ژیلا حوسێنی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ژیلا حوسێنی

لەدایکبوون١٩٦٤
مەرگ١٩٩٦
لە ڕێی تاران
شوێنی دۆزینەی تەرمسەقز
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر، نووسەر
کاریەکەم شاعیری ژن لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە بواری شیعری نوێی کوردی
ئایینئیسلام، سوننە
باوان
  • شێخ مێھران حوسێنی (باوک)
خزمەکانشێخ عبدوالقادر

ژیلا حوسێنی (لەدایکبووی ١٩٦٤ لە سەقز - مردووی ١٩٩٦ لە ڕێی تاران نزیک دێولان) شاعیر و نووسەرێکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو کە لە بواری شیعر و ئەدەبی کوردیدا بەتایبەت شیعری نوێی کوردی[١][٢] بەرھەمەکانی خۆی پێشکەش کرد و به یەکەم ژنێک پێناسە دەکرێ که شیعری نوێی کوردی هۆنیبێتەوه.[٣]

ژیان[دەستکاری]

ژیلا حوسێنی کچی شێخ مێهران لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٦٤ (٣١ی خەرمانانی ١٣٤٣ی ھەتاوی) لە شاری سەقز لە بنەماڵەیەکی ئایینی و نیشتمان پەروەردا له دایک بووە. باوکی مامۆستای قوتابخانەی گوندی حانەمیران بووە بەڵام پاش شەش ساڵ لە کۆلێژی یاسای زانکۆی تاران وەردەگیرێ و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەوێ نیشتەجێ دەبن و دواتر بە هۆی کاری بابییەوە لە شارە جیا جیاکانی کوردستان وەکوو بانە، کامیاران، مەریوان، سەقز و سنە دادەنیشن. ژیلا لە پۆلی یەکی دواناوەندی واز لە خوێندن دێنێ و لەگەڵ (وەفا حوسێنی) ژیانی هاوسەرگیری پێک دێنێ، بەڵام پاش پێنج ساڵ و لە تەمەنی بیست ساڵیدا جیا دەبێتەوە؛ بەرهەمی ئەم ژیانه کچێک دەبێ بە ناوی (بەهار) کە ئێستا لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێیە. دوای ئەوە ژیلا درێژە بە خوێندن دەدات و لە بەشی کوردی ڕادیۆ سنه له بەرنامەی (ئێمە و گوێگران) دادەمەزرێ و هاوکات پەرە بە کوردییەکەیشی دەدات. ژیلا بۆ جاری دووەم لە ساڵی ١٩٨٩ لەگەڵ (شاهروخ نەوسوودی) ژیانی هاوبەش پێک دێنێ که ئەم ژیانە نوێیەی لە هەمبەر چالاکییە ئەدەبییەکانیدا دەبێتە بەربەست بەڵام کۆڵ نادات و لێیان بەردەوام دەبێ. بەرهەمی ئەم ژیانەیش کوڕێکە بە ناوی (ڕامین) کە هەنووکه لە سنە نیشتەجێیە. حوسێنی لە کۆڕ و کۆ بوونەوە ئەدەبی و کولتوورییەکاندا بەتایبەت لە ئەنجومەنەکانی شاری سنە و سەقز بەردەوام بەشداری دەکرد. دوایین چالاکییەکانی ژیلا لە شاری سەقز بوو کە بە وتارێکی ئەدەبی و توێژینەوە لە کۆنگرەی مەولەوی کورددا بەشداری کرد و ھەروەھا بۆ کۆنگرەی فەرزانەگان کە لە شاری سنە بەڕێوە چوو، وتارێکی سەبارەت بە ڕوانگەی نوێخوازیانەی سوارە ئیلخانی زادە ئامادە کردبوو بەڵام لە کاتی بەڕێوەچوونی سمینارەکە جێگەی ژیلا حوسێنی بە گوڵ نەخشێنرابوو و ھاوڕێیەکی بە ناوی (کولسووم عوسمان پوور) وتارەکەی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

ژیلا لە بەرەبەیانی هەینی ٦ی ڕەزبەری ١٣٧٥ی ھەتاوی (٢٧ی ئەیلوولی ١٩٩٦ی زایینی) ھاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی کە دەیانویست بۆ بینینی شێرکۆ بێکەس بچنە شاری تاران لە رێگادا تووشی کارەساتی وەرگەڕانی ماشێن دەبن و بە تەمەنێکی کەم و کارامەی ٣٢ ساڵییەوە لەگەڵ کچە دە مانگەکەی (ژینا) گیانیان لە دەست دەدەن.

