بۆ ناوەڕۆک بازبدە

میرنشینی مەلکشی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە میرنشینی مەلکیشیەوە ڕەوانە کراوە)
Error: No name(s) given

 

 

Life span?
پایتەخت مەلکشی
ئایین ئیسلام (سوننە و شیعە),
مەسیحییەت (ئەرمەنی ڕەسووڵی)
حکوومەت پاشایەتی
مێژوو
 - دامەزراندن سەدەی ١٣
 - ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی خستییە ژێر ڕکێفی خۆی وەک ocaklık ١٥١٥
 - دابەشبوون بەسەر سەنجاقیی نوێ و ocaklıks ١٥٣٥
 - کۆتاییھاتن ساڵی کۆتاییھاتن بنووسە

میرنشینی مەلکشی (بە کوردیی باکووری: Mîrketiya Melkişî؛ سەدەی ١٣–١٦٦٣)[١] میرنشینێکی سەربەخۆی کوردی بوو کە لە سەدەی ١٣ی زایینی دامەزراوە لەلایەن پاشا مەلکیشۆی ھەزەبانی نەوەی پاشا ئەبووھێجا مووسەک کوڕی چەکۆی ھەزبانی فەرمانڕەوای ھەزەبانی ھەولێر،[١] قەڵا و ناوچەی چەمشگەزەک کە لە نێوان مازگێرد، پێرتاگە و ساغماندا بووە پایتەختی ئەم شانشینە بووە.[٢] دانیشتووانی میرنشینەکە پێکھاتووی موسڵمان و نا موسڵمانیش بووە،[٣] و جگە لەوەش دانیشتووانێکی بەرچاوی کوردی عەلەوی ھەبووە کە بەھۆی خۆبەڕێوەبەری لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا گەشەیان کرد و فراوانتر بوون، ئەمە سەرەڕای دژایەتی عوسمانییەکانیش بەرامبەر بە کەمینەکان.[٤] بەپێی شەرەفنامە، فەرمانڕەواکانی سەدەی ١٢–١٣ی میرنشینەکە لە نەوەی میر مەلکش ناوێک بوون و ھەمیشە فەرمانڕەوای خۆماڵیان ھەبووە و بە وڵاتەکەیان دەڵێن کوردستان.[٥]

مێژوو

[دەستکاری]

سەرەتاکان

[دەستکاری]

بەگوێرەی شەرەفنامە، کە مێژوویەکی سەدەی ١٦یە و لەلایەن مێژوونووسی کورد شەرەفخانی بدلیسییەوە ئامادە کراوە، مەلیک شا، کوڕی ناسرەدین محەممەد، کە کەسایەتییەکی ناوداری بنەماڵەی سەلتووقییەکان بوو، لە ناوەڕاستی بۆشایییەکی دەسەڵات لە میرنشینی سەلتووقیدا، دەستی بەسەر ٣٢ قەڵا و ١٦ شارەدێی دەوروبەری چەمشگەزەکدا گرت و تەختی پاشایەتی لە پێشی نەکەی خۆی «جاکداش» وەرگرت. مەلیک شا لە کۆتاییدا تێوەگلا لە شەڕی سەربەخۆیی و لە ساڵی ١٢٠٢دا لەلایەن سولەیمانی دووەمی سوڵتانی ڕوومەوە دەستبەجێ لەسێدارە درا. شەرەفخان ئاماژەی بەوە کردووە کە بنەماڵەی فەرمانڕەوای نەوەی مەلیک شا، لە ناو کوردەکاندا بەھۆی کورتکردنەوەی ناوەکەیەوە بە «مەلکیش»یان «مەلکیشی» ناسراون. ھەرچەندە شەرەفخان باسی لە بانگەشەیەکیش کردووە کە ڕەچەڵەکی بنەماڵەکە بۆ عەباسییەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەو زیاتر لایەنگری ئەو گریمانەیەیە کە فەرمانڕەواکان لە بنەڕەتدا تورک بوون، چونکە «ناوەکانیان ھیچ لێکچوونێکیان لەگەڵ ناوی کورد یان عەرەبەکاندا نییە». لەکاتێکدا ناسنامەی جێنشینی مەلیک شا نادیارە، بەڵام بە گوتەی شەرەفخان، فەرمانڕەواکانی چەمشگەزەک لەکاتی ھێرشەکانی مەغۆل و سەردەمی قەرە یووسفی قەرەقۆینلۆشدا کۆنترۆڵی ناوچەکەیان پاراستووە.[٦][٧]

