مەولەوی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەولەوی
Mewlewî Tawegozî
پەیکەری مەولەوی لە باخی گشتی شاری سلێمانی
لەدایکبوون١٨٠٦
سەرشاتەی سەروو، تاوەگۆز، ھەڵەبجە
مردن١٨٨٢
گوندی سەرشاتەی سەروو
شوێنی گۆڕگۆڕستانی ئەسحابە، سەرشاتە، تاوەگۆز
پیشەھۆنراوەنووس، مامۆستای ئایینی
زمانکوردی (سۆرانی و ھەورامی)
نەتەوەکورد
ڕەگەزجاف
خوێندنبڕوانامەی مەلایەتی
شوێنی بڕوانامەسلێمانی
بواری کارکردنئەدەبی کوردی، شیعر
قوتابخانەی ئەدەبیشیعری کلاسیکی کوردی
کارە دیارەکاندیوانی مەولەوی
عەقیدەی مەرزیە
ھاوسەرعەنبەر خاتون

سەید عەبدولڕەحیمی کوڕی سەعید تاوەگۆزی (١٨٠٦–١٨٨٢) ناسراو بە مەولەوی یان مەولەویی کورد شاعیری ناوداری کورد و سۆفیی تەریقەتی نەقشبەندی بوو کە بە شێوەزاری ھەورامی ھۆنڕاوەی داناوە و لە شیعری ئەوین و دڵداری دا زۆر بەناوبانگە. لە ھۆنڕاوەکانیدا خۆی بە مەعدووم ناساندووە.

ژیان[دەستکاری]

مەرقەی مەولەوی لە سەرشاتە سەر بەپارێزگای ھەڵەبجە، نزیک بە ڕووباری زمکان و سیروان

لە ساڵی ١٨٠٦(١٢٢١ی کۆچی) لە گوندی سەرشاتەی سەرووی ناوچەی تاوگۆزی-بەشی عێراق لە دایک بووە. لە سەرەتادا لە حوجرەکەی باوکی لە دێی بێژاوە لە نزیکی ھەڵەبجە دەست دەکات بە خوێندن و دواتریش بۆ درێژە پێدان بە خوێندنەکەی ڕوو لە خوێندنگە بەناوبانگەکانی ناوچەی ئەردەڵان و بابان دەکات. مەولەوی بەشی زۆری تەمەنی بە ھەژاری بەسەربردووە، ئەو کاتەی لە سەرەتای خوێندندا بووە باوکی مردووە، ناچار بۆ بەخێوکردنی خوشک و براکانی وازی لە خوێندن ھێناوە بۆ ماوەیەک و پاشان گەڕاوەتەوە سەر خوێندنەکەی. لە سلێمانی لای مەلا عەبدولڕەحمانی نۆدشیدا کەموفتی سلێمانی و مامۆستای مزگەوتی مەڵکەندی بووە خوێندنی تەواو کردووە و ئیجازەی دەرس وتنەوەی وەرگرتووە. دیسان گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکانی دەوروبەری ھەڵەبجە و دواتریش لە سەرشاتە خۆی بە مەلایەتی و نووسینەوە خەریک کردووە. عەنبەرخاتوونی ھاوسەری حەوت ساڵ بەر لە خۆی مردووە. ئەمەش کارەساتێکی گەورە بووە و کاریگەری زۆری کردووەتە سەر شێعرەکانی مەولەوی. مەولەوی لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا کوێر بووە و ئەمەش کاری زۆر کردووەتە سەر دەروونی و لە چەند پارچە شێعردا دەردەکەوێت. ھەروەھا کارەساتێکی دیکەش کە بەسەر مەولەویدا ھاتووە، سووتانی کتێبخانەکەی بووە و گومانیش لەوەدا نییە کە بەشێک لە کار و بەرھەمەکانی تێیدا سووتاوە. مەولەوی لە ساڵی ١٨٨٢(١٣٠٠ کۆچی) کۆچی دوایی ئەکا و لە گۆڕستانی ئەسحابە لە سەرشاتەی سەروو نێژراوە.

