مەسیحییەت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەسیحییەت
یەسووعی مەسیح: کەسایەتیی سەرەکی لە ئایینی مەسیحییەتدا.
ئایین مەسیحییەت
سەرکردە بابا بینیدکتۆسی شازدەھەمی کڵێسای کاتۆلیکی
بەتڕیرک بابا شنۆدەتی سێیەمی کڵێسای قوبتی ئۆرسۆدۆکسی
بەتڕیرک بریتلماوسی یەکەمی بەتریریکییەتی قوستەنتینییەی ڕۆم ئۆرسۆدۆکسی
شاژن ئێلیزابێسی دووەم سەرگەورەی کڵێسای ئەنجلیکانییەت
و ھتد…
شوێنی دەرکەوتن قودس/ئۆرشەلیم، ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمی
درێژبوونەوە ئەمریکای باکوور، ئەمریکای باشوور، ئەورووپا، ئۆقیانووس، ئەفریقای ناوەڕاست و ئەفریقای باشوور، ھەروەھا لە ئاسیادا کەمینە پێک دێنن.
ژمارەی بڕوادارانی ٢٫٥ ملیار
دامەزرێنەر یەسووعی مەسیح
شوێنە پیرۆزەکان کڵێسای بەرزبوونەوە، ئورشەلیم، قودسی ڕۆژھەڵات،  فەلەستین
بڕواگەلی ئایینی ئایینە ئیبراھیمییەکان


مەسیحییەت یان (لە وشەی عەرەبی مەسیح، بەواتای شۆراو بە ڕۆنێکی پیرۆز،[١] بە ئینگلیزیی: Christianity، لە وشەی یۆنانی: Xριστός ،Khristos، یاخود Christ، وێژەیییانە: «کەسێکی پاکبووەوە لە گوناھ») لە کوردەواریدا پێیان دەڵێن (فەلە)، یەکێکە لە ئایینە ئاسمانییەکان، ئایینە ئیبراھیمییەکان و ئایینە یەکتاپەرستییەکان، ڕەگی وشەی مەسیحییەت لە مەسیحەوە ھاتووە، بەواتای کەسی ھەڵبژێردراو یاخود بە ئاو شۆراوە و پاکبووەوە، ئەم ناونانەش دەگەڕێتەوە بۆ مەسیح یاخود یەشوا کە بەپێی بڕوای مەسیحییەت بێت، یەشوا کوڕی خوایە، خودای جەستەگەرە، خودای بەوەفایە و ھتد… لەو جۆرە ناونانانە؛ ئایینی مەسیحییەت لەئێستادا گەورەترین ئایینە و بە پلەی یەکەم دێت و بەدوای ئەویش ئایینی ئیسلامە. [٢] مێژووی دروستبوونی مەسیحییەت دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی ٢٧ی زایین لەڕەگێکی ھاوبەش لەگەڵ ئایینی جوولەکایەتیی، کە تا ئێستا شوێندەستی ئەو ڕەسەنییەتە ھاوبەشە وەک خۆی ماوەتەوە لەڕێگەی بەپیرۆز ڕاگرتنی تەورات و تەناخ لەلایەن مەسیحیییەوە کە ناوی دەبەن بە پەیمانی کۆن کە بەشی یەکەمی پەرتووکی پیرۆز پێک دێنێت لەلای مەسیحییەکان، لەکاتێکدا کە پەیمانی نوێ، بەشی دووەم پێک دێنێت. مەسیحییەکان پێیان وایە کە پێشگوێیەکانی کە پێغەمبەرانی پەیمانی کۆن کردوویانە، لە یەشوادا ڕووی داوە، ئەمەشە ھۆی ڕێزگرتنییان لە تەورات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پەیمانی نوێ باس لە خوێندنەکان و ئامۆژگارییەکان و ژیانی عیسا دەکات، کە کۆی بڕواکانی مەسیحییەت پێک دێنێت.
زۆرترین شوێنکەوتووانی مەسیحییەت لەچەندین ڕێباز، بڕوایان وایە کە یەسووع، مەسیح و کوڕە واتە کەسی دووەمە لە سێ شێوەیی خودا، ھەروەھا ئەو خواوەندێکی تەواوە. ھەروەھا لە مریەمی پاکیزە لەدایکبووە بە شێوەیەکی دەرئاسا. لەماوەی ژیانی زەوییدا، خاوەنی کۆمەڵێک زۆر لە پەرجوو و شتی سەرسوورھێنەر بووە، دواتریش لەخاچدرا و کوژرا بەھۆی کووفر و گوناھەکانی مرۆڤەوە، پاشان دواتری لە مردن ھەڵدەستێتەوە لەڕۆژی سێیەمدا و دەگەڕێتەوە بۆ ئاسمان یەکگرتوو لەگەڵ خودای باوک، بەوجۆرەی کە ڕۆحی لەلای ئاسمانە و لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرزەوی و ئاشتی دەگەڕێنێتەوە و ژیانی نەمری دەدات بە چاکان و پاشان لە بەھەشتدا.
حەوزی خۆرھەڵاتیی دەریای سپی ناوین چەقی قورسایی ئایینی مەسیحییەت بوو لە سەدە سەرەتایییەکاندا و ئورشەلیم، ئەنتاکیا، ئەلرەھا، ئەسکەندەرییە پایتەختی ڕۆشنبیریی مەسیحییەت بوون پێش گواستنەوەی بۆ ڕۆما و قوستەنتینیە و کاریگەرییان لە سەدەکانی ناویندا.
مەسیحییەت زۆری ناڵاند لەسەرەتاکانییەوە بەدەست سەرکوتکردن و کپکردنەکانی ئیمپڕاتۆرییەتیی ڕۆمی بەڵام لەسەدەی چوارەمەوە ئایین زاڵبوو بەسەر ئیمپڕاتۆرییەتدا سوودی لە ڕۆشنبیریی یۆنانی و ڕۆمانی وەرگرت و بەقووڵی کاریگەرییان ھەبوو لەسەری. وەک ھەر ئایینێکی دیکە، لەنێو مەسحییەتدا کۆمەڵێک ھۆز و ڕێباز و کڵێسا سەری ھەڵدا کە پۆلێن دەکرێن بۆ شەش خێزانی گەورە: شەقبوونەکان ھاوکات بوون لە سەدەی چوارەمدا کاتێ کە کڵێساکانی ئۆرسۆدۆکسی ڕۆژھەڵاتی و ئۆرسۆدۆکسی کۆن لەیەک جیابوونەوە، لەپاش ئەو ساڵی ١٠٥٤ شەقبوونی گەورە ڕوویدا لەنێوان کاسۆلۆکییەت و ئۆرسۆدۆکسی ڕۆژھەڵاتی دواتریش پرۆتستانییەت لەماوەی سەدەی شازدەھەمدا کە ناسراوە بە چەرخی چاکسازیی. وەک چۆن کاریگەر بووە، مەسیحییەت کاریگەریشی بەسەر ئایینەکانی ترەوە ھەیە و جێ دەستی زۆر دیاری ھەیە لەسەر شارستانییەتی نوێ و مێژووی مرۆڤایەتی لەچەندین سەدە و چەرخی جیا جیادا.

ڕێژە زیاتر لە ٢.٥۳ ملیار (ئاماری ساڵی ٢٠٢٢)[٣]

ئاماری وڵاتان[ژێدەر پێویستە]
یەکێتیی ئەورووپا ‏ ٣٩۹٬۲٤۰٬٠٠٠
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ‏ ٣٠۱٬۳٦۰٬٠٠٠
بەڕازیل ‏ ٢٠٠٬٠٠٠٬٠٠٠
مەکسیک ‏ ١٢٤٬٠٠٠٬٠٠٠
ڕوسیا ‏ ١٠٥٬٠٠٠٬٠٠٠
نەیجیریا ‏ ٩٦٬٠٠٠٬٠٠٠
فلیپین ‏ ٨٦٬٧٩٠٬٠٠٠
چین ‏ ٦۷٬۳٤۰٬٠٠٠
کۆنگۆ ‏ ٦۳٬۷۳۰٬٠٠٠
ئەڵمانیا ‏ ٥٨٬٠٠٠٬٠٠٠
ئیثیۆپیا ‏ ٥۳٬۲۱۰٬٠٠٠
ئیتاڵیا ‏ ٥١٬٠٠٠٬٠٠٠
بەڕیتانیا ‏ ٤٧٬٠٣٠٬٠٠٠
کۆڵۆمبیا ‏ ٤٢٬٨١٠٬٠٠٠
ئەفریقای باشوور ‏ ٤٠٬٥٦٠٬٠٠٠
فەڕەنسا ‏ ٣٩٬٥٦٠٬٠٠٠
ئوکراینا ‏ ٣٨٬٠٨٠٬٠٠٠
ئیسپانیا ‏ ٣٦٬٢٤٠٬٠٠٠
پۆڵەندا ‏ ٣٦٬٠٩٠٬٠٠٠
ئەرژەنتین ‏ ٣٤٬٤٢٠٬٠٠٠
میسر نزیکەی ۱٠٫٠٠٠٫٠٠٠