بەڵام گێڕانەوەکەی شەرەفخان چەندین جیاوازیی لەگەڵ سەرچاوەکانی تردا تێدایە. ھەرچەندە شەرەفخان پشتی بە پەرتووکی «جھانارا»ی غەفاری بەستووە، بەڵام ئەم بەرھەمە ھیچ باسێکی جێنشینی مەلیک شا «جاکداش»یان لەسێدارەدانی مەلیک شای تێدا نییە، و پێدەچێت مەلیک شا دوای ساڵی ١٢٠٢ گەیشتبێتە ناوچەکە. جگە لەوەش، زانراوە کە کەیقوبادی یەکەمی ڕووم لە ساڵی ١٢٢٦دا چەمشگەزەکی لە ئەرتەقییەکان سەندووە نەک لە مەلیک شا یان سەلتووقییەکان. ھەرچەندە ئەمە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی مەلیک شا لەژێر باڵادەستیی ئەرتەقییەکاندا لەو ساڵانەدا حوکمی چەمشگەزەکی کردووە، بەڵام ھیچ مێژوویەکی ڕوون بۆ ساڵانی سەرەتای قەوارە سیاسییەکە لە چەمشگەزەکدا نییە.[٨][٩][١٠][١١]

پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەرزنگان و تەیموور

[دەستکاری]

لە کۆتایی سەدەی ١٤ و سەرەتای سەدەی ١٥دا، پێدەچێت چەمشگەزەک لەلایەن ھێزە جیاوازەکانەوە داگیرکرابێت یان پاشکۆی ئەوان بووبێت. بەگوێرەی کتێبی «دیاربەکرییە»، موتەھەرتەن، میری ئەرزنگان، کاتێک بۆ یەکەمجار گەیشتە دەسەڵات، کۆنترۆڵی چەمشگەزەکی کردووە. میر یاڵمان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٣٨٨دا وەک «پەروەردەکراو»ێکی موتەھەرتەن ناوی ھاتووە. پەیوەندییەکانی نێوان میرنشینەکانی چەمشگەزەک و ئەرزنگان لەو سەردەمەدا پێدەچێت لەژێر کاریگەریی جوگرافیای ناوچەکەدا بووبێت، کە بەھۆیەوە چەمشگەزەک بەرامبەر ھەر ھێرشێکی زولقەدرییەکان لە خارپێت و سوڵتانییەتی مەمالیک لەودیو دەربەندێکی ڕۆژاواوە لاواز بوو. یاڵمان پێدەچێت لە ھێرشێکی نزیکی زولقەدرییەکان ترسابێت. ھاوپەیمانییەکەی لەگەڵ موتەھەرتەن بۆ پاراستنی ناوچەکە بوو، چونکە موتەھەرتەن لەژێر کاریگەریی جەنگاوەری تورک-مەغۆل تەیمووری لەنگدا بوو، کە دووژمنی مەمالیکەکان بوو (کە باڵادەست بوون بەسەر زولقەدرییەکاندا). دەوترێت میر یاڵمان دوای موتەھەرتەن کەوتووە، کە بەپێی پەرتووکی «بەزم و ڕەزم»، موتەھەرتەن بە کەسیی تەیمووری لەنگی بینیوە، ناوی ئەویشی خستووەتە ناو «خوتبە و سیکە»ی (وتار و دراو) خۆی و جڵەوی ئەسپەکەی ماچ کردووە. سیاسەتی پاشکۆیەتیی یاڵمان بۆ موتەھەرتەن دیارە تا ساڵی ١٤٠٠ بەردەوام بووە، وەک لەو نەخشانەی سەر مزگەوتی ھاوناوی یاڵمان لە شارۆچکەی چەمشگەزەکدا دەردەکەوێت، کە ناوی تەیمووری تێدا ھاتووە و ئاماژە بە پێگەی پاشکۆیەتیی میرنشینەکە دەکات بۆ ئەرزنگان.[١٢][١٣][١٤]

