ئەمین ئوشنوویی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەمین ئوشنوویی

لەدایکبوون١٨٨٩
مەرگ١٩٥٤
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر


ئەمین ئوشنوویی یان وەک لە شیعرەکانیدا ھاتووە، ئەمین ئوشنەوی[١] (لەدایکبووی ١٨٨٩ – مردووی ١٩٥٤) نازناوی ئەدەبی شاعیری کورد میرزا محەممەد ئەمین بەلەدی کوڕی حاجی برایمە. ئەمین ئوشنوویی خاوەنی ژمارەیەکی زۆر شیعری کلاسیکە بە ھەردوو زمانی کوردی و فارسی.

ژیاننامە[دەستکاری]

ئەمین لە ساڵی ١٨٨٩ی زایینی لە شاری شنۆ، لە بنەماڵەیەکی بەناوبانگدا لەدایک بوو. لەکاتێکدا کە ھێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە ١١ ساڵی، باوکی حاجی برایم، ناپیاوانە لەلایەن دوژمنەکانی دەکوژرێت، و ھەر بەم ھۆیەوە دەچێتە لای حاجی قادری مامی، کە بەداخەوە ئەویش دوای ماوەیەک لە شەڕ لەگەڵ ڕووسەکان لە ڕواندز دەکوژرێت. دوای کوژرانی باوک و مامی سێ جار ژنی ھێناوە ژنی دووەمی زۆر سەرئێشەی بۆ ناوەتە، لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە زۆر کاری لێ کردووە، ھەروەھا یەکێ لە کچەکانی بە گەنجی سەری ناوەتەوە ئەمەشیان لە ژیانیدا دەردێکی تری دەروونیی بووە تووشی ھاتووە.[٢] وەک خوێندەوار کەسێکی دیار لە ناو کۆمەڵگادا ماوەیەک بە ھەڵبژاردن بووە بە سەرۆکی شارەوانی شنۆ، لەبەرئەوەیە بە محەممەد ئەمین بەلەدی لە ناو خەڵکیدا ناوی دەرکردووە.[٢] ماوەیەکیش کراوە بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لەو سەردەمانەی قوتابخانەی میری لە شارەکانی کوردستانی ئێران پەیدابوون.[٢] ئەمین لەگەڵ زۆرێک لە شێخەکانی سەردەمی خۆی پەیوەندی ھەبووە و بۆ زۆربەیان شیعری وتووە، لەوانە غەوسی سانی، شێخ عەبدوڵڵا ئەفەندی، شێخ عەلاوەدین کەماڵیزادە و … ساڵانی پێش مردنی لەگەڵ سێیەمین ژنی ژیانی بردۆتە سەر، ئەمەیان ئامۆزای خۆی بووە.[٢]

مردن[دەستکاری]

ئەمین لە ساڵی ١٩٥٤ لە شنۆ کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی خەلیفە مەلا خدر لە شاری خۆی نێژراوە.[٢]

نموونە شیعر[دەستکاری]

نەمدیوە وەکوو تۆ کەسێ وا دڵبەر و ڕەعناڕوومەت گوڵ و موو سونبل و چاو نەرگسی شەھلا
خۆشڕەنگ و قەشەنگ و بە نەزەر شەنگ و دەھەن تەنگسووڕەت قەمەر و لەب شکەر و ئاوێنە سیما
نازوک بەدەن و سیم تەن و سینە سپی و سافشیرین دەھەن و خۆش سوخەن و شۆخی دلارا
عەییار و دڵازار و ستەمکار و جەفاکارغارەتگەری ھۆش و خیرەد و تاقەتی دڵھا
من سەیدی چ دامێکی نەبووم کەوتمە دامتپابەندی بە زنجیری سەری زولفی سەمەنسا
بولبول وەرە تا مردنێ ھەر تێکڕا بناڵینتۆ بۆ گوڵ و من بۆ دەھەنی غونچەیی یەکتا
پەروانە وەرە تاکوو دەگەڵ یەگدی بسووتێینتۆ عاشقی شەمعیی و ئەمن عاشقی لەیلا
کەس قیمەتی ئەشعاری ئەمینی لە شنۆیەنازانێ مەگەر شەخسێکی زۆر عارف و دانا[٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ https://books.vejin.net/ck/text/32563
  2. ^ ئ ا ب پ ت مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کورد، بەرگی شەشەم، لاپەڕەکانی: ٢١٥ تا ٢٢٣، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر: ٢٠٠٦.
  3. ^ "غارەتگەری ھۆش". books.vejin.net (بە کوردی). Retrieved 2021-06-20.
  • دیوانی کوردی ئەمین ئوشنوویی، ناوەندی بڵاوکەردنەوەی فەرھەنگ و ئەدەبی کوردی، چاپی یەکەم: ساڵی ١٣٧٧ ھەتاوی، لەسەر ئەرک و تێکۆشانی: ئەحمەد بەلەدی

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]