مارف ئاغایی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
مارف ئاغایی

مەعرووف ئاغایی ناسراو بە مارف ئاغایی (لەدایکبووی ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٦٥ لە نەغەدە - مردووی ١٩ی شوباتی ١٩٩٨ له ڕێگای مەهاباد بۆ ورمێ) لە ڕیزی ئەو شاعیرانە بووە کە لە ڕەوتی نوێخوازی شیعری کوردیی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا دەورێکی گرنگیان گێڕاوە؛ شاعیرێکی ناوەرۆک خواز بووە کە زمان و شێوازی تایبەت بە خۆی ھەبووە. ئەم شاعیرە ھەستیارە لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٤۳ی هەتاوی لە گوندی وەزنێ سەر بە شاری نەغەدەی ناوچەی سندووس لە دایک بووە و لە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٧٦ بەھۆی کارەساتی پێک دادانی ئۆتۆمبیل کۆچی دوایی کردووە.

ژیاننامە[دەستکاری]

مارف ئاغایی کوڕی حاجی محەممەدی ئاغایی لە بنەماڵەی "پاشایی" بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری نەغەدە تەواو کردووە و لە گەرمەی خوێندنی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی چووەتە شنۆ. لەوێش لە قۆناغی ئامادەییدا ساڵێک زیندانی کراوە و لە خوێندن دابڕاوە.
ساڵی ١٩٨٥ ھاوکات لەگەڵ دامەزرانی بنکەی ئەدەبی و فەرھەنگیی گۆڤاری سروە دەستی بە بڵاو کردنەوەی شیعر و بەرھەم کردووە و دوو ساڵ دواتریش لە ھەمان گۆڤاردا بووەتە ئەندامی دەستەی نووسەران. حەولەکانی بوونەتە مایەی بەرفراوان بوونی جوگرافیا و خوێنەری گۆڤاری سروە. ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ "ئازەری سەمسامی" ژیانی ھاوبەشی دەست پێ کردووە و کچێک و کوڕێک بە ناوەکانی "شەونم" و "پەیام" بەرھەمی ئەم ژیانەیە. لە ساڵانی دواییدا بە تاسەوە ھەوڵی خۆ فێر کردنی زاراوەکانی زمانی کوردی داوە و ھاوکاتیش لە ماوەیەکی کورتدا فێری زمانی ئینگلیزی بووە و ئاکامی ئەم تەقەلایەش وەرگێڕانی کتێبی (هەستی ناسیۆنالیستی کورد) بۆ سەر زمانی کوردی بووە کە بەداخەوە ئێستاکە دەستنووسی ئەم وەرگێڕانە دیار نییە.[١] کتێبی (ڕازی مانەوەی خاک) لە نووسینی فەتاح ئەمیری و هادی حەبیبی باسی ژیان و بەرهەمەکانی مارف ئاغایی دەکا.[٢]

کۆچی دوایی[دەستکاری]

پاش خزمەتێکی زۆر و ئەنجام دانی گەلێک کاری بەنرخ و پڕۆژەی نوێ لە ناوەندی بڵاو کردنەوەی فەرھەنگ و ئەدەبی کوردی و گۆڤاری سروە وەک ڕێکخستنی کۆنگرە و کۆنفرانسی ئەدەبی و فەرھەنگی ھەر لە ئیلامەوە بگرە ھەتا دەگاتە شاری ورمێ و پێک هێنانی پێوەندییەکی زۆر لەگەڵ ئەدیب و نووسەرانی ناوچە جیا جیاکانی کوردستان بۆ کاری ھاوبەشی فەرھەنگی؛ ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٧٦، دوای گەڕانەوەیان لە پرسەی "مینا خانم"ی خێزانی "پێشەوا قازی" لەگەڵ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە لە مەھابادەوە بەرەو ورمێ لە کاتێکدا لەگەڵ ھاوڕێکانی لە ڕەوتی پەنجا ساڵەی ئەدەبی کوردی دەدوا، بە کارەساتی دڵتەزێنی ئۆتۆمۆبیل لەگەڵ دوو ھاوڕێی تری: (جەعفەر قازی) و (سەرتیپ مەنسووری) دڵە سەوز و پڕ ئەوینەکەیان لە لێدان کەوت و لەسەر وەسیەتی خۆی لە بەشی ناودارانی گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی شاری مەھاباد لە نزیک گڵکۆی ھەژار و ھێمن بە خاک ئەسپێردرا.

بەرهەمەکان[دەستکاری]

  • زەوی سەخت و ئاسمان دوور[٣] (کتێبی شیعر و چیرۆکەکانی که پاش مەرگی بڵاو بۆوە و لەلایەن ڕەخنەگر و شارەزیانی شیعری ھاوچەرخیی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کارێکی گرینگ و جۆرێک شیعری جیاواز لە قەڵەم دراوە و چەندین لێکۆڵینەوەی لەبارەوە نووسراوە).

نموونەی شیعری[دەستکاری]

  • مانەوە

ئەم خۆشەویستە دڵڕەقە عیشق پەروەرەی
نە دەتوانم وەکوو کیژێک بیخەمە پاشتەرکی ئەسپ و
لە ژێر سایەی زێڕوەشانی تریفەی مانگەشەوێکدا ھەڵێگرم،
نه دەشتوانم ھەرگیز دڵی لێ بەردەم و
خۆم گیرۆدەی کۆلکەزێڕینەی شوێنێکی دیکە بکەم
ناوی: خاکە.

ئەم دەریایەی
نە دەتوانم لە جامی چاوەکانمدا ڕایگوێزم و
نە دەشتوانم لە دووریی ئەو
لە ئۆقیانووسی ھیچ شوێنێکی دیکەدا قومە ئاوێک بخۆمەوە
ناوی: خەڵکە.

من دەزانم دارستانی ھەموو شوێنێک
جریوەی گەرمی چۆلەکە و
ڕووباری ھەموو وڵاتێک
دەنگی تاڤگە و ڕەنگی کەف و پێچ و پەنای ڕێگەی
بەرەو دەریای هەیە

بەڵام چ بکەم لێرە نەبێ
نە گوێم چاکیان دەبیسێت و
نە چاوم چاکیان دەبینێ و
نە گیانم چاکیان ھەست دەکا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئاوڕێک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی شاعیری کۆچ کردوو مارف ئاغایی، ڕۆژی کورد، ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠١٦ بڵاو کراواتەوە.
  2. ^ ڕازی مانەوەی خاک، فەتاح ئەمیری، هادی حەبیبی، چاپی یەکەم ١٣٩٥، چاپەمەنی ئامیار
  3. ^ زەوی سەخت و ئاسمان دوور، چاپی یەکەم ١٣٩٤، سەقز، فەرهەنگسەرای هونەر و ئەندیشە

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]