ئێل بەگی جاف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

ئێل بەگی جاف (١٤٩٢-١٥٥٣ زایینی) شاعیرێکی کوردی عەشیرەتی جاف بووە کە شیعرەکانی وەک "ئەفسانە"، "موعجیزە" و "خوێندنەوەی دواڕۆژ" ناوبانگی دەرکردووە. ئێل بەگی جاف لە شارەزوور لە بنەماڵەیەکی جاف لە دایک بووە. لەوانەیە لە سەر ئایینی یارسان بووبێت چونکە ڕۆژگاری دەسەڵاتی بنەماڵەی سەفەوی ماوەی نەشونەمای ئایینی یارسان بوو و بەشێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی ھەورامان و ھەرد و پانایییەکانی شارەزوور تا پەیدابوونی شێخ ئیسماعیلی ولیانی (١٦٩٢ مردووە) لەسەر ئایینی یارسان بووە.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

ئەوەی لە ئێل بەگی مابێتەوە و ناوی پێ دەرکردبێ، ئەو بەیتەیەتی کە بەناوی «کێ وە قەوڵی کێ دەکا»یە. ئەم شیعرە بە شێوەزاری کوردیی ناوەندییە بەڵام ھەوای گۆرانی پێوە دیارە. بەیتی ئێل بەگی لەسەر شێوەی بەند ڕێککراوە، ھەر بەندی لە پێنج دێڕ بریتییە. کێشی ھەشت سیلابی خۆماڵییە، یەکێتیی قافیەی تێدایە. ھەموو چوار دێڕی یەکەمی بەندەکان لەسەر یەک قافیەن، دێڕی پێنجەم «ھەروا بووە و ھەر وا دەبێ» لە ھەموو بەندێکدا دووبارە دەبێتەوە. لە ھەندێ لە دەسنووسەکاندا ئەو دێڕە شیعرە بەم شێوەیە: «ھەر وا بییە و ھەر وا ئەوێ».

دەستنووسێکی زۆری بەرھەمی ئێل بەگی لە ڕۆژگارانی جیاجیا نووسراونەتەوە؛ باوەڕ پێکراوترین دەسنووس ئەوەیە کە لە ساڵی ١٨٥٤ ڕوونووس کراوە، ئەمە ئەوە دەگەیێنێ کە ماوەی سێ سەد ساڵێک شیعرەکانی ئێل بەگی لەسەر زار پارێزراون.

کە بەیتی «ھەروا بووە و ھەر وا دەبێ» دەخوێنینەوە، بەرامبەر بەرھەمێک ناوەستین کە لە سەدەی شازدەم داھێنرابێت، بەڵکو بەرامبەر بەرھەمێک دەبین ئەدگاری نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمی پێوەیە. لەوانەیە چونکوو شیعرەکانی خۆش و ڕەوان بوون و ڕەنگدانەوەی ھیوا و ئامامی خەڵکی ساکاربوون، چوونە ناو دڵی میللەتەوە و بە درێژایی مێژوو شتی دەرەوەی بێگانەی خراوەتە سەر و شتی ناوەوەی ڕەسەنی خۆی لێ کەوتووە، دەنا باوەڕ ناکرێ باس لە کەسان و ڕووداوی سەدەکانی داھاتوو بکات وەکوو ڕۆژگارانی قەرمانڕەوایی نادرشا، زەند، قاجار و پەھلەوی.

نموونەی ھۆنراوە[دەستکاری]

ئێران پر لە ئاگر دەبێ حوکمی سۆلتان قاھر دەبێ
ستەم لە خەڵق سادر دەبێ دەورە دەورەی نادر دەبێ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

خاسان وە بێ وەتەن دەبێ مورغان دوور لە چەمەن دەبێ
شاھان وە بێ کەفەن دەبێ دەوران وە کامی زەند دەبێ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

دەوران بە دەست قەجەر دەبێ تەیموور لە خەو خەبەر دەبێ
گەلێ سەران بێ سەر دەبێ ئاشووب و شۆڕ و شەڕ دەبێ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

نیوەی ئێران ھی رووس دەبێ ئاوای ھیچ بێ نامووس دەبێ
ئەوسا زەڕیان لە مس دەبێ دین و ئیمان زۆر سس دەبێ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

چابوک سوارێ دەنگ دەکا سەید و شکار پەڵەنگ دەکا
ھەر ساعەتێ سەد رەنگ دەکا دنیا و خەڵق پڕ شەنگ دەکا

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

مەردان مەردی گەزاف دەکەن ھەم بە راستی خەلاف دەکەن
قسان بە تیر قەڵاف دەکەن بە رێگەی دوور مەساف دەکەن

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

گەلێ دڵم بە تەنگ دەبێ سەدای تۆپ و تفەنگ دەبێ
شەڕی سەرباز بە شەنگ دەبێ ئێران دیلی فەرەنگ دەبێ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

رەخشی روستەم ئیزھار دەبێ ئەسپی ئاسن رەھوار دەبێ
دوڵدڵ شەودێز بە کار دەبێ گەلێ شت ھەن ئاشکار دەبێ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

دەورە دەورەی رەزا دەبێ لە دوای رەزا غەزا دەبێ
لە دوای غەزا فەزا دەبێ مەردوم دەست بە نزا دەبێ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

تەیرێ وەک رەعد و بەرق دەبێ گوێچکەی لە دووکەڵ غەرق دەبێ
دەشت و دەری پێ لەق دەبێ بە رووی ھەوا مۆلەق دەبێ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

ئێران وەکوو فەرەنگ دەبێ پڕ نەقش و رەنگاڕەنگ دەبێ
کوڕ وەکوو کچ قەشەنگ دەبێ مایل بە شۆخ و شەنگ دەبێ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

ھەمووی شاھان بێڕا دەبێ لە پڕ شەڕ و ھەرا دەبێ
کەم خەڵق وە حوکمی شا دەبێ چەرخ و چرا وە پا دەبێ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

تاعەت بە مەجبووری دەبێ دی بازاڕی بلووری دەبێ
چینی و فەغفووری دەبێ گوڵبانگی جەمھووری دەبێ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

کاری مەردان نامەردی بۆ دەورانەکەی رەنگ زەردی بۆ
دەواکەیشی دڵدەردی بۆ رۆزگاری دڵسەردی بۆ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

دیوانی گورگ و مەڕ دەبێ دەشتی بەغداد بە شەڕ دەبێ
گشتی بۆ زێو و زەڕ دەبێ شەڕی سەرباز بە شەنگ دەبێ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

ھەفتا و دوو دین یەک دین دەبێ سەردەفتەری ئەمین دەبێ
زاڵم لە زاری و شین دەبێ دڵی گەلێ بە کین دەبێ

ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • دوکتۆر مارف خەزنەدار. مێژووی ئەدەبی کوردی (بەرگی دووەم سەدەکانی چواردەم - ھەژدەم). ھەولێر: بڵاوکراوەی ئاراس, ٢٠٠٢.