پەندی پێشینان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پەندی پێشینان ھەر یەکەیان وانەیەکی جوان بەدەستەوە دەدەن، کە سەیری دەکەین بە ھەموو لایەنێکی ژیان شۆڕ بوونەتەوە و لە ھەموو بارێکدا پەندگێڕەوە مەبەستی وشیارکردنەوەو فێرکردنی بەرامبەرەکەیەتی بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەی جارێکی تر ھەمان ھەڵەی پێشوو دووبارە نەکاتەوە، یان گەر ویستی کارێک بکات بزانی لە کوێوە دەست پێبکات.

زۆرجار ئەو پەندگێڕەوانە پیرەپیاو یان پیرەژنی قسەزان و ئاقڵ بوونە ھەستیان بەپێداویستی بەرامبەرەکانیان کردووە، بۆیە لەو دەرگاوە بۆی ھاتوونە کە بۆ بەرامبەریان بەگرنگ زانیووە، ھەمیشە ھەوڵیان داوە ئەو پەندەیان لە گوێی بەرامبەردا بچەقێنین، کە ئێمە (سەری ڕەشمان لەبەر ھەتاوێ سپی نەکردووە) و خۆدەزانین دنیا چ باسە، ئیتر قسەکانیان ھێندە بەرێ وجێ بووە، پەندەکانیان ھێندە نەستەق و لە دڵ شیرین بووە دەستبەجێ کاری خۆیان کردووە پەندی پێشینان بەشێکە لە ئەدەبی فۆلکلۆر.

پێناسە[دەستکاری]

پەندی پێشینان بریتییە لە چەند قسەیەکی کورتی کوردی پەتی، کە پێکەوە نووسێنراون، واتایەکی بەرزیان پەیدا کردووە. مەبەست لە پەند ئەو گوتەیەیە، کە زۆر بڵاوبووەتەوە و لە ھەموو لایەکەوە باوە، ئەمەش یان لەبەر ئەوەی بیرێکی فەلسەفی قووڵ بە خۆوە دەگرێت، یانیش لە بەرئەوەی گوزارشت لە بنەڕەتێکی عەقیدەیی دەکات، کە ئەمە زۆر جار بە دانایی (حیکمەت) یش ناودەبرێت.

چەند نموونەیەک لە پەندی پێشینان[دەستکاری]

پەند ھەیە دێرە شیعرێکە، پەندیش ھەیە ڕستەیەکی ساکاری واتادارە.