کوردستان ژنە شاعیرێکی بواری ئەدەب و گەشە کۆمەڵایەتییەکانی لە کیس و خەسار چوو. ھەواڵی مەرگی ژیلا حوسێنی سەرەڕ‌ای نەبوونی دەستگای ڕاگەیاندنێکی ئەوتۆ زۆر زوو بە وڵاتدا بڵاو بۆوە و شاری سەقزی کردە پاپۆڕی لایەنگرانی شیعری کوردی و شیعری ژیلا. دوای مەرگی ژیلا زۆریەک لە شاعیران و نووسەران وەک شێرکۆ بێکەس، مارف ئاغایی، نەجیبە ئەحمەد، مەهاباد قەرەداغی و هتد خەم و پەژارەی خۆیان بۆ ئەم کارەساتە بە نووسین دەربڕی. لە ماوەی سێ ڕۆژ پرسە و سەرەخۆشیدا کە لەلایەن بنەماڵەی ژیلا و ئەندامانی ئەنجومەنی فەرھەنگی ئەدەبی مەولەوی کورد لە شاری سەقز بەڕێوە چوو ھەموو ئەندامانی ئەنجومەنە ئەدەبییەکانی شارەکانی سنە، مەریوان، بانە، مەھاباد و بۆکان بەشدارییان کرد. ھەروەھا گەلێک کەسایەتی ناودار و ناسراوی وێژە و ئەدەبی کوردی بە پیری ئەو کۆستە گەورە و خەمی بنەماڵەکەی و ئەدیبان و خەڵکی شاری سەقزەوە ھاتن و تەرمی ژیلا و کچۆڵەکەیان لە گۆڕستانی دۆزەغەرە لە ڕۆژھەڵاتی شاری سەقزدا لە تەنیشت باو و باپیرانی بە خاک ئەسپەردە کرد.[٤][٥][٦][٧]

نموونەی شیعری[دەستکاری]

  • بڕیار!

ئێستا ئەڕۆم
بەڵام ڕۆژێکت زانی ھاتمەوە
ئەمجارەیان بە دەستێکم ھەتاو
بەو دەستەکەم زەریام پێیە
ئەمجارەیان
ھەرچی ھەیە
لە بەرز و نزمایی جیھان ئاگام لێیە
لەیرەکانە دڵم تەنگە
ھێندە سڕی بیرە کۆنەکەی جارانی
گەر ئاگر بم
دەنگی وشەم چەن دلێر بێ
تۆ لە خەونی خۆڵەمێشیت ھەڵناسێنێ
وەڕەز بووم
ئێستا ئەڕۆم
بەڵام بڕیار بێ بێمەوە
ئەمجارەیان لەگەڵ خۆما
پڕ بە جانتای شیعرەکانم
ھیوا و شادی و پێکەنینت بۆ بێنمەوە.

شیعری شێرکۆ بێکەس بۆ ژیلا[دەستکاری]

شێرکۆ بێکەس پاش کۆچی دوایی ژیلا ئەم شیعرەی پێشکەش کرد:[٨]

  • ژیلا!

هاوار هاوار
ئه‌رێ نازانن له‌ كوێیه‌؟!
ئه‌رێ توخوا نه‌تاندیوه‌؟!
له‌ مله‌كانی شاهۆوه‌
پەرییەکی قژ نارنجی نیوەی شەو و نیوەی ھەتاو
پەرییەکی شیعری حافیز نیوەی گوڵ و نیوەی تەرزە
کچی تەم و کچی باران ھات داگەڕا
گەیشتە لام و پێی وتم
من خۆم دیومە
ژیلا بووە بە شەتاوێ لەو کاوانە و
ژیلا بووە بە چنوورێ لە کەژانە و
ژیلا بووە بە ماسییەکی باڵداری ناو زرێبار
من خۆم دیومە
ئیسە ئەو لەناو ھەورایە و
لەسەر کورسییەکی بەرزی ئەرخەوانی دانیشتووە و
بە گزم شیعر دەنووسێ و
کراسێکی ھاودامانی مانگە شەوی لە بەرایە
من خۆم دیومە
بووە بە کۆترە شینکەیەک لەو ماھیانە و
گمەگمی ئەوینییەتی و ھەر شەقژنی برینییەتی و
ھەر چاوە چاوی بینینی باڵای شیعرێکی تۆیەتی و
مڵوانکە بلووری ئەستێرەی لە ملایە.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

