کاکەی فەلاح

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کاکەی فەلاح

لەدایکبوون١٩٢٨
مەرگ٩ی تشرینی یەکەم ١٩٩٠ (٦٢ ساڵ ژیاوە)
سلێمانی
شوێنی گۆڕگردی سەیوان
نیشتەجێیھەرێمی کوردستان، عێراق
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر، ڕۆژنامەنووس

محەممەد کوڕی محەممەد ئەمین کوڕی قادر ناسراو بە کاکەی فەلاح (١٩٢٨ لە چوارتا سەر بە پارێزگای سلێمانی - ٩ی تشرینی یەکەم ١٩٩٠ لە سلێمانی) شاعیری شۆڕشگێڕ و ڕۆژنامەنوسی لێھاتووی کورد بوو. لەڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٠ دا لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا لە شاری سلێمانیدا مرد.

ژیان[دەستکاری]

حەمە کوڕی حەمە ئەمین کوڕی قادر کە پاشان نازناوی کاکەی فەلاحی بۆ خۆی ھەڵبژارد لە ساڵی ١٩٢٨ لە چوارتا (شارباژێڕ)ی سەر بە پارێزگای سلێمانی چاوی بە ژیان ھەڵھێناوە و لەخێزانێکی دەست کورت و ھەژار و نەخوێندەواردا پەروەردە بووە، لە ساڵانی ١٩٣٩ – ١٩٤١ لە قوتابخانەی سەرەتایی چوارتا خوێندوویەتی لەو کاتەی عەبدولواحید نووری بەڕێوەبەر بووە. لە پاشاندا چووە بۆ سلێمانی بۆ خوێندنی قۆناغی قوتابخانەی ناوەندی. ھەندێکی دەخوێنێ و و بۆی تەواو ناکرێ و دەکەوێتە ناو خەباتی سیاسی نھێنییەوە. لە ساڵی ١٩٤٧ لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە سلێمانی شیعرێک دەخوێنێتەوە، لە بەندێکی پێنجینیدا دەڵێ:

کرێکار و قوتابی و چینەکانی بێ ڕووت و نانت
سەپان و کاکی فەللاحی بەرەی تاڵان کراوانت
لەگەڵ کیژ و ھەتیوانی کزی بێ سووچ و تاوانت
ئەڵێ دەی ڕاپەڕە و گوێ بگرە کففەی خوێنی لاوانت
بەدەنگی بەرز ئەڵێ نێزیکە جەژنی بەش خوراوانت

لە دێڕی دووەمی ئەم شیعرەدا ناوی (کاکەی فەللاح) ھاتووە. لە دوای ئەمە لە لایەن خەڵکی سلێمانییەوە ئەم ڕستەیە دەسەپێنرێتە سەری و دەبێ بە نازناو و ناوی ھونەری و تەنیا بەم ناوە دەناسرێتەوە. لە دوای کۆبوونەوە جەماوەرییەکە بەتەواوی دەچێتە ناو گۆڕەپانی خەباتی سیاسی نھێنییەوە.

ساڵی ١٩٤٨ بۆ یەکەمین جار دەگیرێ بەناوی ئەوەی خۆی لە خزمەتی سەربازی شاردووەتەوە، بەڵام دادگا بەڕەڵڵای دەکات. دوای ئەوە لەسەر بەشداریکردنی لە ڕاپەڕینەکەی کانوونی دووەمی ١٩٤٨ی گەلانی عێراق دادگا بە ساڵێک بەندی و ساڵێک دەستبەسەری سزادرا و لە بەندیخانەکانی بەغدا و کووت و ناسریە و ئەبوغرێب سزاکەی بەسەر دەبات و لە جەرگەی تاریک لەناو زیندانەوە ئەم ھۆنراوەیەی دەنووسێ و لەسەرەتاکەیدا دەڵێ:
سەربەستی ئەت پەرستم
تۆی تاقە خۆشەویستم
تۆ و پردی سەر زمانم
تۆی ئامانجی ژیانم
تۆی ئایینم، تۆی بڕوام
تۆی ئاواتم، تۆی ھیوام

