بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شیعر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شیعر یان ھۆنراوە یان ھۆزان یان ھەڵبەست وتەیەکی ھۆنراوی جادوویییە، کە کار دەکاتە سەر ھەست و ھزری مرۆڤ.[١]
لایەنگرانی ھۆنراوەی عەرووزی، کێشی عەرووزی، سەروا و تایبەتمەندییەکانی دیکەی شیعری کۆن بە پێناسەی شیعر دەزانن و تا ڕادەیەک شیعری ئازاد کە ڕەھا لەم بەندانەیە بە شیعر نازانن. شاعیرانی بەرەی نوێ، بە ڕێزگرتن لە ھەر دوو شیعری کۆن (عەرووزی) و شیعری ئازاد، سنووری دژایەتیی نێوانیان بەزاندووە و دەلاقەیەکی تازە و کراوەتریان بە ڕووی شیعردا کردووەتەوە.

مێژووی ھۆنراوە

[دەستکاری]

کۆنترین ھۆنراوە، ڤێداکانی ھیندووەکانی کەونارایە. کەس بە درووستی مێژووی ھۆنرانی ئەم ڤێدایانە نازانێ، مێژووی کۆنترین ھۆنراوەی ڕیگ ڤێدا بۆ ھەزار تا پێنج ھەزار ساڵ پێش لە زایین دەگەڕێتەوە.[٢] گاتاکانی زەردەشتیش سەر بە ڕابردوویەکی زۆر کۆنن، ئەم ھۆنراوانە، وەک یەکەمین ھۆنراوەی بەجێماوی نەتەوەی کورد دێنە ھەژمار.[٣] لە ھۆنراوە کۆنەکانی تر دەتوانین پاڵەوانەتیی گلگامێش ناو بەرین؛ ئەم ھۆنراوەیە یەکەمین ھۆنراوەی پاڵەوانەتییە.[٤] لەو شوێنەدا کە مێژوو دەبڕێتەوە، ئوستوورە دەست پێدەکا. پاڵەوانەتییە گەورەکان لەسەر ئوستوورەکان دامەزراون و ئوستوورە گەورەکانیش بەرھەمی ھەلومەرجەکانی مێژوون. جیھان چەندین پاڵەوانەتی گەورەی بە خۆوە دیوە:

ھەموو ئەم پاڵەوانەتییانە بەرھەمی ساتەوەختە زۆر گرنگەکانی مێژووی نەتەوەکانن.[٥] چینییەکانی کەوناراش ھۆگری شیعر بوون؛ کتێبی ھۆنراوەکانی شیچینگ لە چینی کۆنەوە بەجێ ماوە.[٦]

ناوەکانی تر

[دەستکاری]

لە زمانی کوردیدا ئەم ناوانەش بۆ چەمکی شیعر ھەیە:

  • ھۆزان، ھۆنە، ھەڵبەست، ھۆنراوە، ھلبەست، نەوشە

ڕوانگەکان

[دەستکاری]

ڕوانگەی ئەرەستوو

[دەستکاری]

لە نێو ئەھلی لۆجیک و فەلسەفەی کۆندا، ئەوەی بە گردوکۆیی و تێروتەسەلانە پەرژاوەتە سەر بابەتی شیعر، ئەرەستووە. ئەگەرچی پێش لەویش بوقرات، ئەریستووفانس و ئەفلاتوون لەسەر شیعر قسەیان کردووە، بەڵام ھونەری شیعری ئەرەستوو تەنیا نامیلکەیەکی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانەیە کە لەسەر شیعر نووسراوە.[٧] ئەرەستوو بیردۆزی ئەدەبیی خۆی لەسەر بنەمای «محاکات» (لاساییی ڕووداو) دادەڕێژێ و سێ توخمی کێش (ئیقاح)، وشە (وتە) و ھەماھەنگی بە کۆڵەکەکانی شیعر و کەرەستەکانی موحاکات دەژمێرێت. بە گوێرەی بۆچوونی ئەرەستوو، جۆرەکانی شیعر، واتە حەماسە، تراجیدی، کۆمێدی و جۆرەکانی سەر بەوان وەک گۆرانی، مۆسیقا، شیعری دڵداری، ھەڵپەڕکێ و سەما، پێکڕا لە جەوھەری ھونەریدا ھاوبەشن و جیاوازییان تەنیا بۆ کەرەستەکانی لاسایی (توخمە سیانەکان)، ناوەرۆکی لاسایی و شێوەکانی لاسایی دەگەڕێتەوە.[٨]

