مەلا خدری ڕواری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مەلا خدری ڕواری ناوی تەواوی مەلا خدر کوڕی مەلا ئەحمەدە و لە نەوەی شێخ نیعمەتوڵڵای وەلییە. لە ساڵی ١٧٣٤ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٧٩٥ کۆچی دوایی کردووە. لە لای باوکی دەستی بە خوێندن کردووە و چەند شوێنێک گەڕاوە بۆ خوێندن، لەوانە چووەتە قەڵاچوالان لە لای شێخ محەمەد وەسیم مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. مەلا خدر خواپەرستێکی ڕاست بووە و دەستێکی باڵای ھەبووە لە پەروەردەکردنی قوتابیدا و شارەزاییەکی زۆری ھەبووە لە زانستە ئیسلامیەکاندا، ناوداری سەردەمی خۆی بووە. پەڕاوی پڕ سوودی ھەیە لەوانە (ڕۆڵە بزانی و دەوڵەتنامە).

ڕۆڵە بزانیەکەی، بریتیە لە (ئەسڵ و فەرعی دین) بە ھۆنراوە بە شێوەزاری ھەورامی ھۆنیویەتیەوە، ئامۆژگاری جوانیشی تێدایە. تا چەند ساڵێک لەمەوبەر، مەلاکانی کوردەواری (ڕۆڵە بزانی) یان فێری منداڵ و قوتابیانی خۆیان دەکرد.

مەلا خدر لە سەردەمی ئەحمەدی سانی ڕوادیدا ژیاوە و، لە پاش ئەوەی بووەتە مەلا، مۆڵەتی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە زێدو مەڵبەندەکەی خۆی و بووەتە مامۆستا و ڕاوێژکاری ئەحمەدسان و، چەند جاریش لە دەوری کەریم زەند (١١٧٢-١١٩٣ک) دا لەگەڵ ئەحمەد ساندا بۆ کاروباری ناوچەکە ڕۆیشتووەتە شیراز. لەگەڵ ئەوەشدا کە زانا و ھۆنەر بووە، خۆشنووس و نووسەریش بووە، دەستێکی باڵای ھەبووە و چەند پەڕاوێکی ئایینی بە خەتە خۆشەکەی خۆی نووسیوەتەوە.

مەلا ئەحمەدی نۆدشی لە فەتوانکانی ئیسلامیی خۆیدا باسی گەورەییی ئەم زانایەی کردووە.

حاجی قادری کۆیی لە بارەیەوە دەڵێت: «وەک مەلا خدری روودباری نیە/ شیعری ئاوی حەیاتە، تاڵی نیە»

مەلا خدر لە ڕۆڵە بزانیدا دەڵێت:

ھەر چێوەت وانا، چێوێ تەر وانەبا بێوەت زانا، یۆتەر بزانە
واناتۆ، زانات، وەرش بکەرەزانات وەرت کەرد، عەمەل باوەرە
عیلم چوون درەخت، عەمەل سەمەرەنعیلم بێ عەمەل، باخی بێ بەرەن
ھەر چێو زایەع بۆ، پەریش ھەن بە دەڵئیللا بێ بە دەڵ، عومرەنو عەمەل
حەیفەن عومرو وێت، بدەی بە زایەجەی دنیا بەرشی، بێ مایە و فایە

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • کتێبی: سەربوردێکی ھەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، نووسینی: عبدالرزاق عبدالرحمن محمد. لاپەڕە/٢٠٩.