڵکى فارقینى ئامەد بوو و لە دایکبووى ١٩٥٦ بوو.

پەکەکە لە ساڵى ١٩٨٦ لە سێیەمین کۆنگرەیدا بڕیایدا هێزى ڕزگاریى کوردستان بکات بە ئارتەشى ڕزگاریى گەلى کوردستان (ئەرگەکە). هەروەها ئەکادیمیاى سەربازیى مەعسوم کورکوماز (عەگید)ى دامەزراند. لە ساڵانى ١٩٩٠ى ڕابردوودا زنجیرەیەک ڕاپەڕین بە پێشەوایەتیی پەکەکە زۆربەى شار و شارۆچکە و ناوچەکانى باکورى کوردستانى گرتووە و ئەوەش بووە هۆى ئەوە پەکەکە زیاتر لەوەى کە چاوەڕوان دەکرا هێزى خۆى لە ناو خەڵکدا نیشان بدات.

پەکەکە لە ساڵى ١٩٩٠ جگە لە لوبنان چەند بنکەیەکى لە ناوچەکانى شام لە سووریا کردەوە. عەبدوڵا ئۆجەلانیش لە لوبنانەوە بەرەو شام گەڕایەوە و بە بەردەوامى سەردانى ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستانى دەکرد. لە دواى هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست لە نێوان پەکەکە و حکومەتى تورکیا بۆ ئەوەى کێشەى کورد بە شێوەى ئاشتییانە چارەسەر بێت. لە ڕۆژى ١٩ى ئازارى ١٩٩٣ عەبدوڵا ئۆجەلان بە ئامادەبوونى جەلال تاڵەبانى سکرتێرى گشتیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە بوقاعى لوبنان کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنووسیى بەڕێوەبرد و لەلایەن پەکەکەوە ئاگربەست ڕاگەیاندرا. بەپێى گفتوگۆکان بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست و چارەسەرکردنى کێشەکى کورد بە شێوەى ئاشتییانە بەهێزترین پێشنیاز، پێشنیازى دامەزراندنى تورکیاى فیدراتیڤ بوو. تورگوت ئۆزال هەشتەمین سەرۆک کۆمارى تورکیا لە چەند لێدوانێکدا باسى فیدراسیۆنى نێوان کورد و تورکى کردبوو. لە دواى ئەوەى بەشێوەى گوماناوى تورگوت ئۆزال لە ١٧ى نیسانى ١٩٩٣ کوژرا. ئاگربەستى نێوان پەکەکە و حکومەتى تورکیاش کۆتایى پێهات. لە دواى ئەوەى جەنگ لە نێوان سوپاى تورکیا و پەکەکە زیاتر لە جاران چڕبوویەوە دیسانەوە هەوڵەکان بۆ ڕاگەیاندنى ئاگربەست دەستیان پێکردەوە و لەو چوارچێوەیەدا پەکەکە لە ساڵى ١٩٩٥ دا ئاگربەست و لە ڕۆژى ئاشتیى جیهانى لە ساڵى ١٩٩٦ ئاگربەستێکى دیکەى ڕاگەیاند، بەڵام بەهۆى هەوڵى "تیرۆرکردنى" عەبدوڵا ئۆجەلان لە ڕێگەى ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراوەوە، ئاگربەستەکەى ١٩٩٦ کۆتایى پێهات. بەهۆى گوشارەکانى تورکیاوە حکومەتى سووریا داواى لە عەبدوڵا ئۆجەلان کرد خاکى ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت و لە نۆى تشرینى یەکەمى ١٩٩٨ دا ئۆجەلان سووریاى بەجێهێشت.

