موخلیس
موخلیس | |
|---|---|
| لەدایکبوون | ١٩١٠ شۆڕەزەرتکە، ھەولێر |
| مەرگ | ١٩٨٥ |
| نەتەوە | کورد |
| پیشە | شاعیر |
موخلیس نازناوی شاعیری کورد مەلا خەلیل کوڕی ڕەسووڵ کوڕی مستەفا. خەڵکی دەوروبەری ھەولێر و لە عەشیرەتی سنجاوی بووە.
| کوردم و سنجاوی تیرەم ھەم لە سەنعەتدا مەلام | نیشتمانمانە عیراق و شاری ھەولێرە لیوام |
ژیان
[دەستکاری]خەلیل لە ساڵی ١٩١٠ لە ھەواری گوندی شۆڕەزەرتکەی ناوچەی دەشتی کەندێناوەی ھەولێر لەدایکبووە. لە تەمەنی پێنج ساڵیدا باوکی مردووە. دایکی پەروەردەی کردووە. سەرەتای خوێندنی لای مامی بووە لە گوندی دووسەرە. لە پاشان قۆناغی فەقێیەتی لە زۆر شوێن بردووەتە سەر. لە ساڵانی ١٩٣٢ – ١٩٤٣ لە گوندی کەنداڵ نزیک مەخموور و گوندی سوورێژەی سەر بە قوشتەپەیە و گوندی پیرداود خوێندوویەتی. لە دواییدا لە قۆناغی موستەعیدیدا لای مەلا شێخ جەلالی بەرزنجی کانی کوردەیی لە گوندی ترپەسپیان خوێندنی بردووەتە سەر. ماوەیەکیش لە گوندی چەغەمیرەی ناوچەی کەندێناوە بووە، ئەوجا خۆی گەیاندووەتە لای مەلا ساڵحی گۆزەپانکە لە ھەولێر و لە ساڵانی ١٩٤٣ – ١٩٤٤ لای ئەو خوێندوویەتی و ئیجازەی مەلایەتی لێ وەرگرتووە.
لە سەرەتای شیعر نووسینیدا نازناوی (وافی) بووە، لە ھەندێ بەرھەمیدا بەکاری ھێناوە تا ساڵی ١٩٤٣. لە ساڵی ١٩٤٤ نازناوی (موخلیس)ی بۆ خۆی ھەڵبژاردووە و بووە بەسۆفیی نەقشبەندی و تەریقەتی لەسەر دەستی شێخ مستەفای ھەرشەمی نەقشبەندی وەرگرتووە.
لە دوای ئیجازە وەرگرتنی مەلایەتی لە ھەولێر گەڕاوەتەوە گوندی دووسەرە و لە جێی مامی بووە بەمەلای گوند، فەتاح ئاغای دزەیی چاودێری باشی موخلیس و حوجرە و قوتابییانی مەدرەسەی کردووە.
لە ساڵی ١٩٥٢ بەبێ ئەوەی کەس بزانێ موخليس دەچێتە قزرابات و کفری و لە دواییدا دەگەڕێتەوە زێدی خۆی .
لە ساڵی ١٩٦٤ گوندی دووسەرە بەجێ دێڵێ و ڕوو دەکاتە ھەولێر، ماوەیەک مەلایەتی دەکات، زۆری پێ ناچێ بار دەکاتە فەلووجە و دەبێتە مەلا لە مزگەوتی گەورەی شار و زانستی ژیربێژی (مەنتیق – لۆجیک) دەڵێتەوە. لەو ماوەیەدا خولیای گەشتی سووریا و حیجاز دەکەوێتە سەری، بەڵام زوو پەشیمان دەبێتەوە. ئیتر ناچار دەبێ ڕوو دەکاتە ھەولێر و لەوێوە دەگەڕێتەوە دووسەرە و خەریکی مەلایەتی دەبێ تا ساڵی ١٩٧٥. لەو ساڵەدا بەیەکجاری ئەو ئاوایییە بەجێ دێڵێ و ڕوو دەکاتە شەقڵاوە و لە خانەقای شێخ مستەفای ھەرشەمی نەقشبەندیدا ژیانی ئاییندەی دەباتە سەر.