ئەرەستوو لە بەشێک لە شرۆڤەکانی خۆی لەمەڕ چییەتیی شیعر و کاری شاعیر ئاوا دەنووسێ:

«کاری شاعیر ئەوە نییە کە ڕووداوەکان بە وردی بگێڕێتەوە، بەڵکوو دەبێ بەو جۆرە کە لەوانەیە ڕووی دابێ، نەقڵی بکا. جیاوازیی شاعیر و مێژوونووس لەوەدا نییە کە ئەم بە ھۆنراوە ڕووداوێک بگێڕێتەوە و ئەو بە پەخشان؛ چونکە لەوانەیە مێژووی ھێردۆتیش بھۆنرێتەوە، بەڵام بەمە نابێ بە شیعر و ھەر مێژووە. شیعر لە مێژوو فەلسەفیترە و گشتبینترە، بەڵام مێژوو وردبینە و دەپەرژێتە سەر وردەکارییەکان.»[٩]

ڕوانگەی باوی ڕابردوو

[دەستکاری]

پاش بزاڤی وەرگێڕان و گواستنەوەی بیردۆزەکانی شیعری یۆنانی بۆ جیھانی ئیسلام، ئەم نامیلکانە شەپۆلێک بیروبۆچوونی لەنێو فەیلەسووفانی ئیسلامی بەدی ھێنا؛ فارابی، ئیبنی سینا، ئەبولبەرەکاتی بەغدادی، ئیبنی ڕوشد و خواجە نەسیرەدینی تووسی ھەرکام بەشێک لە بەرھەمەکانیان بە شیعرەوە تەرخان دا.[١٠]

  • خواجە نەسیرەدینی تووسی بە کارتێکەری ئیبنی سینا لە کتێبی شیفاوە و بە شۆنەڕاییی ئەرەستوو، شیعر بە «قسەیەکی دڵڕفێن کە لە وتەگەلی ھۆنراو و بەرابەر پێک ھاتبێ» دەزانێ .
  • فارابی سەبارەت بە شیعر دوو بەرھەمی داناوە، یەکێ (مقالة فی قوانین صناعة الشعراء) و ئەوی تر (کتاب الشعر)ە. فارابی دەڵێت:

«لەم وتارەدا، تەنیا دەپەرژینە سەر ئەو وتە و واتایانە کە حەکیم (ئەرەستوو) لە شیعرھۆنیندا سەلماندوویە، بێ ئەوەی بابدەینەوە سەر تەواو واتاکانی شیعر. چونکە خودی حەکیم بۆچوونەکانی لەمەڕ ھەڵەوێژی تەواو نەکردووە.[١١]»

  • ئەفلاتوون، شیعر لە باری ئەخلاقییەوە بە ماڵوێرانکەر دەزانێ و لە ڕوانگەی مەعریفەتناسییەوە بە دوور لە ڕاستی و بایەخی زانستیی دەزانێ. ئەفلاتوون خۆی لە جوانیی ئەدەبیی شیعر دەدزییەوە و تەنیا لە دەلاقەی ئەخلاقەوە بۆی دەڕوانی.

