پیرەمێرد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پیرەمێرد
Pîremêrd
پیرەمێرد بە جلوبەرگی کوردییەوە (کە گیوی موکریانی گرتوویەتی)
ناوی خۆماڵیحاجی تۆفیق بەگ
لەدایکبوونتۆفیق مەحموود ھەمزە
١٨٦٧
سلێمانی
مردن١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠(١٩٥٠-٠٦-١٩) (٨٢–٨٣ ساڵ ژیاوە)
سلێمانی
پیشەڕۆژنامەنووس، شاعیر، نووسەر، قائیمقام و پارێزگار
زمانکوردی، تورکی و عەرەبی
نەتەوەکورد
ڕەگەزنامەعێراقی
خوێندنکۆلێژی یاسا
شوێنی بڕوانامەتورکیا
بواری کارکردنوێژە، یاسا، ڕۆژنامەوانی، ھۆنراوە
کارە دیارەکانڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب، ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی، گۆڤاری ژین و ڕۆژنامەی ژین
ھاوسەرغەزالە خان
منداڵەکاننەژاد
وەداد

پیرەمێرد یان حاجی تۆفیق بەگ بە ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە (١٨٦٧ – ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠)[١] شاعیر، نووسەر و ڕۆژنامەوانێکی کورد بوو. لە سلێمانی لەدایک بووە و لە لاویدا زانستی ئایینیی لەوێ خوێندووە. پیرەمێردیش بەو دەستوورە ھەر وەکو حاجی قادری کۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانی گەڕاوە و ئەوسا ڕووی کردووەتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.[٢] شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە ١٨٩٨دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکوومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسیدا دادەمەزرێت. لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی ھەر لەوێ خەریکی کاری وێژەیی و ڕۆژنامەوانی دەبێت. پیرەمێرد بەرھەمی وێژەییی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتی ڕۆژنامەگەریی کوردیی کردووە. لە بواری ڕۆژنامەوانیی کوردیدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە، ھەندێک لەو خزمەتانە بریتیین لە دامەزراندنی ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب، ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی، ڕۆژنامەی ژین و گۆڤاری ژین.

ژیاننامە[دەستکاری]

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

ناوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە. لە ساڵی ١٨٦٧ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بووە. پیرەمێرد لە بارەی ژیانی منداڵیی خۆیەوە لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت:[٣]

پیرەمێرد بەم ناز و نیعمەتەوە و بە چاودێری و خۆشەویستییەوە پەروەردە کرا، تا تەمەنی گەیشتە حەوت ساڵان، ئەوسا ئیتر بردیانە حوجرەی مەلا حسێن گۆچە، ھەتا خوێندنی تەواو کرد لەوێ مایەوە، ئینجا سمایلنامە و چەند کتێبێکی تری وردیلەی خوێند.

ڕۆژێک تۆفیقی تەمەن ھەشت-نۆ ساڵان لەگەڵ مامۆستاکەیدا لەسەر ھۆزانێکی حافزی شیرازی تێک دەچن، چونکە پیرەمێرد خۆی بە خاوەن ماف دەزانێت، نایەوێت لە قسەی خۆی پاشگەز ببێتەوە و داوای لێبوردن لە مامۆستاکەی بکات، ناچار حەسەن ئەفەندی مامی لەو حوجرەیە گواستییەوە و بردی بۆ حوجرەی مەلا سەعیدی زڵزڵەیی،[٤] کە دەیباتە ئەوێ، حەسەن ئەفەندیی دەڵێ: «تۆفیق، ئومێد دەکەم دەم و نەفەسی ئەم زاتە پاکە بتکا بە ھەڵبەستوانێکی وەکوو من.» بەمەدا دەردەکەوێت کە حەسەن ئەفەندی مامیشی ھەر ھۆزانڤان بووە، ھەرچەندە بەداخەوە کە ئێمە ھەتا ئێستا ھیچ ھۆنراوەیەکی ئەومان دەست نەکەوتووە.[٥] لەم حوجرەیەدا سەرەتای بەھرەی شیعر وتنی تێدا دەرکەوت، خووی دایە خوێندنەوەی وێژە و شیعر و سەرگوزشتەی ئەدیبان و ھۆزانوانان، لەسەر دابونەریتی کوردەواری و بەپێی ئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی عەشایەردا چاوی ھەڵھێنابوو، ئارەزووی سوارچاکی و تفەنگچێتیی پەیدا کرد. شۆرەتی سوارچاکیی پیرەمێرد بەناوبانگ بوو، وەک مامۆستا سەجادی دەیگێڕێتەوە، لە شاخی ھەڕووتە، کە پیادە بە ئاستەم پێیدا سەردەکەوێت، ئەم بەتا و لەسەردا ئەسپی ھێناوەتە خوارەوە، بەسەر پردی قەشان و تەپادا بەغار پەڕیوەتەوە. لە دوای ئەوەی کە ئیتر بەرەبەرە لە خوێندنەکەشی پێش کەوت، وا پێویست بوو لەسەر فەقێیەتی دەوام بکات.[٦]

لە سەرەتاوە لە مزگەوتەکەی باپیری کە ئێستاش ماوە (مزگەوتی ھەمزاغا)، کە نزیک ماڵی خۆیان بووە و لە نزیک باخێک بووە پێیان وتووە باخی پوورە بەگی، کە لە گەڕەکی گۆیژەیە و چاپخانەکەی پیرەمێرد لە نزیک ئەو مزگەوتەیە،[٧] لای مەلا مەحموود دەرسی عەرەبی دەخوێنێت، لە خوێندنی عەرەبیدا دەچێتە پێشەوە و دەست ئەکا بەخوێندنی (سیوتی)، بە دوای خوێندندا وەک ھەر فەقێیەکی ئەو سەردەمە لە شار و و جێگەی خۆی دوور دەکەوێتەوە، بەپێی ئەو نەریتەی، کە لە کام مزگەوتدا مامۆستای چاک بووبێ فەقێکان ڕوویان تێ کردووە، وەکوو چۆن مامۆستایانی ئێستا ھەر یەکەی لە بوارێکدا شارەزایی پەیدا دەکەن و وانە دەڵێنەوە، مامۆستایانی ئەوساش ھەر مەلایەی لە بوارێکی تایبەتدا شارەزاییی پەیدا دەکرد. پیرەمێردیش ھەروەکو حاجی قادری کۆیی، نالی، مەحوی، مەولەوی و، زێوەر، مزگەوتا و مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە،[٧] دەگاتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.[٨] بەڵام، پێش ئەوەی تەواوی بکات، دەستی لە خوێندن ھەڵگرت و ڕوویکردە ژیانی ڕۆژانەی ئەم دنیایە.[٩] لەو سەردەمەشدا ھەر کەسێک خوێندنی مەلایەتیی تەواو بکردایە و مەلایەتیی بکردایە، ئەوە دەبوو بە مەلا، بەڵام گەر وازی لێ بھێنایە پێیان دەوت (میرزا)، بەو پێیەی پیرەمێردیش وازی لە خوێندنەکەی ھێنا، بوو بە میرزا.

پەیکەری پیرەمێرد لە سەرای سلێمانی.