به‌رهه‌مه‌كانی موخلیس
[دەستکاری]به‌رهه‌مه كوردییه‌كانی موخلیس
1-دیوانی (باغی لاوان)ی موخلیس، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی موخلیس بریتییه کۆی به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانی موخلیس، هێشتا به چاپ نه‌گه‌یشتووه.
2- مه‌ولوودنامه‌ی كوردی، ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2022 چاپی دووه‌می بڵاوکرایه‌وه.
3- هیجره‌تنامه‌ی كوردی، ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2022 چاپی یه‌كه‌می بڵاوکرایه‌وه.
4-دین و دنیا بۆ گه‌لی وریا، ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2022 چاپی یه‌كه‌می بڵاوکرایه‌وه.
5- ئایینی ئیسلام ئه‌وه‌یه - به‌رگی یه‌كه‌م، ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2023 چاپی یه‌كه‌می بڵاوکرایه‌وه.
6-ئایینی ئیسلام ئه‌وه‌یه - به‌رگی دووه‌م، ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2022 چاپی یه‌كه‌می بڵاوکرایه‌وه.
7- تێڕوانیینه جیاكانی شافعی و حه‌نه‌فی له فقهی ئیسلامدا، ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2022 چاپی یه‌كه‌می بڵاوکرایه‌وه.
8-پێویستی حه‌ج،ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2022 چاپی یه‌كه‌می بڵاوکرایه‌وه.
9-کاکڵه‌ی عه‌قیده‌ی كوردیه، ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2022 چاپی یه‌كه‌می بڵاوکرایه‌وه.
به‌رهه‌مه عه‌ره‌بییه‌كانی موخلیس
1-موائد الفوائید- الجز‌ء الأول، ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2023 چاپی یه‌كه‌می بڵاوکرایه‌وه.
2-موائد الفوائید- الجز‌ء الثانی، ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2023 چاپی یه‌كه‌می بڵاوکرایه‌وه.
3-مأثر الأبرار و الأخیار و مقالاتهم، ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2023 چاپی یه‌كه‌می بڵاوکرایه‌وه.
4- منتقی الأحادث، ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2023 چاپی یه‌كه‌می بڵاوکرایه‌وه.
5-الخطب المنبریة و المواعظ المختاریة، ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2023 چاپی یه‌كه‌می بڵاوکرایه‌وه.
6-الحكم الخلیلة، ئه‌م به‌رهه‌مه ساڵی 2023 چاپی یه‌كه‌می بڵاوکرایه‌وه.
مردن
[دەستکاری]موخليس بەشێکی ژیانی لە شەقڵاوە بەنەخۆشی بەڕێ دەکات. کە نەخۆشی تەنگی پێ ھەڵدەچنێت و دەیگوازنەوە نەخۆشخانەی ھەولێر. مەرگ بەھێزتر دەبێ و لە ڕۆژی ٥ی حوزەیرانی ١٩٨٥ به‌هۆى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه کۆچی دوایی دەکات، و له‌سه‌ر وه‌سيه‌تى خۆى بنه‌ماڵه‌که‌ى تەرمى موخليس له گۆڕستانى گردى پیرداود بەخاکی دەسپێرن.
