ڕەحیم لوقمانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
ڕەحیم لوقمانی
لەدایکبوون١٩٥٩
سەقز، ئێران
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر و نووسەر
ئایینئیسلام (سوننە)

ڕەحیم لوقمانی‌(١٩٥٩ لە سەقز) شاعیر و نووسەرێکی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. لەسەر زۆربەی قاڵب و کێشی شیعری کوردی کاری کردووە و شیعری ھەیە.[١]

ژیان[دەستکاری]

ڕەحیم لوقمانی ساڵی ١٣٣٨ی ھەتاوی لە گوندی سەڵتەکەڵتوو لە ناوچەی سەرشیوی سەقز لەدایک بووە. ئەو سەرەتا لە گوندەکەیانەوە چووەتە بەرخوێندن، پاشان لە شاری سەقز دیپلۆمی لە دانشسەرا وەرگرتووە و لە گوندەکانی ناوچەی خوڕخوڕە، سەرا، گەورک و سەرشیوی سەقز بووەتە مامۆستای قوتابخانە و دواتر لە زانکۆی پەیام نوور وەک خوێندکار وەرگیراوە و لیسانسی ئەدەبیاتی فارسی وەرگرتووە و ئێستا لە شاری سنە مامۆستای قوتابخانە و خوێندنگاکانە.[٢]

ڕەحیم لوقمانی لە سەردەمی شۆڕشی ئێراندا ھەرچەند مێرمنداڵ بوو بەڵام شیعری شۆڕشگێڕی لە کۆبوونەوەکانی زەمانی شۆڕشدا ئەخوێندەوە و دواتر لە ڕادیۆ و لە گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاو کراوەتەوە بە نازناوەکانی «نەکەرۆز» و «شیروان».

ساڵی ١٩٨٢ی زایینی لەسەر ھەندێ لەو شیعرانە لەسەرکار لابراوە، دواتر ساڵی ١٩٨٣ و ٨٤ چەند جار گیروگرفتی بۆ ھاتووەتە پێشەوە و تەنانەت ماوەیەکیش لە بەندیخانەی شاری سەقز بەند کراوە.

ساڵی ١٩٨٥ی زایینی بە کەفالەت ئازاد کراوە و دوای ئەوە چووتە ئینتشاراتی سەلاحەدینی ئەیوبی «سروە» لەشاری ورمێ و لەوێ لەگەڵ ئەندامان و کادری نووسەران دەستی بەکار کردووە. ساڵی ١٩٨٧ کە نەیدەتوانی بنەماڵەکەی جێ بھێڵێت بانگ کراوەتەوە بۆ سەر کارەکەی کە مامۆستایی لە قوتابخانەکان دابوو، بەڵام پاش موحاکمەیەک لە تاران بە کەمکردنەوەی یەک لەسەر سێ مووچەی مانگانەی مەحکووم کراوە و بەو بڕە پارە کەمە ھاتووەتەوە سەر کارەکەی. لەگەڵ ئەوەی کە ھەرساڵەی لە گوندێکی ناوچەی سەقز مامۆستایەتی ئەکرد دەستیشی کرد بەکۆکردنەوەی چیرۆکی کوردی و نووسین و بابەت و بەرھەمی ئەدەبی. بەردەوام لە بۆنە و ڕێوڕەسمە کوردییەکاندا بەشداری کردووە و بەرھەمی پێشکەش کردووە. لەسەر ئەرک و ماندووبوون و گیرفانی بەتاڵی خۆی خوێندنی درێژە پێداو لە بەشی زمان و ئەدەبی فارسیدا لە زانکۆی پەیام نووری سەقز لیسانسی وەرگرتووە.

بەھۆی ھەندێ گیروگرفت و بانگکردنی پەیتا پەیتا، ناچار ساڵی ١٩٩٩ی زایینی بەماڵەوە چووتە بەر بناری کێوی ئاویەر واتە شاری سنە و لەوێش ھەرچەند بە تاڵی و دژواری ژیانی تێدەپەڕی، بەڵام وەک ھەمیشە لەگەڵیدا ڕاھات و ئەمجارەیان بووەتە مامۆستای دواناوەندی و وانەی فارسی بەمناڵی کورد دەڵێتەوە «ھەرچەند ھەمیشە ڕێگەی خوێندن و نووسینی کوردی بۆ مناڵانی کورد شی دەکاتەوە»

ئەو دوای بەشداریکردنی لە فستیڤالی بابا تاھیری ھەمەدانی لە شاری سلێمانی و گەڕانەوەی بۆ سەقز لەلایەن بەرپرسانی ئەمنییەتی شاری سەقزەوە قۆلبەست کرا. ڕەحیم لوقمانی فێری ئامێری مۆسیقایش بووە و ئامێری تەمبوور لێدەدا و قوتابیشی لە ماڵی خۆیدا وەرگرتووە.

