بۆ ناوەڕۆک بازبدە

عەبدوڵڵا پەشێو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
عەبدوڵڵا پەشێو

لەدایکبوون١٩٤٦ (تەمەن ٧٨–٧٩)
نەتەوەکورد
ناوەکانی ترعەبدوڵڵا عومەر
پەروەردەدکتۆرا لە ئەدەبیات
پیشەشاعیری کورد
چالاکبوون١٩٦٣ - تاوەکوو ئێستا
وێبگەhttp://www.pashew.com


عەبدوڵڵا پەشێو (لەدایکبووی ١٩٤٦) شاعیرێکی کوردە. بەھۆی دژایەتیی ڕەخنەگرانەیەوە لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک شاعیرێکی سیاسیش دەرکەوتووە و بە شیعر و دەربڕین کەموکوڕییەکانی کۆمەڵگە و سیاسەتی کوردیی داوەتە بەر ڕەخنە و بە شێوازی شیعر گوزارشتی لە بیر و بۆچوونەکانی کردووە.

پەشێو ساڵی ١٩٤٦ لە بنەماڵەیەکی ئایینی و لە گوندی "بێرکۆت"ی نزیک شاری ھەولێر لەدایک بووە (ئەو گوندە ئێستا بووەتە بەشێک لە شاری ھەولێر). باوکی مەلای گوندەکە بووە، بەڵام بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە ھەر زوو ماڵاوایی لە دنیا دەکا، پەشێو دەڵێ: "مامەکانم ھانیان دام بچمە بەر خوێندن، یەکەم جار چوومە قوتابخانەی "خالیدییە بە عەرەبی دەمخوێند". ساڵی ١٩٦١ بۆ یەکەمجار دەست دەکا بە شیعر نووسین و یەکەم شیعری لە ھەفتەنامەی "ھەولێر"دا بڵاو دەکاتەوە. دوابەدوای ئەوە خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی ھەر لە ھەولێر تەواو دەکا.

ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندی دەکا بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان و لە نێوەڕاستی شەستەکان بەولاوە دەبێتە بەرپرسی قوتابیان و کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەر لەو ساڵانەدا دەست دەکا بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی و لە ڕۆژنامەی "الاخبار – دەنگ و باس" شیعر بڵاو دەکاتەوە ئەم ڕۆژنامەیە ئەودەم ھەفتانە لاپەڕەیەکی بۆ کوردی تەرخان کردبوو.

ساڵی ١٩٦٧ بۆ یەکەم جار لە بەغداد ئاشنایەتی لەگەڵ شێرکۆ بێکەسی شاعیر پەیدا دەکا و ھەر ئەو کاتەش "بتی شکاو"ی بە چاپ گەیاندبوو، ھەر لەو ساڵەدا بە یەکجاری واز لە حیزبایەتی دێنێت و بڕیار دەدا خزمەتی بیری "سەربەخۆیی خوازی" بکا. ساڵی ١٩٧٠ لە دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد لە بەغداد بەشداری کردووە. ساڵی ١٩٧١ بۆ ماوەی یەک ساڵ لە گوندی "کەنداڵ"ی دەشتی ھەولێر دەبێ بە مامۆستا. کۆتایی ئابی ١٩٧٣دا، بەھەوڵی چەند کەسایەتییەکی دیاری کوردستان، بەتایبەتیش سەرۆکی ئەوسای یەکێتیی نووسەرانی کورد، سەیدا ساڵح یووسفی، زەمانەی خوێندن لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران وەردەگرێ و ئیدی بەرەو وڵاتی پووشکین و گۆگل و تۆلستۆی دەڕوا. ساڵی ١٩٧٩ ماجستێری وەرگێڕانی ڕووسی و ئینگلیزیی لە زانکۆی Maurice Thorez لە مۆسکۆ وەرگرت. ھەر ئەو کاتەی لە دەرەوەی وڵاتدا دەبێ کۆمەڵە شیعری "شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم" لە ڕێی کاک محەممەدی مەلا کەریم ساڵی ١٩٨٠ لە بەغدا چاپ و بڵاو دەکاتەوە. ساڵی ١٩٨٤ دوکتۆرای ئەدەبییاتی وەرگرت کە تێزەکەی لەسەر شاعیر و نووسەری گەورەی کورد پیرەمێرد بووە.