به‌شێک له هۆنراوه‌کانی موخلیس
[دەستکاری]ته‌بایی
لێره‌وه، یاران شه‌و و ڕۆژ یادی كوردستان ده‌كه‌م
زۆر غه‌ریبی خاك و خۆڵ و سێبه‌ری داران ده‌كه‌م
من نه‌خۆشم، بای وه‌ته‌ن گه‌ر هات به چاکی پێبڵێن
ئاره‌زووی سێ‌و و گه‌راز و مژمژه و خۆخان ده‌كه‌م
دۆ به كه‌شك و كفته و داندۆک به سڵقی سه‌ر به ڕون
كه‌شكه‌ك و دوڵمه و پڵاو و زۆر بیری خواردنتان ده‌كه‌م
شه‌كر و چا و گه‌نم و برنج و ڕون و نه‌فتی خۆم هه‌بێ
خۆم به‌سمه بۆ خۆم، چ مه‌عنا ڕوو له بێگانان ده‌كه‌م
قه‌ومی كوردی شێربه‌چه‌ی خۆم خۆشده‌وێ وه‌ك ڕوحی خۆم
بۆ به پێشکه‌وتن، چیان پێویست بێ یارمه‌تیان ده‌كه‌م
هه‌ر چ قه‌ومێکی كه ده‌یبینم، له كورد بێ دین تره
ساکه‌وابێ حه‌ز له به‌رزی و سه‌ربه‌خۆبوونیان ده‌كه‌م
موخلیسا گه‌ر كورد ته‌با بێت و بڕۆن بۆ پێشه‌وه
هه‌رچی كورد بێ، به‌ڕک و كیسه‌ی پڕ دڕ و مه‌رجان ده‌كه‌م
...................................................................
شه‌مامه‌ى بێ خه‌ت
په‌رده له ڕووتا هه‌ڵده‌وه، هه‌رچى ده‌بێتن با ببێ
مه‌ستانه نه‌ختێ لاكه‌وه، هه‌رچى ده‌بێتن با ببێ
ڕه‌نگ زه‌ردى ده‌ستى فيرقه‌تم، مردى شه‌مامه‌ى بێ خه‌تم
سا بــمخــه نــاو بێســتانه‌وه، هــه‌رچى ده‌بــێتــن با ببێ
دڵ تۆى كه ديت نه‌يما قه‌رار، گێى خۆى نه‌دا ئه‌غيار و يار
خــۆى خــسته وه‌رتــه‌ى عــيشقه‌وه، هــه‌رچى ده‌بێتن با ببێ
ميحرابى ئه‌برۆى تۆم هه‌بێ، با ڕووم له قيبله هه‌ر نه‌بێ
دينــم بــه عــيشقــت گــۆریه‌وه، هــه‌رچى ده‌بێتن با ببێ
موخليس ئه‌وا نيوه‌ى شه‌وه، هه‌سته بچۆ لاى ياره‌وه
ده‌رمانى ده‌ردت هه‌ر ئه‌وه، هه‌رچى ده‌بێتن با ببى
...................................................
سێ‌و و خۆخ
دڵگرانه سووك و هه‌رزانى مه‌كه
فێره وه‌سڵه توشى هيجرانى مه‌كه
کۆنه ڕه‌نده به وه‌فايه دڵى من
پیر بووه چیدى په‌ریشانى مه‌كه
دڵ كه هات مه‌ستى له چاوت وه‌رگرێ
تۆ حه‌واڵه‌ى مه‌یفرۆشانى مه‌كه
هه‌رکه‌سێ يارى له‌گه‌ڵ ڕه‌ندان نه‌كا
ڕوو له تاق و ڕوو له هه‌يوانى مه‌كه
ڕێزى عشقى گه‌ر نه‌گرت سوڵتان وره
قه‌ت ئيتاعه‌ى ئه‌مرو فه‌رمانى مه‌كه
به‌ختى خۆت يار ببى و سه‌با بى ڕابه‌رت
چاوه‌ڕێى مورغى (سلێمان)ى مه‌كه
گه‌ر له ته‌كيه و خانه‌قا هات هه‌رکه‌سێک
بچیته مه‌يخانه په‌شیمانى مه‌كه
موخليسا تا يار به خۆى ئيزنت نه‌دا
ده‌خلى باغى سێ‌و خۆخانى مه‌كه
...............................................................................
