ئیبراھیم ئەحمەد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

Ibrahim Ahmad.png
لەدایکبوون٦ی ئازاری ١٩١٤
مەرگ٨ی نیسانی ٢٠٠٠
شوێنی گۆڕگۆڕستانی گردی سەلیم، سلێمانی
نەتەوەکورد
پیشەنووسەر، تێکۆشەری سیاسی
ناسراوە بەبەرھەمی ژانی گەل
حیزبی سیاسیFlag of PUK.png یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
ئایینئیسلام
ھاوسەرگەلاوێژ
مناڵ(ەکان)ھێرۆ
شاناز
ھەتاو
لیلوس
خەڵاتەکانخەڵاتی ڕێزلێنانی بلە


ئیبراھیم ئەحمەد فەتاح ناسراو بە بلە (٦ی ئازاری ١٩١٤ – ٨ی نیسانی ٢٠٠٠) ڕووناکبیر و نووسەر و خەباتکاری ڕامیاری خەڵکی سلێمانی و باشووری کوردستان بووە. لە ڕۆژنامەکانی ژیان، خەبات، کوردستان کاری نووسینی کردووە. لە ساڵانی ٣٠یەوە ھاوکات لەگەڵ خوێندن، تێکۆشانی ڕامیاری دەستپێکردووە. بە جۆرێک دامەزرێنەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بووە. لەبەر ھەلومەرجی تایبەتی ئەو کات ڕەوانەی ھەندران دەبێت و تا دوایی ڕۆژی تەمەنی لە شاری لەندەن دەمێنێتەوە.

ژیان[دەستکاری]

ئیبراھیم ئەحمەد لە ڕۆژی ٦ی مانگی ٣ی ساڵی ١٩١٤، لەبنەماڵەیەکی ناسراوی شاری سلێمانی لە‌دایکبووە. ڕەمزی فەتاح کە ئەفسەرێکی کورد بووە، مامی بووە و کاریگەری زۆری لەسەر ڕۆشنبیر بوونی برازاکەی ھەبوو، ھەر بۆیە زوو ڕەوانەی قوتابخانەی دەکات. ئەم کاریگەرییەی مامی، تا قۆناغەکانی دواناوەندی خوێندنی ئیبراھیم ھەر بەردەوام بوو. لە ساڵی ١٩٢٢ لە قوتابخانەی نموونەی سەعادەت لە سلێمانی دەستی بەخوێندن کردووە. لە ساڵی ١٩٢٣ گواستوویەتییەوە قۆتابخانەی لەتیفیە ئینجا چووەتە سەرەتایی یەکەم. پاشان لە ساڵی ١٩٣٢ لە قوتابخانەی ناوەندی سلێمانی بووە بەقوتابی. بەھۆی دەست کورتی ماڵی باوکییەوە مامی گرتوویەتییە خۆی و بردوویەتییە بەغدا. لە ساڵانی ١٩٣٤ – ١٩٣٧ لە شاری بەغداد کۆلێژی ماف (حوقووق) تەواو دەکات و دەبێتە پارێزەر. ماوەیەک خەریکی کاری پارێزەری دەبێت تا ساڵی ١٩٤٢ کاری دادوەری پێ دەسپێردرێ کارەکەی لە ھەولێر و ھەڵەبجە بە مووچەخۆری دەباتە سەر.

ژیانی ڕامیاری[دەستکاری]

ئیبراھیم ئەحمەد ھاوکات لەگەڵ نووسین، کاری ڕامیاری کردووە و چالاکی و بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی کردووە. ھەر زوو، ئیبراھیم ئە‌حمەد لەشاری سلێمانی گوێبیستی سروود و ھۆنراوەی نیشتمانپەروەران و ھەواڵی شۆڕشگێڕ، شێخ مەحموود بووە. ھەروەھا بۆردومانی شاری سلێمانی لەلایەن فڕۆکەکانی ئینگلیزەوە کاریتێکردووە. جگە لەوە ھەلوومەرجە تایبەتیی ئەوکاتەی سلێمانی، «مامە ڕەمزیشی» ڕێنوێنی کردووە بۆ ئاشناکردنی بە خەباتی ڕزگاریی و نەتەوایەتی. لە ساڵانی سییەکاندا و لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری کوردی لەبەغدا گرووپێکی پێکھێناوە بەناوی «لاوانی کورد» و گۆڤارێکیشی بەناوی «دیاری لاوان» بڵاوکردووەتەوە.

ئیبراھیم ئەحمەد بەدامەزرێنەر و لێپرسراوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ. ک) لە باشووری کوردستان دەناسرێت، کە سەربە مەڵبەندی کۆمەڵەی ژیانەوەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بووە. کە سەروەری دامەزراندنی کۆماری مەھاباد (مەھاباد ١٩٤٦)ی ھەیە لەگەڵ ھەڤاڵەکانیدا توانیبووی لەزۆر ناوچەی کوردستان لق بۆ کۆمەڵەی ژ - ک و پاشان بۆ حدک بکاتەوە. پاش ڕووخانی کۆماری مەھاباد لە ساڵی ١٩٤٧دا، ئیبراھیم ئەحمەد و لقی ژ - ک، لەپاش کۆبوونەوەیەک بڕیاریاندا بچنەناو پارتی دیموکراتی کوردستان. ئیبراھیم ئەحمەد بە سەرۆکی لقی سلێمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێرا.