لە ئەیلوولی ١٨٨٢، واتە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا، دەبێت بە کاتبی نفووسی سلێمانی، زۆری پێناچێت دەکرێت بە کاتبی (زەبت) لە دادگای سلێمانی، لە حوزەیرانی ساڵی ١٨٨٣دا بووە بە فەرمانبەری زەویوزار و موڵکی میری لە ھەڵەبجە، نزیکەی سێ ساڵان لەوێ مایەوە. بەپێی نووسینەکانی پیرەمێرد بێت کە لە (ژیان) و (ژین) دا بڵاوی کردوونەتەوە، وا دەردەکەوێت کە ئەو سەردەمە عەشقی ھۆنراوە لە دەروونیدا بووە؛ خولیای ھۆنراوە کۆکردنەوە کەوتووەتە سەری. تا ئەو دەمە ھەر خەریکی لەبەرکردنی ھۆنراوەی نالی بووە، بەڵام کە چووەتە ئەو ناوچەیە، شەیدای مەولەوی و بێسارانیش بووە، بە ھەموو دەشتی شارەزووردا گەڕاوە، کەشکۆڵی ڕەنگینی بۆ خۆی پێکەوە ناوە و ھەرچی ھۆنراوەیەکی دەست کەوتبێت یان بینیبێت یان بیستبێ، لە کەشکۆڵەکەیدا نووسیویەتییەوە، پاشان بوو بە سەرنووسەر (باشکاتب) لە دادگای چوارتا، لە تشرینی یەکەمی ١٨٩٥ گوازرایەوە بۆ کەربەلا بە وەزیفەی مودەعی یاریدەدەریی گشتی، بەڵام بڕیاری دا کە نەچێت بۆ ئەو وەزیفەیە و بەیەکجاری دەست لە فەرمانبەریی دەوڵەت ھەڵگرێت.[٩] شێخ مستەفای نەقیب دڵخۆشیی دایەوە و کردی بە نووسەری تایبەتی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی، بەم جۆرەش ژیانێکی باش و لەباری بۆ خوڵقاندووە.[٨]

لە تورکیا[دەستکاری]

لەبەر ئەوەی تۆفیق لاوێکی زرنگ و زیرەک و بەڕەوشت بوو و خوێندەوارییەکەشی بەپێی ئەو سەردەمە باش بوو، لە تەک بنەماڵەی شێخانی سلێمانیدا پەیوەندییەکی پتەوی پەیدا کرد، تا وای لێھات متمانەی زۆر شتیان پێکرد، خۆشیاندەویست، جێی بڕوایان بوو، بۆیە کاتێک لە ساڵی ١٨٩٨ شێخ سەعیدی حەفید (باوکی شێخ مەحموودی نەمر) لەسەر بانگێشتی سوڵتان عەبدولحەمید بانگکرا بۆ ئەستەمبوڵ، شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب ڕوویان لە تۆفیقی مەحموود ئاغا نا کە لەگەڵیان بچێت بۆ تورکیا، ئەمیش بەپێی ئەو نزیکی و پەیوەندییەی لەگەڵیاندا ھەیبوو، دەستی نەنا بەڕووی داواکەیانەوە، بەمجۆرە شێخ سەعید جگە لە شێخ مستەفای نەقیب، چەند کەسێکی ھەڵبژارد لەگەڵیاندابن، یەکێکیان تۆفیقی مەحموود ئاغای ھەمزاغای مەسرەف بوو.

ئەو دەمە تۆفیق خاوەن ژن و ماڵ بوو، بەڵام دیسان ماوەی ئەوەی نەدا کە ژن و منداڵەکەی ببنە کۆسپ لە ڕێگەی ئەم سەفەرەدا، ئەو دەمە تۆفیق غەزالە خانی کچی عەبدوڵڵا فەندیی عەزیز ئاغای بابەکر ئاغای مەلا وەیسی ھاوسەری بوو، دوو کچیشی لێی بوو بوو بە ناوەکانی ڕەحمە و ئامینە، ئەو دەمە تۆفیق ماڵاوایی لە دۆست و ھاوڕێیانی و لە (غەزالە) خانی خێزانی کرد، کە دەستی بە سەر و قژی کچە بچکۆلەکانیدا دەھێنا، ھەرگیز بیری نەدەکردەوە، کە ئەم سەفەرەی ئەوەندە درێژخایەن دەبێت، مستەفا سائیب لە دەستنووسێکیدا دەڵێ:

.[١٠]

تۆفیق لە خزمەت شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب و شێخ مەحموود و دەستە و دایەرەیانا گەیشتە ئەستەمبوڵ، لەوێش بوونە میوانی بارەگای سوڵتان.[١١] لە پاش ساڵێک لەگەڵ شێخ سەعید و شێخ مستەفا و گەلێ ڕۆشنبیر و پیاوانی بەناوبانگی سەفەرەکەیاندا دەچن بۆ (حەج)، تۆفیق دەبێت بە حاجی تۆفیق، کاتێک لە حەج دەبن وەفایی شاعیر و سەید ئەحمەدی خانەقای کەرکووک، دەبنە ھاوڕێی حاجی تۆفیق.[١٠] پیرەمێرد لەمبارەیەوە دەڵێت:

.

لە پاش ئەوە سەید ئەحمەد ڕووەو عێراق دێت و حاجی تۆفیقیش دەچێتەوە بۆ تورکیا.[١٠] بەمشێوەیە تۆفیقی مەحموود ئاغا، لە تەمەنی ٣٢ ساڵیداو لە ھەڕەتی لاویدا، بوو بەحاجی تۆفیق. بەھۆی زیرەکی و ھۆشیاریی خۆیەوە، حاجی تۆفیق زوو دەچووە دڵەوە، ئەمەیان لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە لە نووسین و داڕشتنی فارسیدا دەستێکی باڵای ھەبوو، لەبەر ئەوە عزەت پاشای نووسەری دەرباری شەھریاری لە ئەستەمبوڵ، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو نامەیەی کە ناسرەدینی شای ئێران بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی ناردبوو، داوا لە حاجی تۆفیق دەکات بە فارسی وەڵامی سوڵتان بۆ شای ئێران بنووسێتەوە، وەڵامەکە ھێندە جوان دەبێت سەرنجی کاربەدەستانی دەرباری سوڵتان ڕادەکێشێت، بۆ پاداشتی ئەمە، لە ١٤ی ئەیلوولی ١٨٩٩ ئیرادەی سوڵتانی بۆ دەردەچێ. دەبێتە ئەندام لە ئەنجومەنی باڵادا لە ئەستەمبوڵ، ھەروەھا پلەی بەگێتیشی دەدرێتێ، ئەمجا ئیتر بەناوی حاجی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغای ھەمزاغای مەسرەفەوە، لە دیوانی سوڵتانی و لە ڕەسمیاتدا ناودەبرا.[١٢] ھەر لەو ماوەیەدا بەھۆی عزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ، لە کۆلێجی یاسا وەردەگیرێت و بڕوانامەی حقوق وەردەگرێت.[١٣]

گەنجێتی[دەستکاری]

شێخ مستەفای نەقیب کردوویەتی بە جێگری خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی و ژیانێکی باش و لە باری بۆ گونجاند. لەسەر بانگھێشتی سوڵتان عەبدولحەمید، شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید، کاروانێک ڕێکدەخەن؛ لە ١٨٩٨ دەچن بۆ تورکیا، پیرەمێرد ھاوسەفەریان دەبێت. لە ١٨٩٩ شێخ سەعید و پیرەمێرد پێکەوە چوون بۆ حەج و لە گەڕانەوەیاندا بۆ ئەستەمبوڵ، سەید ئەحمەدی خانەقا و وەفاییی شاعیریشیان لەگەڵ دەبێ، وەفایی لە ڕێگا کۆچی دواییی کردووە.

