حافز
حافز (بە فارسی: حافظ) شاعیری ناسراوی فارس، ناوی کامڵی خواجە شەمسەددین حافزی شیرازییە. حافز لە شێعری فارسی و بە تایبەت لە غەزەل نووسیندا دەستی بەرزی ھەبووە. دیوانی حافز ناسراوترین و خۆشەویستترین دیوانە شێعری فارسەکانە. تا ڕادەیەک کە فاڵی پێ دەگرنەوە و نیازی لێ دەخوازن. غەزەلی حافز لەوپەڕی تەڕوبڕی و نەرمونیانیدان و ھاوکات بیری فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیرانەشی دەگەڵ لێکداون. دیارترین شاعیرێک کە حافزی شیرازی کەڵکی لە شێعرەکانی وەرگرتووە و جێپەنجەی بە سەر شێعرەکانی حافزەوە ڕوون و ئاشکرایە «خاجووی کرمانی»یە. خاجوو شاعیرێکی ھاوچەرخی و بەتەمەنتر لە حافز بووە و لێکۆلەران کۆڵێک لێک چوونیان لە نێواندا دۆزیونەتەوە. ھەڵبەت حافز بیرۆکەکانی لە خاجوو وەرگرتووە و بە سێحری قەڵەمی خۆی نەخشاندوونی و شێعری خاجووی خستووەتە پەڕاوێزەوە.
ژیان[دەستکاری]
حافز لە سەدەی ھەشتەمی کۆچی لە شیرازدا لە دایک بووە و زانیاری لە بارەی ژیانیدا زۆر کەمە. حافز زۆری سەفەر نەکردووە و لە شیرازدا ماوەتەوە و ھەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە و گۆڕەکەشی ھەر لەو شارەدایە. مەزارەکەی یەکێک لە ڕازاوەترین مەزاری شاعیرانی دنیایە و ڕۆژانە سەدان گەشتیار و وێژە و ئەدەبیاتدۆست سەردانی دەکەن. ئێستا کەوتووەتە نێو شاری شیرازەوە.
کاریگەری لەسەر شاعیرانی کورد[دەستکاری]
حافز لەو شاعیرانەیە کە جێ پەنجەی لەسەر زۆرێک لە شاعیرانی کورد داناوە و قەدروحورمەتی زۆر بووە لە لایان. لەو شاعیرانە دەتوانین ئاماژە بکەینە سەر ناری، مەحوی و مەلای جزیری کە لە شێعرەکانیاندا بە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ ئاماژەیان بە شێعری حافز کردووە.[١]
وەرگێڕان بە کوردی[دەستکاری]
ئەم بەرھەمانە لە حافز کراونەتە کوردی:
- شەونم، وەرگێڕانی سەد غەزەلی حافز بە کوردی سۆرانی، عەباس حەقیقی، ورمێ: پەخشانەی سەلاحەدینی ئەییووبی.
- تاڤگەی ئەوین، وەرگێڕانی کۆی غەزەلەکانی حافز بە کوردی سۆرانی، عومەر ساڵحی ساحێو، سنە: زانکۆی کوردستان.
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ پارسا، سید احمد. ١٣٨٨. تأثیرپذیری شاعران کرد ایران و عراق از حافظ شیرازی، تھران: مؤسسۀ تألیف، ترجمە و نشر آثار ھنریِ متن، چاپ اول.
- خرّمشاھی، بھاءالدّین. ذھن و زبان حافظ، چاپ ھفتم، انتشارات ناھید، تھران، ١٣٨٠، ISBN 964-6205-18-6
- دیوانی ناری، لێکۆڵینەوەی کاکەی فەلاح، سلێمانی، ١٩٨٦