ئەو پێناسانەی لە کۆندا بۆ شیعر دەکرا، ئەگەرچی مەرجی پێویست (لانیکەم)ی دەگرتەوە، بەڵام داگری ھەموو مەرجەکانی شیعر نەبوو. واتە زۆرتر توخم و ھێما ڕواڵەتییەکانی شیعری دەبینی، نە گیان و جەوھەری دەروونی و میتافیزیکی ئەو. ڕاستییەکانی نێو دڵی شیعر، نە لە وتن دێ، نە وەردەگێڕدرێ و نە دەخرێتە ژێر ڕەخنە. بەم شرۆڤەوە شیعر خودی ژیانە، واتە ئەزموونی ژیان. کەوابوو وەک خودی ژیان نزم و بڵیندیی ھەیە.[١٢] شیعر ھەم شۆر و ئارەزووی ڕەھایە وەک گۆرانیی دڵداریی وەلی دێوانە و ھەم تێگەیشتن و ژیریی ڕەھایە وەک قەسیدەکانی ئەحمەد موفتیزادە[١٣] و ھەم ئاوێتەیەکە لە شۆر و ژیری وەک شیعرەکانی مەستوورە، مەولەویی کورد، نالی و مەحوی.

جۆرەکانی ھۆنراوە

[دەستکاری]

ھۆنراوەی بڕگەیی

[دەستکاری]

لە ھۆنراوەی بڕگەییدا پایەی کێش، ژمارەی بڕگەی باڵەکانە؛ وەک ھۆنراوەی فولکلوری کوردی کە بیست بڕگەی چوار بەشییە.[١٤] کێشی بڕگەیی، جۆرێک لە کێشی ھۆنراوە کە چۆنییەتیی بڕگەکانی ھۆنراوە (واتە کورت، درێژ و کێشراو) لە بەرچاو ناگیرێت و ژمارەی بڕگەکان، کێشی ھۆنراوەکە پێک دەھێنن. بەم بۆنەوە جاروبار بە کێشی ژمارەیییش دەناسرێت. بەم پێیە ھۆنراوەی بڕگەیی بە ٧ بڕگەیی، ٨ بڕگەیی، ١٠ بڕگەیی، ١٢ بڕگەیی و… پۆلێن دەکرێت.[١٥] نموونەیەک لە ھۆنراوەی بڕگەیی لە مەولەویی کورد و ژمارەی بڕگەکانی:

ھەرچی دیت وە چەم شی وە سەفەردا
١ ٢ ٣ ٤ ٥ / ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠
ھەرچی موینی ھانە گوزەردا
١ ٢ ٣ ٤ ٥ / ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠
کەس حاڵی نەبی وە ھیچ نەفاما
١ ٢ ٣ ٤ ٥ / ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠
ئەو پەی چێش ویەرد، ێێد پەی چێش ئاما
١ ٢ ٣ ٤ ٥ / ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠

لێکۆڵینەوەکان پیشان دەدەن کە پێش ھاتنی دینی ئیسلام و لێژدرانی زمان و فەرھەنگی عەرەب بۆ وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوین، ھۆنراوەی بڕگەیی لە کوردستان و ناوچەکانی تری ئێراندا لە برەودا بووە. کۆنترین ھۆنراوەی بەجیماو لەو سەردەمە گاساکانی ئەڤێستایە کە لەسەر کێشی بڕگەیی ھۆنراون. لە ساڵی (١٩١٠) لە لێکۆڵینێکی شوێنەوارناسی لە گوندی ھەزارمێردی پارێزگای سلێمانی، پارچە ھۆنراوەیەکی بڕگەیی، ھیی سەدەی دووھەمی کۆچی دۆزرایەوە:[١٦]

ھورمزگان ڕمان، ئاتران کوژانوێشان شاردەوە گەورە گاوران
زۆرکاری ئارەب کەردنە خاپوورگنای پاڵەیی ھەتا شارەزوور
شەن و کەنیکان وە دیل بەشینامێرد ئازا تلێی وە ڕووی ھوونینا
رەوشت زەردەشترە، مانۆوە بێ کەسبەزیکا نەیکا، ھورمز وە ھیچ کەس[١٧]

ھەرچەند وێنەی دەستنووسەکەی ئەم شیعرە لە ھیچ سەرچاوەیەکی جێگەی بڕوادا بڵاو نەکراوەتەوە و گومان لە دەستکردبوونیدا ھەیە.[١٨] بەڵام ئەم ھۆنراوەیە تەنیا ھۆنراوەی کۆنی کوردیی بڕگەیی نییە، شیعرەکانی سەرەنجام و پیرەکانی یارسان، زۆربەی ئەدەبی گۆرانی و بڕێک لە شیعری سۆرانی و کرمانجی وەکوو شیعرەکانی فەقێی تەیران لەسەر وەزنی بڕگەیین.[١٩]