دامەزراندن و گەشەکردن[دەستکاری]

یەشوو کریستی مەسیح[دەستکاری]

بەرگێکی کەلەپووریی دێرین لە پەیمانی نوێ بەزمانی ئەرمەنیی: ئینجیل خۆی بەم جۆرە دەناسێنێت کە "ئەو ئایەیانە بۆتان تەرخان کراوە و نێردراوە تاوەکو بڕوا بھێنن بەوەی کە یەشوو، مەسیحە و کوڕی خودایە تاوەکو لەژێر ناوی ئەودا بژین، ئەگەڕ باوەڕدارن. ".(یوحەننا ٣١/٢٠)

ھەرچوار گۆسپلەکەی پەیمانی نوێ بە سەرچاوەی سەرەکی گێراندنەوەی بەسەرھاتی ژیانی یەشوو دادەنرێت، چەند نووسراو و دەقێکی دیکەش ھەن کە ناو دەبرێن بە ئینجلی ھەڵبەستراو یاخود ئینجیلی پشتپێنەبەستراو کە ئەوانیش باس لەژیانی ناوبراو دەکەن، ھەروەھا لە ھەندێک لە نووسراوەکانی وتاربێژە ڕۆمانییەکاندا باسی لێکراوە بە درێژیی، وەک ئەوەی کە لەنووسراوەکانی سیسرۆدا ھاتووە. بەپێی گۆسپلەکان، یەشوو لە بەیتلەحم لەدایک بووە لە سەردەمی حوکمڕانیی ھیرۆدسی گەورەدا و نەتوانراوە وەک خۆی کاتی لەدایکبوونی دیاریی بکرێت، دیارە زۆرینەی لێکۆڵەرەوان وای دیاریی دەکەین کە لەنێوان ساڵانی ٨ بۆ ٤ ی پێش زایین لەدایکبووە. مەتتا و لۆقا کۆکن لەسەر ئەوەی کە یەشوو لە نەوەی یەھوزایە، یەھوزاش خێڵێکی سەرەکی دوازدە خێڵی بەنی ئیسرائیل بوو. ھەروەھا کۆکیشن لەسەر ئەوەی کە بەشێوەی موعجیزە لەدایک بووە بەبێ بوونی ڕەگەزی نێرینە، ئەم ڕووادەوەش لە کڵێسادا بەناوی «لەدایکبوون لە پاکیزە» ناو دەبرێت. لەگەڵ ئەوەی کە لە بەیتلەحم لەدایک بووە، بەڵام زۆرینەی ساڵەکانی ژیانی لە ناسیڕە بەسەر بردووە.

یەشوو لە ژینگەیەکی یەھودیدا گەورە بووە کە چاوەڕێی ھاتنی ماشیحییان دەکرد، پێش دەستپێکردن بە چالاکییەکانی، لەلای یوحەننای بەئاوەشۆر پەروەردە بووە، لەدەوروبەری ساڵی ٢٧دا و کاتێک کە تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو بەنزیکەیی؛ بانگەوازەکەی کە لەسەر دەستی یوحەننا وەرگرتبوو دەست پێکرد کە خەڵکی بانگ دەکرد بۆ تۆببەکردن، بەجۆرێ بوو کە ناوچەی ڕووباری ئەردەنی جێھێشت و بەرەو باکوور ئاراستەی گۆڕی تا وەکوو لە گوندی ناحوم گیرسایەوە، پاشان گوزەری دەکرد بەنێو دێیەکانی جەلیل و باشووری لوبنان و ھەندێک ناوچە لەدەوروبەری جۆلان و باکووری ئەردەن کە بەناوی «دە شار»ەکەوە ناسراوە، ھەروەھا ھەندێک ناوچەی تری وەک خەلیل و ئۆرشەلیم و ھتد… ئامۆژگارییەکانی یەشوو بەگشتی باسی لە وازھێنان لە ھەوەسە جەستەیییەکان و گرنگیدان بە شتە ڕۆحییەکان دەکرد، ناڕەزا بوو بەرامبەر خۆبەزلزانین و لەخۆبایی مرۆڤ و ھەندێ لە قەدەغەکراوەکانی ئاینی یەھوودی چارەسەر کرد و ھەندێکی ترییانی توند تر کرد وەکوو تەڵاقدان، ھەروەھا ڕووناکی خستبووە سەر ڕۆڵی ئیمان لە بەدیھێنانی وەفادا، و گرنگیی خۆشەویستیی و مەحەببەت. ئینجیلەکان، بەشێوەیەکی چڕتر باس لە بەسەرھاتەکان دەکەن، یان بڵێین بەگشتی باس لە ژمارەیەکی زۆر لە سەرسووڕھێنەر و موعجیزەکان دەکەن کە یەشوو خاوەنی بووە:

بەئاگاھێنانەوە لەسەر چیا، بەڕیشەی کارڵ بلوش.

یەشوو بە نموونە ھێنانەوە و چیرۆکە ڕەمزییەکان لەگەڵ خەڵک دەدوا و بیرۆکە ئاڵۆزەکانی بۆ سادە دەکردن، ئینجیلەکان پڕکراون لەو گرتە و ڕووداوانەی کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە لە ژیانیدا، بۆ دروستکردنی سەرچاوەیەکی فێربوون و پەندوەرگرتن بۆ شوێنکەوتوانی؛ بەگشتیش ئەو موعجیزانەی کە چیرۆکەکانیان گێڕدراونەتەوە بە وردیی لە ئینجیلدا، بریتیین لە سی و پێنج موعجیزە، بەڵام ژمارەی نموونەکان و چیرۆکەکان بریتیین لە سی و چوار دانە، لەکاتێکدا ژمارەی بەسەرھات و ڕووداوەکان بریتیین لە دووسەد و پەنجا و پێنج ڕووداو، ئینجیلیش ڕاشکاوانە دەڵێت ئەوانە بەشێکی بچووک و سادەن لە کارەکانی یەشوو چونکە «گەر ھەموو کارەکانی یەک یەک بخرابانایەتە بەردەست، ئەوا دونیا جێگەی کتێبی نەدەگرت»[٤]

یەسووع دوانزدە قوتابی ھەڵبژارد کە ھاوشوێنی بکەن.[٥] بەپێێ باوەڕی مەسیحییەت؛ یەسووع لەوپەڕی چالاکبوونیدا کە ماوەی سێ ساڵ بەردەوام بوو، لەوکاتەدا کە لەئۆرشەلیم بوو لەکاتی جەژنی فوسحدا ئەنجومەنی یەھوود بڕیاری کوشتنی یەسووعییان دا لەترسی ئەوەی بزووتنەوەکەی ببێتە بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتی ڕۆمانی بۆ لەناوبردنی ئەو ئۆتۆنۆمییەی کە جوولەکە بەدەستی ھێنا بوو. ئینجیلەکان بەباشی باس لە دادگاییکردنی یەسووع دەکەن لەبەردەم ئەنجومەنی یەھوود دا پاشان لەبەردەم پێلاتس پێنتی و پاشان دوودڵبوون لەسەر لەخاچدانی یەسووع، پاشان یەسووع لەخاچ دەدرێت لەدەرەوەی شار لەسەر گردی جەلجەسە، لەو شوێنەدا کە لەخاچدان ئەنجام دەدرێت، جێی ئاماژەیە کە گردبوونەوەیەکی زۆری خەڵکی بوونی ھەبووە. پاش بەیەکداکەوتنێکی زۆر لەگەڵ مردندا بۆ ماوەی سێ کاتژمێر، یەسووع دەمرێت و لەگەڵ مردنەکەیدا ڕووداوی ناسرووشتی و نائاسایی ڕووی داوە.[٦] پاشان بەخێرایی و پەلەپەل نێژراوە بەھۆی نزیکبوونەوەی شەممەی فوسح، بەپێی ئینجیلیش ھەمان شتە. یەکێک لە ژنان لەبەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە دا سەردانی ئارامگەکەی دەکات و دەبینێت کە ئارامگەکەی خاڵییە،[٧] پاشان لەوێدا فریشتەیەک پێیان ڕادەگەیەنێت کە یەسووع ھەستاوەتەوە لەنێو مردوواندا،[٨] پاشان ژنەکە ڕادەگاتە لای قوتابییەکانی یەسووع و ئەو ھەواڵەیان پێ ڕادەگەینێت. لێرە بەدواوە چەندین جاری تر یەسووع بۆ تەلەبەکانی دەردەکەوێت و دڵنیا دەکاتەوە لەسەر ھەستانەوەی لەمردن.[٩]

تیۆرەکان لەسەر یەسووع و شێوازی مردنی و ھۆکارەکانی چەندجاربووەوە، بەڵام زۆرترینی لێکۆڵەرەوەکان باوەڕییان بە بوونی یەسووع مێژووییانەی ھەیە، ھەندێکی تریشییان بوەڕییان بە ھەبوونی موعجیزەکانی ھەبووە کە بەھۆی چەند ڕێگەیەکی دیاریکراوەوە وەکوو بەکارھێنانی وزەکانی مێشکی مرۆڤەوە کردووینی. باوەڕ وایە کە شەوی دوایین خوان شەوی ٣ ی نیسان ی ساڵی ٣٠ زایینی بووە و ھەڵستانەوەکەشی لە ٦ ی نیسان ی ساڵی ٣٠ زایینیدا بووە.