لە ١٨٩٩ بە فەرمانی شاھانە دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ. بەھۆی عیزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت، بڕوانامەی یاساناس وەردەگرێت. لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥ تا ١٩٠٨ لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە. لە ١٩٠٧دا بووە بە ئەندامی کۆمەڵەی کورد کە بە نھێنی پێکھاتبوو بە سەرۆکایەتیی شێخ عەبدولقادری شەمزینی.

حاجی تۆفیق کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و ھەرزەکاری لە تورکیادا ڕابواردبوو و لەوێ ژنێکی ھێنابوو دوو کوڕی (بە ناوەکانی نەژاد و وەداد) لێ ھەبوو. لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانییەوە دەست دەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆناردوە و داوای گەڕانەوەیان لێکردوە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. بەھۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی بار و بەھۆی ئەوەی کە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی کۆمەڵەی کورد بوو لە ساڵی ١٩٢٣ پیرەمێرد، ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ دەھێڵێت و لەڕێگەی سووریاوە بە شاری حەلەبدا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. ھەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بە ھەواڵێک بڵاودەکاتەوە: «جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە بیست و سێ ساڵە لەوەتەن دوورکەوتووەتەوە، شەوی ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٢٥ تەشریفی ھاتەوە مەملەکەتەکەمان، بەقدومی ئەم زاتە زۆر مەسروور و خۆشحاڵە، بەناوی ھەموو خۆوڵاتییەکەوە بەخێرھاتنی دەکەین».[١٤]

گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان[دەستکاری]

پیرەمێرد کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و ھەرزەکاری لە تورکیادا بەسەر بردبوو و لەوێ ژنێکی ھێنابوو دوو کوڕی بە ناوەکانی (نەژاد و وەداد)ی ھەبوو. لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانییەوە دەست دەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆ ناردووە و داوای گەڕانەوەیان لێ کردووە کە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. بەھۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی بار و بەھۆی ئەوەی کە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی کۆمەڵەی کورد بوو لە ساڵی ١٩٢٣. پیرەمێرد ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ دەھێڵێت و لە ڕێگەی سووریاوە بە شاری حەلەبدا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. ھەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بە ھەواڵێک بڵاودەکاتەوە:

و پاش گەڕاندەوەی لە تورکیا، چەند ساڵێک لە شاری سلێمانیدا دەمێنێتەوە تا لە ساڵی ١٩٢٦دا لە مانگی کانوونی یەکەمدا، شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەردەھێنێت بە سەرۆکایەتیی حسێن کازم و پیرەمێردیش دەکرێت بە سەرپەرشتکاری ڕۆژنامەکە. ھەروەھا کاتێک لە ساڵی ١٩٢٤دا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی پاش ٢٥ ساڵ ژیان لە تورکیا وای چاوەڕوان دەکرد ئەو وڵاتەی لە ١٨٩٨ جێی ھێشتووە گۆڕابێت و لە بارودۆخێکی جیاواز و پێشکەوتوودا خۆی بنوێنێت، بەڵام بەداخەوە گۆڕان و بەرەو پێشچوونێکی ئەوتۆی تیادا بەدی نەکرد، لەگەڵ ئەمەشدا کە ئەو لە پلەوپایەی موتەسەڕیفی شاری ئەماسییەی تورکیاوە ھاتبۆوە، بەھیچ جۆرێک بەلای پایەبەرزی و کورسی وەزارەت و نوێنەرایەتی گەل و پلەی فەرمانبەری و میریدا نەچوو، کاری ڕۆژنامەوانی بە پێشتر و پێویستتر زانی، ئەم بڕوایەشی لە خۆیەوە نەھێنابوو، بەڵکو ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی سەختی درێژخایەن بوو لە ئەستەمبوڵ، لەو دەمەدا ئەستەمبوڵ قیبلەی ڕۆشنبیران و سەرچاوەی زانست و وێژە بوو، لەو شارە گەورەیەدا دوو جیھان بەیەک دەگەیشتن، جیھانی کۆن و دواکەوتووی ڕۆژھەڵات، و جیھانی نوێ و ڕاپەڕیوی ئەورووپا پیرەمێرد دەیویست ئەو بەرگی پێشکەوتن و گیانی ڕاپەڕینە شارستانییە بکاتە بەری وڵاتە دواکەوتووەکەی، لەبەر ئەوە خوێندەواری و فێربوونی خوێندنی بە مەرجی بنەڕەتی ئەو پێشکەوتنە دادەنا، زۆرجار دەینووسی کە میللەت تا خوێندەوار نەبێت ھەنگاوێک نانێت. ھەر لەبەر ئەمەش بوو کە لە قوتابخانەی زانستیدا دەوری ڕابەر و دامەزرێنەری بینی. لەلایەکی تریشەوە دەوری پێشڕەوی بینی لە کردنەوەی قوتابخانەی کچاندا لە سلێمانی و ھاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانە. لە بەرامبەر ئەم کارەیدا تووشی گەلێ ھێرش و توانج بوو بەڵام دیسان کۆڵی نەئەدا، و گەرمتر و جوانتر شیعری بۆ کچان و قوتابخانەی کچان دەگوت؛ و لە ١٩٣٢، حسێن کازم کۆچی دوایی دەکات و پیرەمێرد دەکرێت بە بەڕێوبەری ئەو ڕۆژنامەیە، لە ساڵی ١٩٣٤دا چاپخانەکەی شارەوانی بە کرێ دەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان دەگۆڕێتە سەرخۆی. لە ساڵی ١٩٣٧دا لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێ دەسەندرێتەوە، بەڵام پیرەمێرد ھەر کۆڵنادات دەچێت خانووەکەی دەخاتە ڕەھنی بەڕێوبەرایەتیی «ھەتیوان»ەوە، مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەردەگرێت و بەناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری دەھێنێت و چاپخانەی ژین دادەمەزرێنێت.

