تۆفیق وەھبی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
تەوفیق وەهبی
لەدایکبوون تەوفیق وەھبی بەگ کوڕی مەعرووف
١ی کانوونی دووەم - ١٨٩١ز
سلێمانی
مردن ٥ی کانوونی دووەم - ١٩٨٤ز
لەندەن
شوێنی گۆڕ چیای پیرەمەگروون
پیشە نووسەر، زمانەوان، مێژوونووس، سیاسەتمەدار
زمان کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی
نەتەوە کورد
ڕەگەز کورد
ڕەگەزنامە  کوردستان،  ئینگلستان
خوێندن کۆلێجی سەربازی بەغدا
کۆلێجی سەربازی ئەستەمبوڵ
کارە دیارەکان دەستووری زمانی کوردی (١٩٢٩) - بەغدافەرهەنگی کوردی-ئینگلیزی - (لەندەن) - ١٩٦٥).
منداڵەکان wagh
گۆڕی تۆفیق وەهبی

تۆفیق وەھبی‌ بەگ (١ی کانوونی دووەمی ١٨٩١-٥ی کانوونی دووەمی ١٩٨٤ز) نووسەر، زمانەوان، مێژوونووس، سیاسەتمەند و ئەفسەری سەربازی بەناوبانگی‌ کورد بوو.[١] کۆلیجی‌ سەربازی‌ لە ئەستەمبوڵ تەواو کردووە و بووە بە ئەفسەر، ساڵی‌ ١٩٢٩ کراوە بە فەرماندەی‌ کۆلیجی‌ سەربازیی‌ لە بەغدا، دواتر لە ساڵی ١٩٣٠ کراوە بە موتەسەریفی پارێزگای سلێمانی[٢] و پێش ڕاپەرینەکەی‌ بەردەرکی‌ سەرای سلێمانی لەسەر کار لابراوە.

ساڵی‌ ١٩٤٣ بووە بە ‌وەزیری‌ ئابووریی و ساڵی‌ ١٩٤٨ بووە بە وەزیری‌ مەعاریف، ئەندامی‌ کۆمەڵەی‌ جوگرافیاناسانی‌ بەریتانیا بووە. شەش زمانی زانیوە، لە چلەکانی سەدەی رابردوودا رۆڵێکی‌ بەرچاوی‌ لە سیاسەتی‌ عێراقدا ھەبووە. زۆر شارەزایی لە ‌بواری‌ شوێنەوارناسیی‌ کوردستاندا ھەبووە، چەندین نووسینی لەو بارەیەوە بڵاوکردۆتەوە.

ژیان[دەستکاری]

تۆفیق وەھبی بەگ کوڕی مەعرووف ‌لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٩١دا لە شارۆچکەی چوارتای سەر بە شاری سلێمانی لەدایکبووە.[٣] ھەر منداڵ بووە کە باوکی مردووە، خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٠٤دا چۆتە بەغدا و خوێندنی ناوەندیی و ئامادەیی سەرەبازی بەزیرەکی تەواو کردووە. ئینجا ڕووی کردۆتە شاری ئەستەمبوڵی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی بۆ تەواو کردنی خوێندنی باڵاتری، لە کۆلێژی ئەرکان وەرگیراوە و بۆتە ئەفسەری ڕوکن لە سوپای عوسمانی.

کە جەنگی یەکەمی جیھانی لە ساڵی ١٩١٤دا دەستی پێکرد، بەشداری لە شەڕی «چەنە قەلعە» لە دەردەنیل دا کردووە و لە دواییدا ڕەوانەی خوارووی ئێراق کراوە بۆ بەشداری کردن لەبەرەی جەنگ لە دژی ھێزەکانی بریتانیا لە "شعێبە" و لە کاتی کشانەوەی سوپای عوسمانی بەرامبەر بە ھێزەکانی بریتانیا لە مانگی ئەیلوولی ١٩١٧دا بەشداریی کردووە لەبەرەی جەنگی ڕومادی و کاتێکیش کە ئەو شارە کەوتۆتە چنگ ھێزەکانی بریتانیا ئەم بەخۆی و لەشکرەکەیەوە بەرەو شاری ھیت کشاوەتەوە.

لە ساڵی ١٩١٨دا گواستراوەتەوە بۆ بەرەی جەنگی فەلستین و پایەی سەرەبازی بەرزکراوەتەوە بۆ پلەی ڕائید و مەدالیای قارەمانی لەسەکردەی ئەڵمان وەرگرتووەو ئەوەی شایانی باسە زۆربەی سەرکردەکانی تیپی سوپای عوسمانی ژەنەڕاڵی ئەڵمان بووە، چونکە لەو جەنگەدا عوسمانی و ئەڵمانیا ھاوپەیمان بوون لە دژی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئەمەریکا شەڕەیان دەکرد.

کاتێک کە ئەو جەنگە جیھانییە بەشکانی دەوڵەتی عوسمانی ھاوپەیمانەکانی لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٨دا کۆتایی ھات، تۆفیق وەھبی بەگ گەڕایەوە کوردستان و ئینجا چووە بەغداو بووە یەکێک لە ئەفسەرە دیارەکانی کورد لەدامەزراندنی سوپای ئێراق لە ڕۆژی ٦ی کانوونی دووەمی ١٩٢١دا.