ئۆجەلان لە یەکەم گەشتیدا ڕووى لە ڕووسیا کرد و سەربارى ئەوەى دۆماى ئەو وڵاتە بە کۆى دەنگ مافى پەنابەریى سیاسیى بە ئۆجەلان بەخشى، بەڵام حکومەتى ڕووسیا مانەوەى ئۆجەلانى لە خاکەکەیدا قبوڵ نەکرد. ڕووسیا لەبەرامبەر ئەوەدا کە ڕێگرى لە مانەوەى ئۆجەلان بکات لەلایەن سندوقى دراوى نێودەوڵەتییەوە قەرزێکى ١٠ ملیار دۆلاریى پێدرا و تورکیاش پشتیوانییەکانى خۆى بۆ چەکدارەکانى چیچان بڕى، کە ئەو کات چەکدارەکانى چیچان بەسەرۆکایەتیى جەوهەر دۆدایف و ئەسلان مەسخادۆف و شامیل باسایفەوە ڕووسیایان ڕووبەڕووى قەیرانێکى گەورە کردبووە. لە دواى ئەوە ئۆجەلان سەردانى هەر یەک لە وڵاتانى یۆنان و ئیتالیاى کرد. هەروەها هەوڵیدا بڕواتە ئەڵمانیا کە لەلایەن حکومەتى ئەڵمانیاوە ڕیگرى لێکرا. هەوڵێکى دیکەى ئۆجەلان ڕۆیشتن بوو بۆ هۆڵەندا تاوەکو لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى دۆز لە بارەى کێشەى کوردەوە بکرێتەوە و ئەو کێشەیە بەشێوەیەکى نێودەوڵەتیى کۆتایى پێبهێنرێت. بریتا بۆلەر یەکێک لە پارێزەرە هۆڵەندییەکانى ئۆجەلان، کە هاوکات ئەندامى دەستەى تیمێکى پارێزەرى نێودەوڵەتى بوو لە کتێى "گەشتە بێ ئاکامەکانى سەرکردەیەکدا" نووسیویەتى، کاتێک ئۆجەلان هەوڵیدا خۆى بگەیەنێتە هۆڵەندا حکومەتى ئەمێستردام ئامادە باشى ڕاگەیاند و ڕێگاى لە نیشتنەوەى فڕۆکەکەى ئۆجەلان گرت لە فڕۆکە خانەکانى ئەو وڵاتەدا. لەسەر داواى یۆنان و بۆ هێوربونەوەى دۆخەکە، داواکرا ئۆجەلان یۆنان بەرەوە کینیا لە ئەفریقا بەجێبهێڵێت. لەو کاتەدا پلانى ڕۆیشتنیش بۆ ئەفریقاى باشوور بۆلاى ماندێلا بەهۆى ڕەزامەندى نیشان نەدانى حکومەتى ئەفریقاى باشوورەوە شکستى هێنا.

کاتێک ئۆجەلان لە باڵیۆزخانەى یۆنان لە شارى نایرۆبیى پایتەختى کینیا بوو، بڕیارى ئەوە درابوو ئۆجەلان بگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا و یەکێک لە پلانەکانیش ئەوە بووە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام کاتێک لە بیناى باڵیۆزخانەى یۆنانەوە بەرەو فڕۆکە خانەى نایرۆبى بەڕێدەکەون لەلایەن ژمارەیەک لە تیمى تایبەتەوە هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلەکەى ئۆجەلان و دەستگیریان کردووە و لە ١٥ى شوباتى ١٩٩٩ دا ئۆجەلان فڕێندرا بۆ تورکیا. بەپێى بەشێک لەسەرچاوە میدیاییەکان سەرۆکى ئەو کاتى کینیا لەبەرامبەر وەرگرتنى پێنج ملیۆن دۆلاردا ئامادەبووە ڕێگا بە فڕاندنەکەى ئۆجەلان بدرێت. هەروەها بەشێک لە میدیاکان ئەوەیان بڵاوکردبووە کە وتەبێژى کۆشکى سپى بەناوى سێندى برگرەوە سەرپەرشتیى ئۆپراسیۆنى چاودێرکردن و دەستگیرکردنى ئۆجەلانى بەڕێوە بردووە. ئەو زانیارییە بەشێوەى فەرمى لەلایەن ئەمریکاوە پشتڕاست نەکراونەتەوە. لەو کاتەدا ئۆجەلان فڕیندرا، پەکەکە سەرقاڵى بەڕێوەبردنى شەشەمین کۆنگرەى خۆى بوو. لە دواى ڕفاندنى ئۆجەلان پەکەکە حەوتەمین کۆنگرەى خۆى بەشێوەى نائاسایى بەڕێوە برد. پەکەکە تاوەکو ئێستا ١١ جار کۆنگرەى بەڕێوە بردووە و نۆ جار ئاگربەستى یەکلایەنەى ڕاگەیاندووە. پەکەکە سێ جار لۆگۆى خۆى گۆڕیوە. پەکەکە لە دواى عەبدوڵا ئۆجەلانەوە لەلایەن کەسانى وەک موردا قەرەیلان و جەمیل بایکەوە سەرۆکایەتیى کراوە. سووپاى تورکیا لە ماوەى جەنگ لە دژى پەکەکەدا زیاتر لە چوار هەزار گوندى باکوورى کوردستانى تێکدا. بەهۆى ئەو جەنگەوە زیاتر لە ٢٥ هەزار ئەندام و لایەنگرى پەکەکە و هاووڵاتیى کورد شەهید کراون وە زیاتر لە.٢٠ هەزار هێزی سەربازی وە ئەندامانی میتی تورکیە کوژراون.

