ئەختەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەختەر
Exter
لەدایکبوونئەمین ئاغای کوڕی بەکر ئاغای کوڕی محەمەد ئاغای حەوێزی
١٨٣٩ز
کۆیە
مردن١٨٨٨ز
کۆیە
شوێنی گۆڕگۆڕستانی عارەبیان، کۆیە
پیشەشاعیر
زمانکوردی
نەتەوەکورد
بواری کارکردنشیعر
قوتابخانەی ئەدەبیشیعری کلاسیکی کوردی

ئەختەر بە واتای ئەستێرە نازناوی ئەمین ئاغای کوڕی بەکر ئاغای کوڕی محەمەد ئاغای حەوێزییە. (١٨٣٩ - ١٨٨٨) شاعیرێکی کورد بوو لە شاری کۆیە کە لە ساڵی ١٨٣٩ز لە گەڕەکی بەفری قەندی لەدایکبووە.

ژیاننامە[دەستکاری]

سەرەتای خوێندنی ئەختەر لە یەکێ لە حوجرەکانی مزگەوتی گەورەی کۆیە بووە. لە تەمەنی مێردمنداڵی وانەی فارسی لای مەلا سمایل مەنتک خوێندووە، ماوەیەکیش لەگەڵ ئەسعەد ئاغای حەوێزی برای لە بەغدا ھەردووکیان بەردەوام دەبن لەسەر خوێندن. لە پاشانا لە تەمەنی پازدە ساڵیدا ناچار دەبێ دەست لە خوێندن ھەڵبگرێ بەھۆی مردنی باوکییەوە لە جێی ئەو دادەنیشێ. بەم جۆرە دەبێتە سەرۆکی بنەماڵەی حەوێزییان و دیوەخانەی تایبەتی وەک نێوەندێکی وێژەی لەو ڕۆژگارەدا خۆی دەنواند. مەڵبەند و جێی کۆڕ و کۆبوونەوەی شاعیرانی ئەو سەردەمە بوو، بە تایبەتی حاجی و کەیفی و شێخ ڕەزای تاڵەبانی میوانی بەڕێزی ئەو دیوەخانەیە بوون و جێگەی دیارییان تێیدا ھەبوو.

ئەختەر وەک ئاغایەکی بە دیمەن و دەوڵەمەند لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ئوروستوکراتیانە نەبووە، بەزەیی بە ھەژارانا ھاتۆتەوە، دەستی گرتوون و یارمەتی داون. ئەختەر خاوەنی قسەی خۆی بووە، بەرھەڵستی خراپەی داگیرکەری دەوڵەتی عوسمانی کردووە، تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ھەجووی سوڵتانی عوسمانی بکا. لەسەر ئەمە والی عوسمانی تەقیەدین پاشا ئەختەری ئاوارەی شاری حیللەی باشووری عێراق کردووە. لە دوای ماوەیەک کە نامیق پاشا بووە بە والی ئەختەری لە ئاوارەیی ئازاد کردووە و گەڕاوەتەوە کۆیە.

لە ژیانی تایبەتی خۆیدا ئەختەر دڵداری کردووە، دڵی چۆتە کچێکی جوانی بنەماڵەی دارۆغەناوی، رابی بووە. ئەم دڵدارییە پاک و بێ گەردە زیندەبەچاڵ دەکرێ بە بەھانەی ئەوەی ئەختەر و رابی بە منداڵی شیریان پێکەوە خواردووە.

ئەختەر تەنیا شاعیر نەبووە، بەڵکو ھونەروەێکی ڕەسەنی مۆسیقا و گۆرانی بووە، ئاوازی بۆ ھەندێ شیعری کوردی داناوە، جگە لەوەی شیعری خۆی کە دەکەوتە بەر دەنگی گۆرانیبێژان ئاوازەکانیان لەلایەن شاعیرەوە دادەنران، ھەروەھا ھەندێ جار بۆ ئاوازێکی دیاریکراو شیعری ھۆنیوەتەوە، بایەخی بە گۆرانی و سروودی میللی (فۆلکۆری) داوە. دیوەخانەی مەڵبەندێکی وێژە و ھونەر بووە. بە گشتی ئەختەر ڕۆڵێکی گرنگی بووە لە ژیانی خوێندەواری کۆمەڵی کۆیە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمدا.

ئەختەر لە ساڵی ١٨٨٨ لە کۆیە کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی عارەبیان لەتەنیشت باوکی نێژراوە.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • کتێبی: مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی یەکەم، نووسینی: دکتۆر مارف خەزنەدار. چاپی ٢٠٠٤ هەولێر