شێخ نووری شێخ ساڵح

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شێخ نووری

لەدایکبوون١٨٩٦
مەرگ١٩٥٨
شوێنی گۆڕگردی سەیوان، سلێمانی
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر
باوان
  • ڕەحمە خانێ (دایک)


شێخ نووری شێخ ساڵح بەرزنجی لەدایکبووی ساڵی ١٨٩٦، شێخ نووری سەرنووسەری ڕۆژنامە و شاعیر و چالاکوانی کورد بوو، شێخ نووری دیوانی خۆی ھەیە کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٧٠ بڵاوکراوەتەوە لە سەردەمی شانشینی کوردستان و (مەلیک مەحموود)دا شێخ نووری سەرنووسەری بانگی کوردستان بووە و خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی ڕۆژی کوردستان بووە. لە ڕۆژی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٨، شێخ نووری شێخ ساڵح کۆچی دوایی کردووە.[١]

ناو[دەستکاری]

شێخ نووری کوڕی شێخ ساڵح کوڕی شێخ غەنی کوڕی سەید عەبدولقادر کوڕی سەید حەسەن کوڕی سەید عەلی کوڕی سەید محەممەد کوڕی سەید مستەفا کوڕی ئیسحاق کوڕی بابە ڕەسووڵی گەورەیە و لە ساداتی بەزرنجییە.

ژیان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٨٩٦ لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە بنەچەدا ناوی دوو وشەی لێکدراو بووە «محەممەد نووری». ھەندێ نووسینی بەناوی «م. نووری» بڵاوکردووەتەوە. لە شیعردا ناوی ڕاستەقینەی خۆی «نووری» کردووە بە نازناو، ھەندێک جاریش «شێخ نووری» بەکارھێناوە.

شێخ نووری وەک نەریتی باوی ئەو سەردەمە، خراوەتە بەر خوێندنی حوجرە. لەسەر دەستی چەند مەلایەکی زانا و دانای ئەو سەردەمە خوێندوویەتی، لەوانە (خواجە فەندی، حاجی مەلا سەعیدی زڵزڵەیی و شێخ بابە عەلی شێخ عەبدوڵڵا)

باوکی نووری خەریکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بووە، لە پێش جەنگی جیھانیی یەکەم وازی لە لێ ھێناوە و ئیشەکەی داوەتە دەست دەست کوڕەکانیی شێخ نووری و شێخ برایم. ئیتر لەگەڵ برای بەمەبەستی بازرگانی ھاتوچۆی ئێران دەکات. لەم کارەدا چەند جارێکی مایەپووچ دەردەچێت و ناچار واز لە کارەکە دێنێ و دەست دەکاتەوە بە خوێندن، لە پێشدا قوتابخانەی سەرەتایی تەواو کردووە. لە ھاوینی ١٩١٦ بووە بە قوتابیی ڕوشدییەی سوپایی سلێمانی، بەڵام بەھۆی مردنی ئامۆزایەکی وازی لە خوێندن ھێناوە. جگە لەوە ھەوەسی ئەوەی نەبووە ببێ بە سوپایی. بەگشتی سەرچاوەی خوێندنی نووری لەو قوتابخانانانە بووە کە لەسەر پڕۆگرامی حوجرەی مزگەوت ڕۆیشتوون.

نووری ماوەیەکی زۆری ژیانی بە مووچەخۆری میری بردووەتەسەر. لە ساڵی ١٩٢١ لە شارەوانی سلێمانی کاتبی دووەم بووە، لە ساڵی ١٩٢٢ کراوە بە کاتبی یەکەم. لە ساڵانی ١٩٢٦ – ١٩٢٧ بووە بە مووچەخۆری کارگێڕی پیشەسازان. چەند جارێک لە کاروباری میری تووشی دوورخستنەوە بووە، ھەروەھا گیراوە و لە گرتووخانەدا بەند کراوە.

لە ساڵانی ١٩٣٥ – ١٩٣٩ لە کارگێڕی خەزێنە لە سلێمانی و ھەولێر مووچەخۆر بووە. لە دوای جەنگی جیھانیی دووەمەوە کراوە بە مودیری جاحیە لە ناودەشت و باڵەک (نزیک گەڵاڵە) و تەقتەق و سەنگاو و بارزان و وارماوە. لە دوا ڕۆژانی مووچەخۆریی میری لە ساڵی ١٩٥٥ بۆ ماوەی سێ ساڵ لە کار دوورخراوەتەوە.

مردن[دەستکاری]

نووری لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٨ کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گردی سەیوان نێژراوە.

ھۆنراوەکان[دەستکاری]

نموونە غەزەلێکی شێخ نووری

ئەی فەلەک دیسان لە دەس تۆ، شین و واوەیلا ئەکەمژەھری قەھری تۆ لەگەڵ دەردی دڵم، ئیفشا ئەکەم
وەختە یەکجاری لە دەس ئاشووبی فیتنەت شەق بەرممن قسەی ڕاست و ڕەوان و خۆش و بێ پەروا ئەکەم
ھێند خراپەم دی لە دەس ئەھلی زەمانە، عاقیبەتلەم وەزیفەی ھاتنە دنیایە، ئیستیعفا ئەکەم
نابەمە بەر دەستی ھەر نامەردێ، عەرزی ئیحتیاجمن لە دنیا و لە مافیھاشی، ئیستیغنا ئەکەم
مورغی فەھمی ھەر کەسێ، ناگاتە عەرشی فیکرەتممن بە چەرخی ئاسمانی سفڵە، ئیستیھزا ئەکەم
تەبعی عالی وا دەبێ، سەیری بە کۆڵێ فەقرەوەگاڵتە و سوحبەت، بە تاج و تەختی شاھنشا ئەکەم
ئەو کەسە ڕوو سوورە «نووری»، دوورە لێی نەوعێ بەشەرمن لەمەولا ڕوو لە دەشتی وەحشەتی سەحرا ئەکەم[٢]

ئەمەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "شێخ نوری شێخ ساڵح". خاک. 3/1/2018 01:40 PM. Retrieved 19ی Decemberی 2018. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help)
  2. ^ "ئەی فەلەک". books.vejin.net (بە کوردی). Retrieved 2021-08-21.
  • دیوانی شێخ نووری شێخ ساڵح
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٣٥١ تا ٣٩٠، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

شێخ نووری شێخ ساڵح لە ڤەژینبوکس