پەیوەندییەکان لەگەڵ ئاق قۆیونلۆ

[دەستکاری]

لە سەدەی دواتردا، قەرە یۆلوکی ئاق قۆیونلۆ کۆنترۆڵی ناوچەکەی لە پیر حوسێن وەرگرت. چەمشگەزەک لە ساڵی ١٤٢٣دا کەوت، یان پێشتریش، وەک لە کۆبوونەوەی شێخ حەسەن لەگەڵ فەرمانڕەوای قەرەقۆینلو ئەسکەندەر میرزا لە ساڵی ١٤٢٢دا دەردەکەوێت، کاتێک داوای پشتگیریی لێکرد بۆ وەرگرتنەوەی ئەو ناوچانەی کە بۆ ئاق قۆیونلۆ لەدەستی دابوو. دەقێکی ئەرمەنی کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٤٣٥ دەگەڕێتەوە، باس لە ئەرمەنییەک دەکات بە ناوی «خۆشغەدەمی» وەک نوێنەر (نائیب)، کە پێدەچێت لە چەمسگەزەک لەژێر دەستی قەرە یۆلوکدا بووبێت. سێ ساڵ دواتر، شارۆچکە ژێر دەسەڵاتەکەی ئاق قۆیونلۆ کەوتە بەر ھێرشی مەمالیکەکان و بە ویلایەتی حەلەبەوە بەستراوەوە. وا دیارە مەلکیشییەکان پشتگیرییان لە شازادەی ئاق قۆیونلۆ «حەمزە» کردووە لەکاتی شەڕی ناوخۆی نێوان جێنشینەکانی قەرە یۆلوکدا.[١٥][١٦][١٧]

حوکمڕانی بنەماڵەی مەلکشی لەناکاو بە سەرکەوتنی فەرمانڕەوای ئاق قۆیونلۆ ئۆزۆن حەسەن کۆتایی ھات، کە دەیویست ئەو بنەماڵە کوردانە لەناو ببات کە لەگەڵ قەرەقۆینلۆ ھاوپەیمان بوون. ئۆزۆن حەسەن خێڵی تورکمانی خەبەندەلووی ڕاسپارد بۆ کۆنترۆڵکردنی چەمشگەزەک، کە بەوەش شارەکە کەوتەوە دەست ئاق قۆیونلو؛ بەڵام شێخ حەسەن سوپایەکی لە ڕەعایەتەکانی خۆی ڕێکخست و بە سەرکەوتوویی ناوچەکەی وەرگرتەوە. لە ساڵی ١٤٥٢دا، تەماحی شێخ حەسەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی قەڵاکانی گۆبراک و ڤیبراق لە سنووری ڕۆژاوا لەگەڵ زولقەدرییەکان، ھێرشێکی پێچەوانەی ٣٠ ھەزار سەربازی بە سەرۆکایەتی سولەیمانی لێکەوتەوە، کە ناچار بوو پاشەکشە بکات بۆ خارپێت کاتێک ھێزە ناوخۆیییەکان ھێرشیان کرد و دەوری سوپای زولقەدرییان گرت.[١٨][١٩][٢٠]