یەکەمین کڵێسا: کڵیسای بوتڕوس و پۆڵس[دەستکاری]

کڵێسای سەرەکی پایەبەرز بوتڕوس لە ڤاتیکان: ئەم کڵێسا گەورە ئایینییە ھونەرییە لەو شوێنەدا دروست کراوە کە بوتڕوسی نێردراو لەخاچ دراوە و نێژراوە.

ژیانی دوانزدە قوتابییەکەی یەسووع و ئەوانەی لەگەڵیاندا بوون، یان ژیانی یەکەمین کڵێسا و چالاکییەکان لەڕێگەی بەسەرھاتی کرداری نێردراوەکانەوە دەست دەکەوێت، چونکە لەدوای پەنجا ڕۆژی دوای ھەستانەوەی یەسووع لەمردن، ڕۆحی پیرۆز نیشتە سەر یەکەمین کڵێسا بەپێی بەسەرھاتەکە، ئەم ڕووداوە لەلای مەسیحییەکان لەدایکبوونی کڵێساکە لە ئۆرشەلیم دەنوێنێت. لەوێدا ئەندامانی کڵێساکە بەردەوامییان ھەبوو لەسەر پێدانی ھۆشیاری ئایینی و نوێژکردن و شکاندنی نان و چوونەلای پەیکەری سلێمان و دابەشکردنی ھەرچی ھەیانە و خاوەنین.

دیسان بەپێی ھەمان کتێب، نێردراوەکان توانای کردنی ھەندێک لە موعجیزەیان ھەبووە، فێرکردنەکان و پەند و ئامۆژگارییەکانیان بەتایبەتی پەند و ئامۆژگارییەکەی یەکەم و دووەمی بوتڕوس، بووە ھۆی ھاوار لێ بەرزبوونەوەی ئەنجومەنی یەھوود، تا وای لێھات بوتڕوس و یوحەننا چەندین جار دەستگیر کران و خرانە زیندانەوە، ھەمان شتیش لەگەڵ پۆڵس دا ڕووی دا.

پایەبەرز پۆڵس نامەکانی دەنووسێت، تابلۆی نیگارکێشی ھۆڵەندی ڕامبرانت.

کۆمەڵە مەسیحییەکە گەشەیان سەند، لێرەش بەدواوە ڕیزبەندی دەسەڵات لەنێو کڵێسادا دەرکەوت، بەجۆرێ حەوت لە یاریدەدەری قەشەکان بە یاریدەدەری نێردراوەکان دانران، بەڵام زۆر چەوساندنەوەیان ڕووی لەزیادبوون کرد تا وای لێ ھات پەنایان بردە جەلیل و سامیرە، ئەمەش یاریدەدەرێک بوو بۆ ئەوەی پیشتیوانان لە مەسیحییەت لەدەرەوەی ناوچەی ئۆرشەلیم زیاد بکات، بۆیە فیلیپس ھەڵستا بەبڵاوکردنەوەی فێرکارییەکانی مەسیحییەت لە سامیرەدا، و حەنانیای دیمەشقییش لە دیمەشق، پاشان شاوڵی تەڕتووسی وەرگەڕا بۆ مەسیحییەت و ناوی خۆی گۆڕی بۆ پۆڵس. بەپێی ڕای مەسیحییەکان، ئەو وەرگەڕانەی پۆڵس بۆ مەسیحییەت لەدوای دەرکەوتنی یەسووعەوە بۆ پۆڵس لەسەر ڕێگەی دیمەشق، ڕووی داوە.[١٠] پۆڵس بەشدار بووە لە بڵاوبوونەوەی مەسیحییەتدا بەتایبەتی لەلای کەسانی نایەھوود لەپاڵ حەفتا نێردراوەکەدا بەتایبەتی لە لوبنان و قوبروس و ئەنتاکیە، بەجۆرێ بنکەیەکی میللییان بەدەست ھێنا و بۆ یەکەم جار بە مەسیحییەکان ناوبران، ئەنتاکیە بنەما بنچینەیییەکەی پۆڵسی ھەزم کرد لە گەشتە مزگێنیدەرەکەیدا بەرەو یۆنان و ئاسیای بچووک، بەڵام کێشەی سەرەکی و گەورەکە لەنێوان مەسیحییە بنەچە یەھوودییەکان و مەسیحییە بنەچە نایەھوودییەکاندا ڕووی دا، بەتایبەت لەڕووی پابەند بوون بە یاساکانی مووساوە و خەتەنەکردن بەشێوەیەک لەشێوەکان، بۆیە لەو کاتەدا کۆبوونەوەی یەکەم لە ئۆرشەلیم بەسترا دەوروبەری ساڵی ٥٠ی زایینی، لەوێدا ئاکامی دانیشتنەکە بەوە کۆتایی پێ ھات کە مەسیحییە بنەچە نایەھوودییەکان دەتوانن پابەند نەبن بە خەتەنەکردن یان یاساکانی مووساوە. کۆمەڵەی ئۆرشەلیم کۆمەڵێک سەفەری بۆ پۆڵس بەرەو یۆنان مەقدۆنیا ڕێکخست، پاشان پۆڵس ویستی گەشت بکات بەرەو ڕۆما کە ئەویش دواتر بۆی ھاتە دی لە ساڵی ٥٩ی زایینیدا، بەڵام مێژووی ھەبوونی مەسیحییەکان لەڕۆمادا پێش ئەو گەشتەش دەکەوێت کە پێشتر پۆڵس بۆخۆی نامەیەکی ئاراستە کردن لەساڵێ ٥٧دا. تەقلیدی مەسیحی وا ھاتووە کە بوتڕوس یەکەم کەسە کە کڵێسای ڕۆمای دامەزراندووە پاش ئەوەی کڵێسای ئەنتاکییەی دامەزراندووە، ھەر لەوێشدا کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی بردووەتە سەر تا کاتی کوشتنەکەی لە ساڵی ٦٤ یان ٦٧ لەکاتی ئاگرکەوتنەوەی گەورە لەڕۆما و چەوساندنەوەی مەسیحییەکان لەلایەن نیرۆنەوە.

پۆڵسیش ڕۆمای بەجێھێشت لە ساڵی ٦٢دا و ڕووی کردە ئیسپانیا، بەڵام دواتر جارێکی تر گەڕایەوە ڕۆما و لەوێ گیرا و لەنێو زینداندا لەنێوان ساڵانی ٦٦ و ٦٧ دا دواترین نامەی خۆی نووسی بۆ تیمۆساوس کە بە دووەمین نامە بۆ تیمۆساوس ناسراوە پێش مردنەکەی لەماوەی چەوسانەوەی نیرۆن بۆ مەسحییەکان.[١١][١٢] ئەمما مەرقۆس کە تەلەبەی بوتڕوس بوو چووە ئەسکەندەریە و کڵێسای میسڕی دامەزراند نزیکەی ساڵی ٤٥ ی زایینی،[١٣] تۆماسیش بەرەو ھیندستان ڕۆیی، بەگشتی یەکەمین جووڵەی بڵاوبوونەوەی مەسیحییەت زۆر چالاک بوو، بەدەر لە دوانزدە قوتابییەکە، حەفتا نێردراوەکەش دەستێکی کارایان ھەبوو تێیدا. دوایین کەس لە دوانزدە قوتابییەکە کە بمرێت یوحەننا بوو، کە لە تورکیا نیشتەجێ بووبوو پێش ئەوەی نەفی بکرێت بۆ بتمووس و لەوێدا کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی بەرێتە سەر. لەنێو دوانزدە قوتابییەکەشدا، تەنھا یوحەننا بەشێوەیەکی ئاسایی و سروشتی مرد، دروست وایە بڵێین نەکوژرا لەھیچ ماوەیەک لەماوەکانی چەوساندنەوەی مەسیحییەکاندا.