لە ماوەى جەنگى نێوان پەکەکە و سوپاى تورکیا لەلایەن حکومەتى تورکیاوە ١٧ هەزار مامۆستا، ئەندازیار، خوێندکار، گوندنیش، پارێزەر، پزیشک لە شار و گوندەکانى باکوورى کوردستان فڕیندراون و چارەنووسیان نادیارە. ئەگەرى زۆر ئەوەیە ئەو کەسانە لەلایەن هێزەکانى سوپاى تورکیاوە لە دەستەى چەند کەسیدا و بە کۆمەڵ کوژرابن و لە گۆڕى کۆمەڵادا شاردرابنەوە. بەپێى ڕاپۆرتەکانى ڕێکخراوى مافى مرۆڤ (ئیهاد) لە تورکیا، زیاتر لە ٣٠٠ گۆڕى بەکۆمەڵ لە ناوچەکانى باکوورى کوردستاندا هەیە و جگە لەچەند دانەیەکیان نەبێت تاوەکو ئێستا حکومەتى تورکیا ڕێگاى نەداوە گۆڕەکان هەڵبدرێنەوە و دۆسیەکانیان یەکلایى بکرێتەوە.پەکەکە ئێستا لە ژێر چەترى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کار دەکات. شێوەى بەڕێوەبردنى سیستمى هاوسەرۆکایەتییە. ستراتیژیى ئێستاى پەکەکە کۆنفدڕاڵیزمى دیموکراتیکە. بەپێى ئەو ستراتیژیە هەموو گروپ، پێکهاتە، ئایین و نەتەوە جیاوازەکان دەتوانن بەپێى تایبەتمەندییەکانیان خۆیان بەڕێوە ببەن.

بارەگاى سەرەکیى ئێستاى سەرکردایەتى پەکەکە لە زنجیرە چیاکانى قەندیلە و ئەو ناوچانەى لە ژێر دەسەڵاتى پەکەکەدان و لەلایەن پەکەکەوە بە ناوچەکانى پاراستنى میدیا دەناسرێن و ڕووبەرى ئەو ناوچانەش زیاتر لە ٢٠ هەزار کیلۆمەتر چوار گۆشە دەبێت. ئەو ناوچانە ناوچەى شاخاوى و سەختن لە سنوورە هاوبەشەکانى نێوان باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵاتى کوردستاندان.

هەرچەند هێزى سەربازى پەکەکە و ژمارەیان بە تەواوەتى ڕوون نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت پەکەکە زیاتر لە ١٤ هەزار گەریلاى لە شاخدا هەبێت، کە لە چوارچێوەى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە)دا ڕێکخراون. هەپەگە لەلایەن موراد قەرەیلانەوە سەرپەرشتى دەکرێت. لە ناو پەکەکەدا ژنان خاوەنى هێزى تایبەت بە خۆیان و هێزەکانیان بەناوى (یەژە ئا ستار)ە. هەروەها ژنان لە ناو پەکەکە حزبێکیان هەیە بەناوەى پارتى ژنانى ئازادى کوردستان (پاژک). سەرچاوە داراییەکانى پەکەکە بە تەواوەتى ڕوون نین، بەڵام بەرپرسانى پەکەکە و ئەو بەرپرسانەشى کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە باس لەوە دەکەن کە سەرچاوەیى سەرەکیى داراییەکانى پەکەکە هاووڵاتییانى کوردن لە ناوچە جیاواز و جۆراجۆرەکانى کوردستان و ئەوروپا.

تۆڕێکى گەورەى میدیایى وەک ستێرک تیڤى، ئاژانسى هەواڵى فورات، نوچە تیڤى، ئاژانسى هەواڵى دیجلە، کەناڵى ئاى ئێم سى، ڕۆژنامەى ئازادیا وڵات، ڕۆژنامەى یەنى ئوزگور پولوتیکا کارو چالاکییەکانى پەکەکە ڕووماڵ دەکەن. شانبەشانى ئەوانە ئاژانسى هەواڵى هاوار، ڕووناهى تیڤى، نەورۆز تیڤى و چرا تیڤى گرنگى بە بڵاوکردنەوەى کارو چالاکییەکانى پەکەک دەدەن.

ئەو حزبانەش کە بە دۆست و هاوپەیمان و هاوئایدۆلۆژی لەگەڵ پەکەکە دەناسرێن بریتین لە پەیەدە، تەڤگەرى ئازادى، پەژاک، کۆدار و هەدەپە، دەبەپە، کەجەدە، کۆنگرەى گەل، دەتەکە و کەژەئا. هەروەها هێزە سەربازییەکانى یەپەگە، یەبەشە، یەپەژە، یەرەکە بەو هێزە سەربازیانە دەناسرێن، کە هاوستراتیژ و هاوتاکتیکى پەکەکەن.


مێژووی ئاڵای پەکەکە[دەستکاری]

یەکەم ئاڵای پەکەکە لەنێو ساڵانی (١٩٧٨ تا ١٩٩٥)
دووەم ئاڵای پەکەکە لەنێوان ساڵانی (١٩٩٥ تا ٢٠٠٢)
ئاڵای پەکەکە لەساڵی (٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٣)
ئاڵای پەکەکە لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥)

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. http://en.aswataliraq.info/%28S%283kxmhantps5hkwnpsg1nfdqr%29%29/Default1.aspx/files/articles/large/files/articles/large/images/Default.aspx?page=article_page&c=slideshow&id=153289
  2. http://www.bbc.co.uk/news/world-europe-22305066