کۆنگرە و سمینارەکان[دەستکاری]

لەزۆربەی کونگرە و سمینارە ئەدەبی و کوردییەکاندا بە بەرھەمەوە بەشداری کردووە.

  • لە کونگرەی مەولەوی کورد لە شاری سەقز.
  • ھەروەھا لە مێھرەجانی مەولەوی لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە شاری سلێمانی کە وتارێکی باشی لەسەر ئیقاعی شیعری مەولەوی پێشکەش کرد.
  • لە شاری سنە لە کۆنگرەی ھەورامان و سمینارگەلی شیعری و ئەدەبی کوردی بەشداری کردووە و بەرھەمی پێشکەس کردووە.
  • ساڵی ٢٠٠٦ لەکونگرەی نالی لە سەنتەری ئێڵ بەگی جاف، لە سلێمانی بە وتارەوە بەشدار بووە.

بەرھەمەکان[٣][٤][دەستکاری]

ساڵی ٢٠٠٣ لە چەند دەفتەر بەرھەمی چەند ساڵەی بەشێکی بچووکی بە ناوی «زامستان» لە چاپدا، ئەو ساڵانە چاپ و پەخشی کتێبی کوردی وەک ئێستا پڕئاستەنگ و بەربەست نەبوو! لەپێشدا ئینتشاراتی گۆران لە سنە بەبێ ڕەزامەندی شاعیر شیعرەکانیان بە شێوەی «ڕیسوگرافی» چاپ کرد و بەناو دەزگای خۆیانەوە پەخشیان کردەوە. بەڵام دواتر «ئینتشاراتی پەرتەوبەیان» بەشێوەیەکی ڕێکوپێک چاپیان کرد و ھەر زۆر زوویش لەبازاڕدا تەواو بوو. ژومارەیێک لەو بەرھەمانە بریتین لە:

  • شمشالی سێحراوی، محەممەد نوسرەت، ڕەحیم لوقمانی، ناوەندی بڵاوکردنەوە عیلمی کالج، ٢٠١٥
  • زامستان، ڕەحیم لوقمانی، ناوەندی بڵاوکردنەوە عیلمی کالج، ٢٠١٥
  • پشکوی ھاوار، ڕەحیم لوقمانی، ناوەندی بڵاوکردنەوە عیلمی کالج، ٢٠١٥
  • چوارێنەکانی بابا تاھیری ھەمەدانی، ڕەحیم لوقمانی، ناوەندی بڵاوکردنەوە عیلمی کالج، ٢٠١٥[٥]
  • وەڕگێرانی «فاشیزم چییە» لە یەڵماز گونەی بە کوردی بؤ مێرمندالان

نموونە شیعر[دەستکاری]

تاقەدار
تاقەداری بێ بەھارم پەلک و بارم ھەر خەمە لەو دەمەی چاوم ھەڵێنا ئاسمانی من تەمە
لەو دەمەی ڕیشەم بە جەرگی شاخی بەرزا ڕۆچووە ھەر ھەرەس بەشمە و نەھاتی باری شانی من بووە
نامورادیم تا بەکەی بێ ئەی گەلی پڕ دەردی من پاییزە دایم ھەناسەی سارد و ڕەنگی زەردی من
بۆ نەدا لێم ساتێ سروەی کامەرانی و تیشکی گەش چەشنی ئاڵا ڕایشەکێنم بسکی ژێر ھەورانی ڕەش
بازی ئاواتم نەدیوە بێتە یار و دڵبەرم تا بە لانەی سەرفرازی دایبنێ تاجی سەرم
ئارەزوومە بۆ ھەڵۆی شاخانی خۆم ھێلانە بم نەک مەکۆی قاڵاو و ڕێوی و قشقەڕەی بێگانە بم
کۆنەداری سەر بە شینم ڕەگ لە خاک و ئاوی خۆم ساڵەھایە لێم حەرامە چاوگە ئەسری چاوی خۆم
من لەشێکی پڕ برینی کۆن و تازەی پڕ بە سۆم نەبووە دەرمانم دەبۆیە گۆشت و خوێنی خۆم دەخۆم
لەو دەمەی پێی ڕەنجەڕۆییم ناوەتە مەیدانەوە نەبوە ساتێ بسرەوم بەو دەردی کۆنە ژانەوە
تۆف و ئاگر تەور و ھۆرە زامی پشت و جەرگمن دەور و پشتیان لێ تەنیوم بانگەوازی مەرگمن
ساڵەھایە بێخ و ڕیشەم ھەڵدەکۆڵن وەک ھەرێز توو بڵاو و لانەواز و بێ خودان و بێ پەرێز
ڕۆژێ دابێ دێتە گۆڕێ بۆ لە ڕەگ ھاوردنم ساتێ ژاراو، ساتێ بیور دەس دەنێنە گەردنم
چی نەما کردیان بە حاڵم بۆ ئەوەی بتوێمەوە ھەر دەژیم و ھەر لە پێشوو چاکتریش دەڕوێمەوە[٦]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]