مردن[دەستکاری]

پیرەمێرد تا دواھەناسەی ژیانی بە ڕۆژنامە و نووسینەوە خەریک بووە، تا لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠، بەرامبەر بە ٤ی ڕەمەزانی ١٣٦٩ی کۆچی، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دواییی کرد. لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، ئەوەی جاران مەڵبەندی ئاھەنگگێڕانی جەژنی نەورۆزی بوو، بەرامبەر بە ئەرخەوانەکانی گردی سەیوان بووە، لەوێدا نێژراوە. قانع شاعیری کورد کە پێشتر لەگەڵ پیرەمێرددا پەیوەندیی ھەبووە، ھۆنراوەیەکی درێژی بە بۆنەی مردنی پیرەمێردەوە نووسیوە، کە لە دوای ناوبردنی ژمارەیەکی زۆر لە شاعیرانی کورد دێتە سەر باسی پیرەمێرد و شیوەنی مردنی ئەو.[١٥]

شیعر و پەخشان[دەستکاری]

پیرەمێرد لە بواری شیعردا دەستێکی باڵای ھەبووە و یەکێکە لەو شاعیرە دەگمەنانەی کورد کە سنووری لە نێوان شیعری کلاسیکی لاسایی دانەناوە، واتە لە نێوان کێش و قافیەی عەرووزی و سیلابی میللی، ئەمانەی تێکەڵ بە یەکتری کردووە. ئەمڕۆ شیعرێکی تازە بابەتی میللی داناوە و سبەینێ لە شیعرێکی دیکەیدا پێڕەوی بەحری عەرووزی و یەکێتی قافیەی کردووە.[١٦]

کێش و قافیە[دەستکاری]

شیعری عەرووزی دیوانی پیرەمێرد لە چل پارچە شیعر پێکھاتوون. ئەمە ژمارەیەکی کەم نییە لە ھەموو بەرھەمە شیعرییە ڕەسەنەکانی. بە زۆری شاعیر بەحری موزاریع و ھەزەج و ڕەمەلی بەکارھێناوە. تاکە تاکە بەحرەکانی موتەقاریب و ڕەجەز و موجتەس و خەفیفیش لە شیعریدا بەرچاو دەکەون.

پیرەمێرد لە بەکارھێنانی بەحرەکانی عەرووزدا دەوڵەمەندە. لە بابەت قافیەشەوە دیسانەوە داھێنانی زۆرە، بەوەی دەبوو یەکێتی قافیە لە شیعرە عەرووزییەکانیدا گەلێ زۆر بن، کەچی ئەو بە پێچەوانەوە زۆربەی شیعرە عەرووزییەکانی لە ڕووی قافیەوە جووت قافیەن (مەسنەوی) (اا ب ب ج ج…) کەچی بە ڕاستی جووت قافیە بۆ شیعری میللی کێشی خۆماڵی بەکاردێ، بەڵام پیرەمێرد ئەم ڕچەی شکاندووە. دیارە ئەو بە تەنیا داھێنەری ئەم نوێگەرییە نییە، بەڵام ئەوە ھەیە شاعیرانی کلاسیکی دیکەی کورد زۆر کەمتر قافیەی مەسنەوییان بۆ شیعری بەحری عەرووزی بەکارھێناوە.

ھەرچی بەشەکەی دیکەی بەرھەمی پیرەمێرد کێشی خۆماڵی، بەشی زۆری شیعری لەم بابەتەن. شاعیر ھەموو کێشە خۆماڵییە میللییەکانی کە لە دیالێکتی گۆرانی بەکاردێن لە شیعریدا بەکاری ھێناون. بەزۆری کێشە سووکەکانی بەکارھێناوە وەکو حەوت و ھەشت و دە بڕگەیی. زۆرترین لەم بابەتانە دە بڕگەیییە، وەستانیان لە ناوەڕاست دایە (٥+٥). لە ڕووی قافیەشەوە دیارە ھەموو ئەو شیعرانە جووت قافیە (مەسنەوی) ن.[١٧]

زمان[دەستکاری]

لە بابەتی زمانی نووسینەکانی پیرەمێردەوە (شیعر و پەخشان) دەڵێی بۆ ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە ناو کۆمەڵی تورکی عوسمانی نەژیاوە. ھیچ جۆرە تارمایییەکی زمانی تورکی لە بەرھەمیدا بەدی ناکرێ. ئەمە کارێکی یەکجار باشە بۆ خاوێنی زمانی نووسین، بەڵام ئەگەر کاریگەرێتی بەجێی زمانی تورکی عوسمانی لە شیعری پیرەمێرددا بەرچاو بکەوتایە ڕەنگ ھەبوو ھەست بە دیمەنی تازەگەرییەک لەو شیعرانەدا بکرایە.[١٨]

ھەرچۆنێ بێ زمانی ئەدەبیی پیرەمێرد کوردییەکی پاکی ڕەسەنی میللییانەی ناو خەڵکی کوردەوارییە. ئەگەر ھەندێ جار ھەست بە قورسی وشەیەک بکرێ بە تایبەتی (ناو) بە حسابی دەستووری زمان لەبەر ئەوەیە خوێنەر ئاگاداری وشەکە نییە، زمانی کوردی بە تایبەتی لە دەشتودەر و گوند و دێھاتی دوور لە شار زۆر فراوانە.[١٨]

ژیانی ھونەری و کارکردن[دەستکاری]

کارکردن لە حکوومەتدا[دەستکاری]

پیرەمێرد چەندینجار چەندین پلە و پایەی لە ناو حکوومەتدا وەرگرتووە، ھەندێک لەو پۆستانە بریتین لە:

  1. لە ئەیلوولی ١٩٠٩ دا بووە قائیمقامی چۆڵەمێرگ.
  2. لە نیسانی ١٩١٢ دا بووە قائیمقامی قەرەمورسل.
  3. لە شوباتی ١٩١٥ دا بووە بە قائیمقامی بالاوا.
  4. لە ئەیلوولی ١٩١٦ دا بووە بە قائیمقامی بیت الشباب.
  5. لە مارتی ١٩١٧ دا بووە بە قائیمقامی گموش کوی. لە ھەمان ساڵدا بە ھەمان پلە چووەتە ئیتەپازاری، ھەگەلی ئوتە کە دوورگەیەکی خۆش و ناوداری تورکیایە.
  6. لە نیسانی ١٩١٨ دا بووە بە پارێزگاری (موتەسەڕیف) شاری ئاماسیا لە تورکیا، تاکوو ساڵی ١٩٢٣ لەوێ بووە.

ڕۆژنامەوانی[دەستکاری]

پیرەمێرد لە ساڵەکانی یەکەمی گەیشتنی بە تورکیا و ھەر لەو کاتەوە کە ئەندامی مەجلیسی عالی ئەستەمبوڵ و خوێندکاری کۆلیژی یاسا بووە، دەستی کردووە بە نووسین و وەرگێڕانی شیعر و وتار و زیندووکردنەوەی وێژەی کوردی و ناساندنی بەو جیھانە نوێیە. لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا یا خاوەن و سەرنووسەر بووە یاخود لە دەستەی نووسەراندا بووە و نووسەرێکی چالاک بووە.