لە ساڵی ١٩٤٨ پاش ئەوەی دەسەڵاتداری ئەو کاتەی عێراق بەربووە گیانی شۆڕشگێڕانی کورد و پارتی دیمکراتی کوردستان، ئیبراھیم ئەحمەد بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بەندکرا. ئەو کاتەی ئازادکرا تا ھەڵگیرسانی شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ی عێراق ڕێگایی خەباتی نھێنی گرتە بەر.

لە شوباتی ساڵی ١٩٥١ لە میانەی کۆنگرەی دووەمی پارتی لە شاری بەغدا بەکۆی دەنگ، ئیبراھیم ئەحمەد بەسکرتیری گشتی پارتی ھەڵبژێردرا. ھەر لەمیانەی ھەمان کۆنگرەدا لەسەر پێشنیازی ئەو، ناوی «پدک» گۆڕا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان-ئێراق. لەسەر کار و چالاکی ڕامیاری، لە ھاوینی ساڵی ١٩٥١ لە سلێمانییەوە بۆ کەرکووک گوێزرایەوە. لە ساڵی ١٩٥٣ کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتی ئێبراھیم ئەحمەد کرا و لەم کۆنگرەیەدا دامەزراندنی یەکێتی ژنان و لاوان و قوتابیان پەسەندکرا.

لە ساڵی ١٩٦١ ئیبراھیم ئەحمەد وەک سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان و و سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات کاری دەکرد، پێش داخستنی ڕۆژنامەی خەبات و ھەڵگرتنی مۆڵەتی حیزبەکەی لە کۆتایی ساڵی ١٩٦١ ناچاربوو بەغدا بەجێبھێڵێت و خۆی بشارێتەوە. لەگەڵ ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول ڕوویکردووەتە شاخ و لەڕووی ڕامیارییەوە شۆڕشەکەی بەڕێوەبردووە. لە ساڵی ١٩٦٤ تا ساڵی ١٩٧١ سکرتێری باڵی نووسینەگەی ڕامیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە پاش ھەرەسی شۆڕشەکە، ڕوودەکاتە ھەندەران و زۆربەی ژیانی لەشاری لەندەنی پایتەختی بریتانیا گوزەراندووە.

ژیانی وێژەیی و ڕۆژنامەوانی[دەستکاری]

ئیبراھیم ئەحمەد ھەر لەسەرەتای ژیانییەوە دەستی داوەتە کاری نووسین و ڕۆژنامەوانی، ھەربۆیە لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا، لە ڕۆژنامەی ژیان کاریکردووە و نۆبەری نووسینەکانی لەوێ بڵاوکردووەتەوە. لەبەر شارەزایی لە نووسیندا، پیرەمێرد شاعیر و خاوەنی ڕۆژنامەی ژیان لە نووسێنێکدا ستایشی ئیبراھیم ئەحمەد دەکات و دەڵێت:

ژیان چاوەڕێی ئەم کوردییە ڕەوانەیە پیرەمێردیش بەھیوای نەوجەوانانە.

کاتیکێش خوێندن تەواو دەکات، دیسان پیرەمێرد باسی دەکات و دەڵێت:

لە خوێندەوارە ھەڵبژێردراوەکانمان ئیبراھیم ئەحمەد کە کۆلێژی مافی تەواوکردووە.. ھتد.

لە ساڵی ١٩٣٩ بۆ ساڵی ١٩٤٩ لەگەڵ مامۆستا عەلائەدین سەجادی گۆڤاری گەلاوێژ دەردەکەن. ھەربۆیە ناچاردەبێت لە ساڵی ١٩٤٤ دەست لەکاری میریی ھەڵبگرێت. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی چەند ژمارەیەکی گۆڤاری ڕزگاری پێبەخشرا و ھاوکاتیش بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەی خەباتیشی دەکرد.

ئیبراھیم ئەحمەد بێجگە لەو ڕۆژنامانە خاوەنی ڕۆژنامەی کوردستانیش بوو، کە جەلال تاڵەبانی (زاوای ئیبراھیم ئەحمەد) سەرنووسەری بووە. بەھۆی بڵاوکردنەوەی وتارێک بەڕووی دەسەڵاتدارانی عێراقدا، خەبات و کوردستان لە ساڵی ١٩٦١ داخران و فەرمانی زیندانیکردنیش بۆ ئیبراھیم ئەحمەد دەرچوو.

لە گۆڕەپانی وێژەشدا ئیبراھیم ئەحمەدی نووسەر و پارێزەر چەندین کاری بەنرخی نووسیوە، ئەویش بەچەند شاکارێکی بەنرخ وەک «ژانی گەل»، «کوێرەوەری»، «دوا تیری کەوان» و ھتد. نامێلکەی «الاکراد و العرب» کە لە ساڵی ١٩٣٧ بە عەرەبی نووسیویەتی ھەوڵێک بووە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان کورد و عەرەب لەوڵاتی عێراقدا.

ئیبراھیم ئەحمەد لەتەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی ٨ی نیسانی ٢٠٠٠ لە لەندەن کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی گوێزرایەوە بۆ سلێمانی و ھەر لەو شارەش نێژرا.

ژانی گەل یەکێک لە گرینگترین بەرھەمەکانی ژیانی نووسەرایەتی ئیبراھیم ئەحمەد بووە. ئیبراھیم ئەحمەد خەزووری جەلال تاڵەبانی و مەزھەر خالقی بوو.

مردن[دەستکاری]

ئیبراھیم ئەحمەد لە ڕۆژی ٨ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٠ لە لەندەن کۆچیی دوایی کرد. لە ٢٠ی نیسانی ئەو ساڵە تەرمی گەیشتەوە سلێمانی و لە گوڕستانی گردی سەلیم بەخاک سپێردرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەدستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]