مێژووی مەسیحییەت[دەستکاری]

بەرەبەیانی مەسیحییەت (١٠١ بۆ ٣١٢)[دەستکاری]

دوایین نوێژی مەسیحییەکان لەکاتی ئاھەنگی ئەشکەنجەدانیان لە کۆلۆسیۆم، ڕۆما. تابلۆی ژان لیۆن جێرۆم

لەسەرەتای سەدەی دووەمی زایینیدا، مەسیحییەت بریتیی بوو لە کۆمەڵێک جەماعەتی پەرتەوازەی بچووک لەنێو کۆمەڵگادا لەنێو ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا، ھێزی باوەڕ و ڕۆشنبیری ڕۆمانییان شتێکی ناسراو بوو، ئەمە بەدەر بوو لەو کەسانەی کە نوێ بوون بۆ ئایینەکە. لەلایەکی ترەوە، گەورەترین ترس بۆ ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی بریتیی بوو لە ڕەتکردنەوەی مەسیحییەکان بۆ پەرستی ئیمپڕاتۆر کە ڕەگەزی یەکبوونی ئیمپڕاتۆرییەتەکە بوو، ئەمە جگە لە ڕەتکردنەوەیان بۆ سەرجەم بۆنە فەرمییەکان، ھەروەھا ئاشکرا کردنیان بۆ قۆرخکردنی ڕاستی و ھەڵبژاردنی مردن لەبری لادان لە ئایینەکە، ھەر ئەمەش بوو وای کرد کە وتاردەری ڕەوانبێژ لۆقیانۆس بڵێت کە ئەمانە مێشک و بیریان سووک و سادەیە و تاوانبار نین بەڵکو یەسووعی دووڕوو ھەڵیخڵەتاندوون و پێشەوا ئایینییەکانیش یارییان پێ دەکەن،[١٤] لەگەڵ ئەمەشدا مەسیحییە پێشەنگەکان ئەوەیان بەشێوەیەکی تایبەت ڕەت دەکرەوە کە لەیەک خستن ھەبێت بە زانستە دنیاوییەکانەوە بەھۆی پەیوەندیداربوونی بەشێوەیەکی قایمەوە بە ئایینە بتپەرستەکانەوە،[١٥] ئەمە وای کرد کە مێژووناسی ڕۆمانی سەلەس دەوروبەری ساڵی ١٧٥ لۆمەی مەسیحییەکان بکات لەسەر پاڵپشتیکردن و بەرگریکردنیان لە نەزانی خۆیان.[١٦]

باردودۆخەکان لەدوای نیوەی سەدەی دووەمی زایینییەوە بەرەو گۆڕان چوو، چونکە مەسیحییەکان درکیان بەوە کرد کە دووەمین گەڕانەوەی چاوەڕوانکراوی یەسووع کاتێکی زۆر درێژ دەخایەنێت و مانەوەیان لەسەر زەوی درێژە دەکێشێت، بۆیە ھەوڵیان دا کە باوەڕەکەیان بەشێوەیەکی پڕتر لە عەقڵانییەت و سیستەم پێشکەش بکەن بە بەکارھێنانی ڕۆشنبیرییەکانی سەردەمەکەیان، ئەم درکپێکردنە گەیشتە ئەوەی کە ئەگەر کڵێسا نەیەوێت ڕەزاگران بێت لەلای کۆمەڵگا، ئەوا پێویستە لەسەر کە بەزمانی ڕۆشنبیرانی سەردەمەکە و خودی سەردەمەکە خۆی قسە بکات،[١٧] بەم جۆرە یەکەمین بەرگریکار لە مەسیحییەت جۆستینۆس بوو کە کوژرا لە ماوەی چەوساندنەوەکانی ساڵی ٥٦٠دا.[١٨] لەدوای ئەمەشەوە نووسراو پەڕتووکەکانی بەرگری ڕووی لەزۆربوون کرد؛ ھبراپۆلیس، ئەبۆلینارۆس و میڵتۆن نووسراو و پەڕتووکەکانیان پێشکەشی ئیمپڕاتۆر مارکۆس ئۆریلیۆس کرد، ھەروەھا ئەسیناگۆراس و مڵیتادیس نووسراوەکانیان بڵاوکردووە لەدەوروبەری ساڵی ١٨٠دا،[١٩] کەسانی ڕۆشنبیریش وەکوو کجولیانۆس و ئەگناتیۆس کە بووبوونە مەسیحی؛ بەشدارییان کرد لەڕێگەی خۆشکردن بۆ مەسیحییەت کە بچێتە ناو کۆمەڵگایەکی زاڵەوە. لەکۆتایی سەدەی دووەمدا ئیدی کێشەیەکی ئەوتۆ بوونی نەما، بەجۆرێ کە تەنانەت باوکانی مەسیحیش منداڵەکانیان دەناردە قوتابخانە بتپەرستییەکان چونکە لەپەروەردەیەکی مەسیحی دروست جیاواز نەبوو تەنھا لە کۆرسە ئایین و ئەخلاقییەکاندا نەبێت،[٢٠] ھەروەھا قوتابخانە مەسیحییەکان و پەڕتووکە مەسیحییەکان پەیدابوون دامەزران لەگەڵ دەستپێکی سەدەی سێیەمی زایینیدا و ژمارەی مامۆستایانی مەسیحی لە قوتابخانە یۆنانییەکان و ڕۆمانییەکاندا ڕووی لە زۆربوون کرد و لە ساڵی ٢٦٤دا ئەناکۆلیۆس بووە سەرەک قەشەی لازقییە، یەکەمین ڕاگری مەسیحی لە کۆلیجی فەلسەفە لە زانکۆی ئەسکەندەرییە، پاشان قەشە مالیخۆن بووە بەڕێوەبەری قوتابخانەی وتاردان و ڕەوانبێژی لە ئەنتاکیە.

ژمارەیەکی زۆر لە لێکۆڵەرەوان وا دەبیین کە مەسیحییەت لە یەھوودییەتەوە گەلێک نزیک بووە لەڕووی داب و نەرییتەوە تا کۆتایی سەدەی دووەمی زایینی، بەڵام لەدوای ئەو ڕێکەوتەوە مەسیحییەت چووە ناو شارستانییەتی ھێلینییەوە کە بوارێکی تری بڵاوبوونەوەی بۆ دەڕەخسێنێت لەگەڵ دەستپێکردنی سەدەی سێیەمی زایینییەوە،[٢١] لەلایەکی ترەوە، ئێریک کۆفمان ئاشکرای دەکات کە مەسیحییەکان سیستەمێکی کۆمەڵایەتی چالاکییان لەسەر تیشکی ئینجیلەوە گەشەپێداوە، بەپێچەوانەی بتپەرستەکانەوە؛ مەسیحییەکان لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکاندا گرنگییان بە نەخۆشەکانیان دەدا ئەمە ھاوشانی گرنگیدان بە کەمئەندامەکانیان، ئەمە جگە لە جەختکردنەوە لەسەر بەوەفابوونی نێرەکان لە ھاوسەرگیریدا و یەکێتی ئەو ھاوسەرگیرییە، ئەمە جۆرێک لە خێزانی سەربەخۆ و جێبەخۆگرتووی دروست کرد کە کۆمەڵگای ڕۆمانی لەدەستی دابوو، ھاوشانی ئەمانەش یاریدەدەری ژنە باوەڕدارە نوێیەکانیان دەکرد لەچوارچێوەی ئەو جێگیرییەدا تا منداڵیان ببێت و ژمارەیەکی زۆرتر لە منداڵ پەروەردە بکەن، ئەمە لەگەڵ ھەبوونی ژیانێکی کۆمەڵایەتی بێ وێنە و بێ ھاوتا لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵەیەکی دیاریکراودا و یارمەتیتدانی بەردەوامیان بۆ یەکتر.[٢٢]

کێشەی سەرەکی کڵێسا لە ماوەی ھەردوو سەدەی دووەم و سێیەمدا لە چەوساندنەوەی مەسیحییەکان لەلایەن ڕۆمانەوە خۆی دەبینێتەوە، لەسەرەتای دەرچوونی بەیاننامەی دەرکردنی مەسیحییەکان لەڕۆما لە ساڵی ٥٨دا و تەنانەت تا ساڵی ٣١٢، مەسیحییەکان دەیان ناڵاند لەجۆرەھا جۆری چەوساندنەوە، کە ناخۆشترینیان بریتیی بوو لەچەوساندنەوەی نیرۆن کە ئاگرکەوتنەوە لە ڕۆمای لێ کەوتەوە، دۆمیتیانۆس کە سی و حەوت ساڵ بەردەوام بوو لەسەر چەوساندنەوەی مەسیحییەکان؛ سەرەتای ڕۆژژمێری ناسراو بە ڕۆژژمێری قبتی یان میسڕی دەستەبەر کرد، و بەپێی سەرچاوە و ژێدەرەکانی کڵێسای قبتی ئۆرسۆدۆکسی؛ سەدان ھەزار کەس لەماوەی ئەو چەوساندنەوەیەدا کوژراون،[٢٣] ھەریەک لە تراجان، مارکۆس ئۆریلیۆس، سێپتیمۆس سێڤیرییەس، ماکسیمین، دێکیۆس، جالینۆس، ئۆریلیان و دیۆکلتیانۆس، بەگشتی لەمێژووی مەسیحییەتدا بە ١٠ چەوساندنەوە گەورەکە ناو دەبرێن،[٢٤] بەڵام دۆخەکان بەرەو باشبوون چوو لەگەڵ دەرچوونی بەیاننامەی لێبوردانەی گالیریۆس و ھەنگاوەکانی ئیمپڕاتۆر قوستەنتین کە بووە ھۆی دەرچوونی بەیاننامەی میلانۆ لە ساڵی ٣١٢ دا کە تێیدا دان دەنێت بە مەسیحییەتدا وەکوو یەکێک لە ئایینەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی، وێڕای ھەموو ئەو چەوساندنەوانەش، ھێزی دیمۆگرافی مەسیحییەت گەشەی دەسەند لەگەڵ ئەوەی کە تا دەوروبەری ساڵی ٣١٢ ـەش لە ناو ئیمپڕاتۆرییەکەدا کەمینە بوون، بەڵام دواتر بوونە ھێزێک کە ئیمپڕاتۆرییەت نەی دەتوانی دایان پۆشێت یان دانیان پیادا نەنێت.[٢٥]

ئەنجومەنەکانی کڵێسا و کەرتبوونەکان (٣١٢ بۆ ١٠٥٤)[دەستکاری]

ئایکۆنەیەکی بێزەنتی، تێیدا قوستەنتینی یەکەم دەردەکەوێت کە دەورەدراوە بە کۆمەڵێک لە بەتڕیک و سەرەک قەشە و کە بەھەموویان یاسای باوەڕیان بەدەستەوە ھەڵگرتووە کە ئەنجومەنەکە دای ڕشت.