کاتێک کە شێخ مەحموودی حەفید لە ساڵی ١٩٢٢دا لە ھیندستان گەڕێنرایەوە سلێمانی و بووەوە پاشای کوردستان، تۆفیق وەھبی بەگ لەمانگی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەی ١٩٢٢دا چووە پاڵ بزووتنەوەکەی ئەم سەرکردەیەی کورد و کە ئەم بزووتنەوە و فەرمانڕاوەکەی شێخی حەفیدیش بەدەستی ئینگلیزەکان لەناوبران، تۆفیق وەھبی بەگ بۆ ماوەی ٤٢ ڕۆژ گیرا و کە ئازادکرا لە دوا دوای ساڵی ١٩٢٣دا کرا بە کارگێڕی بزوتنەوەکان لە شالیارێتی بەرگری ئێراق و لەمانگی ئابی ١٩٢٥یشدا کرا بە بەڕێوبەری قوتابخانەی سەربازی لە بەغدا و پلەی سەربازی بووە موقەددەم و لەساڵی ١٩٢٩ دا ناردرا بۆ ئینگلتەرە بۆ بەشداریی کردن لە خولێکی بەرزکردنەوەی شارەزایی سەربازی و لەساڵی ١٩٣٠دا پلەی عەقیدی پێدار و کرا بە موتەسەریفی پارێزگاری سلێمانی، بەڵام بەر لە قەومانی شەڕەکەی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠ی بە دەرکی سەرای سلێمانی لە کارەکەی دوورخرایەوە کەچی لەساڵی ١٩٣١ لەدوا شەڕی شێخ مەحموود لە ئاوباریک لەدژی دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوایی ئێراق ماوەیەک گیرا و تاوانی ھاندانی خەڵکیان بۆ داواکردنی فەرمانڕەوایەکی کوردی خستەپاڵ و ماوەیەک بێ کارو فرمان مایەوە تاکو لەساڵی ١٩٤٦ ئەم کەسایەتییە بەناو کورد کرا بە شالیاری ئابووری ئێراق لە شالیارییەکەی حەمدی پاچەچی داو دوای ئەوەش تاکو ساڵی ١٩٥٨ گەلێک جار بەناوی کورد کراوە بە شالیاری بەرگری و مەعاریف.

لەسەرەتای ساڵی ١٩٥٨دا کراوە بە ئەندام لە ئەنجوومەنی پیاوماقووڵانی ئێراق "مجلس الاعیان" و لەدوای شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ دا ئێراقی جێھێشتووەو چووەتە شاری لەندەن و دوا ساڵەکانی ژیانی لێ بەسەر بردووەو ھەر خەریکی نووسینی مێژووی کورد و نووسینی بابەتی زمانەوانی کوردی بووەم تاکو لە ڕۆژی ١٩٨٤.٠١.٠٥دا لەو شارە لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووەو تەرمەکەی ھێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و لەسەر ڕاسپاردەی خۆی لەچیای پیرەمەگروون لە تەنیشت گۆڕی پیاوچاکی کورد پیرەمەگروون بەخاک سپێردراوە.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

‌دوای دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کورد لە ساڵی ١٩٧١، تۆفیق وەھبی بە ئەندامی شانازی (فخری) ھەڵبژێردرا و گەلێک لێکۆڵێنەوەی دەگمەنی لە گۆڤاری کۆڕدا نووسی.

ھەندێک لە بەرھەمە چاپکراوەکانی ئەمانەن:

بە کوردی[دەستکاری]

  • وتاری کوردییەکەمان بە چۆن حرووفێک و چۆن بنووسین؟ - دیاریی کوردستان، ١٩٢٥، ژمارەکانی ٥ و ٦
  • دەستووری زمانی کوردی - بەغدا، ١٩٢٩، ١١٤ لاپەڕە
  • خوێندەواریی باو - بەغدا ١٩٣٣، ٤٤ لاپەڕە
  • قسنێک لە کوردستان - بەغدا ١٩٤٧، ١٨ لاپەڕە
  • فەرھەنگی کوردی - ئینگلیزی (A Kurdish-English dictionary) - بە ھاوبەشی لەگەڵ ئەدمۆنز (Cecil John Edmonds) ، لەندەن ١٩٦٥، Oxford Press، ١٧٩ لاپەڕە

بە عەرەبی[دەستکاری]

  • رجعیة‌ المانیا و عبادة‌ القوة‌ - به‌غدا 1942، 36 لاپه‌ڕه‌
  • الاصل و الاستطراد فی اصل معنى بغداد - به‌غدا 1950، ٥١ لاپه‌ڕه‌
  • قواعد اللغة‌ الكردیة‌ ج (1) - بیروت 1956، ١١٢ لاپه‌ڕه‌
  • قواعد اللغة‌ الكردیة‌ ج (2) - بیروت 1956، ٥٥ لاپه‌ڕه‌
  • التون كوبري - به‌غدا 1956، ٢٨ لاپه‌ڕە
  • سخرة‌ من دربند بازیان الی تاسلوجة‌ - به‌غدا 1956، ٣٦ لاپه‌ڕه‌
  • حول مقال مسئوولیة الادیب الكردي للاستاذ عبدالمجید لطفي - به‌غدا 1973، ١٥ لاپه‌ڕه‌

بە ئینگلیزی[دەستکاری]

  • ئەشکەوتی گندۆک - بەغدا ١٩٤٩
  • پاشماوەی میسرازئیەکان (ئێزدییەکان) لەندەن ١٩٦٢
  • خوێندنی کوردی - بەشی یەکەم لەندەن ١٩٦٨

سەرچاوەکان[دەستکاری]

پەراوێز[دەستکاری]