ڕەشید نەجیب

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە رەشید نەجیبەوە ڕەوانە کراوە)
ڕەشید نەجیب

ڕەشید کوڕی نەجیب ئەفەندی کوڕی مەحموود ئاغای کوڕی ھەمزە ئاغای کوڕی محەممەد ئاغایە ناسراوە بە فەرامەرز لە بنەماڵەی (فەرخە)ی سلێمانییە. دایکی ناوی عائیشەی کچی ئەحمەد ئاغای حاجی قادر ئاغا بووە، لە بنەماڵەی (پەردەسۆر)ی سلێمانییە. نووسەر و شاعیرێکی کورد بوو لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم. یەکێک بوو لە سێکوچکەی دامەزرێنەرانی ڕێبازی «شیعری نوێ»ی کوردی لەگەڵ شێخ نووری شێخ ساڵح و گۆران لە نێوان ھەردوو جەنگی جیھانی سەدەی بیستەم لە سلێمانی.

ژیان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٠٦ لە سلێمانی لەدایکبووە. لە تەمەنی مێردمنداڵیدا لە ساڵی ١٩٢٠ باوکی کۆچیی دوایی کردووە. سەرەتای خوێندنی لە حوجرەی مزگەوت بووە. ئەم خوێندنەی زۆری نەخایاندووە و زوو ڕووی کردووەتە قوتابخانەی سەرەتایی ڕۆژگارانی فەرمانڕەوایی دەسەڵاتی عوسمانی. لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٠دا بۆ جاری یەکەم دامەزراوە بە فەرمانبەر لە نەخۆشخانەی مەلیکی لە سلێمانی و ھەڵەبجە. لە ساڵی ١٩٢٨ بووە بە وەرگێڕی لیوای سلێمانی. دوای ئەمە چەند جار لە ھەولێر و سلێمانی قایمقام بووە. لە ساڵی ١٩٣٠ ئەندامی کۆمەڵەی زانستی ‌و وەرگێڕی ئینگلیزی ئەو کۆمەڵەیە بووە‌ و وەک مامۆستای خۆبەخشیش لە قوتابخانەی زانستی وانەی وتووتەوە. لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی ژیان لە ژمارە ٢٤٤ی ١٢ی حوزەیرانی ١٩٣٠ نووسیویەتی:

زەواتی موحتەرەم و فیداکاری میللەت ئەمانەن: ڕەشید زەکی، ڕەفیق حلمی، ڕەشید نەجیب. ئەم زەواتە موحتەرەمانەی کە بەیان کراوە تەعەھودیان فەرمووە کە ھەموو شەو مەجانەن لە جەمعیەتی زانستیدا دەرس بڵێنەوە بەقوتابیی زانستی. ھەیئەتی ئیدارەی کۆمەڵ بەیانی مەمنوونیەت و تەمەننای موەفەقیەتی ئەو چەشنە حەمییەت مەندانە ئەکات.

ساڵی ١٩٣٢ چووەتە بەغدا و ھەر لەوێ ماوەتەوە. لە ٢٠ی ئازاری ساڵی ١٩٣٦ لە بەغدا ژنی ھێناوە و خوا ئەم منداڵانەی پێ بەخشیون: ئومێد، نەوید، سروود، ژاڵە و غادە. ساڵی ١٩٤٩ بەرێوەبەری ھەردوو بەشی عەرەبی ‌و کوردی رادیۆی بەغدا بووە‌ و وتاری بۆ ڕادیۆکە نووسیوە. لە ساڵی ١٩٥٣ بووە بە موتەسەریفی ھەولێر. لە ساڵی ١٩٥٤ موتەسەریفی کەرکووک بووە. لە ساڵی ١٩٥٥ – ١٩٥٦ موتەسەریفی مووسڵ بووە. لە ساڵی ١٩٥٧ – ١٩٥٨ موتەسەریفی بەسڕا بووە.

دواتر وازی لە کاروباری میری ھێناوە، دوای کودەتاکەی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ خانەنشین بووە و ھەر لە بەغدا ماوەتەوە.

فەرامەرزی شاعیر[دەستکاری]

لە ساڵانی ١٩٢٧ – ١٩٢٨ دەبێتە بەرپرس و سەرنووسەری رۆژنامەی «ژیان»، یەکەم بەرھەمی لەو ڕۆژنامەیەدا ساڵی ١٩٢٧ بڵاودەکاتەوە. لە ساڵی ١٩٣٠ بەرھەمی شاعیر لەسەر لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی ژیان دەکەوێتە بەرچاو. ھەر لەو ماوەیەدا بەشداری لە نووسینەکانی بڵاوکراوەی «دەریایی لاوان» و «یادگاری لاوان» دەکات. ھەروەھا نووسەری ھەمیشەیی گۆڤاری «گەلاوێژ» بووە لە سەرەتاوە تا کۆتایی (١٩٣٩ – ١٩٤٩). ساڵێک پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات (١٩٦٧) ویستی ڕۆمانێکی مێژوویی ھەڵقوڵاو لەناو جەرگەی کوردەوارییەوە بەناوی (مامۆستا برزوو) بنووسێت. دەستی پێکرد و بە تەکنیکێکی نوێ و زمانێکی کوردی ڕازاوە و پوخت بەشێکی لێ نووسی، بەڵام مردن ڕێگەی تەواوی بکات.

کتێبخانە گەورەکەی حسێن نازمی مێژونووس ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە ڕۆشنبیرکردنی ڕەشید نەجیب و ھەر لەڕێی خوێندنەوە و خۆپێگەیاندنەوە شارەزاییەکی تەواوی لە زمانی عەرەبی و فارسی و کوردی و ئینگلیزیدا پەیدا کردووە.

ھەڵوێستێکی گەورەی ئەوە بوو کە کتێبخانە تایبەتەکەی خۆی پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی سلێمانی کرد.

مردن[دەستکاری]

ساڵی ١٩٦٨ لە بەغدا کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی ئەغزەمییە نێژرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]