ھۆزانی عەرووزی

[دەستکاری]

لە سەرتاسەری ھۆزانی عەرووزیدا، کێشێکی دیاریکراو، بە ناوی بەحر ھەیە.[١٤]
جیاوازیی کێشی عەرووزی و بڕگەیی لەوەدایە کە لە عەرووزدا، ھۆزانەکان بڕگە-بڕگە دەکرێن بە کورت، درێژ و کێشراو. نموونەی ھۆزانێکی عەرووزی لە حاجی قادری کۆیی و بڕگە-بڕگەکردنی:

ھەتا وک ئاگری بن کان لەگەڵ یەک
¤ - - - / ¤ - - - / ¤ - -
ئەگەر تۆفان بێ لەشکرتان بە پووشەک
¤ - - - / ¤ - - - / ¤ - -
مفاعیلن مفاعیلن فعولن

ھەڵبەستی نوێ

[دەستکاری]
وتاری سەرەکی: ھەڵبەستی نوێی کوردی

ھەڵبەستێ کە بە ئاھەنگ و کێش و سەرواوە نەبەسرابێتەوە.[٢٠]
یەکەمین برووسکەی گۆڕانکاری لە ھەڵبەستی کوردی بۆ سەرەتاکانی دەیەی چلی زایینی و بەرھەمەکانی شێخ نووری شێخ ساڵح دەگەڕێتەوە. ڕەنگە ھەڵبەستی (حەقە ئەمڕۆ)ی شێخ نووری بەس بووبێ بۆ ھەڵگرساندنی شەڕی نێوان کلاسیک و نوێخوازی. شێخ نووری لەم ھۆنراوەیەدا بە تیزەوە چوارچێوە و یاساکانی ھۆزانی کلاسیک دەبەزێنێ. دوایی شێخ نووری لەژێر کارتێکەریی وێژەی تورک، بزاڤی نوێخوازی لە ھۆنراوەی کوردی دەجمێنێ و بوار بۆ گۆران خۆش دەکا تا چەندین ساڵ دواتر، شێلگیرانە تێھەڵچێ و ئەو کارە بکا کە نیما لە شیعری فارسیدا و واڵت ویتمەن لە شیعری ئینگلیزیدا کردی (ھەرچەن گۆران دایمە شێخ نووری بە ڕچەشکێن و ئاڵاھەڵگری ھۆنراوەی نوێی کوردی دەزانی). بەم پێیە ھۆزانی نوێی کوردی بە دوو قۆناخ دابەش دەبێت:[٢١]

  • قۆناخی گۆران
  • قۆناخی پاش گۆران (شیعری سپی)

گۆران کە ھۆنراوەی کوردی بە باشی دەناسی، کتوپڕ سەری لە کێش و سەروای عەرووزی بادا و شیعری کوردیی لە باری فۆرم و ناوەرۆکەوە گۆڕی. گۆران لەو باوڕەدا بوو کە نیزامی عەرووزی عەرەبی لەگەڵ ڕۆحی شیعری کوردیدا ناگونجێ و بە یەکجاری (کێشی عەرووزی) و (بەرابەریی بەیتەکان) و (بڕگەی عەرووزیی) وەلا نا و گەڕاوە سەر بنەڕەتی شیعری کوردی (کێشی بڕگەیی). گۆران بە ئیمانێکی قووڵەوە دەستی بەم کارە کرد و ڕاشکاوانە دەیگوت: "مۆسیقای بەحرەکانی عەرووزی، بێجگە ئاھەنگ، شتێک بە ھەست و نەستی مرۆڤ نابەخشێت. تەنیا ئەوانە چێژ لەم کێشە دەبینن کە خۆیان دانەری بوون و پێی ڕاھاتوون. شیعری کوردی ئەم دیارییەی بۆ قووت ناچێ."
گۆڕانکارییەکانی گۆڕان، زۆر زوو پێشوازیی لێ کرا و شاعیرانێکی زۆر ڕوویان تێ کرد؛ شاعیرانێ وەک: موکری، ھەرەوی و … بە لاساییی گۆران شیعریان ھۆنییەوە. دووپاتەبوونەوەی بەردەوامی شێوازی گۆران بووە ھۆی مەندی و لەجووڵەکەوتنی بزاڤی نوێی شیعری کوردی و سەرھەڵدانی قەیرانێکی تازە. لەگەڵ کرانەوەی چاو و دڵی شاعیران بە شیعری نوێی وڵاتانی دەوروبەر، شیعری ئازاد یان شیعری سپیی کوردی چاوی بە دنیا ھەڵێنا. شاعیرانی شیعری ئازاد لە سێ بەرەدا، بریتین لە:

