مەلا غەفوور دەباغی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

مەلا غەفوور دەبباغی ناسراو بە حافزی مەهابادی (لەدایکبووی ١٩٢٧ لە سەقز – مردووی ١٩٩٠ لە مەهاباد) شاعیر و وەرگێڕێکی کورد بوو.

مەلا غەفوور دەبباغی
لەدایکبوون۱۳۰۶ هەتاوی
١٩٢٧ زایینی
سەقز
مەرگ٢١ی گەلاوێژی ۱۳۶٩
١٢ی ئابی ١٩٩٠
مەهاباد
شوێنی دۆزینەوەی تەرمگڵکۆی شاعیرانی مەهاباد
نەتەوەکورد
ناوەکانی ترحافزی مەهابادی
پیشەشاعیر، وەرگێڕ
ئایینئیسلام، سوننە

ژیان[دەستکاری]

غه‌فوور ده‌بباغی کوڕی دەروێش عەبدوڵڵا ساڵی ١٣٠٦ی هه‌تاوی له شاری سەقز له دایک بووه. بابی چه‌رمچی (ده‌بباغ) بووه و بەهۆی پێشه‌که‌ی ماوه‌یه‌ک پاش له دایک بوونی غه‌فوور له سه‌قز ڕۆیشتووە و ده‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی له شاری بانە گیرساوەتەوە. غه‌فوور له ته‌مه‌نی سێ ساڵه‌ییدا خورێلکه (هاوڵه)ی گرتووە و سۆمای چاوەکانی له ده‌ست داوە. حەوت ساڵانە بووە کە بابی ناردوویەتی لای (میرزا محه‌ممه‌د که‌ریمی مەخروونی) تا قورئان له‌به‌ر کات و ئه‌ویش تا چارده ساڵه‌یی نیوه‌ی له‌به‌ر کردووە. هه‌ر ئه‌و ساڵه‌یش (واته ساڵی ١٣٢٠ی هه‌تاوی) بەهۆی داگیرسانی ئاگری جەنگی جیھانیی دووەم له ئێراندا و لاواز که‌وتنی حکوومه‌تی ناوه‌ندی، (محه‌ممه‌د ڕه‌شید خان) له بانه دژ به ده‌وڵه‌ت ڕاوەستاوە و ده‌روێش عه‌بدوڵڵا و بنه‌ماڵه‌که‌ی کۆچیان کردووە بۆ مه‌هاباد. له مه‌هاباد غه‌فوور لەلای (مه‌لا محه‌ممه‌دی حاجی بایزی) کاری ناته‌واوی خۆی ته‌واو کردووە و تا ساڵی ١٣٢٨ هەموو قورئانی له‌به‌ر کردووە و لەکن (قازی محه‌ممه‌دی خزری نزریوه‌یی) بڕێک ده‌رسی فه‌قێیەتی خوێندووە. پاش کووده‌تای عه‌بدوولکه‌ریم قاسم له هاوینی ١٣٣٨ی هه‌تاوی له عێراق، ده‌ستی بە وتنی شیعر بۆ خه‌ڵکی نه‌دار و هه‌ژار کردووە. ساڵی ١٣٥٠ خه‌تی بره‌یل (نووسینی تایبەت بە نابینایان) فێر بووە و کومه‌ڵێ په‌ند و مه‌ته‌ڵۆکه و کورته چیرۆکی کۆ کردووەتەوە که ساواک لێی ئەستاندووە و قه‌ت به خۆی و که‌سی تریشی نەداوەتەوە، دواتر لە ساڵی ١٣٥٦دا حەولی داوە لەسەرڕاوە بیاننوسێتەوە. حافز مەهابادی چوار کەڕت ژیانی هاوسەرگیری پێک هێناوه و خاوەنی کچێک و چوار کوڕ بووه بە ناوەکانی: (کەژاڵ)، (برایم)، (سمایل)، (فایق) و (ڕێبوار). له ئا‌کامدا له ڕۆژی بیست و یه‌کی گه‌لاوێژی ١٣٦٩ی هەتاویدا کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەیشی لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی شاری مەهاباد بەشی ناوداران و شاعیران بە خاک ئەسپێردراوە.[١][٢]

بەرهەمەکان[دەستکاری]

  • دیاری مەهاباد (کۆمەڵە شێعر)[٣]
  • چوارێنەکانی فەڕوخی یەزدی (وەرگێڕان لە فارسییەوە بۆ کوردی)[٤]
  • دیوانی حافزی مەهابادی
  • پەندی پێشینیان
  • ئاسۆی ڕوون[٥]

نموونەی شیعری[دەستکاری]

ئەی تەختی هەنێت، تەختی سزا دانە پەری گیان وەی چاڵی چەنەت قوژبنی زیندانە پەری گیان
شمشێری برۆت پارە دەکا جەرگی ئەویندار خنجێری موژەت قاتڵی لاوانە پەری گیان
بسکت شەوەیە، ئاڵی دڵە ڕوومەتی ئاڵت ئەم خاڵ و خەتەت قابزی سەد گیانە پەری گیان
چاوت چەتەیە، پیاوکوژە، سێدارەیە بەژنت ڕووت ڕێگرە، کەزیەت پەتی خنکانە پەری گیان
بەرگێکە بڕاوە بە قەد و قامەتی شۆخت ئەم جەور و جەفا و خەڵکی بە کوشت دانە پەری گیان
لێوت وەکوو یاقووتە، بزەت قووتە، ددانت مروارییە، یا خۆ دووڕە مەرجانە پەری گیان
چاومەستی و تەڕدەستی و ئاشقکوژی و ناز تەننازی و عەییاری لە تۆ جوانە پەری گیان
چاوم نییە، زۆر موستەحەقی خێر و زەکاتم ماچێ بدە بەم کوێرە بەسزمانە پەری گیان

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "ساڵڕۆژی کۆچی شاعێری گەورەی مەهاباد " مەلا غەفوور دەباغی " بەناوبانگ بە " حافزی مەهابادی " بەرز ڕادەگرین". Peyama Kurd (بە زمانی ئینگلیزی). لە ڕێکەوتی 2021-04-10 ھێنراوە. 
  2. ^ sardashtalan (2018-04-04). "ئاوڕێکی نوێ لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی شاعیری کورد مەلا غەفوور دەباغی/وتووێژ لەگەڵ ئیبراهیم دەباغی". Roji Kurd ڕۆژی کورد. لە ڕێکەوتی 2021-04-10 ھێنراوە. 
  3. ^ دیاری مەهاباد، مەلا غەفوور دەباغی، چاپی یەکەم: خاکەلێوەی ١٣٦٣ (١٩٨٤)، چاپەمەنی سەیدیان. چاپی دووەم: پووشپەڕی ١٣٦٨ (١٩٨٩)، چاپەمەنی سەیدیان
  4. ^ کتێبی "نگاهی به تاریخ مهاباد" نووسینی سەید محەممەد سەمەدی ، ١٣٧٣ هەتاوی
  5. ^ "ڕێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی چوار کتێبی کوردی لە بۆکان". www.asoyroj.com. لە ڕێکەوتی 2021-04-10 ھێنراوە.