ئیدریسی بەدلیسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مەلا ئیدریسی بەدلیسی ناوی تەواوی ئیدریسی کوڕی مەولانا شێخ حوسامەدین عەلی بەدلیسییە. ئیدریسی نووسەرێکی گەورەی کوردە عوسمانی کە لە بوارەکانی پزیشکی و ئاژەڵناسی و گەردوونناسی و فەلسەفە چەندین کتێب و نووسینی بەنرخی ھەبووە. ئیدریسی کەسێکی زانا و بلیمەت بووە و ھەموو قۆناغەکانی خوێندنی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.

گەورە و زانای کورد مەلا ئیدریسی بدلیسی لە بنەماڵەیەکی ئایینی و زانستخواز پێگەیشتووە و زانستە شەرعیەکانی لە بدلیس خوێندووە. بۆ تەواوکردنی زانیارییەکانی چووتە ئێران و زمانەکانی فارسی و تورکی و عەرەبی بە باشی زانیوە. بەدلیسی کاری نووسەری بۆ سولتان یەعقووب کوری (حەسن الگویل) ی ئاق قۆینلۆ ١٤٧٩-١٤٩٠ کردووە، پاشان پلەی نیشانەچی واتە ھەڵگری مۆری پێ دراوە لە ھەمان دەوڵەت تا ساڵی ١٥٠١ ز لە تەورێز ماوەتەوە. لەگەڵ ھاتنی شا ئیسماعیلی سەفەوی ھەر ئەو پلەی پێدراوە بەناوی (مھردار) وە، ئەو دوو ئەرکە بەمانای وەزیری ئێستا دێت، بەڵام زۆر لە لای ئەوەی دووەم نانمێنێتەوە، لەگەڵی ھەڵناکات بە ھۆی ئەو سیاسەتە جیاکاری و توندوتیژیەی کە شا گرتبوویەبەر؛ بۆیە روو دەکاتە دەوڵەتی عوسمانی و لەلایەن سولتان بایەزیدی دووەم بەگەرمی پێشوازی لێکرا و لە ساڵی ١٤٨١-١٥١٢ز فەرمانڕەوایەتی کردووە. ئەرکی نووسینی مێژووی عوسمانی پێ سپێردرا کتێبێکی بە ناوی(ھەشت بھشت). دواتر لەسەردەمی سولتان سەلیمی یەکەم ١٥١٢-١٥٢٠ز پۆستی راوێژکاری لە ھێڕشەکانی بۆ سەر ئێران و میسر و شام پێ درا، ھەروەھا بە پۆستی قازی سەربازی سەرقاڵ بوو، تەنانەت لە ھەموو کارە کارگێڕی و سەربازی و سیاسیەکان پرسی پێ کردووە و لە قەناعەت پێ کردنی میرە کوردەکان بە ڕازی بوونی دەسەڵاتی عوسمانی سوودی لێ وەرگرتووە؛ چونکە پێگەیەکی ئایینی و ئەدەبی ھەبوو. لە ساڵی ١٥٢٠ز پاش مردنی سولتان سەلیم دواتر ئەویش لە ئەستەنبول دەمرێت و لەگۆڕستانی ئەبوئەیوبی ئەنساری نێژرا تا ئێستاش گۆڕەکەی دیار ماوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]