سەید کامیل ئیمامی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
سەید کامیل ئیمامی لە گرتووخانەی ورمێ، ١٣٢٥ی هەتاوی

سەید کامیل ئیمامی شاعیر و نیشتمانپەروەر ناسراو بە ئاوات ساڵی ١٩٠٣ لە گوندی زەنبیل سەر بە شاری بۆکان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. ئەم شاعیرە کوڕی سەید عەبدولحەکیم کوڕی سەید عەبدولکەریمی زەنبیلە کە لە ڕێبەڕانی تەریقەتی نەقشبەندی و قادری بوون.

ئەم شاعیرە لە نێو خوێندەوار و فەقێدا پەروەردە بووە. سەید کامیل لە لای زۆر مامۆستای ئایینی ناسراوی ناوچەکەی خوێندویەتی و بۆ ماوەیەکیش لە لای مامی واتە حاجی بابەشێخ وەزیری کۆماری کوردستان لە مەھاباد خوێندویەتی. ھەر لەو سەروبەندەدا وەک مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر چالاکی ھەبووە، ساڵی ١٩٤٦ لەسەر ھەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی گیراوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بەندیخانەکانی بۆکان و سەقز و ورمێ و مەھاباد دەستبەسەر بووە. سەید کامیل ئیمامی شاعیر لەگەڵ زۆربەی شاعیر و ھونەرمەندی ئەو کاتە دۆستایەتی نزیکی بووە وەک سوارە ئیلخانیزادە، ھەژار، عەباس حەقیقی ھەر وەھا لەگەڵ ھونەرمەندی ناسراوی کورد حەسەن زیرەک وەک گۆرانیبێژ و شاعیر پەیوەندییەکی نزیکی بووە. ئەم شاعیرە نیشتمان پەروەرە لە ڕۆژی ٢٧/٧/١٩٨٩ کۆچی دوایی کردوە و دیوانێکی شیعری لە پاش بەجێماوە. لە نێو خانەقای زەنبیل، لە پاڵ گڵکۆی شێخانی زەنبیلەوە نێژراوە و گڵکۆکەی دەگەڵ مەزاری شێخان چاوەدێری دەکرێ و جێگەی زیارەتی موریدان و گەشتیارانە.

نموونەیەک لە شیعرەکانی[دەستکاری]

من دەڵێم: شاری دڵم باغ و گوڵستانە کەچی ئەقڵ ئەڵێ: نا، قەسەبەی شۆڕشی مەستانە نەچی
من دەڵێم: نوختەیی ئەو ڕەوزەنی ئیمانە دەچم ئەو دەڵێ: نا، ڕەشە، جێ ڕاوگەیی شەیتانە نەچی
من دەڵێم: مەسکەن و ئارامگەیی جانانە دەچم ئەو دەڵێ: سەربەسەری تێک چووە، وێرانە نەچی
من دەڵێم: جێگەیی ھەر شێت و جنوونانە دەچم ئەو دەڵێ: نا، زەدەیی پەنجەیی پەریانە نەچی
من دەڵێم: مەرکەزی ئەسراری حەریفانە دەچم ئەو دەڵێ: جێ تەمەعی چاوی حەسوودانە نەچی
من دەڵێم: وەختی خەتەر مەئمەن و قەڵغانە دەچم ئەو دەڵێ: کون کونە جێگەی سەرە پەیکانە نەچی
لەو ھەموو چوون و نەچوونە سەری سووڕ ما «کامیل» من دەڵێم: جوانە بچم ئەو دەڵی وا جوانە نەچی