کاتێک لە ساڵی ١٩٢٤دا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی پاش ٢٥ ساڵ ژیان لە تورکیا،[١٩] وای چاوەڕواندەکرد ئەو وڵاتەی لە ١٨٩٨ جێی ھێشتووە گۆڕابێت و لە بارودۆخێکی جیاواز و پێشکەوتوودا خۆی بنوێنێت، بەڵام بەداخەوە گۆڕان و بەرەو پێشچوونێکی ئەوتۆی تیادا بەدی نەکرد، لەگەڵ ئەمەشدا کە ئەو لە پلە و پایەی موتەسەڕیفی شاری ئەماسییەی تورکیاوە ھاتبۆوە، بە ھیچ جۆرێک بە لای پایەبەرزی و کورسی وەزارەت و نوێنەرایەتی گەل و پلەی فەرمانبەری میریدا نەچوو، ڕۆژنامەی بە پێشتر و پێویستتر زانی، ئەم بڕوایەشی لە خۆیەوە نەھێنابوو، بەڵکو ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی سەختی درێژخایەن بوو لە ئەستەمبوڵ، لەو دەمەدا ئەستەمبوڵ قیبلەی ڕۆشنبیران و سەرچاوەی زانست و ئەدەب بوو، لەو شارە گەورەیەدا دوو جیھان بە یەک دەگەیشتن، جیھانی کۆن و دواکەوتووی ڕۆژھەڵات، و جیھانی نوێ و ڕاپەڕیوی ئەورووپا.[٢٠] پیرەمێرد دەیویست ئەو بەرگی پێشکەوتن و گیانی ڕاپەڕینە شارستانییە بکاتە بەری وڵاتە دواکەوتووەکەی، لەبەر ئەوە خوێندەواری و فێربوونی خوێندنی بە مەرجی بنەڕەتی ئەو پێشکەوتنە دادەنا، زۆرجار دەینووسی کە (میللەت تا خوێندەوار نەبێت ھەنگاوێک نانێت). ھەر لەبەر ئەمەش بوو کە لە قوتابخانەی زانستیدا دەوری ڕابەر و دامەزرێنەری بینی. لەلایەکی تریشەوە دەوری پێشڕەوی بینی لە کردنەوەی قوتابخانەی کچاندا لە سلێمانی و ھاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانە. لە بەرامبەر ئەم کارەیدا تووشی گەلێ ھێرش و توانج بوو بەڵام دیسان کۆڵی نەئەدا و گەرمتر و جوانتر شیعری بۆ کچان و قوتابخانەی کچان دەگوت.

پاش گەڕاندەوەی لە تورکیا، چەند ساڵێک لە شاری سلێمانیدا دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی توخنی کاری میری بکەوێت، لە ساڵی ١٩٢٦دا لە مانگی کانوونی یەکەمدا شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەردەھێنێت بە سەرۆکایەتی حسێن کازم و پیرەمێردیش دەکرێت بە سەرپەرشتکاری ڕۆژنامەکە. لە ساڵی ١٩٣٢ دا حسێن کازم کۆچی دوایی دەکات و پیرەمێرد دەکرێت بە بەڕێوبەری ئەو ڕۆژنامەیە، لە ساڵی ١٩٣٤دا چاپخانەکەی شارەوانی بەکرێ دەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان دەگۆڕێتە سەرخۆی. لە ساڵی ١٩٣٧ دا لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێدەسەندرێتەوە، بەڵام پیرەمێرد ھەر کۆڵنادات دەچێت خانووەکەی دەخاتە ڕەھنی بەڕیوبەرایەتی «ھەتیوان»ەوە، مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەردەگرێت و بە ناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری دەھێنێت و چاپخانەی ژینی دادەمەزرێنێت.

لەو ڕۆژنامە و بڵاوکراوانەی کە پیرەمێرد بەشداری تیا کردوون[دەستکاری]

ناوی ڕۆژنامە زانیاری دەربارەی ڕۆژنامە ئەرکی پیرەمێرد
ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب لە ئەستەنبوڵ دەردەچوو خاوەنی ئیمتیاز پیرەمێرد بوو.
ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی بە دوو زمانی کوردی و تورکی لە ئەستەنبوڵ دەردەچوو، لە ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٠٨ تاکوو حوزەیرانی ١٩٠٩ بەردەوام بووە و سەرنووسەرەکەی ئەحمەد جەمیل پاشا بووە. لەو دەمەدا دەنگی کۆمەڵەی کورد بووە کە شێخ عەبدولقادری شەمزینی سەرۆکی بووە. پیرەمێرد خاوەنی ئیمتیاز بووە
ڕۆژنامەی مسەوڕ موحیت (مصور محیط) پیرەمێرد لەگەڵ فایق سەبری بەگ دەری دەکرد. خاوەن
گۆڤاری ژین لە ئەستەمبوڵ لە ساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩ بە دوو زمانی کوردی و تورکی دەرچووە. پیرەمێرد لە زۆربەی ژمارەکانیدا شیعر و نووسین و وەرگێڕانی ھەیە.
ڕۆژنامەی شەمس لە تاران دەردەچوو و ئەم ڕۆژنامەیە سەید حسێنی ئێرانی خاوەنی بوو. ئەو کاتەی لە تورکیا بوو زۆر جار شیعر و نووسینی دەنارد بۆ تاران بۆ بڵاوکردنەوە.[٢١]
ڕۆژنامەی ژین کە خۆی لە سلێمانی چاپی دەکرد. وەک درێژکراوەیەکی ڕۆژنامەی ژیان. ڕۆژنامەی ژین ٥٥٣ ژمارەی لێ چاپکرا. یەکەم ژمارەکەی لە ١٩٣٩دا دەرکرد و تا کۆچی دوایی کرد لە ١٩٥٠ دا بەردەوامبوو و بە ژمارە ١٠١٥ی گەیاند. دوای خۆیشی جەمیل سائیب و نووری ئەمین بەگ و گۆران و ئەحمەد زرنگ بەردەوام بوون تا ساڵی ١٩٦٣ گەیاندیانە ژمارەی کۆتایی (١٧١٤). ئەمڕۆکە بنکەی ژین لە سلێمانی لە ھەوڵی دەرکردنی گۆڤارێکدان بەناوی گۆڤاری ژین[٢٢] خاوەن ئیمتیاز

بەدەر لەوانەی سەرەوە، پیرەمێرد لە گەلێک بڵاوکراوەی تردا دەستڕەنگینی خۆی لە نووسیندا نیشانداوە و چالاک بووە لەوانە:

  1. گۆڤاری فەرھەنگ و ڕۆژنامەی «شفق سرخ» کە لە تاران دەردەچوون، پیرەمێرد دەڵێت: «ھەمیشە من لە ئەستەنبوڵەوە مەقالەو شیعرم بۆ دەناردن».[٢١]
  2. زۆرجار سەروتاری بۆ ڕۆژنامەی «ئیقدام» و «حوڕییەت» دەنووسی.
  3. گۆڤاری ئیجتیھاد لە ئەستەنبوڵ لە ساڵەکانی ١٩٠٤–١٩١٢ لەلایەن عەبدوڵڵا جەودەتەوە دەردەچوو. پیرەمێرد بەرھەمی خۆی تیا بڵاوکردووەتەوە.[٢٣] لەمبارەیەوە دەڵێت: «عەبدوڵلا جەودەت» لەپاش مەشروتییەت کە لە ئەورووپاوە ھاتەوە، لە ئەستەمبوڵ بوو، زۆرتر لەھەموو کەس من لە خزمەتیا بووم، خۆم و نەژادی کوڕم بە (نەزم و نەسر) لە مجەلەکەیدا خزمەتمان ھەیە».
  4. لە ڕۆژنامەی «ترجماتی حقیقت»ی مامۆستا موعەلیم ناجی کە لە تورکیا دەردەچوو شیعری بڵاوکردووەتەوە.
  5. شیعر و نووسینی ناردوە بۆ ڕۆژنامەی تان کە لە پاریس دەردەچوو، بەھۆی داوود حەیدەری کوڕی ئیبراھیم حەیدەرییەوە، کە لە دەرچووانی خوێندنی باڵای فەڕەنسا بوو.

