کەمانچەژەن (ڕۆمان)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

ئەدەبی نووسراوی کوردی لە زەمینەی تەنز و گاڵتەدا بەداخەوە زۆر دەوڵەمەند نیە؛ ژمارەی ئەو بەرھەمانەی کە لەم ژانرەدا خوڵقاون و بایەخی ئەدەبی و ھونەری‌یان ھەیە، لە ژمارەی ئەنگوستەکانی دەست زیاتر نین. یەکێ لەم بەرھەمە کەمانە، ڕۆمانێکە بە ناوی 'کەمانچەژەن' کە گوایە لە زمانی ئاڵمانی‌یەوە کراوەتە تورکی و لە زمانی تورکی‌یەوە وەرگەڕاوەتە سەر کوردی.

کەمانچەژەن بەسەرھاتی کوڕێکی ھەژارە بە ناوی ئالفرێد موولێر کە ماڵی باوکی بەجێ دەھێڵێ و دەکەوێتە شوێن بەختی خۆی. ئالفرێد ئەگەر لە ماڵی دنیا بێ‌بەشە، خودا بۆی تێ‌ھەڵێناوەتەوە و بەھرەی مۆسیقای پێداوە. ھەر ئەوەش ڕێگەی بۆ خۆش دەکا وردە وردە لە تەنگانە بێتە دەرەوە و بکەوێتە فەرعانە و خۆشی. ئەڵبەتە بەسەرھاتی ئالفرێد موولێری ڤیۆلۆن‌ژەن ئەوندەش سادە و بێ‌گرێ نیە. ئەم چیرۆکە پڕیەتی لە ڕووداوی سەیر و سەمەرەی ئەوتۆ کە لەپەستا خوێنەر دەخەنە پێکەنین.

زمانی تەرجەمە کوردی‌یەکەی کەمانچەژەن زۆر ڕوون و ڕەوان و شیرینە؛ دیارە ھەر دەبێ وایش بێ چونکە وەرگێڕی ئەم بەرھەمە، شاعیر و نووسەر و قسەخۆشی بەناوبانگی کورد 'پیرەمێردی نەمر'ە. پیرەمێرد بەوجۆرەی خۆی لە پێشەکی‌ی کتێبەکەدا دەڵێ، کاتێ لە ئەستەمبووڵ دەبێ تەرجەمەی تورکی‌ی ئەم چیرۆکە، بە زنجیرە لە ڕۆژنامەیەکی ئەوسەردەمەدا دەخوێنێتەوە. دوایی کە دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی نوسخەی کامڵی تورکی‌یەکە کە ناوی 'چاڵغی‌چی' بووە پەیدا دەکا و بەرەبەرە وەریدەگێڕێ و بڵاوی دەکاتەوە. لە دوایی‌شا بە شێوەی کتێبێک بە ناوی 'کەمانچەژەن' لە چاپی دەدا(1942).

ڕۆمانی کەمانچەژەن بە ڕاوێژێکی کوردانە تەرجەمەکراوە و ئەگەر ناوەکان و زەمینەی فەرھەنگی‌(Cultural context)ی بەرھەمەکە نەبوونایە، دژوار بوو خوێنەر بزانێ کە ئەم چیرۆکە تەرجەمەیە. پیرەمێرد جاری وایە بۆ خۆماڵی‌تر بوونی کارەکە کەڵکی لە ھەندێ وشە و زاراوەی وا وەگرتووە کە بە ھیچ کلۆجێ لەگەڵ ھەل‌ومەرجی ڕۆژاوایی داستانەکە ناگونجێ بەڵام بەم کارە باری گاڵتەی چیرۆکەکەی زیاتر کردووە بە چەشنێ کە خوێنەر کاتێ تووشی ئەم شتانە دەبێ ناتوانێ پێشی پێکەنینی خۆی بگرێ!

رۆمانی 'کەمانچەژەن' بە ئاڵمانی ناوی چ بووە و بەرھەمی زەوقی کام تەنزنووسی ئاڵمانە، دیار نیە. مامۆستا پێرەمێرد لە پێشەکی‌ی تەرجەمەکەدا زۆر تاریفی قەڵەمی شیرینی نووسەر ئەکا و لە قەڵەمی گاڵتەنووسانی تری ئورووپا بە تواناتری دەزانێ کەچی ناوی نووسەرەکە ناھێنێ و پێمان ناڵی ئەم نووسەر گەورەیە کێ‌یە! بۆ وەرگێڕانە تورکی‌یەکەش ھەر ئەوەندە دەڵێ کە تەوفیق ناوێکی کوردی کەرکووکی لە ئاڵمانی‌یەوە کردوویە بە تورکی. دڵخۆشی خۆیشی بۆ ئەوە دەربڕیوە کە وەرگێڕی تورکی و کوردی‌ی ئەم بەرھەم ھەردووک کوردن و ناوی ھەردووکیشیان بە ڕێکەوت 'تەوفیق'ە.

'کەمانچەژەن' کە یەکێ لە بەرھەمە کۆنەکانی مێژووی تەرجەمەی کوردی‌‌یە و دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، ئێستەش بەرھەمێکی تەڕ و پاراوە و خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە پڕ لە گاڵتە و گەپە ھەم مایەی شادی و پێکەنینە، ھەم دەرسنامەیەکە بۆ ئەوانەی گەرەکیانە فێری وشە و زاراوە و ڕێزمانی ڕەسەنی کوردی بن، ھەم ئەوەندەی لەباران‌دا ھەیە _ لەباری زمانەوە_ ببێ بە سەرمەشقێکی باش بۆ وەرگێڕانی کورد!