  • شاعیرانی دەیەی حەفتاد: لە سەرەتاکانی دەیەی حەفتادی زایینی، شاعیرانێ وەک شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵڵا پەشێو، ڕەفیق سابیر، لەتیف ھەڵمەت و … سەریان ھەڵدا و بە خوێندنەوەی ئەدەبی جیھان-لە ڕێگای وەرگێڕاوە عەرەبییەکانەوە- درکیان بە ڕاوەستانی شیعری کوردی کرد و بە دەردانی بلاڤۆکێک (مانیفێستی ڕوانگە)، پێویستبوونی گۆڕانکاری لە شیعری کوردییان ڕاگەیاند. شاعیرانی دەیەی حەفتاد لە دوو پۆلی (ڕوانگە) و (کفری کەرکووک) دەستیان بە چالاکی کرد؛ شاعیرانێ وەک شێرکۆ بێکەس، جەلال میرزاکەریم و… لە پۆلی ڕوانگە و کەسانێ وەک لەتیف ھەڵمەت و فەرھاد شاکەلی و … لە پۆلی کفری کەرکووک.
لە شاعیرانی دیکەی دەیەی حەفتاد: ڕەفیق سابیر، عەبدوڵڵا پەشێو، ئەنوەر قادر محەممەد، قوباد جەلیزادە، هاشم سەڕاج، دڵشاد عەبدوڵڵا و…
  • دەیەی ھەشتاد: لە درێژەی ڕەوتی نوێخوازانەی شیعری مۆدێڕنی کوردی و گۆڕانکارییەکانی دەیەی حەفتا، شاعیرانێ تر لە دەیەی ھەشتاد سەریان ھەڵدا کە جیاوازی لە بەرھەمەکانیاندا دیار بوو. چالاکترینیان گرووپی دەسپێکی ھەولێر بوو، کەسانێ وەک: مەھاباد قەرەداغی، محەممەد عومەر عوسمان، جەلال بەرزەنجی، عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا و … ھەروەھا بەڕۆژ ئاکرەیی کە لە کۆتایییەکانی دەیەی ھەشتاد شێلگیرانە دەستی بەکار کرد و بە بڵاوکردنەوەی چەندین کتێب لە دەیەی نەوەددا، لەژێر کارتێکەریی شیعری فارسی، کەشێکی تازەی لە شیعری کوردیدا بەدی ھێنا. هەروەها ئەنوەر مەسیفی، کە یەکەمین ئەزموونی لە ساڵی ١٩٧٨دا چاپ کردبوو، لە هەشتایەکاندا وەک یەکەمین شاعیری ئاڤانگاردی کورد، شۆڕشێکی فۆرمگەرای لە شیعری کوردیدا بە ناوی فۆرمی گران داهێنا.[٢٢]
دەیەی نەوەد: کۆتایییەکانی دەیەی ھەشتاد ڕێکەوت بوو لەگەڵ گت و ڕاوەستانێکی تر لە شیعری کوردی. زاڵبوونی شێوازی شاعیرانی دەیەی حەفتاد، ڕەوتی نوێخوازی شیعری کوردی تووشی قەیران کردبوو، لە دەیەی نەوەد، بە ھاتنی چەن شاعیرێکی لاو، ئەم ڕچە شکا و شیعری کوردی دیسانەوە بووژاوە. شاعیرانێ وەک: بەختیار عەلی، دڵاوەر قەرەداغی، فەرھاد پیرباڵ، فەرەیدوون پێنجوێنی، کەژاڵ ئەحمەد و... کە بە کاری نوێ و جیاواز نیشانیان دا کە شیعری مۆدێڕن باش دەناسن و لە تایبەتمەندییەکانی شیعری کوردییش بە باشی ئاگادارن. فەرھاد پیرباڵ لە شیعری «مانیفێستی دووھەمی وێران»دا ھەوڵ دەدا بە فۆرمێکی تازەی پێکھاتەی شیعر بگات. پیرباڵ لەم شیعرەدا ھێرش دەکاتە سەر ڕەسم و یاسا و ڕێسا کۆنەکانی شیعری کوردی.