ساڵی ٣٨٠ی زایینی، مەسیحییەت بوو ئایینی فەرمی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی، و لە ساڵی ٣٣٠دا ئیمپڕاتۆر قوستەنتینی یەکەم ھەڵستا بە گواستنەوەی پایتەخت لە ڕۆماوە بۆ قوستەنتینە، کە بووە بە ناوەندی مەسیحییەتی ڕۆژھەڵاتی و ناوەندی شارستانییەتی جیھانی، بەجۆرێ بووە بە مەزنترین شارەکانی دونیا لەو سەردەمەدا.[٢٦]

بەھۆی ئەوەی مەسیحییەت بۆ دوورترین شوێنەکانیش ڕۆیشتبوو، ئەبوو دابەشبوون کە کەرتبوون تێیدا ڕوو بدات، نەک تەنھا لەڕووی ژینگەوە بەڵکو لەڕووی باوەڕیشەوە ھەروەھا، لەئاکامی زۆربوون ژینگەکان بۆ باوەڕداران بە ئایینەکە، کڵێسا لە سەدەی چوارەمی زایینیدا ڕووبەڕووی گەلێک لەو بزووتنەوانە بوو کە بەزمانی کڵێسا ناو دەبران بە ھەرتەقەکان،[٢٧] زۆرینەوەی ئەم بزووتنەوانە کەم کاریگەر بوون بەبێ کۆششێکی زۆر دەپووکانەوە، بەڵام ھەندێکی تریان وەک ئاریۆسییەت، ھێزێکی گەورەی لێ پێکھات، کە وای کرد ئەنجومەنی گشتی ببەسترێت لە ئیزنیق لە ساڵی ٣٢٥ بەسەرۆکایەتی ئیمپڕاتۆر قوستەنتینی یەکەم و سەرەک قەشە ئۆسیۆسی قوڕتووبی.[٢٨]

ئەنجومەنی ئیزنیق، بە یەکەمین ئەنجومەن دانانرێت، چونکە پێش ئەو ئەنجومەنەش چەندین ئەنجومەنی تر بەستراوە لەسەر ئاستێکی ھەرێمیی کە زۆربەی جار سەرەک قەشەی ناوچەکە سەرۆکایەتی کردووە،[٢٩] بەڵام ئەنجومەنی ئیزنیق یەکەمین ئەنجومەنی گشتی بوو بەجۆرێ سەرەک قەشەکان لەسەرانسەری جیھانەوە بەشدارییان تێیدا کرد. ئاکامی ئەنجومەنەکە ئەوە بوو کە ئاریۆس کافرە و قسەکانی بە ھەرتەقە دانرا و قەدەغە کرا لەدوای ئەوەی ئاریۆس دەیگووت کە کوڕ دروستکراوێکی نا یەکسانە بە باوک،[٣٠] ئەنجومەنەکە ھەروەھا یاسای باوەڕی دانا کە تا ئەمڕۆش بەکاردێت. گرنگییەکی تری ئەم ئەنجومەنە ئەوە بوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی مەسیحییەتدا زاراوەی نا تەوراتی بەکارھێنا بەشێوەیەکی فەرمی، وەکوو: ڕووناکی لە ڕووناکی، خودای حەق ھەڵقوڵاو لەخودای حەقەوە، لەدایکبوویییەکی نادرووستکراو؛ ئەم زاراوانەش لە فەلسەفەی ڕۆمانییەوە دەھاتن و چڕبوونەوەیەکی نوێ و سیفەتێکی نوێیان دا بە باوەڕی مەسیحی.[٣١] ئەنجومەنەکە سیستەمی پێنج بەتڕیکییەتی گەورەی دامەزراند و سیستەمی مامەڵەکردنیانی لەگەڵ یەکتردا دانا، ھەر لەم چوارچێوەیەدا و لەو ماوەیەدا ئایینە بتپەرستەکان دەستیان بە کشانەوە کرد لەبەردەم مەسیحییەتدا. ئەو ماوەیەش بە کۆمەڵێک لە شەڕی ناوخۆیی خوێناو و پێچەوانەبوونەوەی بارەکاندا ڕۆیشت بەتایبەتی لە ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی ڕۆژاواییدا، بۆیە نەمانی ئاسایش بووە ھۆی چەوساندنەوە ئایینییەکان،[٣٢] مەسیحییەت چەوساندنەوەی لەھەمبەر بتەپەرستیدا بەرپا کرد، ئەشتوانرێت ئەزموونی بەتڕیک ئەسناسیوسی ئەسکەندەری لە میسڕ بە نموونەیەکی ئەو دۆخە وەر بگرین،[٣٣] کە پێشتر ھەمان شت بەسەر مەسیحییەکانیشدا ھاتبوو کاتێک کە ئیمپڕاتۆر جوولیان مەسیحییەکانی چەوساندنەوە لەڕێگەی دەرکردنی بایننامەیەک کە ڕێگەی لە فێرکردنی مەسیحییەکان گرت لە ساڵی ٣٦٢ دا کە ئەو کارە وەرزێکی تری بۆ چەوساندنەوەکان کردەوە،[٣٤] بەڵام لەلایەکی ترەوە ئاوەدانی مەسیحییەت و ھونەری وێنەکێشانی ئایکۆنات و ھەروەھا مۆزیک گەیشتنە پلەیەکی باڵا لە کڵێسای سەدەی چوارەمی زایینیدا، ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە ئەوەی جۆرج مینۆوا بە سوڵتانەکانی کڵێسا ناویان دەبات لەو سەردەمەدا دەرکەوتن، ھەروەکوو: باسیلۆسی گەورە،[٣٥] جێرۆم،[٣٦] ئیمبرۆسیۆس،[٣٧] یوحەننای دەم زێڕین،[٣٨] ماڕۆنی گەورە، سەمعانی عەموودی،[٣٩] ئەفرام سریانی،[٤٠] قەشە ئۆگەستین،[٤١] زۆرینەی زۆری ئەو کەسایەتییانەش نازناوی پایەبەرزیان وەرگرتووە لە کڵێساوە.

ئایکۆنەی کورسی دانایی لە ئایا سۆفیا لە ئەستەنبوڵ، ئەو کڵێسا سەرەکییە پێشتر ناوەندی ژیانی ئایینی بوو لە شارەکەدا.

لەپێناو تەواوکردنی کاری ڕێکخستنی ژێرخانی بەڕێوەبەرایەتی کڵێسا، ئەنجومەنی یەکەمی قوستەنتینە بەسترا لە ساڵی ٣٨١ کە یەکێک لەکارەکانی ئیدانەکردنی ئەپۆلینارۆسی سەرەک قەشەی لازقییە بوو کە پێی وا بوو خودایەتی مەسیح ڕووی داوە بەھۆی ڕۆحە عاقڵەکەیەوە،[٤٢] پاشان لەدوای کەمتر لە نیو سەدە ئەنجومەنێکی گشتی تر لە ئێفەسس لە ساڵی ٣٤١دا گیرا، لەوێدا نەستووڕ قەدەغەکرا، کەپێی وابوو کە سیانەیەتی پیرۆز دروستە بەڵام ئەو کوڕەی لە ئەزەلەوە ھەبووە، یەسووع نییە، بەڵکو ئەو کوڕە لە یەسووعدا گیرساوەتەوە لەکاتی ئاوەشۆرەیکردنیدا، ھەروەھا نەستووڕ دەیگووت کە دوو کەس لە مەسیحدا ھەبووە و مریەمی بە دایکی مەسیح بانگ دەکرد نەوەک دایکی خودا،[٤٣] بەھۆی ئەوەوە شوێنکەوتووەکانی تووشی چەندەھا چەوساندنەوە بوون، پاشان لەدوای ھەشت ساڵ و لەساڵێ ٤٣٩ دا ئەنجومەنێکی دیکە لە ئێفەسس گیرا کە ئۆرسۆدۆکسییە ڕۆژھەڵاتییەکان بە ئەنجومەنی دووەمی ئەفەسس ناوی دەبەن لەکاتێکدا کە کاسۆلیک دانی پیادا نانێن، بەگشتی ئەم ئەنجومەنە بەسترا تا شێوەی باوەڕ دیاریی بکات وەک کۆتایییەک بۆ دیاریکردنی یەکێتی ھەردوو سروشتی مرۆڤبوونی مەسیح و خودابوونی مەسیح، پاشان پێشنیار و بیردۆزەکەی بەتڕیک سایرڵی یەکەمی ئەسکەندەرییە قبووڵ کرا، کە دەیووت کە ئاکامی یەکگرتنی ھەردوو سروشتەکە یەک سروشتە بەبێ تێکەڵ بوون بە خاسییەتەکانی یەکتتر.[٤٤]