مەملەکەت
علم و عەقڵ و دین و ئەخڵاق ھیچ نەمان
تێکچوو دونیا؛ بوویتە مەیدانی کەران
یێک لە ئەخڵاق و لە علم و عەقڵ و دین
دوورنەبێتن، نایدەنێ ناونیشان
ئەو کەسانەی حیز و دز بوون سەردەمێک
مەملەکەت ئەوڕۆکە مەسئوولە لەوان
خانەدان ڕۆیین و ناکەس گەینە جێ
تازە چۆن خۆشدەبێ بۆ ئێمە ژیان
وا نما دین؛ با سیاسەت ئیشبکا
کا سیاسەت، غەیری سوڕان و گەڕان
عەیبە ئیوە لە سیاسەت مەدوێن
جێی سیاسەت عەقڵە، دوورە لە زمان
.......................................................................................
ئاخ و ئۆخ
كه‌ى ده‌گا ده‌ستم به باڵاى به‌رزى يارى شه‌نگ و شۆخ
ده‌فعه‌یێ له‌و باغه نه‌مديوه هه‌نار و سێ‌و و خۆخ
هه‌ر که‌سێکى بوو به عاشق، يارى دڵ نه‌رمى نه‌بێ
عومرى گه‌نجى و عومرى پیرى هه‌ر ده‌بيته ئاخ و ئۆخ
ده‌ستى خۆم دانا له‌سه‌ر ڕووم، لێوى خۆم جولانده‌وه
زاڵمه‌ى سۆر هه‌ڵگه‌ڕا، ئه‌برۆى بزاوتن؛ يانى یۆخ
به‌زمه ئه‌وشۆ، وامه‌كه زايع ببيتن؛ هاتنم
ڕوحه‌که‌م بۆ تۆ بى، به‌س مه‌نعم مه‌كه بێمه ڕۆخ
موخليسا دانيشه تازه تۆ دزيت پێ ناکرێ
باغه‌وان دائيم به هۆش، تۆش پیر و ساحيب کۆخه کۆخ
......................................................
نه‌رم ده‌ڕوا
دڵم ديسان ئه‌وا ڕۆیى كه‌زانى دوڵبه‌رم ده‌ڕوا
چه‌ته‌ى غه‌م هێرشى هێنا كه بيستى غه‌مبه‌رم ده‌ڕوا
له‌بابه‌ت ئاگرى دووريى خه‌یاڵێکم به دڵ داهات
نه‌ڵێم سينه‌م ده‌سوتێتن ئه‌گه‌ر ده‌شڵێم سه‌رم ده‌ڕوا
هه‌ناسه‌م وه‌ك ئه‌جه‌لهاتى سوار و سارده ئه‌وشۆکه
ته‌ماشاى ئاوى چاومکه به‌ره‌و خوار چه‌ند گه‌رم ده‌ڕوا
له باغان غونچه تا دونێ له په‌رده نابوو ده‌ربێتن
له‌بۆ بازاڕ ئه‌وا ئه‌وڕۆ به‌بێ په‌رده و شه‌رم ده‌ڕوا
له هات و چوونى مه‌يخانه ئومێدم وايه بمبه‌خشن
له مه‌ى گه‌ر هه‌ڵگرم ده‌ستم، ئومێدى كه‌وسه‌رم ده‌ڕوا
سه‌بايه موخليسا وا دێ له کوێ دوڵبه‌ر به‌ره‌و ڕوومان
ئه‌من هه‌رچه‌نده به تاڵووکه‌م، ئه‌ويش دێ هه‌ر نه‌رم ده‌ڕوا
تاڵووکه:پەلە
..................................................................