دوای تەواوبوونی سزاکەی دەگەڕێتەوە سلێمانی و ماوەی شەش ساڵ بەخۆشاردنەوە و خەباتی نھێنی لە ژیانیدا بەئەنجام دەگەیەنێ. تاکو لە ئەنجامدا دەکەوێتە دەست پیاوانی ڕژێمی شاھانەوە، ئەمجارە بە پێنج ساڵ بەندی و سێ ساڵ دەست بەسەری بۆ دەردەچێ. و دوای تەواوکردنی سزاکەی دێتەوە سلێمانی و بەیەکجاری واز لە سیاسەت و حیزبایەتی دێنێ. ئەو تاقیکردنەوەی تاڵەی ژیانی بەندیخانە و ھەوڵی بێ سوودی پیاوانی ڕژێم بۆ لەخشتەبردنی و وازھێنانی لە بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازی خۆی ھۆنراوەیەک دادەنێ بەناوی "ڕێبوارێکم" و بەم جۆرە دەست پێ دەکات:

ڕێبوارێکم بەسەر ھەورازی توتڕکا
ھەڵئەگەڕێم
بەڕێی کاکێشانی دڕکا
ھەنگاو ئەنێم
دوای ئەم سەرەتایە
بەسەرکەوتووی درێژە بە ھۆنراوەکەی دەدات و دەڵێت:
چەندان خاوەنی تانە شۆر
بەرۆکیان ئەگرتم بەزۆر
گۆڕ ھەڵکەنانی زەبرو زەنگ
لێیان ھێنامە ژارو ژەنگ
ئەخاوەن گۆڕ، نەتاتە شۆر
توانیان من بنێنە گۆڕ!

چاپخانەیەکی بچووک پێکەوە دەنێ، ھەندێ کتێبی دەگمەنی کوردی چاپ دەکاتەوە، خەریکی شیعر و نووسینی خۆی دەبێ. وە ھەروەھا کارێکی بەنرخی لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا کردووە بە دەرچواندنەوەی ڕۆژنامەی ژین، کە کاتی خۆی پیرەمێرد لە ساڵی ١٩٣٩وە تاکو ڕۆژی کۆچی دوایی لە ١٩ی ٦ی ١٩٥٠ دەری دەچواند، دوای ئەویش ماوەیەک مامۆستا گۆران و ئەحمەد زرنگ سەرپەرشتیان دەکرد. کاکەی فەلاح ئەو ڕۆژنامەیەی پیرەمێرد لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٠ دەرچواندەوە، بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەم ڕۆژنامەیەی بڵاودەکردەوە. ئەم کارەی پڕ سوود دەبێ لە ڕووی خوێندەوارییەوە خزمەت بە کۆمەڵگا دەکات و لە ڕووی داراییەوە ماڵ و منداڵی پێ بەڕێوە دەبات.

مردن[دەستکاری]

کاکەی فەللاح لە ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٠ لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە.


بەرھەمەکان[دەستکاری]

  • دوو کۆمەڵە ھۆنراوەی منداڵان بەناوی "چرۆ" ‌و "سروود" ساڵی ١٩٦٦ و ١٩٦٨
  • لەگەڵ شەپۆلەکانی "دیوانێکی ھۆنراوە" لە ساڵی ١٩٦٧دا چاپکراوە.
  • ئۆدیبی پاشا - وەرگێڕانە لە عەرەبیەوە - لە ساڵی ١٩٧٨ چاپکراوە.
  • دیوانی کاکەی فەلاح - بەغدا- ساڵی ١٩٨٠ چاپکراوەو بە پێشەکی دکتۆر "عیزەدین مستەفا"یە
  • کاروانی ھۆنراوەی نوێی کوردی - بەرگی یەکەم لە ساڵی ١٩٧٩ و بەرگی دووەم لە ١٩٨٠
  • چۆلەکەی پاساری - سلێمانی لە ساڵی ١٩٨٣دا چاپکراوە

لەدوای کۆچی دوایی شاعیریش دیوانێکی نوێی کاکەی فەلاح لەساڵی ٢٠٠٤ بەچاپ گەیەنراوە و لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی بنەماڵەکەیەتی و دەکەوێتە ٤٢٠ لاپەڕە و لەبەرگی دوایی ئەو دیوانە پتەوەیدا ئەم پارچە ھۆنراوە پڕ بەواتایەی بڵاوکراوەتەوە:

دنیا شەوە
خەم وەک شارە زەردەواڵە
ورووژاوە
چاویش خەوی لێ زڕاوە
ئاخۆ ئەستێرەی عومری کێ
داکشاوە!!

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]