بەڵام ئەم باوەڕە دژایەتی کرا لەلایەن ڕۆما و قوستەنتینەوە، کە ھەردووکیان بانگێھشتیان کرد بۆ کۆتا ئەنجومەن لە ساڵی ٤٥١ زایینی دا کە بریتیی بوو لە ئەنجومەنی خەلقیدۆنی کە دووبارە پەیوەندی بەتڕیریکیییەکان بەیەکەوە ڕێک خستەوە و پێشنیارەکەی پاپا لیۆنی یەکەمی پەسەند کرد کە دەیگووت ھەردوو سروشتەکەی یەسووع لەگەڵ ئەوەی یەکیان گرتووە بەڵام تێکەڵ بەیەکبوون و ئەمەش شتێکە ناتوانرێت گوزارشتی لێ بکرێت چونکە وەک یەکگرتنی ئاگر و ڕووناکی وایە،[٤٥] ھەروەھا ئەنجومەنی ناوبراو بریارەکانی ئەنجومەنی پێش خۆی ھەڵوەشاندەوە و شەرعییەتی لێ سەندەوە و دانی پێدا نەنا، بۆیە شەقبوونی دووەم لە کڵێسادا ڕوویدا و خێزانەکانی کڵێساکانی ئۆرسۆدۆکسییەتی ڕۆژھەڵاتی لێ دروست بوو و ئەندامەکانی بڕیارەکانی ئەنجومەنی خەڵقیدۆنی ڕەت کردەوە و قبووڵی نەکرد، سەرباری ئەمەش، ھێشتا جیابوونەوەی کۆتای ئیداری ڕووی نەدا تا ساڵی ٥١٨ ی زایینی کاتێک کە بەتڕیریکی ئەنتاکیە ساویریۆس دابڕا بەھۆی ئەوەی لە سروشتە یەکییەکان بوو،[٤٦] لەئەنجوومەنێکی خۆماڵیدا کە لەقوستەنتینە گیرا، ڕەتکردنەوەی بەتڕیرەکەکە بەدوایدا ھات و چووە میسڕ کە لەوێدا بەشێکی لەکڵێسا بەڕێوە دەبرد لەکاتێکدا بەتڕیرەکی خەڵقیدۆنی بەشەکەی تری بەڕێوە دەبرد، بەھەمان شێوە ئەوەی لەئەنتاکیە ڕوویدا لە ئەسکەندەرییەش ڕوویدا.[٤٧]

جەماعەتی یەک سروشتی یاخود مۆنۆفیزۆن بنکەیەکی میللی بەھێزیان دروست کرد لە میسڕ، حەبەشە، ئەرمینیا و بەشێوەیەکی کەمتریش لە سووریا و بەدەست کۆمەڵێک لەچەوساندنەوەوە لەسەر دەستی ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتییەوە ناڵاندیان، بەڵام چەوساندنەوەکان بەھۆی حەزە ویستراوەکان و بەرھەمە فیکرییەکانەوە نەبوو بەڵکو بەھۆی ئەو شەقبوونە قووڵەوە بوو کە لەدوو لای ئیمپراتۆرییەتەکەدا ڕوویدا بوو. ئیمپڕاتۆڕە ڕۆمانییەکان ھەڵوێستەیان ڕوون نەبوو لەو نێوانەدا، بەجۆرێ کۆمەڵێک ئیمپڕاتۆر پاڵپشتییان لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی خەڵقیدۆنی کرد و ھەندێکی تریان دژی وەستانەوە، ئەو کۆمەڵە ئیمپراتۆرە چەوساندنەوەیان دژ بە خەڵقیدۆنییەکان بەرپا کرد لە ئیمپڕاتۆرییەتەکەدا،[٤٨] ئیمپڕاتۆر جەستنیانی یەکەم ھەوڵی یەکخستنی ھەردوو لایەنەکەی دا و لەو پێناوەدا ئەنجومەنی قوستەنتینەی دووەمی گرت لە ساڵێ ٥٣٣دا،[٤٩] بەڵام شکستی ھێنا و بگرە بەرەو خراپبوونیش چوو کاتێ کە ئیمپڕاتۆرییەتی فارسی دەستتێوەردانی کرد و توانی لەسەرەتاکانی سەدەی حەوتەمدا سووریا و عێراق داگیر بکات.[٥٠]

ئیمپڕاتۆر ھەرقل توانی دووبارە ئەوەی لەدەست چووە لە ساڵی ٦٢٢ دا بیگەڕێنێتەوە و بڕیاری بە بیڕوباوەڕێکی نوێ دا کە مونۆسیلییەت بوو: دوو سروشت لەیەک ویستدا، وەک چارەسەرێکی ناوەندی بۆ باوەڕداران بە دوو سروشتی و باوەڕداران بە یەک سروشتیی،[٥١] بەڵام باوەڕداران بە یەک سروشتی ئەو باوەڕە نوێیەشیان ڕەتکردەوە، کە ئەمەش دەرگایەکی نوێی لە چەوساندنەوە تووندەکان واڵا کرد، بەڵام زۆری نەخایاند بەھۆی ھاتنی سووپاس ئیسلامییەوە لە نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە، زۆرێک لە لێکۆڵەرەوان وای دەبینن کە مەسیحییە عەرەبەکان پاڵپشتییان کردووە لە ڕووداوی دەستبەسەردا گرتنەکەدا،[٥٢] بەتایبەتی غەساسینەکان و مەنازیرەکان، ھەروەھا مەسیحییە سریانییەکانیش ھەمان شتیان پەیڕەو کرد، وا دەگێردرێتەوە کە بەتڕیرەکی نەستووڕییەکان سەردانی مەدینەی مونەوەرەی کردووە و داوای لە عومەری کوڕی خەتتاب کردووە کە پەلە بکات لەداگیرکردنی عێراق دا، لەکاتێکدا کە دانیشتووانی شارە سورییەکان لەسەر ڕووباری فوڕات دەرگاکانی شارەکەیان کردەوە بەرەو ڕووی دەستبەسەراگرە نوێیەکاندا. جەنگاوەرەکانی سووپای بێزەنتیش ھەمان شتیان کردەوە لەشەڕی یەرمووک[٥٣][٥٤]

پاپا؛ شارلمان دەخاتە سەر تەخت. تابلۆی ڕەفائێل، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شازدەھەمی زایینی.

لە ساڵی ٦٨١، ئەنجومەنی قوستەنتینەی سێیەم بەسترا، کە بڕیاریدا بە لەقەڵەمدانی مونۆسیلییەتەکەی ھەرقل بە ھەرتەقە[٥٥] و پەسەندکردنی پێشنیاری دووسرووشتیی و دوویستیی لە یەسووعدا؛ بەڵام لە ڕۆژاوا بارودۆخەکە ئارامتر بوو، لەگەڵ چالاکبوونی بزووتنەوە مزگێنیدەرەکان لە بڵاوکردنەوەی مەسیحییەتدا لە باکووری فەڕەنسا و ئەڵمانیا، ھەروەھا مەسحییەت گەیشتە ئینگلتەرا و ئیرلەندا لەسەر دەستی پایەبەرز پاتریک،[٥٦] پاشان لەسەدەی نۆیەمی زایینیدا مەسیحییەت گەیشتە ڕووسیاش، ئەو ماوەیە بە بارودۆخی دروستبوونی وشکەسۆفیگەراییدا ڕۆیشت وەکوو دروستبوونی وشکەسۆفیگەلی بووندوکتییە و وشکەسۆفیگەلی ئۆگەستینیەت کە کاریگەرێکی قووڵیان لەسەر کۆمەڵگای ڕۆژاوایی ھەبوو، بەجۆرێ کە پەرستگاکانی وشکەسۆفییان بەتەنھا بووبووە زانکۆ و قوتابخانەەکانی ئەورووپا، پەرستگای وشکەسۆفی کلۆنی دەستی ھەبوو لە ڕێکخستنی پەیڕەوی ناوخۆی کڵێسا و دیاریکردنی دەوری سێکیولارەکان تێیدا.

