فایەق بێکەس
فایەق بێکەس | |
|---|---|
![]() | |
| لەدایکبوون | ١٩٠٥ |
| مەرگ | ١٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٨ |
| نەتەوە | کورد |
| پیشە | شاعیر |
| ھاوسەر | شەفیقە سەعید[١] |
| مناڵ(ەکان) | شێرکۆ بێکەس |
فایەق بێکەس (١٩٠٥ لە سلێمانی - ١٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٨)، یەکێکە لە شاعیرە بە ناوبانگەکانی کوردستانە.[٢]
ژیان
[دەستکاری]فایەق بێکەس کوڕی «عەبدوڵڵا بەگ»ی کوڕی «کاکە حەمە»ی کوڕی «ئەلیاسە قۆجە»یە. بنچینەی بنەماڵەیان لە قەڵاچوالانەوە ھاتووەتە سلێمانی و خۆی لە ١٩٠٥دا لە سیتەک ھاتووەتە ژیانەوە، ئەو دێیەش بیست کیلۆمەترەیەک لە باکووری ڕۆژەڵاتی سلێمانییەوە دوورە و ئەو ئەوساتەش سیتەک سەنتەری «شارباژیر» بووە. عبدوڵڵا بەگی باوکی لەوێ «تابوور ئاغاسی» بووە. لە دایکیشیەوە لە بنەماڵەی ئاغەلەرەکانی سلێمانییە.[٣]
ساڵی یەکەم و دووھەمی تەمەنی لە سیتەک بەسەربردووەو، پاشان ماڵیان ھاتووەتەوە سلێمانی و لە تەمەنی سێ ساڵایدا ئاوەڵەی دەرداوە. ھەر بە مناڵی باوکی لە حوجرەی فەقێ خستوویەتییە بەر خوێندن.
لە ١٩١١دا باوکی بە ئیشی میری نێرراوە بۆ خانەقی و لەوێوە بۆ بەغدا. لە بەغداوە دەنێرێ بە دوای ماڵ و مناڵەکەیدا و ئەیانباتە ئەوێ. پاش ساڵێک خۆی چووە بۆ تورکیا و ئەوانی لە بەغدا بەجێھێشتووە. ئیتر فائق باوکی نەدیوەتەوە. ھەر لەو ماوەیەدا حەمە سەعیدی برا گەورەی لە ئاوی دەجلەدا ئەخنکێ و دوابەدوای ئەو دایکیشی کۆچی دوایی دەکات و فایق دەکەوێتە لای خاڵی. ئەویش پاش چەند مانگێک دەمرێ و فایق و تاھیری برای بچووکی بە بێکەسی دەمێننەوە.
ئەو ساتەی شەڕی یەکەمی جیھانی ھەڵدەگیرسێت، ڕێی ھاتوچۆی نێوان بەغدا و سلێمانی دەگیرێت. «حاجی ئەمینی کاکە حەمە»ی مامی لە سلێمانییەوە دەنێرێتە لای «حاجی عەلی ئاغا»، ئەوەی لە بەغدا بووە، کە چاودێری فایق و براکەی بکات و ھەر میراتێکیان لە باوک و دایکیانەوە بۆ مابێتەوە بۆیان خەرج بکا. ئەویش دەیانداتە دەستی «حەبەخان» ناوێک، ئەوەی خێزانی ئەفسەرێکی خەڵکی سلێمانی بووە و لە بەغدا دانیشتووە.
ژنەکەش مەردانە ئەیانخاتە ژێر باڵی بەزەییی خۆی و وردە وردە پێیشیان دەخوێنێ. دوو سێ ساڵێک بەم جۆرە ژیان بەسەردەبەن. لە ١٩١٧دا کەساسییەکی زۆریان تووش دەبێ. لە ١٩١٨دا حەبە خان ئەیانباتەوە بۆ سلێمانی بۆ لای «حاجی ئەمین»ی مامیان.
فایق لە سلێمانی ئەخرێتە قوتابخانە و لە پۆلی سێھەمدا وەردەگیرێ و تا ساڵی ١٩٢٣ لەسەر خوێندن بەردەوام دەبێت. ھەموو ساڵێ بە یەکەم دەردەچێ. لەو ساڵەدا لەسەر ئارەزووی مامی دەچێتە قوتابخانەی «علمییە» لە کەرکووک. بەڵام بۆی ڕێناکەوێ لەوێ بخوێنێ، دەچێتە بەغدا و ساڵی ١٩٢٤–١٩٢٥ لە «دار العلوم» بەسەردەبا. لەوێش لەبەردەم بژێوی بژی و لە ساڵی ١٩٢٦–١٩٢٧دا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. لەوکاتەدا سلێمانی تەنھا پۆلی یەکەمی ناوەندیی تیا بووە، ناچار تێی دەچێ.