مەولەوی زاتێکی قسەخۆش و نوکتەباز بووە. جارێکیان میوانی دۆستێکی دەبێ لە پاوە، تا لەوێ دەبێ خواردنێکی خۆشی دەرخوارد نادا. کە ماڵاوایی لێ ئەکا و ئەگەرێتەوە دۆستەکەی تا ملەی کەڵیان-کە شوێنێکە لە نزیکی پاوە-رەوانەی ئەکا. لەویا پێی دەڵێ:بێ قەزابی پەلەت کرد و زوو تەشریفت برد… من بە تایبەتی کاوڕێکم ھەڵ گرتبوو ئەمشەو بۆتی سەڕبرم و بیکەین بە کەباب و پێکەوە بیخۆین و ڕای بوێرین… مەولەویش لە وەراما دەڵێ:مادەم وابێ وەڵڵا دڵت نایەشێنم و لەگەڵت دەگەڕێمەوە تا کەبابەکە بخۆین… و دەگەڕێتەوە. کابراش ناچار کاوڕەکە سەرئەبڕێ و بۆی دەبرژێنێ.

مەولەوی لەگەڵ ھەرجۆرە خەڵکێکا بە گوێرەی عەقڵی ئەوانە جووڵاوەتەوە. جارێکیان لە مزگەوتی شێخ عەبدۆلقادری موھاجر لە سلێمانی خەریک دەبێ خۆی ئامادە ئەکا بۆ نوێژی مەغریب فەرەنجی یەکی درێژی لەبەرا دەبێ، کابرایەک بانگی ئەکا:کورە کابرا فەرەنجی یەکەت نوێژی پێ و نییە فڕێی دە، ئەویش گورج فڕێی ئەداو نوێژ دادەبەستێ... کە لە نوێژ دەبنەوە یەکێک لێی دەپرسێ ئەوە لە ڕاستی دا فەرەنجی یەکەت نوێژی پێوە نەبوو وا فڕێت دا؟ مەولەوی دەڵێ: نەوەڵڵا پاک و نوێژی بوو، بەڵام تا من کابرام حاڵی ئەکرد کە نوێژی یە، نەک جەماعەتی مەغریب بەڵکوو ھی عیشایشم ئەچوو… وتم چاتر ئەوە فڕێی دەم و لە کورتی بی بڕمەوە.

ھۆنراوەکان[دەستکاری]

مەولەوی، جگە لە کوردی، زمانی عەرەبی و فارسیشی باش زانیوە و بە ھەردووکیان شیعری نووسیوە. دیوانەکەی کە بە شێوەزاری ھەورامییە پلەیەکی بەرزی لەنێو شیعر و ئەدەبی کوردیدا ھەیە.

مەولەوی چەند ساڵێکی بەر لە مردنی بە پەرێشانی و بەدحاڵی گوزەراندووە. ئەم کارەسات و ڕووداوە ناخۆشانە بوونەتە ھەوێنی چەند شیعرێکی بەرز و نایاب، لە چەند پارچە شیعرێکیدا بەڕوونی کاریگەری ئەم کارەساتانە دەبینرێ کە چۆن دڵ و دەروونی مەولەوی پڕ بووە لە خەم و ناڵەی ژان و پەژارە و بێکەسی. بەشێکی زۆری شیعرەکانی مەولەوی بۆ لاواندنەوە و شێوەن تەرخانکراون و شیعری شیوەن پانتایییەکی فراوانیان لە دیوانەکەیدا گرتووە، یەکەمین شاعیری کوردە کە زۆرترین قەسیدەی شیوەنی بۆ لەدەستچوونی ئازیز و خۆشەویستان و نزیکانی خۆی ھۆنیوەتەوە، لە نێو ئەو شیعرانەدا ٧ قەسیدەیان بۆ شیوەنی عەنبەرخاتوونی ھاوسەری تەرخانکراون، شیوەنەکانی بۆ عەنبەر خاتوون لە ڕووی ئەدەبییەوە زۆر بەرزترن لەو شیوەنانەی بۆ کەسانی دیکەی نوسیون، چونکە سۆز تێیاندا ڕاستەقینەترە. ئەمەش ئەوەدەگەیەنێت مردنی عەنبەر خاتوون گەورەترین کۆستبووە بۆ مەولەوی، پیری و کوێری و زەلیلی بەقەد مردنی خاتوونی ئازیزی دڵگران و پەریشانیان نەکردووە. لە قەسیدەیەکی بەرز و جوانیدا بەم شێوەیە ئەو خاتوونەی ڵاواندووەتەوە:

ئەدای پەشێویی حاڵاتی جەستەمدوورەن جە تەحریر خامەی شکستەم
بەڵام «مەعدووم» ھەرس دیدەش جۆش وەردەنناعیلاج خامەش وە دەسگیر کەردەن
پەلەپەل پێکان پەل وە خامەدایەک فەرد ڕەقەم کەرد وە ڕووی نامەدا:
ئیسە دیدەی دڵ دێوانەکەی وێتنە بێخی ئاودا مەگێڵۆ پەرێت

واتە: بەیانی حاڵی پەشێوی جەستەم بەم قەڵەمە شکاوە ناکرێ، بەڵام ئەسرینی دیدەم سێڵاوی کردووە و کۆێر بووم، ناچار پەنام بردووەتە بەر قەڵەم بۆ ئەوەی دەستگیرمبێت و لەڕێی ئەوەوە خەمی خۆم بەیانبکەم.