کێشەکانی مەسیحییەتی ڕۆژاوایی لەو سەردەمەدا خۆی دەبینییەوە لە کارەساتی سروشتی و ھەژارییەکی توند کە خەڵکی تێیدا دەژیان لە چوارچێوەی سیستەمێکی دەرەبەگی توند دا، ئەمە ھاوشانی بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواری،[٥٧] ھەروەھا ڕکەبەرایەتییە بەردەوامەکان کە بووە ھۆی ڕوودانی جەنگەکانی نێوان ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی پیرۆز و پاپاکان،[٥٨] ئەمە ھاوشانی جەنگی ئایکۆنەکان کە ساڵی ٧٢٧ی زایینی ڕوویدا و بەھۆیەوە ئەنجومەنی نیقییەی دووەم ساڵی ٧٨٧ بەسترا،[٥٩] لەسەر داوای ئیمپڕاتۆرییەی ئیرینی، تێیدا ئەو ئەنجومەنە بڕیاری گەڕاندنەوەی ئایکۆنەکانی دا بۆ کڵێساکان پاش ئەوەی ئیمپڕاتۆر لیۆن بڕیاری شکاندنیانی دەرکردبوو.[٦٠]

بەدوای ئەودا لە ساڵی ٨٠٠دا پاپا لیۆنی سێیەمی چووە سەر تەختی پادشایەتی بە چوونی شارلمان بۆ سەر تەختی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی پیرۆز کە ئیدی لێرەوە پەیمانێکی نوێ کرایەوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئیمپراتۆرییەت و کورسی نێردراوی. لێکترازان و جیابوونەوەکان لە کڵێسادا نەوەستا تا ساڵی ١٠٥٤ لێکترازانی گەورە ڕوویدا کاتێ کە بەتڕیریکییەتی قوستنەتینی جیابوونەوەی خۆی لە ڕۆما ڕاگەیاند لەماوەی کۆچی دوایی پاپا لیۆنی نۆیەم دا،[٦١] ئەگەرچی ئەم جیابوونەوانە لە مەودایەکی ئایینی دا بوو، بەڵام بەدەر نەبوون لە پاڵنەرە سیاسی و ئابوورییەکان:

سەردەمی باوەڕ و سەردەمی ڕابوون (١٠٥٤ تا ١٤٩٢)؛ (١٤٩٢ تا ١٦٣٣)[دەستکاری]

درووستکردنی ئادەم: بەناوبانگترین ئایکۆنەکانی مایکلانجیلۆ کە سەقفی کڵێسای سیسیتینی ڕازاندووەتەوە لە ڤاتیکان.

سەرباری لێکترازانی نێوان ڕۆما و قوستەنتینە بەڵام سەرکردارییەتی کردنی جیھان لەلایەن مەسیحییەتەوە جێگیر کرا لەسەر دەستی ڕۆما، ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتی سەرقاڵی کێشە بەردەوامەکانی خۆی بوو لەگەڵ دەوڵەتی عەبباسی،[٦٣] مەسیحییەکانی سووریا و میسڕیش دەیانناڵاند بەدەست چەوساندنەوە تووندەکان لەسەر دەستی ھەندێک لە خەلیفە وەکوو ئەلموتەوەکیل عەلەلڵای عەبباسی و ئەلحاکم بیئەمریلای فاتیمی،[٦٤] تەنگەژەی فیکریش کە ھاوشانی تەنگەژەی ئابووری و گەشەسەندنی دەمارگیری ئایینی دەڕۆیشت لەسەردەمی مەئمووندا وای کرد ھەموو نوێکارییەکی زانستی لە دەوڵەتی عەبباسیدا بۆ ھەردوو مەسیحییەکان و موسوڵمانەکان کارێکی گران بێت،[٦٥] لەگەڵ ئەوەشدا سریانییەکان و نەستووڕییەکان شوێنی دیاریان ھەبوو لە وەرگێڕان و زانستەکان و گەردوونناسی و پزیشکی دا و خەلیفەکان پشتیان پێ دەبەستن.[٦٦]

دەسەڵاتی کڵێسا لەسەدەکانی ناوەڕاستدا تەنھا دەسەڵاتێکی ئایینی نەبوو، بەڵکو دەسەڵاتێکی دنیاییش بوو، ئەمە خۆی دەبینییەوە لە دەوڵەتی پاپاییدا کە ئەڕکانەکانی جێگیر بوون لەسەدەی یانزھەمەمی زایینیدا، ھەروەھا خۆشی دەبینییەوە لەو گەمە سیاسییەدا کە تێیدا پاپا ڕۆڵێکی سەرکردانەی گێرا وەکوو ناوەندێک لەنێوان پادشا جیاوازەکانی ئەورووپادا،[٦٧] بەجۆرێ کە ھێزی سیاسیی کڵێسا، بەدەر لە باری گەنیوی مەسیحییەکان لەڕۆژھەڵات، ھاوکات ئارەزووی میرەکانی ئەورووپا بۆ پانکردن و گەورەکردنی موڵک و ماڵەکانیان و ڕاوەستان لەیەکتر کوشتنی ناوخۆیی، باری ڕەخسان بۆ لەدایکبوونی شەڕەکانی خاچھەڵگری کە پاپا ئۆربانۆسی دووەم لە ساڵی ١٠٩٤ بانگھێشتی کرد بۆ ڕوودانی لەماوەی ئەنجومەنی کلیرمۆنت لەباشووری فەڕەنسا،[٦٨] دەستپێکیش کرا بە یەکەمین شەڕی خاچھەڵگری کە تێیدا توانرا دەرکەناری سووریا دەست بەسەردا بگیرێت لەگەڵ لوبنان و فەڵەستین و ھەندێک ناوچەی تورکیا و ئەردەن و میسڕ.

بەڵام دووەمین شەڕی خاچھەڵگری وەڵامێک بوو بۆ کەوتنی ئەلڕەھا،[٦٩] سێیەمین شەڕی خاچھەڵگرییش وەڵامێک بوو بۆ کەوتنی قودس،[٧٠] ئیدی ھەموو شەڕەکانی تر کاریگەرییەکی کەمیان ھەبوو، بۆیە لەچوارەمین شەڕی خاچھەڵگریدا قوستەنتینە داگیر کرا، لەشەشەمین شەڕی خاچھەڵگریش دا تونرا قودس بۆ ماوەیەکی تر بەدەست بھێنرێتەوە،[٧١] لەکاتێکدا کە سەرتاپای ھەڵمەتەکانی تری خاچھەڵگری ڕووی کردبووە میسڕ، بەڵام نەیتوانی تێیدا بەردەوام بێت، سەردەمی خاچھەڵگری تەنھا سەردەمی ململانێیەکی بەردەوام نەبوو، بەڵکو ماوەی یەکگرتن و تێکەڵبوون و کردنەوەی شارستانی نێوان ھەردوو ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا بوو[٧٢]

دوایین موڵکەکانی خاچھەڵگرەکان لە ڕۆژھەڵات کەوت بە کەوتنی عەککا لە ساڵی ١٢٩١ و شەڕەکانی بەدەستھێنانەوەی ئەندەلووس دەستی پێکرد،[٧٣] کۆتایش نەھات ھەتا کەوتنی غەڕناتە ساڵی ١٤٩٢،[٧٤] پەیوەندییەکانیش لەگەڵ ئەندەلووسدا ھەمیشە پەیوەندی جەنگ نەبوو، بەڵکو ئەورووپا و ڕۆشنبیرانی ئاشنا بوون بە فەلسەفەی یۆنانی و ڕۆمانی و نووسینەکانی ئیبن ڕوشد و ئیبن خەلدوون و نووسەرانی تر؛ لەڕێگەی ئەندەلووسەوە، کە بووە ھۆی بزووتنەوەیەکی گەشەسەندنی زانستی چالاک کە کڵێسا سەرکردایەتی دەکرد:

ئایکۆنەی شێوەگۆڕین لەلایەن ڕافائێلەوە: بەوەچەرخانێکی گەورە لە مێژووی وێنەکێشاندا لەسەردەمی ڕابووندا دادەنرێت.

[٧٧]

ئەو ھەموو ڕۆزییەی کەبەسەر ئەورووپادا باری بوو لەدوای سەرکەوتنی گرتنەوەکانی ئیسپانیا، یارمەتی دا تا باری ئابووری باشتر ببێت،[٧٨] ئەم دۆخە لەھەمان باردا بوو بەدرێژایی دۆزینەوەی جیھانی نوێ لە١٤٩٢ دا کە لەگەڵ خۆیدا سەردەمی ڕابوونی کردەوە لەئەورووپادا و سەردەمی مزگێنیدانی کردەوە لە ئەمریکا؛ زۆرجار ھەڵمەتەکانی دۆزینەوە بە پیرۆزکردنی ڤاتیکان ڕوویدەدا. ڕۆما و فلۆرێنسیا و جەنەوا بوونە یەکەمین پایتەختەکانی ڕابوون،[٧٩] کە زۆر بەخێرایی ئەورووپای گرتەوە، بەگشتیش شێوەی زانکۆکان و قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان و یانە ڕۆشنبیرییەکانی وەرگرت، لەژێر سەرکردایەتی کڵێسادا چەندەھا زانست گەشەی سەند وەکوو: گەردوونناسی،[٨٠] بیرکاری،[٨١] ئیتیمۆلۆجی،[٨٢] فەلسەفە،[٨٠] ڕەوانبێژی،[٨٣] پزیشکی،[٨٤] توێکاریزانی[٨٥] و فیزیا بەتایبەتی ئەرستۆیی[٨٦] و فیزیای میکانیکی بەتایبەتی پێداویستییەکانی جەنگ[٨٣] و کیمیا و جوگرافیا و زانستی گیانەوەران و ڕوەک،[٨٣] ئەمە ھاوشانی ھونەری تەلارسازی کە گەیشتە بەرزترین ئاست لە سەردەمی ڕابووندا، کاتدرائییەتییەکانی ئەو سەردەمە بەتایبەتی کاتدرائییەتی پایەبەرز بوتڕوس و کۆی تەلارەکانی ئەو سەردەمەی ڤاتیکان نموونەیەکی حاشاھەڵنەگرن لەسەر ئەو بابەتە و دەست کرا بە دروستکردنی ڤاتیکان لە ساڵی ١٥١٣،[٨٣] ھەروەھا ھونەری وێنەکێشان و داتاشین کەوتە چالاکی و لەو سەردەمەدا دیارترین ھونەرمەندان دەرکەوتن وەکوو: لێوناردۆ داڤینشی، مایکلانجیلۆ، ڕافائێل و چەندینی تر.[٨٧]