جەژنی نەورۆز[دەستکاری]

جگە لە کاری ڕۆژنامەوانی، یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کە پیرەمێرد گرنگییەکی زۆری پێ داوە نەورۆز بووە، بەل ای پیرەمێردەوە نەورۆز تەنھا کردنەوەی ئاھەنگێک و گێڕانی ئاھەنگ نەبووە، بەڵکو شتێکی لەوە گەورەتر بووە، لای ئەو ھاوکێشەی مەرگ و ژیانەوەی وەرگرتووە، لەلایەکەوە سروشتی مردوو ژیاوەتەوە، لەلایەکی تریشەوە ڕەمزی شۆڕش و ڕزگاربوونی گەل بووە.[٢٤]

کاری شانۆیی[دەستکاری]

پیرەمێرد پشت بەو ڕۆشنبیری و زانیاری و گەڕان و پشکنینەی لە تورکیا دەستی کەوتبوو، ویستی بزووتنەوەی شانۆیی بە تایبەتی لە سلێمانیدا پەرە پێ بدات، بەھۆی کۆمەڵەی زانستییەوە چەند شانۆ نامەیەکی خۆی پێشکەش کرد، و لە ڕۆژنامەکەیدا جێگای تایبەتی بۆ باسکردن و پێدا ھەڵگوتنی ئەم شانۆگەریانە تەرخان کردبوو. شانۆگەری مەم و زین و مەحموود ئاغای شیوەکەلێ و شەریف ھەمەوەندی نووسی و ھەریەکەیان لە کاتی خۆیدا پیێشکەش کران زۆرجار دەسکەوتی ئەم شانۆگەرییانەی بەسەر قوتابی ھەژار و خەڵکی دەستکورتدا دابەش دەکرد، گەلێ جار باسی بایەخ و گرنگی شانۆی نووسیوە لە ژیانی کۆمەلگادا، بە تایبەتی لە کۆمەڵگای دواکەوتوو و نەخوێندەواردا.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

وێنەی دەست خەتێکی پیرەمێرد کە بریتییە لە پەندی پێشینان.

جگە لە جێدەستی لە ڕۆژنامەگری کوردیدا، پیرەمێرد خاوەنی دیوانێکی شیعرییە، کە چەندین جۆر و بواری شیعری تیا بەدی دەکرێت؛ کۆمەڵایەتی، فەلسەفە، ڕامیاری و ھتد[٢٥] بەرھەمەکانی بەناوی «حاجی تۆفیق بەگ»ەوە بڵاودەبوەوە، کاتێک کە پیرەمێرد لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، تەمەنی بەرەو پیربوون دەچێت، کە ساڵی ١٩٣٢ شیعری «بەیانی بوو لەخەو ھەستام» بڵاودەکاتەوە، بۆ یەکەمجار نازناوی پیرەمێرد بۆخۆی ھەڵدەبژێرێت و دەینووسێت،[٢٦] لەوەبەدواوە بە پیرەمێرد دەناسرێت؛ کە لە تورکیا بوو بەناوی جیاجیا شتی بڵاوکردووەتەوە: سلیمانیەلی توفیق، س. ت، سلیمانیەلی مەحموود نەژاد، سلیمانیەلی م. نەژاد تۆفیق، م. م، سلیمانیەلی وداد، اسماعیل وداد.

پیرەمێرد خۆی لەیاداشتەکانیدا باسی دەکات و بە بەرھەم و کاری ئەدەبیش ساخ بووەتەوە، کە بەچاکی زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی زانیوە. لە نووسینی فارسیدا دەستێکی زۆر باڵای ھەبووە وەکو دەڵێن لەو دەمەی خۆیدا مەگەر تەنیا سلێمان بەگی باوکی گۆران، لە ئاستی پیرەمێرد لە فارسیدا شارەزایی بوبێت. خوێندنی ئەو کاتەی پیرەمێرد لە کوردستاندا زیاتر فارسی بووە و تێکەڵ بوونی تورکیش لە کوردستاندا بەھۆی دەوڵەتی عوسمانی و کار و فرمانی ڕەسمییەوە و مانەوەی پیرەمێرد ٢٥ ساڵ لە تورکیا، و ئەو نووسین و شیعرانەی بەتورکی بڵاوی کردونەتەوە.[٢٧]

کتێب و چاپکراوەکان[دەستکاری]

پیرمێرد خاوەنی چەند کتێبێکە، لەو کتێبە چاپکراوانەش:[٢٨]

  • دیوانی مەولەوی (ئەسڵ و ڕۆح)، ساڵی ١٩٣٥ لەچاپخانەی خۆی بە دوو بەرگ لەچاپی داون.
  • چیرۆکی مەم و زین
  • دونزە سوارەی مەریوان، ١٩٣٥
  • کتێبی پەندی پێشینان، ١٩٣٦
  • چیرۆکی محمود ئاغای شێوەکەل، ١٩٤٢
  • گاڵتەوگەپ ساڵی ١٩٤٧، بریتییە لە ھەندێک ڕووداوی خۆشی ناو کۆمەڵی کوردەواری، ھەم بۆ پێکەنین و ھەم بۆ پەند وەرگرتنە.
  • دیوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی - بەزنجیرە لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاوی دەکردەوە.
  • شیعرەکانی وەلی دێوانە و بێسارانی، ئەوی دەستی کەوتبێ، لە ھەورامییەوە کردوویە بە شێوەی سلێمانی.
  • شیعری گەلێ لەشاعیرانی ھەورامان و زەنگەنەی بە شێوەزاری سلێمانی بڵاوکردووەتەوە وەک: شەفیع، مەلا وەلەدخان، مەجزوب، فخرالعلما، مەلای جەباری، عەبدوڵلابەگی زەنگەنە و ھتد.
  • زنجیرە وتارێک دەربارەی مێژووی میرنشینی بابان و خیڵ و تیرەکانی جاف، و گەلێک ڕووداوی مێژوویی گرنگ.

لەو کتێبانەی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کورد:

کاکەی فەلاح پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە کەسوکاری پیرەمێرد، ھەندێک لەم کتێبانەی سەرلەنوێ لە چاپدایەوە.[٢٩]

شیعرەکان[دەستکاری]

فرمێسکی نھێنی بۆ چارەنووسی کورد[دەستکاری]

لە سەردەمی ژیانی پیرەمێرددا کارەساتی زۆر ڕوویانداوە و بوون بە مایەی غەم و پەژارە بۆ شاعیر، لە ئەنجامدا زنجیرەیەک شیعری ڕۆمانتیکی - سیمبۆلییانەی ھێناوەتە بەرھەم. لە ساڵی ١٩٢٥ لە دوای لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدولقادری نەقشبەندی لە دیاربەکر، پیرەمێرد ئەم شیعرەی وتووە:[٣٠]