  • ئاردی بدە ئاردبێژێ، باھەندێکیش بڕێژێ.
  • ئارو بە بڕکییەوە جوانە.
  • ئاش لە خەیاڵێک، ئاشەوان لە خەیاڵێک[١]
  • ئاشی نەزان خوا ئەیگێڕێت
  • ئاغای گوندی ڕێی بە گاوانی گوندی دەکەوێ.
  • ئەگەر بتەوێت لەناو سواران دیاربیت وراغت تێر جۆکە.
  • ئەگەر بووی بە میر، خوا نەکەی لە بیر.
  • ئەگەر گوڵ نیت دڕکیش مەبە
  • ئەگەر مار جارێک پێوەی دایت خوا بیگرێ، ئەگەر بوو بو دوو جار خوا تۆ بگرێت
  • ئەڵێن تەنگانە خۆشی لەدوایە، باوەڕم وایە فەرموودەی خوایە.
  • ئەو باوکەی مەلەوان بوو کوڕەکەی ئاو بردی
  • ئەو کەسە ژیرە، پیری لە بیرە.
  • ئەو ماستە بێ موونی یە[٢]
  • ئەو ھەویرە ئاو زۆر ئەکێشێت
  • ئەوەندە مەڵێ گوێت لتێ نەگرن، ئەوەندەش گوێ ڕامەگرە سەرت بێتە ژان
  • ئەوەی بە بڵندان بڕوانی، بە ناویاندا دەکەوێ.
  • ئەوەی بەرز بفڕێت نزم ئەنیشێتەوە
  • ئەوەی دەتگرێنێت دۆستە، ئەوەی کە پێت پێ ئەکەنێ دوژمنتە
  • ئەوەی کە بۆ گوو کەر ھەڵ ئەکەوێت بۆ ڕاوکەر ھەڵ ناکەوێت
  • ئەوەی لەبەر چاوانە، لەبەر دڵانە.
  • ئەیەوێت ماسی بگرێت و قاچیشی تەڕ نەبێت
  • ئیشی بەپینەو پەڕۆ ھەر دەگاتە نیوەڕۆ.
  • با لە ھەر کوێیەکەوە بێت ئەو لەوێ شەن ئەکات
  • بار بە لاباران قەت ناگاتە ھەواران.
  • باری کەر دایم قورسە
  • بانگی موحەمەد بە ئاشکرا خۆشە
  • بانێکەو دوو ھەوا
  • برسێتی ڕەگی ھاری بەدەمەوەیە
  • بزن بۆ شەوێکیش شوێنی خۆی خۆش ئەکات
  • بزن ھەمیشە قونی بە دەرەوە بوو کەس ناوی نەدەبرد، مەڕ یەک جار قنی بەدەر کەوت کردیان بە چەپڵە
  • بە بەردێک دوو چۆلەکەی کوشت
  • بە قەد بەڕەکەی خۆت قاچ ڕاکێشە
  • بەختی لە ھەموو شتێکدا ڕەشە، تەنھا لە شووتی دا سپی یە
  • بەرخی نێر بۆ سەر بڕینە
  • بەرد لە جێ ی خۆی سەنگینە
  • بەردتل بدە، بێ کار مەبە
  • بەردی بچووکیش سەر دەشکێنێ
  • بەری ڕۆژ بە بێژنگ ناگیرێت
  • بەڕە لای تەنکییەوە ئەدڕێ[٣]
  • بووکێ لەگەڵ تۆمە خەسوو تێبگە
  • بۆ ڕیش چوو سمێڵیشی دانا[٤]
  • تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت
  • تاخۆت دۆست نەبی، کەس نابێ بەدۆست، چەپڵە لێ نادرێ بە تەنھا بە یەک دەست.
  • تف ھەڵدە ناو چەوانی خۆت ئەگرێتەوە
  • تەشی ڕێس تەشی ڕێس بێت بەکلکی کەریش بێت ئەی ڕێسێت
  • جوێن مەدە بە باوکی سەگم، جوێن نەدەم بە باوکی بەگت.
  • چەپڵە بە یەک دەست لێ نادرێت
  • چەم بێ چەقەڵ نابێت
  • چی بچێنیت ئەوە ئەدووریتەوە
  • چێشتی دوو کابان یا سوێرە یا بێخوێ.
  • خوا تا کێو نەبینێت بەفری تێ ناکات
  • دار بە تەوری وت گەر کلکت لە خۆم نە بوایە توانای بڕینمت نە دەبوو
  • دار ھەڵبڕە سەگی دز دیارە
  • دڵ پیر نابێ، چاو تێر نابێ.
  • دەریا بە دەمی سەگ گڵاو نابێت
  • دەستە چەورەکەی خۆت بە من مەسڕە
  • دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە
  • دەنگی دەھۆڵ لە دوور خۆشە
  • دەوڵەمەندی بەدڵە بە ماڵ نییە، گەورەیی بە عەقڵە بە ساڵ نییە.
  • دوای باران فەرەنجیم بۆ چییە
  • دوای کڵاوی با بردوو مەکەوە
  • دوژمنی زانا، نەک دۆستی نەزان.
  • دوعا بۆ ئەو سفرەیە بکە، کەنانی لێ ئەخۆیی.
  • دوو پشکە لەخۆی بەشکە
  • دوو گا لە دۆڵێکتا ڕەنگی یتتەک نەگرن خوی یەک ئەگرن
  • دۆم بە دانیشتن ماڵی وێرانە
  • دۆم بێت و کڵاش بۆ خۆی دروست کات
  • دیوار لەگەڵ تۆمەو پاسار گوێت لێ بێت
  • ڕونی ڕژاو دەکاتە خێری باوکی.
  • ڕێوی بە کونا نە ئەچوو شتێکیشی بەست بەخۆیەوە
  • ڕێوی لە کونی خۆی ھەڵگەڕێتەوە گەڕ ئەبێت