زرینگه
زۆر له مێژه ئاره‌زومه سه‌ر له مه‌يخانه بده‌م
بۆ نييازى کاری چاکه ئيستخاره بۆ بكه‌م
زۆر فنونم له هونه‌ر ته‌جرووبه كرد سوودى نه‌بوو
فه‌نى عشق و فەنى ڕه‌ندى با ده‌مێ ته‌جرووبه‌كه‌م
سالكانه چوومه خه‌ڵوه‌ت تا بكه‌م زه‌وقى حزور
بێ مه‌ى و نه‌ى هه‌ر ده‌مێکى ڕامبووارد بوو به نه‌ده‌م
به‌زم و ڕه‌زمى شه‌و به‌راتى مانگى شه‌عبانم نه‌بوو
(ليلة القدر)م كه بێ ئه‌وجا قه‌زاى ئه‌و ده‌م ده‌كه‌م
گه‌ر له مه‌غريب تا به‌يانى بێم له باوه‌شتان بنووم
(ليلة القدري) به قه‌ردم من وه‌ها ئه‌حيا ده‌كه‌م
بتپه‌رستى و مه‌ى په‌رستى ڕه‌سم و ئاينى منه
با له‌به‌ر عاله‌م به جوببه عه‌يبى خۆم په‌نهان بكه‌م
زاهيد و زوهد و من و باده، ئه‌زه‌ل واهاتووه
خاتمه نازانم هیچ كه‌س چۆنى نووسيوه قه‌ڵه‌م
سه‌ر زرینگه‌ى دێ له ناڵه‌ى پڕ له سۆزى دڵمه‌وه
نامه‌وێ بۆیێ ڕه‌باب و چه‌نگ و عود و زيروبه‌م
موخليسا ئاسانه ده‌ست شوشتن له دونيا و ئاخيره‌ت
گه‌ر به ده‌ست شووشتن په‌یابێ وه‌سڵى يار په‌یدا ده‌كه‌م
نه‌ده‌م: پەشیمانی
په‌نهان: شاراوه
چه‌نگ :ئامرازێکی موسیقایە (قيثارة)
زيروبه‌م:ناوی دووتێلی ئامیری موسیقا (عود)ە
...........................................................
به‌ژن و باڵا
هه‌ر وه‌كوو دۆشاو و دۆ هه‌ورێکى هێنا ڕه‌شه‌با
تاوه‌بارانێکى پێ‌بوو، نه‌بووه قه‌ت تاوى وه‌ها
ڕێژنه هات، ئه‌مما چ ڕێژنه هه‌ر وه‌كوو سولاوكه بوو
داى له شه‌نگه‌بێریان خۆیان له ڕه‌شماڵان كوتا
شه‌نگه‌بێرى دوور نه‌بوون ده‌ستكه‌ن به مه‌ڕ دۆشین که‌چى
با له‌سه‌ر بێرشوانى برد به حه‌ردى داده‌دا
باى گه‌واره هات به توندى سنگ و ڕسته‌ى هه‌ڵته‌قاند
سه‌يرى نێو هۆبه‌ت ده‌كرد ڕه‌شماڵ هه‌موو كه‌تنه سه‌ما
بێرى ڕێگادوور له ڕه‌شماڵ، باوباران لێیده‌دان
هه‌ر وه‌كوو كارمامزى ڕاوچى له دوو غاريان ده‌دا
با كه هه‌ورى زولف و ڕووى ئه‌و شه‌نگه‌بێریانه‌ى ده‌گرت
هێنده جاران ده‌بوه مه‌غريب، هێنده‌جار فه‌جرى ده‌دا
وه‌ك تفه‌نگه ڕه‌شکه وابوو هه‌ورى ڕه‌ش گۆڕه‌ى ده‌هات
یێک له دوو یێک ئه‌و بروسكه داده‌گیرسا وه‌ك چرا
به‌رخ و مه‌ڕ تێکه‌ڵ ده‌بوون ده‌نگیان ده‌چوو بۆ ژێر فه‌له‌ك
مه‌ڕ له دوو به‌رخى ده‌سووڕا نه‌يده‌ديت لێیلاده‌دا