لە قەسیدەیەکی تردا بەم شێوەیە بەشیوەن خۆی پێشکەشی عەنبەر خاتوون کردووە:

ئیمساڵ نەو وەھار چون خەزانی سەردبەرگی وەردی باغ «مەعدووم» بەرد پەی ھەرد
مشیۆ تاڵەی من خیلاف ئەنگێز بۆوەرنە، کەی؟ کێ دی؟ وەھار گوڵڕێز بۆ

واتە: «ئەمساڵ نەوبەھار ھەروەک پایزی سارد پەڕەی گوڵی باخی مەعدوومی خەزانپێکرد و لەگەڵ خۆیدا بردی بۆھەرد، ئەشێ بەختی من مەیل وئەنگێزەی پێچەوانەبێت ئەگینا چ کەسێ بینیویەتی بەھار گوڵ ھەڵوەرێنێ؟.»

لە قسیدەیەکی تریشدا، بەسۆزێکی بەرز و ئەندێشەیەکی قووڵەوە عەنبەر خاتوونی لەگۆڕدا لاواندووەتەوە و فەرموویەتی:

سۆچنۆم حەسرەت دەردی جیاییتنەک چون بڵێسەی یادی تەنیاییت
وە مەرگت، دیدەم، ھام نە گوزەردامنیچ لام لای تۆن ئارۆ یا فەردا
موتریب مەقامێ دەردم ناچارەنساقیا جامێ دۆس ئینتیزارەن

واتە: «ئەگەرچی حەسرەت و دەردی جودایت دەمسوتێنێ، بەڵام بڵێسەی یادی تەنیات لەگۆڕدا بەژانترە، ئازیزم بەمەرگت سوێندبێ منیش لەسەر ڕۆیشتنم، ئەمڕۆبێ، یان سبەی ماڵاوایی لەدنیادەکەم و دێمەلات، گۆرانیبێژ تۆ مەقامی مەرگ بخوێنە چونکە دەردی من بێچارەیە، مەیگێڕ دە تۆیش لوتفێ بکەو جامێ شەرابی مەرگم بدەرێ، چونکە یار چاوەڕوانمە بۆلای بچم.»

مەولەوی ئەم قەسیدەشی لە لاواندنەوەی عەنبەر خاتوونی خێزانیا وتووە کە وا دیارە لە مانگی موحەڕڕەم دا مردووە:

شوورای عاشووران دیسان بەزمش بەستموحەڕڕەم ئاما مەحرەم شی نە دەست
ئەو خەریک نە چۆڵ شار عەدەم دامن نە کەربەلای سارای ماتەم دا

واتە: «وا دیسان قەڕەباڵغی سەنگ کوتانی ڕۆژی عاشوورا پەیدا بووەوە و مانگی موحەڕڕەم ھات، و من مەحرەمەکەی خۆم لە کیس چوو کە خێزانمە. عەنبەرخاتوون لە دەشتی چۆڵی شاری فەوتاوی و نەبوونی دا داماوە، منیش ئەوەندەی کەربەلا، لە ڕۆژی کوشتنی حەزرەتی حوسەین دا، خەم خەفەتی تیایە.»

مەولەوی پاش لەدەستدانی عەنبەرخاتوون و حەوت ساڵ بەرلە مردنی ھەردوو چاوی کوێر بوونە. بەبۆنەی لەدەستدانی سۆمای چاوانییەوە ئەم شیعرەی وتووە:

یاری وەفادار شەرت و بەین بێشۆ چون نووری دیدەی «مەعدوومی» مەبۆ وەختێ بەندەی وێش بێحاڵ وە چەم دی ئەسرین وە چەمدا ڕێزا و پەشێو بی

لەپاڵ ئەم ھەموو ئەشک وژانەوە پیریش یەخەی پێگرتووە، لەپارچە شیعرێکی دیوانەکەدا لەدەست پیری ناڵەی لێبەرزبووەتەوە و بەم جۆرە سکاڵای خۆی کردووە:

موتریب، بۆ وە داد دڵگیریمەوەپیری ھا ئاما وە پیریمەوە

واتە: کاکی گۆرانیبێژ وەرە بەدەم دڵگرانیمەوە، چونکە پیری ھاتووە بە پپیریمەوە و پێشوازیم لێدەکات.