ھاتن شەھیدەکان بە جلی سووری خوێنەوەدایکی وەتەن دە ھەڵسە سڵاویان بسێنەوە
شێخ قادرە لە پێشەوە سەرقافڵەی ئەوانچەن جوانە خوێن و ڕیشی سپی پیر و نەوجەوان
سەیری ئەمانە کە کە ھەموو کوردی سەف شکەنڕووحیان فیدا ئەکرد و ئەیان وت بژی وەتەن
قوربانی تۆن بەڕێز کە تۆ غەم لەبەر نەبیبۆ ئێمە مردنە ئەگەر ئازادە سەر نەبی
مەگری و مەناڵە با بە خەفەت دڵ شکست نەبننەختێ لە لات ئەمێننەوە و بۆ بەھەشت ئەچن
تۆخوا لە باتی ئێمە بە چاوێکی ڕوونەوەفەرموو کە خوا ئەزانێ لە بیرمان نەچوونەوە
ئاخۆ لە فرسەتێکی ترا بەختیار ئەبینئێمەش وەکو ئەوان لە دڵی میللەتا ئەبین
من وام ئەوێ کە حەشر ئەکرێم خوێن بە بەرگەوەبەو عەشقی میللییەوە و بە کزەی سۆزی جەرگەوە
ئەو ئاگرەی لە دڵمەوە بەربێتەوە کفنەکەمتا دوژمنم نەکا بەزوغاڵ شەرتە پف نەکەم

پەندەکان[دەستکاری]

پیرەمێرد خاوەنی کۆمەڵێک پەندە کە لە پەندی پێشینانی کوردییەوە ھەڵقوڵاون و لە ناو ھۆنراوەکانیدا ھۆنیونییەتەوە، کەژمارەیان دەگاتە ٤٨٠٠ پەند، زۆربەی پەندەکانی ڕۆژانە دەینووسی و لە ڕۆژنامەی ژیندا بڵاوی دەکردنەوە، پاش مردنی خۆی، کاکەی فەلاح کۆی کردوونەتەوە و ڕێکیخستوون و لە دووتوێی کتێبێکدا چاپکراون.[٣١]

نموونەی پارچەیەک لە پەندەکانی پیرەمێرد:

وتیان بە ڕێوی شاھیدت کێیە؟وتی کلکی خۆم، باوەڕم پێیە
حەزدەکەی دوور بی لە گێرە و کێشەبەقەد بەڕەی خۆت پێ ڕابکێشە
بەسمان بەسەردا لێدە گیزو فیزپێوەدان خۆشە نەوەک ویزەویز
لە شارو لادێ ئەم نەقڵە باوەگیای شین بە جێگای سەختەوە ماوە
شەڕنەکەر پیشەی زوو دانیشتنەبەردی زل بەڵگەی نەھاویشتنە
ئاو بتبا مەچۆ سەر پردی نامەردچش با بخنکێی بە سەد ئێش و دەرد
وتیان پشیلە، گووت بە دەرمانەدایپۆشی بە خۆڵ ئەو بێویژدانە
شوێن بۆ سەر پیشەی خۆی دەچێتەوەگیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە
قەل ئەڵێن لاسای کەوی کردەوەڕۆینەکەی خۆیشی لەبیر بردەوە
مەشھورە بزن بۆ تاقە شەوێجێگای خۆش دەکا لە کوێ وەرکەوێ
ناشکوری مەکە بەم بەشە کاکەلە قوڕ ئەوەندە تۆز ھەستێ چاکە
زۆر گوڕتان خوارد و بازێکتان نەدابۆیە باوەڕتان پێناکەین بە خوا.
ئمڕۆ بە کەڵکە تۆ بە دۆست دەرچیپاش لێزمە و باران کەپەنک بۆچی.
مادام دنیایە و ئەمانەی تیایەپیاوی دنیایی لە برەودایە.
کە قەلەڕەشمان ڕێ نیشاندەر بێئەبێ گەورەمان ھەر دەربەدەر بێ.
ئەمە دووجارە ئەکەوینە چاڵزەرە دەبینین بە ماڵ و مناڵ.
ھێشتا پیاوی چاک لێک ناکەینەوەگرەو لە پیاوی بەد نابەینەوە.
ناوەجاخ بێنە بیخەرە سەر کارلە پێشدا برای خۆی ئەدا لە دار.
سوحبەتی نادان تاڵ ڕابواردنەلە دوای کەر ڕۆیین تەرس بۆن کردنە.
مەیەڵن نەفام دەنگی دەربێنێسەگی ھەڵەوەڕ دزتان بۆ دێنێ.
شێخ ئەڵێ: ئاگام لە عەرش و قورشەکێت دیوە بە دۆی خۆی بڵێ ترشە.
سەبری عاشق و پارەی دەست بڵاوقەرار ناگرن بیشیان خەیتە داو.
ئەوی بە ھێزی قۆڵی ئەنازێزوو پەکی ئەخا سەختی ھەورازێ.
بە ڕێسی خەڵکی بۆچ ئەڵێی: پەتەزوبانت بێڵێ سەرت ڕەحەتە.
پیاوی زۆربڵێ بۆ دۆزەخ بەرەلەوێشدا ئەڵێ: دارەکەی تەڕە.
ئاگری درۆزن ساتێک ئەگڕێبەڕە ھەر لە لای تەنکی ئەدڕێ.
ئەم قەومە وەکو مەڕی بێ زماندوای ھەرکەسێ کەوت نەیبردە ناوڕان.
وا دامەنیشە تەمەڵ و بەتاڵتا نەگری مەمک نادەن بە مناڵ.
شوان دەڵێ شوانین پێئیفتیخارەنان چنینەوەی لا عەیب و عارە
پەسەندتربوو چ ئێستاو چ زووڕێوی گەڕیدە لەشێری نووستوو
پشیلە دەمی بۆدووگ نەدەچوودەیگووت چەندسوێرە، پێم ناخورێ پەکوو
ڕوبەڕو دەبی ڵەگەڵ ژینی تاڵچ ونکی بەخەیاڵ کەس نەبووە بە ماڵ
پیاو کارێ بکا کە پێی بووە ستێدووشوتی ھەڵ ناگیرێ بەتەنھادەستێ
خۆت لێنەگۆڕێ گەر بوویتە گەورەمەشھوورە دنیا بە پێچو دەورە
کێ باسی خەڵکی کرد بەلاتەوەبۆئەوان قسەی تۆش ئەباتەوە
ئەوکەسە دۆستی گیانی گیانییەھاوڕێی نەبونی و لێقەو ماویتە
ھەڵەو لەبیرچوون جاروبارێکەدەڵێن ھەر ئەقڵەولەخەسارێکە
سابێ سکی خۆت مەدڕە لەداخاکێ مرد و کێ ماوە لە و جاخا
وێنەی گۆڕی پیرەمێرد لە گردی مامەیارە لە شاری سلێمانی.

وەسێتنامە[دەستکاری]

پیرەمێرد لە پێش مردنی وەسێتنامەیەکی نووسیوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:[٣٢]

میرات[دەستکاری]

پیرەمێرد جگە لە ھۆنراوە نووسین و ڕۆژنامەگەری کۆمەڵێک وەرگێڕانی شێعری کردووە کە ڕەنگدانەوەیەکی گرنگی لە کۆمەڵگای سۆرانی زماندا بووە. ھەروەھا پیرەمێرد یەکێک لەو کەسانە بووە کە زۆر جەختی لەسەر جێژنی نەورۆز کردووەتەوە و ھەموو ساڵێک نەورۆزی پیرۆز کردووە.[٣٣] ھۆنراوەی نەورۆزی یەکێک لە میراتانەیە کە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا بە جێی ھێشتووە.

ھۆنراوەی نەورۆز[دەستکاری]

نەورۆز لە شیعرە ھەرە بەناوبانگەکانی پیرەمێردە کە لە ئازاری ١٩٤٨دا وتوویەتی.