شير كه پارزونگى نه‌ديت چاویان سپى بوو بێریه‌کان
چوونه‌وه كرديانه شين وه‌ك شيعه‌كانى كه‌ربه‌لا
قوڕ په‌یابوو كه‌تنه نێو قوڕ تا ده‌لینگیان پێوه‌بوون
به‌ژن و باڵایان ببينه جێى به بێى قوڕیان نما
هێنده‌جاران سه‌يرى یێکتریان ده‌كرد پێده‌که‌نین
هێنده‌جاران هه‌ر بۆره‌بۆر بوو كه‌س نه‌بوو تێیانبگا
نه‌ت ده‌ديت دڵ نه‌رمى له‌و باران و بايه زۆروکه‌م
واتده‌زانى دوژمنیتیان ئه‌و كه‌سه‌ى لێیانده‌دا
ئه‌و هه‌موو ڕوو نازكانه‌ى هه‌روه‌كوو په‌لکى گوڵن
هه‌ركه باران ڕووى ده‌گزتن خين له ڕوومه‌تیان ده‌زا
هه‌رچى ده‌يديتن دوعاى له‌و هه‌ور و بارانه ده‌كرد
کێ دڵى دێ ئه‌و جوانانه وه‌ها ئه‌زيه‌ت بدا
ئێوه بۆ پێڕاگه‌یاندنى غونچه‌زاران هاتوون
ئێوه دۆستن وابكه‌ن، دوژمن كه بێتن چى ئه‌كا
ته‌بعى دونيا وايه موخليس كه‌س نييه ئه‌وها نه‌بێ
ده‌ستى بڕواتن به ڕاستى ده‌ست درێژکردن نه‌كا
...........................................................
ڕووت و قووت
ڕانەوەستام، سووك ھەلستام، چارەکەم سووتانی خۆم
كـا تـەبــیــبــێـکی وەھـــا لـێـیــوەرگــرم دەرمـانـی خــۆم
لۆ زیارەت چووم لە دەرگا سەرکەوم ڕێم نەدرا
زۆر پـەریشانم خـودايا، لۆ سەرای سولتانی خۆم
ئەو غەمانەی ئاشنام بوون، وەجبە وەجبە دێنە لام
با غەمیش بی، ھەر دەبی وەرگرمەوە مێوانی خۆم
ئەو غەمانەی کەس نەبوو وەریان گری و ھەڵیانگری
یێک بە یێکم لـێـکـگرێدان، خـستمە سـەر شانی خۆم
وا نـە شێواوم بـزانـم کـردەوە و گۆتنم چییە
چی بڵێم ھەر ناتەواوە حالەتی شێوانی خۆم
مـن وجـوودم تێـکچـووە پێـویستە نـوو بـکرێـتـەوە
بەو ئومێدە، ئارەزوومە دەستکەمە تێکدانی خۆم
تووشی رۆژێکی وەھـا بووم وا لە خـۆم بێزار بووم
زۆر بە تالووکەم بە راستی وا لە ڕۆحکێشانی خۆم
ئارەزووم بوو بێم لە خزمەت، دەست لە سەر دەست دابنێم
ڕێـی نـەدامـێ بـێـم قـوراوی جـۆگـەلـەی گــریــانــی خــۆم
بـولبـولـم وا بــاغـەوان لـێـنـاگـەڕێـتـن بـێــمـە بـاغ
لۆ تەماشا كردنی رووی سۆرگوڵ و ڕەیحانی خۆم
ڕووت و قـووتم مـوخليسا كو بەری گەرما بگرم
چاوەرێی لوتفی حەبیبم بیکەمە سەیوانی خۆم
...................................................