یەکەم بەرھەمی دەستنووسی ژیلا حوسێنی چیرۆکی (بەرباد ڕەفتە)یە کە بە زمانی فارسی نووسیویەتی و دواتر ژیلا خۆی زۆر تامەزرۆی چاپ کردنی نەبووە ھەر بەو پێیە ئەوەڵین بەرھەمەکانی ژیلا بە زمانی فارسی بوون ھەتا سەرەتای ساڵەکانی ١٣٦٣ و ١٣٦٤ ھەتاوی کە لە بەشی کوردی ڕادیۆ سنە دەستی بە کار و تێکۆشان کردووە. ئەوە بەو مانایە نییە کە ژیلا ئاشنای ئەدەب و فەرھەنگی ڕەسەنی کوردی نەبووە؛ ئاشکرایە زۆر بە جوانی شارەزای ھەموو بەیتە کوردی و ئاشنای زۆربەی شیعر و شێوازی شیعری شاعیرانی کورد بووە و ھەمیشەیش شانازی پێوە کردوون و لەو بوارەیشدا قەڵەمەکەی خستووەتە گەڕ و گەلێک بەرھەمی لە دووتۆی کتێب و دەفتەرێکدا پێشکەش بە دیوەخانی وێژە و ئەدەبی کوردەواری کردووە کە بەرھامەکانی بریتین لە:

  • گەشەی ئەوین[٩] ( دەفتەرە شیعر، یەکەم بەرھەمی شاعیر).
  • قەڵای ڕاز[١٠] (دیوانە شیعر و چەند چیرۆکێک که ساڵی ١٩٩٩ پاش مەرگی چاپ کراوە) و لە سێ بەش پێک ھاتووە:
  1. پاشماوەی شیعرە کوردییەکانی
  2. ھەڵبژیردراوی کورتیلە چیرۆکە کوردییەکانی
  3. کۆمەڵە شیعرێک بە زمانی فارسی بە ناوی (باران)
  • داوای لێبووردن ( وەرگێڕانی چیرۆکی سادق ھیدایەت کە لە گۆڤاری ڕاماندا لە ھەولێر بڵاو بووەتەوە).
  • دزیرە (وەرگێڕانی ڕۆمان لە فارسییەوە بۆ کوردی کە هەڵبەت تەواو نەکراوە).
  • چەتر (دیوانە شیعری منداڵان کە لە باشووری کوردستان لە چاپ دراوە).

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ کۆبونەوە بۆ لێکدانەوەی شێعری نوێی کوردی لە شاری سنە، ئیرنا، 2016
  2. ^ شیعری نوێی کوردی(بەرەی چوار) وتووێژ لەگەڵ د.مەسعوود بینەندھ، کاوان محەمەدپوور، ماڵپەری ئاماژە، 2016
  3. ^ ژیلا حوسێنی، شیعری کوردستان ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، خالید بایزیدی، ئاوانگارد، 2014
  4. ^ ژیان نامەی ژیلا حوسێنی ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، شارنیوز، 2009
  5. ^ شاعیرێک بۆ شیعر، ڕۆژان نوری، ماڵپەری ژنۆلۆژی، 2020
  6. ^ ژیلا حوسێنی.. پێشه‌نگى ژنه‌ شاعیره‌ نوێخوازه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، ستار جه‌بارى، ماڵپەری وشە، ٢٠٢٠
  7. ^ ژیلا حوسێنی، کوردستانی نوێ، ژمارە ٨٢٣٤، ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە.
  8. ^ شێعری مامۆستا شێرکۆ بێکە س بۆ ژیلا
  9. ^ گەشەی ئەوین، ژیلا حوسێنی، سنە، چاپەمەنی ژیار، ١٩٩٥ (١٣٧٤).
  10. ^ قەڵای ڕاز، ژیلا حوسێنی، تاران، ڕێکخراوەی چاپ و بڵاو کردنەوەی بۆرەکەیی ١٩٩٨ (١٣٧٧)

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]