مەلا عەلی (شاعیر)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

حوسێن مەولود ئەحمەد ناسراوە بە مەلا عەلی لە ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی بەردبرد ی قەزای ماوەت سەر بە ناوچەی شارباژێر لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٦٢–١٩٩٣ پۆلەکانی سەرەتای لە سەرچنار و ماوەت و چەرمەگا تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٧١–١٩٧٢ پەیوەندی کردووە بە زەنجیری ڕۆشنبیری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بۆیە لە ساڵی ١٩٧٤ دەکرێت بە لێپرسراوی ڕێکخراوی تۆلەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان. لە ساڵی ١٩٧٦ چووەتە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی ئەدەبیات بەشی کوردی، بۆیە کاتێک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت ناچێتەوە بۆ زانکۆ خوێندن تەواو ناکات. لە ڕێکەوتی ٣٠ کانوونی دووەم ساڵی ١٩٧٩ بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی پارتی زانی لە ناوچەی سوورداش لە گوندی کرژە لەلایەن بەعسییەکان پێیان دەزانێت دەستگیر دەکرێت. دوای دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانێکی زۆر لە زیندان و دەزگاکانی ڕژێمی بەعسیدا، لە ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٩ لە دادگای ھەیئەی خاسەی کەرکووک (دەستەی تایبەتی کەرکووک) بە شێوەیەکی نمایشی لە چەند خولەکێکدا بەبێ ئەوەی پارێزەری ھەبێت دادگایی دەکرێ و بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت. لەدوای دەرچونی فەرمانی لەسێدارەدانییەوە تا ڕۆژی جێبەجێکردنی حوکمەکەی کە تەنیا ٤٥ ڕۆژی خایاندووە لە شەوی ٢٢ لەسەر ٢٣ تەممووزی ١٩٧٩ لە زیندانی موسڵ لەگەڵ دوو ھاوڕێی تری بەناوەکانی «ئەڵوەند عومەر حسێن» و «عەلی عالی حسێن» لە سێدارە دەدرێن.

  • «شیعر و ھەڵوێست» تاکە دیوانی شەھید مەلا عەلییە و ساڵی ٢٠١١ لەلایەن لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کوردەوە چاپ وبڵاوکراوەتەوە و ھەموو شیعرەکان لەو دیوانەوە وەرگیراون.
  • لەژمارەی ڕۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ی ڕۆژنامەی ڕەخنەی چاودێردا بڵاوبوەتەوە

نموونە ھەڵبەست[دەستکاری]

نموونەی ھەڵبەستی سیاسی و نەتەوەیی[دەستکاری]

ھەموو مانگی ساڵ بوونە حوزەیرانھەموو وەرز بوون بە وەرزی خەزان
کام گەلی دنیا وەک کورد بێ بەشەبەرگ و کاڵایان سەرتاپا ڕەشە!
ھیچ ماڵێک نییە بێ قوربانی بێ،ساتێکی ژینی شادمانی بێ
پیر و لاو ھەموو لە ڕێی نیشتمانبەشیان کوشتنە و لە سێدارەدان
کەوابێ بۆچی ژین لام شیرین بێ!دڵ پڕ لە کوڵ و، چاو پڕ ئەسرین بێ
ئێستا ژینی خۆم ھێند لا ھەرزانەسەد جار قوربانی ئەم کوردستانە
قوربانی چینی چەوساوەی ئەکەمکورد بە ملیۆنی وەک من نابێ، کەم

نموونەی ھەڵبەستی دڵداری[دەستکاری]

ئێستا ئومێدم ھێندە لاوازەناتوانم بڵێم: ئەمێنم تازە
مردووم و نانی زیندووان ئەخۆمتازە ناتبینم، ئازیزەکەی خۆم
دوێ شەو لە خەوما، دوور بێ لە باڵاتلێت نزیک ئەبووم تا ماچ کەم گۆنات
ئەڵێن لە خەودا کەسێکی زیندووھەڵسێ و دانیشێ لە گەڵیا مردوو
نیشانەی سەرە مەرگی لێ دیارەبۆیە لە مەرگت ترسام ئەمجارە
مەگەر ھەر بە خەو تۆم ماچ کردبێدەستم بۆ سینە و مەمکت بردبێ
بە تاسەوە بووم بتگرمە باوەش،نەمدی، وا ئەمرم، پاشی من تۆ خۆش
من تۆم لەبەر خۆم خۆش نەویستووەکەسیش ئەم «ڕاز»ەی لێم نەبیستووە
ئێستاش ئەم ڕازە کە ئەدرکێنمویژدانی ماتی خۆمە ئەیدوێنم

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. https://web.archive.org/web/20170423095034/http://hemin.dk/mla/node/364 سایتی ھێمن مەحموود :وتارێک بە ناونیشانی «مەلا عەلی، شاعیری مەرگ و عەشق»
  2. سایتی ڕێکخراوی ئۆرتە: ووتارێک بە ناونیشانی ((٣٤ ساڵ لەمەوبەر پێشمەرگە و شاعیری ناسراو مەلا عەلی لەسێدارەدرا))

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]