لە ساڵی ١٤٥٦دا، شێخ حەسەن بە پێچەوانەوە پشتگیری ئۆزۆن حەسەنی کرد لە شەڕێکدا لەسەر ڕووباری دیجلە. سێ ساڵ دواتر، شێخ حەسەن ھاوپەیمانییەکەی زیاتر بەھێز کرد بە پێدانی کچی کوڕەکەی (سوھراب) بە سوڵتان خەلیلی ئاق قۆیونلو. لەو ڕێکەوتەوە، مەلکشییەکان دەکرێت وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ئاق قۆیونلو ھەژمار بکرێن، کە نموونەیەکی دەگمەنی «ھاوبەشیی تورکمان-کورد»ە پێش دەرکەوتنی ئێرانی سەفەوی. لە ساڵی ١٤٦١دا، شێخ حەسەن یاوەریی ئەو نێردەیەی کرد کە سارا خاتوونی دایکی ئۆزۆن حەسەن سەرۆکایەتی دەکرد بۆ وتووێژ لەسەر پرسی ئیمپراتۆریەتیی تەرابزۆن لەگەڵ سوڵتانی عوسمانی محەممەدی دووەم. ھەرچەندە ئامانجی نێردەکە ڕێگریکردن بوو لە محەممەدی دووەم لە ھێرشکردنە سەر تەرابزۆن، بەڵام لە گۆڕینی پلانەکانی سوڵتان سەرکەوتوو نەبوو. سوھراب، کوڕ و جێنشینی شێخ حەسەن، بەردەوام بوو لە خزمەتکردنی زاواکەی (سوڵتان خەلیل) تا کۆچی دوایی دووەمیان لە ساڵی ١٤٧٨دا. ھیچ گێڕانەوەیەکی ورد لەسەر حوکمڕانیی سوھراب لەبەر دەستدا نییە، کە پێدەچێت کورتخایەن بووبێت. لە سەردەمی باڵادەستیی ئاق قۆیونلو «یەعقوب» دا، خالید بەگی میری پازوکی، خۆی کردە «گەورە»ی چەمشگەزەک.[٢١][٢٢][٢٣]

ھاوپەیمانی لەگەڵ سەفەوییەکان

[دەستکاری]

حاجی ڕۆستەم بەگ دوای باوکی (سوھراب) دەسەڵاتی گرتە دەست. ئیسماعیلی یەکەم نورعەلی خەلیفەی ڕاسپارد بۆ گرتنی چەمشگەزەک، و حاجی ڕۆستەم بەبێ ھیچ جەنگێک خۆی بەدەستەوە دا. ئەو گەشتی کرد بۆ کۆشکی شا ئیسماعیل و دڵسۆزیی خۆی ڕاگەیاند. شا ئیسماعیل خەڵاتێکی ڕێزلێنانی پێبەخشی و وەک فەرمانڕەوای ھەندێک ناوچە لە عێراق دەستنیشانی کرد. کێبڕکێی کورد و تورکمان لەسەر زەوی و زار خراپتر بوو کاتێک ھەژموونی قزڵباشەکان زیادی کرد بە دەستنیشانکردنی محەممەد خان ئۆستاجلووی تورکمانی قزڵباش بۆ ئامەد، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی میرە کوردەکانی چەمشگەزەک و ناوچەکانی تریش ڕاپەڕن، ڕێک پێش گەیشتنی عوسمانییەکان. جگە لەوەش، نورعەلی خەلیفە مامەڵەی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا خراپ بوو و بەشێکی زۆری بنەماڵەی مەلکشی لەناو برد. نزیکەی ئەو کاتەی کە حاجی ڕۆستەم لە ھەواڵەکە ئاگادارکرایەوە، شەڕێکی چاوەڕوانکراو لە نێوان سەفەوی و عوسمانییەکاندا ھەبوو، کە حاجی ڕۆستەم لایەنگری یەکەمیانی کرد؛ بەڵام شا ئیسماعیل لە شەڕی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤دا لەلایەن سوڵتان سەلیمی یەکەمەوە شکا. دوای شکستەکە، حاجی ڕۆستەم گەشتی کرد بۆ «یەم» لە نزیک مەڕەند بۆ ئەوەی دڵسۆزیی خۆی بۆ سوڵتان سەلیم ڕابگەیەنێت. شازادەی ئاق قۆیونلو «فەڕوخشاد» پێشتر سوڵتانی وەبیر ھێنابووەوە کە حاجی ڕۆستەم نەیتوانیوە قەڵای کەماخ پێش شەڕی ئۆتلۆکبێلی لە ساڵی ١٤٧٣دا ڕادەستی عوسمانییەکان بکات؛ بۆیە سوڵتان سەلیم ٤٠ کەسی لە بنەماڵەی مەلکشی لەسێدارە دا، لەنێویاندا حاجی ڕۆستەم، وەک شەرەفخان دەڵێت بەھۆی ئەو ھۆکارە کۆنە بووە بەڵام پێدەچێت بەھۆی پشتگیریکردنی لە سەفەوییەکانیش بووبێت لە شەڕە دوایینەکەدا.[٢٤][٢٥][٢٦]