ئەوپارچە شیعرەی کەبۆ پیری خۆی ھۆنیویەتەوە، بەم دوو نیوەدێڕەی مستەفا بێسارانی قفڵیکرددووە:

کۆچی دواییمەن، یاوانم نۆبەنۆبەی تۆبەمەن، کەرەمدار، تۆبە!

تافی لاوی و جوانیم ئاوابو و پیری ھات و پاش پیریش مەرگە و نۆبەی چاولێکنانە، بەڵام ئێست اوەختی ئەوەیە تۆبە بکەم و بەشکم خودای مییەرەبان بمبەخشێ.

مەولەوی لەپارچە شیعرێکی تردا سەرزەنشتی خۆی کردووە، گوایا ھەرچەند لە مەرگ نزیک بووەتەوە چاکەی کەمە، وتوویەتی:

خەم بیم یانێ ھای پێم مدۆ خەبەر:نە دەرگای ھەستی تەشریف بەر ئەو بەر

پشتم چەمیوە و ئەمەش ھەوڵی ئەوەم ئەداتێ دانەوم و لەتووڵی دەروازەی بچووکی ھەستییەوە بپەڕێمەوە بۆ جیھانی دوایی، ئەم شاعیرە پایە بەرزەی گەلەکەمان ساڵەکانی کۆتایی ژیانی بەم ھەموو خەم و پەژارانەوە تێپەڕاندووە، مەرگی عەنبەر خاتوون و لەدەستدانی بینایی و ئازاری پیری، ئاشکرایە کوێربونیشی ھۆکاریک بووە بۆ مردنی، چونکە لەو سەرووبەندەدا بۆسەرەخۆشی لەئاشنایەکی ڕۆیشتووە بۆ گوندی پریس، لەگەڕانەوەدا کە لە گوندی ھانە سوورە نزیکبووەتەوە بە جڵەوگیری وڵاخەکەی وتووە: من چاوم نابینێ بەڵام دارتوویەک لەسەر ڕێگەماندایە لقێکی ڵاری ھەیە و ڕێگەکەی گرتووە، کە گەیشتینە ئەو شوێنە پێم بڵێ باسەردانەوێنم، قەدەری خودا وابووە ھاورێکەی لەبیری چووە ئگاداریبکاتەوە، سنگی داوییەتی بەدارەکەدا و بەپشتا لەسەر وڵاخەکەی کەوتووەتەخوارەوە وپشتی شکاوە.

دوێنەی دەستنووسێکی عەقیدەی مەرزییەی مەولەوی کە لە ئەرشیڤی کۆمیتەی کەلەپووری ڤەژین وەرگیراوە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٦٤

چاپەکانی دیوانی مەولەوی[دەستکاری]

  • دیوانی مەولەوی - ساغکردنەوەی سدێق بۆرەکەیی - چاپخانەی حیدری - چاپی یەکەم - بەھاری ١٩٨٠ - تاران
  • دیوانی مەولەوی - لەسەر بناغەی تێکۆشانی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس - پێداچوونەوە و ڕێکوپێککردن و زیادکردنی شیعرە چاپ نەکراوەکانی بەدەستی حەسەن گۆران و محەممەد حیجازی - دەزگای ڕۆشنبیریی گۆران - چاپی یەکەم - ٢٠٠٤ - سنە - ISBN 964-06-2777-1
  • دیوانی مەولەوی - کۆکردنەوە، لێکۆڵینەوە، لێکدانەوە و لەسەر نووسینی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس - انتشارات کردستان - سنە - ٢٠١٠ - ISBN 978-964-980-008-0

٭ دیوانی مەولەوی - ساغ کردنەوەی مامۆستا حەمەعەلی قەرەداغی- لە دوو بەرگ‌دا

بەرھەمەکان[دەستکاری]

پێشانگا[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ عەبدولرەحیم مەولەوی تاوگۆزی، دیوانی مەولەوی (ڵاپەڕەی ١٨)، کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس، سنە، بڵاوکردنەوە کوردستان، ١٣٨٩ هەتاوی.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]