لەسەر ئاستی باوەڕی کڵێساییش، ھاوشانی گەشەسەندنی زانست، تقووسی کڵێسا و باوەڕە مەسیحییەکان ئاوەزێنران، بەو جۆرە تیۆرەکەی ئەرستۆ سەبارەت بە جەوھەر و شێوە بووە بنەمای ئەفخارستیا، تۆماس ئەکویناس، زانای لاھووتگەر و فەیلەسووف، بووە دەروازەیەک بۆ یەکخستن و ڕێکخستنی بیروڕاکانی نێو مەسیحییەت لەژێر ڕۆشنایی فەلسەفەدا، بۆیە تەنانەت دووەمین ئەنجومەنی ڤاتیکان لە سەدەی بیستەمدا دانی پێدا نا،[٨٨] تا سەدەی پانزدەھەمی زایینی پێنج ئەنجومەن بەستران، چواریان لە لاتران بەستران و ناو دەبرێن بە ئەنجومەنە لاترانییەکان، لەکاتێکدا کە پێنجەمیان لە کۆنستانس بەسترا و کۆتایی بە لێکترازانی پاپاویی ھێنا.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ وتاری مەسیح
  2. ^ Retrieved in 2016 from infoplease
  3. ^ "World Population Clock: 7.9 Billion People (2022) - Worldometer". www.worldometers.info (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-05-24.
  4. ^ [یوحەننا ٢٥/٢١]
  5. ^ مەرقۆس ١٣:٣
  6. ^ لۆقا ٤٥:٢٣
  7. ^ لۆقا ٢٤:٣
  8. ^ لۆقا ٢٤:٦
  9. ^ یوحەننا ٢٥:٢٠
  10. ^ کرداری نێردراوەکان ٩:٤
  11. ^ التفسير التطبيقي، مرجع سابق، ص. 750
  12. ^ القدّيس بولس- استشهاد القدّيس بولس وإرثه - تعليم 4 فبراير (شباط) 2009
  13. ^ الرسول الأنجيلى رئيس أساقفة المدينة العظمى الأسكندرية
  14. ^ الكنيسة والعلم، جورج مينوا، ترجمة موريس جلال، دار الأهالي، طبعة أولى، دمشق 2005، ص.
  15. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.78
  16. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.82
  17. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.81
  18. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.83
  19. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری الکنیسة والعلم، مرجع سابق، ص.83 نەدراوە
  20. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.84
  21. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص. 86
  22. ^ بڕوانە مێژووی شارستانیەتی بوخچەی سێیەم، پەڕتووکی پێنجەم، بەشی ٢٨، بەندی یەکەم
  23. ^ سەرەتایەک بۆ ڕۆژژمێری قبتی
  24. ^ شەهیدبوون لە مەسیحییەتدا
  25. ^ لكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.109
  26. ^ "شارستانییەتی بێزەنتی". Archived from the original on 20ی Octoberی 2016. Retrieved 21ی Februaryی 2020. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help) ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  27. ^ فەرهەنگی هەرتەقاتی کڵێسا
  28. ^ ئەنجومەنی یەکەمی ئیزنیق ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  29. ^ زاراوە کڵێساییەکان: ئەنجومەنی خۆماڵی
  30. ^ ئاریۆس و هەرتەقەکەی
  31. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.111
  32. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.115
  33. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.116
  34. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.114
  35. ^ پایەدار باسیلۆسی گەورە
  36. ^ پایەدار جێرۆم
  37. ^ ئیمبرۆزیۆس سەرەک قەشەی میلانۆ ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  38. ^ یوحەننای دەم زێڕین ١٤ی نیسانی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  39. ^ پایەدار سەمعانی عەموودی ٨ی نیسانی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  40. ^ مار ئەفرام سریانی
  41. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص. 144 وما تلاها.
  42. ^ kastantenye.htm ئەنجومەنی یەکەمی قوستەنتینە ٣٨١[بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  43. ^ نەستووڕییەت و فێرکارییەکانی
  44. ^ پاپا سایرڵێ یەکەم
  45. ^ ئەنجومەنی چوارەمی خەڵقیدۆنی ٢٢ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  46. ^ [popekirillos.net/ar/fathersdictionary/read.php?id=1065 ساویریۆس بەتڕەڕیکی پایەبەرز]
  47. ^ پایەبەرز ساویریۆس بەتڕیرەکی ئەنتاکیە
  48. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 14ی Octoberی 2012. Retrieved 21ی Februaryی 2020. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help) ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  49. ^ ئەنجومەنی دووەمی قوستەنتینە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  50. ^ جەنگە فارسییە بێزەنتینییەکان
  51. ^ "هەرقل و مۆنۆسیلییەت". Archived from the original on 4ی Februaryی 2012. Retrieved 10ی Januaryی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help) ٤ی شوباتی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  52. ^ سوريا صنع دولة وولادة أمة، وديع بشور، دار اليازجي، طبعة أولى، دمشق 1994، ص.144
  53. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص.146
  54. ^ عەرەبە مەسیحییەکان و ڕۆلییان لە ڕابووندا
  55. ^ سێیەمین ئەنجومەنی قوستەنتینە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  56. ^ ئینسایکڵۆپیدیای کاسۆلیک، پایەبەرز پاتریک
  57. ^ "خوێندنەوەیەک بۆ ئەورووپا لەسەدە تاریکەکانیدا". Archived from the original on 10ی Septemberی 2011. Retrieved 22ی Januaryی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  58. ^ سەرەتا کێبەرەکانی نێوان پاپاگەرایی و ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی پیرۆز
  59. ^ ئەنجومەنی دووەمی نیقییە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  60. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص.136
  61. ^ ڕکەبەرایەتی لەنێوان کورسی قوستنەنتینە و کورسی ڕۆما
  62. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص. 137
  63. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص.154
  64. ^ چەوساندنەوەی ئەقباتەکان لەسەر دەستی ئەلحاکم بیئەمریلا ١٩ی شوباتی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  65. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص.157
  66. ^ "ڕۆڵی شارستانییەتی سریانی لەچالاککردنی ڕۆلی عەرەب و موسوڵمان شارستانییەکاندا". Archived from the original on 18ی Januaryی 2012. Retrieved 24ی Januaryی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help) ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  67. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص.164
  68. ^ "شەڕەکانی خاچپەرستی". Archived from the original on 9ی Marchی 2016. Retrieved 25ی Januaryی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  69. ^ خاڵی وەرچەرخان: دووەمین شەڕی خاچپەرستی ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  70. ^ ١ی تەممووزی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، [https://web.archive.org/web/20200701104821/https://www.histoire-pour-tous.fr/dossiers/1687-deus-vult-5-la-troisieme-croisade.html ئەرشیڤ کراوە. مێژووی شەرەکانی خاچپەرستی: سێیەمین شەڕی خاچپەرستی
  71. ^ "شەشەمین شەڕی خاچپەرستی". Archived from the original on 23ی Septemberی 2015. Retrieved 25ی Januaryی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  72. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص.168
  73. ^ "کەوتنی ئەندەلووس". Archived from the original on 23ی Januaryی 2012. Retrieved 26ی Januaryی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help) ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  74. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.211
  75. ^ هەڵبەتە یەسووع لەسەر دەستی یەهودییەکان کوژرا و مەسیحییەکانیش پێیان وایە کە یەسووع خودا بووە
  76. ^ موسوڵمانەکان بڕوایان بە مەسیحییەت نییە
  77. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.200
  78. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.167
  79. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.298
  80. ^ ئ ا ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری الکنیسة والعلم، مرجع سابق، ص.298 نەدراوە
  81. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.267
  82. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.294
  83. ^ ئ ا ب پ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری الکنیسة والعلم، مرجع سابق، ص.294 نەدراوە
  84. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.257
  85. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.220
  86. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.263
  87. ^ ڕابوون و کاریگەرە سیاسی و هوونەرییەکانی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  88. ^ ژیانی پایەبەرز و لاهووتگەر تۆماس ئەکویناس