تێکەڵبوون بە دەسەڵاتی عوسمانی

[دەستکاری]

لەکاتی چوونی بۆ پەنابەری لە میسری مەمالیکەکان دوای لەسێدارەدانی باوکی، پیر حوسێن ڕاوێژی لەگەڵ مامای (میری مەمالیکی مەلاتیە) کرد، ئەویش ئاماژەی بە ڕووخانی نزیکی مەمالیکەکان کرد و پێشنیاری بۆ پیر حوسێن کرد بچێتە لای سوڵتان سەلیم. بەو پێیە پیر حوسێن گەشتی کرد بۆ ئاماسیا و خۆی ڕادەستی سوڵتان سەلیم کرد، ئەویش ڕێگەی پێدا حوکمی چەمشگەزەک بکات. ھەرچەندە وا بڵاوکرایەوە کە سوڵتان سەلیم سەرسام بووە بە ئازایەتیی پیر حوسێن، بەڵام ھۆکاری سەرەکی لێبووردنی سوڵتان بۆ ئەوە بوو کە پشتگیریی کوردەکان بەدەستبھێنێت دژی فەرماندەی سەفەوی قەرەخان ئۆستاجلو کە لە ناوچەکەدا چالاک بوو. لە ھاوینی ١٥١٥دا، ئیدریس بدلیسی لەسەر ناوی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی، سوپایەکی کوردی (لەوانەش لە چەمشگەزەک) کۆکردەوە بۆ شەڕ دژی ئاق قۆیونلو و سەفەوییەکان بۆ وەرگرتنەوەی ئامەد. سوپا کوردەکە لەگەڵ سەربازانی عوسمانی لە ئاماسیاوە یەکیان گرت و پێکەوە بەرەو ئامەد ڕۆیشتن و لە ناوەڕاستی ئەیلوولی ھەمان ساڵدا سەرکەوتوو بوون لە گرتنی شارەکە. دواتر سوپاکە بەرەو گرتنی مێردین ڕۆیشت و لە ساڵی ١٥١٦دا قزڵباشەکانی لە قزڵتەپە تێکشکاند. کوردەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لەم سەرکەوتنەدا ھەبوو و لەلایەن بێیکلی محەممەد پاشاوە خەڵاتی زۆریان پێبەخشرا، کە بوو بە یەکەم والیی ویلایەتی دیاربەکر و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کوردانی ناوچەکەدا ھەبوو. ویلایەتی دیاربەکر میرنشینی چەمشگەزەکیشی گرتەوە. میرنشینی چەمشگەزەک یەکێک بوو لەو دوو میرنشینە کوردەی کە لە تێنووسێکی ساڵی ١٥١٨دا ناویان ھاتووە، ئەوی تریان چەرمووک بوو.[٢٧][٢٨]

پیر حوسێن وەک «سەنجەق بەگی» چەمشگەزەک لە تێنووسی تەحریری ١٥١٨دا دەرکەوتووە و پێدەچێت لە ساڵی ١٥١٥ەوە ئەو پۆستەی ھەبووبێت. ھەرچەندە ساڵی وردی کۆچی دوایی پیر حوسێن نادیارە، بەڵام پێدەچێت دەوروبەری ساڵی ١٥٣٤ یان ١٥٣٥ بووبێت. لەو کاتانەدا، کەسێک بە ناوی عەلی لە بنەماڵەی زولقەدرییەکان بۆ ماوەیەکی کورت کرا بە سەنجەق بەگ.[٢٩]