ساڵەکانی ١٩٨٥ تا ١٩٩٠ لە زانکۆی ئەلفاتیح (بە عەرەبی: جامعة طرابلس) لە لیبیا مامۆستا بوو. پەشێو لە ١٩٩٥ەوە دانیشتووی شاری ھێلسینکی وڵاتی فینلاندە.

پەشێو جگە لە زمانی کوردی و عەرەبی، زمانی ڕووسی، ئینگلیزی و ئالمانی زۆر باش دەزانێ و وەرگێڕدراوەکانی لەسەر پووشکین و ویتمەن بەڵگەی لێھاتوویی و بەتوانایی پەشێو نیشان دەدا لە وەرگێڕاندا.[١][٢]

بەرھەمەکان

[دەستکاری]

پەشێو یەکەم ھۆنراوەی لە ١٩٦٣ و یەکەم کۆمەڵە شیعری لە ١٩٦٧ بڵاو کردوەتەوە.

پەشێو ھەروەھا بەرھەمەکانی چەندین نووسەر و شاعیری گەورەی جیھان وەک واڵت ویتمەن و پووشکین وەرگەڕاندوەتە سەر زمانی کوردی.

نموونەی شیعرەکانی پەشێو

[دەستکاری]

سەربازی ون

[دەستکاری]
کە وەفدێ دەچێتە شوێنێ،
بۆ سەر گۆڕی سەبازی ون،
تاجە گوڵینەیەک دێنێ.
ئەگەر سبەی
وەفدێک بێتە وڵاتی من،
لێم بپرسێ:
کوانێ گۆڕی سەربازی ون؟
دەڵێم:
گەورەم!
لە کەناری ھەر جۆگەیێ،
لەسەر سەکۆی ھەر مزگەوتێ،
لە بەردەرگەی
ھەر ماڵێ، ھەر کڵێسەیێ، ھەر دەشکەوتێ،
لەسەر گابەردی ھەر شاخێ،
لەسەر درەختی ھەر باخێ،
لەم وڵاتە:
لەسەر ھەر بستە زەمینێ،
لەژێر ھەر گەزە ئاسمانێ،
مەترسە، کەمێک سەر داخە و
تاجەگوڵینەکەت دانێ![٣]
٢
گەنجینە
لەوساوە دنیا دنیایە
ئادەمیزاد ئەشقی گەوھەر، زێڕ و زیوە.
لە پێناویان بنی دەریا و
قوللەی کێوی پشکنیوە.
کەچی من ھەموو سبەینان
گەنجینەیەک دەدۆزمەوە،
کە دەبینم کەزی و بسکت
نیوەی بالیفمی تەنیوە.[٤]
٣
وانەی یەکەم
مناڵەکان!
ئەی یاخییە ژینتاڵەکان:
سبەی ئێوە کە گەورە بوون،
لە لاوکا،
لە حەیرانا،
لە مزگەوت و دیوەخانا،
لە چیرۆکا،
لە ھۆنراوەی شاعیرێکی ترسنۆکا،
ڕەنگە زۆرتان بەرگوێ کەوێ
باسی ئێمە و ئازایەتی،
باسی ئێمە و کوردایەتی،
بەڵام نەکەن بڕوا بکەن،
ھەمووی درۆن، درۆی پەتی![٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ پەشێو لە ڕوانگەی کەسایەتی، ھەڵوێست و شاعیرییەوە، بەشی یەکەم، سەعدوڵڵا نووری، گۆڤاری مەھاباد، ژمارە: ٤١
  2. ^ ئیستێک لەسەر ژیانی عەبدوڵڵا پەشێو، زیاد نادرعاڵڵایی، پەشێو شاعیرێک لە ڕەگەزی سەربزێوی (کۆکراوەی وتاری کۆمەڵێک نووسەر لەسەر پەشێو). ل ٣٢٦ ـ خانەی ئەربیل. ٢٠١٣
  3. ^ پشت لە نەوا و ڕوو لە کڕێوە. چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە. ٢٠٠٦. لاپەڕە ٤٢٩.
  4. ^ پەشێو، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦). ھەسپم ھەورە و ڕکێفم چیا. چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە. لاپەڕە ١٠٧.
  5. ^ پەشێو، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦). پشت لە نەوا و ڕوو لە کڕێوە. چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە. لاپەڕە ٢١٩.

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]