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆز ھاتەوەجەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە ھاتەوە
چەند ساڵ گوڵی ھیوای ئێمە پێپەست بوو تاکو پارھەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەھار
ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کوردمژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێکی وەھای خستە جەرگەوەلاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە
وا ڕۆژھەڵات، لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوەخوێنی شەھیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە
تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتاقەڵغانی گوللە سنگی کچان بێ لە ھەڵمەتا
پێی ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن شیوەن و گریننامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ کتێب: مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگ: بەرگی پێنجەم نووسەر: دکتۆر مارف خەزنەدار، لاپەڕە: ٩٥ چاپ: چاپی یەکەم، ھەولێر، ٢٠٠٥
  2. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 17ی Octoberی 2015. Retrieved 19ی Augustی 2015. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archivedate= (help) ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ یرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی ژیان و بەرھەمەکانی، کۆکردنەوەو لێکۆڵینەوەی: ئومێد ئاشنا، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ھەولێر، ٢٠٠١ لا١٠
  4. ^ دیوانی پیرەمێرد، کۆکردنەوەو ساغکردنەوەو بەراوردکردن و ئامادەکردن و پەراوێز بۆ نووسین: فایەق ھۆشیار، مستەفا ساڵح کەریم، ئەحمەد زرنگ مستەفا، محمد نوری تۆفیق، محمد ئەحمد محمد، لا 11.
  5. ^ دیوانی پیرەمێردی نەمر، محەممەد ڕەسوڵا ھاوار، چاپی یەکەم، چاپخانەی شڤان، سلێمانی ٢٠٠٧ لا ١٧.
  6. ^ دیوانی پیرەمێرد، کۆکردنەوەو ساغکردنەوەو بەراوردکردن و ئامادەکردن و پەراوێز بۆ نووسین: فایەق ھۆشیار، مستەفا ساڵح کەریم، ئەحمەد زرنگ مستەفا، محمد نوری تۆفیق، محمد ئەحمد محمد، لا١٠.
  7. ^ ئ ا دیوانی پیرەمێردی نەمر، محەممەد ڕەسوڵا ھاوار، چاپی یەکەم، چاپخانەی شڤان، سلێمانی ٢٠٠٧ لا ١٨.
  8. ^ ئ ا پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی ژیان و بەرھەمەکانی، کۆکردنەوەو لێکۆڵینەوەی: ئومێد ئاشنا، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ھەولێر، ٢٠٠١ لا٤٩.
  9. ^ ئ ا ١دیوانی پیرەمێرد، کۆکردنەوەو ساغکردنەوەو بەراوردکردن و ئامادەکردن و پەراوێز بۆ نووسین: فایەق ھۆشیار، مستەفا ساڵح کەریم، ئەحمەد زرنگ مستەفا، محمد نوری تۆفیق، محمد ئەحمد محمد، لا ١٠.
  10. ^ ئ ا ب پیرەمێردو پێداچوونەوەیەکی ژیان و بەرھەمەکانی، کۆکردنەوەو لێکۆڵینەوەی: ئومێد ئاشنا، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ھەولێر، ٢٠٠١ لا٤٩
  11. ^ پیرەمێردو پێداچوونەوەیەکی ژیان و بەرھەمەکانی، کۆکردنەوەو لێکۆڵینەوەی: ئومێد ئاشنا، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ھەولێر، ٢٠٠١ لا١٢
  12. ^ دیوانی پیرەمێرد، کۆکردنەوەو ساغکردنەوەو بەراوردکردن و ئامادەکردن و پەراوێز بۆ نووسین: فایەق ھۆشیار، مستەفا ساڵح کەریم، ئەحمەد زرنگ مستەفا، محمد نوریی تۆفیق، محمد ئەحمد محمد، لا١٥
  13. ^ پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی ژیان و بەرھەمەکانی، کۆکردنەوەو لێکۆڵینەوەی: ئومێد ئاشنا، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، ھەولێر، ٢٠٠١ لا ٥٠
  14. ^ ڕۆژنامەی ژیانەوە - ژمارە ١٤، ٢ی شوباتی ١٩٢٥
  15. ^ دیوانی قانع، کۆکردنەوەی بورھان قانع، نەشری پانیز، 1386ی ھەتاوی
  16. ^ کتێب: مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگ: بەرگی پێنجەم نووسەر: دکتۆر مارف خەزنەدار، لاپەڕە: ١٠٤ چاپ: چاپی یەکەم، ھەولێر، ٢٠٠٥
  17. ^ کتێب: مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگ: بەرگی پێنجەم نووسەر: دکتۆر مارف خەزنەدار، لاپەڕە: ١٠٤–١٠٥ چاپ: چاپی یەکەم، ھەولێر، ٢٠٠٥
  18. ^ ئ ا کتێب: مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگ: بەرگی پێنجەم نووسەر: دکتۆر مارف خەزنەدار، لاپەڕە: ١٠٥ چاپ: چاپی یەکەم، ھەولێر، ٢٠٠٥
  19. ^ بڕوانە شیعری "ئەوا ڕووم کردە تۆ ئەی دایکی موشفق"
  20. ^ پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرھەمەکانی - ئومێد ئاشنا: ل٦٥ ول٦٦
  21. ^ ئ ا ڕۆژنامەی ژین - ژمارە ٨٥٥ ساڵی ١٩٤٧
  22. ^ گۆڤاری ژین - بنکەی ژین بۆ بوژاندنەوەی کەلەپووری بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی کوردی
  23. ^ ژیان و بەرھەمی عەبدوڵلا جەودەت - گۆڤاری کاروان، ژمارە ٣٧، ساڵی ١٩٨٥ ل٤–١٢
  24. ^ ڕۆڤار، ژمارە ٥١ ئاگرێک لەدڵەوە، گەشتێک بەدنیای پیرەمێرددا، شیعر و ڕۆژنامەوانی (ھەڵبژاردە)، دەزگای سەردەم، لا ٢٩.
  25. ^ پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرھەمەکانی - کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ئومێد ئاشنا
  26. ^ ڕۆژنامەی ژیان - ژمارە ٣١٢ ساڵی ١٩٣٢
  27. ^ ئومێد ئاشنا: سەرچاوەەی پێشوو ل٦٣
  28. ^ ئومێد ئاشنا سەرچاوەی پێشوو: لاپەڕە ٦١ تا ٦٣
  29. ^ دیوانی پیرەمێرد - بەرگی یەکەم - پێشەکی
  30. ^ کتێب: مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگ: بەرگی پێنجەم نووسەر: دکتۆر مارف خەزنەدار، لاپەڕە: ١٢٠ چاپ: چاپی یەکەم، ھەولێر، ٢٠٠٥
  31. ^ پەندەکانی پیرەمێرد - کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی کاکەی فەلاح - بەغداد ١٩٨٠
  32. ^ پێشەوا محەممەد (لە ڕێکەوتی ٢٠/٥/٢٠١٠). پیرەمێرد؛ لەدایکبوون، ژیان، داھێنان(کوردی). ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ. سەردان لە ڕێکەوتی ٢٨/٨/٢٠١٥.
  33. ^ ھەژار، چێشتی مجێور، خانی شەڕەفکەندی ئامادەی کردووە و سەرپەرشتی چاپی کردووە، چاپی یەکەم: پاریس ١٩٩٧.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]