کۆچی دوایی پیر حوسێن بوو بە سەرەتای ململانێی جێنشینی لە نێوان ١٦ کوڕەکەیدا، کە سوڵتان سولەیمانی قانوونی دەستێوەردانی تێدا کرد. سوڵتان داھاتی شارۆچکەی چەمشگەزەک، سەرانەی ناموسڵمانان، باجی مەڕو ماڵات و تەواوی داھاتی گوندە گەشەدارەکانی خستە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەوە. ئەوەی تری وەک «تیمار و زیامەت» لە نێوان کوڕەکاندا دابەش کرا و بەم شێوەیە زەوییەکە بە میراتی لە شێوەی «ئۆجاکڵق» دا مایەوە. لە ساڵی ١٥٩٧دا، کاتێک بدلیسی شەرەفنامەی دەنووسی، خێزانەکە ھێشتا کۆنترۆڵی ناوچەکەیان لەدەستدا بوو.[٣٠][٣١][٣٢]

تەلارسازی

[دەستکاری]

مزگەوتی یاڵمانییە، کە بە مزگەوتی مەدرەسەش ناسراوە، لە شارۆچکەی چەمسگەزەک لەلایەن میری ناوخۆیی یاڵمان لە ساڵی ١٤٠٠دا دروست کراوە. ھۆڵی نوێژی ئێستا پێدەچێت لەژێر کاریگەریی تەلارسازیی سەرەتای سەدەی ١٦دا بێت، و باقی مەدرەسەکە کە لە باکووری مزگەوتەکە بوو، لەناو چووە. گەرماوی کۆنی چەمسگەزەک دەگەڕێتەوە بۆ چارەکی کۆتایی سەدەی ١٥ و پێدەچێت لەلایەن یەعقوبی ئاق قۆیونلووەوە دروستکرابێت، ھەرچەندە باڵەخانەکە لە ساڵانی ١٧٦٢–١٧٦٣دا نۆژەنکراوەتەوە.[٣٣][٣٤]

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. 1 2 Ünal (1999).
  2. van Bruinessen & Boeschoten (1988).
  3. Uzun (2017).
  4. Gezik (2021).
  5. Aydin، Suavi (٢٠٢٠)، «A Survey of the Roots and History of Kurdish Alevism: What are the Divergences and Convergences between Kurdish Alevi Groups in Turkey?»، Kurdish Studies، بەرگی ٨, ژمارە 1، CEEOL، لاپەڕە ١٧–٤٢، doi:١٠.٣٣١٨٢/ks.v٨i١.٥٥١
  6. Ünal 1999, p. 13.
  7. Ünal 1999, p. 14; Alsancaklı 2021, p. 103.
  8. Alsancaklı 2021, pp. 97, 103.
  9. Aydin 2020, p. 24.
  10. Ünal 1991, p. 243.
  11. Ünal 1999, p. 14.
  12. Sinclair 1989, p. 156.
  13. Sinclair 1989, p. 157.
  14. Yücel 1971, p. 694.
  15. Woods 1999, p. 68.
  16. Sanjian 1969, pp. 182, 374.
  17. Sinclair 2019.
  18. Woods 1999, p. 91.
  19. van Bruinessen 1992, p. 150.
  20. Yinanç 1989, p. 57.
  21. Woods 1999, pp. 255–256.
  22. Ünal 1999, p. 15.
  23. Woods 1999, p. 194.
  24. Ünal 1999, pp. 15–16.
  25. Atmaca 2021, p. 46.
  26. Ünal 1999, pp. 16–17.
  27. Ünal 1999, p. 17.
  28. van Bruinessen & Boeschoten 1988, p. 16.
  29. van Bruinessen & Boeschoten 1988, p. 17-18.
  30. Ünal 1999, p. 52.
  31. Ünal 1999, p. 37.
  32. van Bruinessen & Boeschoten 1988, pp. 17–21
  33. Sinclair 1989, p. 71.
  34. Sinclair 1989, p. 73.

پەرتووکنامە

[دەستکاری]