لەو ساڵانەدا تەنگوچەڵەمەی ژیان ناچاری ئەکا دوکانێکی جگەرەچێتی بکاتەوە، بەڵام ئەمەش سەرناگرێ و دەستدەکات بە جگەرە و شقارتە فرۆشتنی دەستگێڕی و پاشان پەنا دەباتە بەر "ئەشغاڵ" و بە ڕۆژانە لە ڕێگای عەربەت ئیش ئەکاو چەند مانگێک لەسەر ئەم ئیشە دەبێت.
لە ١٩٢٨دا بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ھەولێر ژیاوە. لەو سەردەمەدا خوالێخۆشبوو «قالەی ئایشە خان» ئەندازیاری ئەشغاڵ بووە و سەرپەرشتی کردنەوەی ڕێگای ھەولێر - ڕەواندز - ڕایاتی کردووە. بێکەس دۆستی لە ئەشغاڵ دامەزراندووە. ھەر لەو ساڵەدا بێکەس دەبێ بە مامۆستای «زانستی» و لە ١٩٢٩دا دەبیستێ باوکی لە مەرعەش لە تورکیا مردووە. لە ساڵی ١٩٣٠دا بە ھەر دەردی سەرییەک بووە بەدوای میراتی باوکیا دەچێ بۆ تورکیا، ھەر لەو ساڵەدا بە نائومێدی دەگەڕێتەوە.
ھەر لەو ساڵەدا بوو ڕاپەڕینەکەی شەشی ئەیلوول لە دژی ھەڵبرژادنە ساختەکەی دەزگای پادشایەتی ڕوویدا. بێکەس یەکێک بوو لەو نیشتمانپەروەرانەی سەرکردەی ئەو ڕاپەڕینەیان کرد و تێیدا برینداریش بوو.
لەئەنجامی ئەو ڕۆڵەدا ئەیگرن و ئەیخەنە بەندیخانەوە. ھەر لەسەر ئەم بەشداربوون و سەرکردەیییەی لەسەر کاریش لای دەبەن. ھۆنراوە بەناوبانگەکەی "ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم…"ی لە ناو بەندینخانەدا نووسیوەتەوە
ئەو ساتەی لە بەندینخانە دێتە دەرەوە، قوتابخانەیەک دەکاتەوە بۆ ئەوەی وانەی تێدا بڵێتەوە و پێی بژی. لە ١٩٣٣دا میری وەردەگرێ بە مامۆستا و دەینێرێتە مۆرتکەی بازیان و پاشان دەینێرێتە تەوێڵە. لە ھاوینی ١٩٣٥دا لەگەڵ کۆمەڵە مامۆستایەک، لەوانەش یەکێکیان مامۆستا گۆرانی شاعیری بەناوبانگ بووە، بەشداری لە کۆرسێکدا کردووە لە بەغدا بۆ مامۆستایان ئامادە کراوە. بێکەس لەو سەردەمەدا مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی بازیان بووە.
لە ساڵی ١٩٣٧دا لە وزەی میریدا نامێنێت. مامۆستایەکی نەترسی وەھا لە سلێمانیدا ھەبێ گیانی خەبات و کوردایەتی بڵاوبکاتەوە، دووری دەخاتەوە بۆ حیللە و پاش ساڵێک دەینێرێ بۆ عەمارە؛ بەڵام بێکەس ڕازی نابێت بچێ و دەست لە ئیشەکەی ھەڵدەگرێ و دێتەوە سلێمانی. لەوێش قوتابخانەیەک دەکاتەوە تا ١٩٤١ وانەی تێدا دەڵێتەوە. ئەنجا ئەیکەنەوە بە مامۆستای قوتابخانەکانی میری و تا دوایی ساڵی ١٩٤٨دا لە قەرەداغ و سلێمانی و سوورداش و ھەڵەبجە مامۆستا دەبێ.