  • ساڵی خۆش لە بەھارەکەیدا دیارە
  • سەری بێ دەلاک مەتاشە
  • سەری لە بەر ھەتاو سپی نەکردووە
  • سەری نایەشێت پەڕۆی لێ بەستووە
  • سەرێکی ھەیەو ھەزار سەودا
  • سەفەرو مەعامەلە سەنگی مەحەکە
  • سەلکی سیری یان قنچکی پیازی
  • سوار تا نەگلێ نابێت بە سوار
  • شەل نی یە پێ ی شکاوە
  • قسە زۆر بکڕە، کەم بفرۆشە.
  • قسە یان لە شێت یان لە مناڵ
  • قەدری زێڕ لای زەڕەنگەرە
  • قەرز دوو ماڵ ئاوەدان ئەکاتەوە
  • قەرز کۆن ئەبێت نافەوتێت
  • قەل بە قەلی وت ڕووت ڕەش بێت
  • کا ھی خۆت نەبوو کایێنەکە ھی خۆت بوو
  • کاری ئەمڕۆ مەخەرە سبەی
  • کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە
  • کای کۆن بەبا مەکە
  • کە جام پڕ بوو لێ ی ئەڕژێ
  • کە زۆر ھات قەوارە بەتاڵە
  • کە گوورگ پیر بوو ئەبێت بە مەخسەرەی سەگ
  • کەچەڵ کە دەرمانکەر بێت دەرمانی سەری خۆی ئەکات
  • کەرە مەمرە بەھارە کورتانت بۆ دێت لە شارە
  • کەری دێز حەز بە تۆپینی خۆی و زەرەری ساحێبی ئەکات
  • کەس بە دۆی خۆی ناڵێت ترشە
  • کەڵەشێریش نەبێت ڕۆژ ئەبێتەوە
  • کونە مشکی لێ بووە بە قەیسەری
  • کوێر تا ئەمرێ بەتامای دوو چاوی ساغە
  • کێ خواردوویەتەوەو کێ ی گرتووە
  • گەورە ئاو ئەڕێژێ و بچوکیش قاچی تێوەر ئەدات
  • گۆزەی تازە ئاوی خۆشە
  • گۆشتی لاڕانی خۆت بخۆ مننەتی قەساب ھەڵمەگرە
  • گۆم تا قووڵ بێت مەلەی خۆشە
  • گیا لەسەر بنجی خۆی ئەڕوێتەوە
  • لە ئاش زۆری پێچووە، لە ڕێگا پەلە پەلییەتی
  • لە ئاوی خووڕ مەترسە لە ئاوی مەنگ بترسە
  • لە بخۆر مەترسە لە نەخۆر بترسە
  • لە برسا بمری لە گەڵتا ئەگری نانت ناداتێ
  • لە دەرگای ھەر کەسێکت دا لە دەرگات ئەدەنەوە
  • لە دەگوێز گوێزێک پووچ ئەبێت
  • لە کاتی ڕاوا نەبێت گووی نایەت
  • لە کانی یەک ئاوت خواردەوە لێڵی مەکە
  • لە ھەموو ھەورێک باران نابارێت
  • مار ڕقی لە سیرە، سیریش لە بەردەم کونی مار ئەڕوێت
  • ماست نییە بە دەمتەوە دیار بێت
  • ماسی لە بەحرا سەودا ناکرێت
  • ماڵ لە خۆی نەبوو میوانیش ڕووی تێکرد
  • ماڵی زیاد سەر ناشکێنێت
  • ماڵی قەڵب سەر با خاوەنێتی
  • ماڵی نەخۆری بۆ چەکمە سۆری
  • مردوو لەوە پاکتر ناشۆرێت
  • مریشک ھێلکەش ئەکات و ڕیقنەش ئەکات
  • مریشک ھێلکەی قازی کرد قنگی دڕا
  • من ئاغا و تۆ ئاغا، ئەی کێ جێمان بۆ ڕاخا؟
  • من ئەڵێم نێرە ئەو ئەڵێت بیدۆشە
  • من ھەر بە پاڵووت ئەکەم و تۆ ھەر ئەبیت بە پاشوو
  • مناڵی بچووکیش خەونی گەورە دەبینێت
  • مەستی و ڕاستی
  • نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لەخوانە
  • نان بۆ نانەوا گۆشت بۆ قەساب
  • نان خۆرت بمرێ بەس مشور خۆرت نەمرێ
  • ندی و بدی کورێکیان بوو لە جیاتی ناوک کێریان بڕی
  • ھەتا گوندۆر گوندۆر بوو خزمێ مە گەلەک زۆر بوو، گوندۆر ھاتە بڕانێ خزم ھاتەنە قڕانێ
  • ھەر کەس بە لێفەی خۆی بنوێ
  • ھەر کەس دەچێتە قەبری خۆی
  • ھەردووک جاشی ماکەرێکن
  • ھەموو سمێڵ سوور ێک ھەمزاغا نییە
  • ھەموو شت بوو بە دوو دەبێ بە گوو
  • ھەموو شتێک بە خوێ، خوێش بە مانا
  • ھەموو کەس لە شەڕواڵی خۆی دا پیاوە
  • ھەموو گیانلەبەرێک گۆشتخۆرە بەس ناوی گورگ بەدە
  • خەنە زۆر بی لە گونان دەدرێ.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ڕشتەی مرواری. عەلائەدین سەجادی. ٢٠١٠
  2. ^ پەندی پێشینان. شێخ محەمەدی خاڵ. سەردەم ٢٠٠٠
  3. ^ پەندەکانی پیرەمێرد. ٢٠١٦. ناوەندی ئەدیبان
  4. ^ نەخوێندەواری لە زانکۆدا. ھێمن خوڕشید. ٢٠١٢