دەوڵەتی کاکوویە
| Kakuyid Emirate دەوڵەتی کاکوویە، کاکوەیھی |
||
|---|---|---|
| پایتەخت | ئەسفەھان (١٠٠٨–١٠٥١) یەزد (١٠٥١–١١٤١) | |
| دەوڵەت | پاشایەتی | |
دەوڵەتی کاکوویە یان کاکەوەیھی یان کاکۆیی (بە لاتینیی کوردی: Kakeweyhî یان Kakûyiyan) دەوڵەتێکی دیلمی ئیسلامی شیعە بوون کە لە ساڵانی ١٠٠٨ تا ١١٤١ دەسەڵاتیان ھەبووە.[١] دامەزرێنەری ئەم حکوومەتە ئەبو جەعفەر محەممەد کوڕی ڕۆستەمە. عەلا ئەلدەولە محەممەد ھانی دەمرا و زانایانی دەدا و فەیلەسوفی بەناوبانگ ئیبن سینا تا مردنی وەزیری پاشا ھەبوو. ھێرشی تورکەکانی غەز بەتەواوی بارودۆخی سیاسی ئێرانی گۆڕی و بەنی کاکەوەیی وەک ھێزەکانی دیکە ھێنایە بەر بەرگری. کاتێک ئیبن کاکەوەیی لە ساڵی ١٠٤١ زایینی کۆچی دوایی کرد و فەرامەرزی کوڕی لە ئەسفەھان جێگەی خۆی گرت، ناچار بوو بە دەوڵەتی سەلجوقییەکان بناسێتەوە.[٢]
مێژوو
[دەستکاری]دامەزرێنەری خانەدانی کاکۆیی عەلائولدەولە محەممەد بوو، کە سەرکردەیەکی سەربازیی دەیلەمی بوو لەژێر خزمەتی میرنشینی بوەیھی جیبالدا. باوکی، ڕوستەمی دووژمنزیار، ئەویش خزمەتی بوەیھییەکانی کردبوو، و زەویی لە ئەلبورز پێدرابوو بۆ پاراستنیان لە دژی فەرمانڕەوا ناوخۆیییەکانی ناوچەی دراوسێی تەبەرستان. ڕوستەم خاڵی سەیدە شیرین بوو، کە شازادەیەکی خانەدانی باوەندی بوو و ھاوسەرگیری لەگەڵ میری بوەیھی فەخرولدەولە (فەرمانڕەوایی: ٩٧٦–٩٨٠، ٩٨٤–٩٩٧) کردبوو. بەھۆی ئەم پەیوەندییە، زۆرجار عەلائولدەولە محەممەد بە ئیبن کاکۆیییە یان «پیسەری کاکۆ» ناودەبرێت، کە بە واتای «کوڕی خاڵ» دێت. تا ساڵی ١٠٠٨، ئەو پارێزگاری شاری ئەسفەھان بوو، پۆستێک کە سەیدە شیرین بۆی دەستەبەر کردبوو؛ بەڵام ڕاپۆرتی مێژوونووسی ناوخۆیی سەدەی ١١ی ئەسفەھان، مافەڕووخی، ئەوە دەخاتە ڕوو کە عەلائولدەولە محەممەد لایەنی کەم لە سەرەتای ساڵی ١٠٠٣وە کۆنترۆڵی شارەکەی لەدەستدا بووە. بە تێپەڕبوونی کات، ئەو بە کردەیی لەژێر کۆنترۆڵی بوەیھییەکان سەربەخۆ بوو.[٣][٤][٥][٦][٧]
ھەندێک جار محەممەد کوڕی ڕوستەمی دووژمنزیار وەک ھاوپەیمانی بوەیھییەکان دەردەکەوت؛ بۆ نموونە کاتێک شەمسولدەولە لە ھەمەدان ڕووبەڕووی ڕاپەڕین بووەوە، بۆ ھاوکاری پەنای بۆ کاکۆییەکان برد. ماوەیەکی کەم دوای کۆچی دوایی شەمسولدەولە، سەماولدەولە بوو بە جێنشینی، بەڵام کاکۆییەکان ھێرشیان کرد و لە ساڵی ١٠٢٣ یان ١٠٢٤دا کۆنترۆڵی ھەمەدانیان کرد. پاشان پێشڕەوییان کرد و حەڵوانیان[ئ] لە عەنازییەکان سەند. موشەریفولدەولەی بوەیھی، کە فەرمانڕەوایی فارس و عێراقی دەکرد، کاکۆیییەکانی ناچار کرد لە حەڵوان بکشێنەوە، بەڵام ھەمەدانیان لای خۆیان ھێشتەوە. ئاشتی لە نێوان ھەردوولادا بەسترا و لە کۆتاییدا ھاوپەیمانییەکی ھاوسەرگیری ڕێکخرا.
لە ساڵی ١٠٤١دا فەرامورزی کوڕی بوو بە جێنشینی محەممەد کوڕی ڕوستەمی دووژمنزیار. لەکاتێکدا لە ھەمەدان کاکۆیییەکی تر بە ناوی گەرشاسپی یەکەم دەسەڵاتی گرتە دەست. لە ساڵی ١٠٩٥دا، گەرشاسپی دووەم بوو بە میری نوێی خانەدانی کاکۆیی، و دواتر لە شەڕی قەتوان لە ساڵی ١١٤١دا کوژرا. فەرمانڕەوایی فەرامورز لەلایەن سەلجووقییەکانەوە کورتکرایەوە، کە دوای گەمارۆدانی ساڵێکی ئەسفەھان لە ساڵی ١٠٥١ یان ١٠٥٢دا شارەکەیان گرت. سەرەڕای ئەمەش، لەلایەن سەلجووقییەکانەوە یەزد و ئەبەرکووھ وەک دەرەبەگایەتی بە فەرامورز دران. کاکۆیییەکان تا ناوەڕاستی سەدەی ١٢ وەک پارێزگاری ئەم ناوچانە مانەوە؛ فەرمانڕەوایییان لەو ماوەیەدا بە دروستکردنی مزگەوت، کەناڵ و قەڵابەندییەکان ناسرابوو.
تێبینییەکان
[دەستکاری]- ↑ شارە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان گردە بەرزەکانی ئێران و دەشتاییەکانی مێزۆپۆتامیا (عێراق). لە ئێستادا شوێنەوارەکانی ئەم شارە دەکەونە دەوروبەری شاری «سەرپێڵی زەھاو» لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Kennedy، Hugh N.؛ Kennedy، Professor of Arabic Hugh؛ Barbir، Karl (٢٠٠٤). The Prophet and the Age of the Caliphates: The Islamic Near East from the Sixth to the Eleventh Century (بە ئینگلیزی). Longman. ژپنک ٩٧٨-٠-٥٨٢-٤٠٥٢٥-٧.
- ↑ ڕۆحانی، کەماڵ (۱۳۹۸ هەتاوی). کورد و کوردستان لە ڕێڕەوی مێژوودا. تاران: ئاراس. لاپەڕە ١٩٨،١٩٩. ژپنک ٩٧٨-٦٢٢-٦٢٧٨-٣١-٠.
{{cite book}}: نرخی|ژپنک=بپشکنە: checksum (یارمەتی); نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە:|ساڵ=(یارمەتی)ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ساڵ (بەستەر) - ↑ Bosworth 2010, pp. 359–362.
- ↑ Bosworth 1984, pp. 773–774.
- ↑ Bosworth 1970, p. 74.
- ↑ Spuler 2014, p. 101.
- ↑ Spuler 2014, p. 110.