بێکەس جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی و تاڕادەیەک ئینگلیزیشی زانیوە. بەتایبەتی لە عەرەبیدا دەسێکی باڵای ھەبووە. ھۆنراوەیەکی زۆری عەرەبی لەبەربووە. ھەروەھا بڵاوە، کە «معلقاتی سبعە» بەتەواوەتی لەبەربووە.
خیزان و منداڵەکان
[دەستکاری]بێکەس دوو ژنی ھێناوە. یەکەمیان لە ساڵی ١٩٣٥دا، بەڵام پاش ساڵێک بە نەخۆشی دەردەباریکە کۆچی دواییکردووە و مردنەکەی کارێکی زۆری کردووەتە سەر دەروونی بێکەس و وای لێکردووە ماوەیەک گۆشەگیری ببێت.
لە ژنی یەکەمی کچێک و لە ژنی دووھەمی کە ناوی «شەفیقە سەبیح» بووە دوو کچ و کوڕێکی بووە. کوڕەکەشی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەسە.
ناوەرۆکی ھۆنراوەکانی
[دەستکاری]فایەق بێکەس شاعیرێکی نیشتمانپەروەر و دژی بێگانە پەرستی بوو. لە سەردەمی خۆیدا پاش خانی و حاجی قادر، یەکێک لە ئاڵاھەڵگرانی نیشتمانپەروەری بووە. ھۆنراوەی بیست و حەوت ساڵەکەی کە تێیدا ڕووی دەمی لە داگیرکەرانی کوردستانە، یەکێک لە ھۆنراوەی ھەرە مەنشوورەکانی وێژەی کوردییە.
کۆچی دوایی
[دەستکاری]لە ڕێکەوتی ١٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٨دا کۆچی دواییی کرد.
نموونەیەک لە شیعرەکانی
[دەستکاری]| ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم شێوەتم بیرکەوتەوە | وەختی بەندەییو ئەسارەت، پێ بە تەوق و کۆتەوە | |
| من لە زیکر و فیکری تۆ غافڵ نەبووم، وا تێنەگەی | حەپس و تێھەڵدان و زیللەت تۆی لە بیر بردۆتەوە | |
| بەو خوایەی بێشەریک و لامەکان و واحیدە | عەشقی تۆ نەوعێ لە دڵما ئاگری کردۆتەوە | |
| ئاگرێکی وا ھەزار ساڵ ئاوی بڕژێنیتە سەر | قەت گڕو کڵپەو بڵێسەی تا ئەبەد نەکوژێتەوە | |
| باسی مەحزوونی و کەساسیی خۆت نەکەی توخوا وەتەن | چونکە بەو باسە برین و زامەکەم ئەکولێتەوە | |
| ماتەمینی تا بە کەی، دەی پێکەنە و سەر ھەڵبڕە | موفتەخیر بە، شوھرەتت وا عالەمی گرتۆتەوە | |
| نەگبەتی لاچوو، سەعادەت بۆتە پشتیوانی تۆ | کەوکەبی بەخت و فریشتەت بەرزە، ئەدرەوشێتەوە | |
| گەرچی بەینێکە زەلیل و دیلی دەستی زاڵمی | نۆبەتی شادیتە ئەمجا ناحەزت لێک بێتەوە | |
| لافی میللییەت بە دەم لەم عەسرەدا کەڵکی نییە | ڕۆژی ھەوڵە، ھەر بە ھیممەت گۆی ھونەر ئەبرێتەوە | |
| بێقوسوورە، چەند جەسوورە صەد شوکر ئەولادەکەت | وا لە ڕێی تۆدا لە خوێنا سەیری چۆن ئەتلێتەوە | |
| بەسیە، تەعنەم لێ مەدە، ھەر ڕۆڵەکەی جارانتم | ھێندە حیلمت بێ ھەتاکو دەست و پێم ئەکرێتەوە | |
| شەرتە شەرتی پیاوەتی بێ گەر خودا دەستم بدا | دوژمنت پەت کەم وەکوو سەگ بیخەمە ژێر پێتەوە |
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ ڕۆژنیوز: دایکی شێرکۆ بێکەس لە تەمەنی ٩٩ ساڵییدا کۆچی دوایی کرد، نووسراو لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧؛ سەردان لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.
- ↑ «شیعرەکانی فایەق بێکەس». allekok.ir. لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ↑ کوردیپێدیا، Kurdipedia-. «فایەق بێکەس». Kurdipedia.org. لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ↑ «فایەق بێکەس». نووری ژیان. لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢١ ھێنراوە.