تــام
لـه‌بـه‌ر پـیـریمه شـنگم لێبڕاوه
ته‌واوه عومر و كارم نا ته‌واوه
وه‌كو مه‌جنوون له‌دوو سۆراغی له‌یلام
نـیــیــه ســـۆراغ، ده‌ڵـێ لــه‌یــلا نـمــاوه
نه‌سیبی ئێمه بوویته بێ نه‌سیبی
چ نـــاکــرێــتـن ئــه‌زه‌ل وادانـدراوه
وه‌ره ساقی به چاوی غه‌مڕه‌وێنت
لـه خـه‌ڵـوه‌ی سـۆفیان كارم كراوه
شه‌ڕابێکی چل شه‌وه بینه، له مێژه
چ تـامــێــکی لــه‌نـێــو زارم نـــمـاوه
..............................................................
قه‌سری شیرین
زۆر شـكاوه، چـیدی مـه‌شـکـێنه دڵم
زۆر له‌گه‌ڵتان بێ غه‌ش و كینه دڵم
فێره ناز و نیعمه‌تی خۆت كردووه
تـازه لـێیمـه‌گره‌وه، مسـكـیـنه دڵم
دڵ سووارم له محه‌ببه‌ت وه‌كو مه‌م
بـه‌س سـووارێـکی بـه بـێ زیـنه دڵم
بـا لـه کـێوان وه‌كوو فـه‌رهـاد بـگـه‌ڕێم
به‌س له ده‌وره‌ی قه‌سری شیرینه دڵم
باده‌نۆشیم، شه‌و و ڕۆژ و نیشانه‌یه
تا له چاوت دوور بێ غه‌مگینه دڵم
دڵ له دووریت بوویته دوكانی غه‌مان
تـا بـڵـێـی ئــه‌وهـایــه هــه‌ڕمـێـنــه دڵم*
قه‌ت مه‌كه‌ن مه‌نعم له ناڵه‌ی سه‌حه‌ر
هـه‌ر وه‌كـوو نـــه‌ی فـێـره نـاڵـیـنـه دڵم
چاوه‌کانم بۆچی نه‌بنه گۆمی خین
هه‌ر وه‌كوو به‌حـرێکی خـینینه دڵم
سینه‌كه‌م وه‌ك كووره وا سۆر بوویته‌وه
بــوویـتـه قــاورمــه لــه‌نـاو ســیـنـه دڵم
زۆر له کیستانێ هه‌ناسه‌م سارد تره
گه‌رچی وه‌ك یار وا له گه‌رمێنه دڵم
لێم مه‌پرسن دین و ئاینت چییه
عیشقی یاری دین و ئایینه، دڵم
وامـه‌زانن لۆ مـسك دڵ چوویته چین
وا له حه‌ڵقه‌ی زولفی چین چیینه دڵم
موخلیسم، موحتاج به ڵوتفم شاهی خۆم
بــه‌س بــه‌رابــه‌ر خـه‌ڵـقـی زه‌نـگـیـنـه دڵم
هه‌ڕمێن:بازاڕگەرمی شتێک، ڕمێن، برەو، رواج
.......................................................................................................
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- به‌رهه‌مه چاپکراوه‌کانی موخلیس
- ده‌ستووسه‌كانی موخلیس
- مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ١٦٩ تا ١٨٢، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦
- نامه‌ی ماجستێری د. ئیبراهیم ئه‌حمه‌د شوان، لێکدانه‌وه و ساغكردنه‌وه‌ی به‌شێک له دیوانی موخلیس (باغی لاوان) به‌راورد و لێکۆڵینه‌وه
بەستەرە دەرەکییەکان
[دەستکاری]شیعری کلاسیکی کوردی | |||||||||||||
|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|
| کوردیی باکووری |
| ||||||||||||
| کوردیی ناوەندی | |||||||||||||
| کوردیی باشووری |
| ||||||||||||
| زازاکی |
| ||||||||||||
| گۆرانی-ھەورامی |
| ||||||||||||
| لەکی |
| ||||||||||||
| زاراوەکان | |||||||||||||