ڕەوتی نوێخوازی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان

[دەستکاری]

ڕەوتی نوێخوازیی شیعری کوردی، لە کوردستانی ئێران، پاش شەپۆلی گۆڕانکاری شیعری لە وڵاتانی دراوسێ دەستی پێکرد. پاش شۆڕشی شیعری نیما لە ئێران و گۆڕانی شیعری کوردی لەلایەن گۆرانەوە لە کوردستانی عێراق، شاعیرانێکی وەک کاک سوارە، ھەڵۆ، ھاوار، چاوە و … بە سوودوەرگرتن لە شۆڕشی شیعری نیما و ڕێکخستنی لەگەڵ وێژە و شیعری کوردی، بەرەو نوێخوازیی شیعری کوردی ھەنگاوی باشیان نا.
لە ئاخرەکانی دەیەی پەنجای ھەتاوی و سەرەتاکانی دەیەی شەست، شاعیرانێکی وەک جەلال مەلەکشا، عەلی حەسەنیانی و شەریف حسەین پەناھی (شەریف) لەم بوارەدا قەڵەمیان بە دەستەوە گرت. لە دەیەی حەفتادا کۆمەڵێک شاعیری لاو سەریان ھەڵدا کە بە ئاگاداری لە گۆڕانکارییەکانی شیعری جیھان، بەرھەمی تازە و جیاوازیان خولقاند. کەسانێ وەک: مارف ئاغایی،[٢٣] فەرەیدوون ئەرشەدی،[٢٤] ژیلا حسەینی،[٢٥] محەممەدساڵح سووزەنی،[٢٦] ڕەحیم لوقمانی، سیمین چایچی،[٢٧] کولسووم عوسمانپوور[٢٨] و … و ھەروەھا لەم ساڵانەدا شاعیرانێکی لاوتر وەک: ئیبراھیم ئەحمەدی نیا، بێھزاد کوردستانی،[٢٩] ئەمین گەردیگلانی و… بە کاری نوێتر و جیاوازتر، کەشێکی تازەیان لە شیعری کوردی بەدی ھێنا.

لە شێوەزاری کوردیی باشووری لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و ناوچە لەکنشینەکانی پارێزگای لوڕستان لە باشووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەم گۆڕانکاریی ئێجگار قووڵ لە شیعری شێوەزارەکانی کوردیی لەکی و کەڵھوڕی بەدی ھێنراوە. شاعیرانێکی وەکوو کۆسار بێستوونی، سەعید عیبادەتیان، جەلیل ئاھەنگەرنەژاد، زاھیر سارایی، جەلیل سەفەربەیگی، ئارەش ئەفزەڵی، ڕزا مۆزوونی، شێردڵ ئێڵپووڕ، ناھید محەممەدی، عەلی ئولفەتی، فەریاد شیری، ئیحسان نەجەفی، ڕێوار ئاودانان، مستەفا بەیگی و دەیان کەسی دیکە لە شاعیرانی نوێژەنی ناوچەی باشووری ڕۆژھەڵاتی کوردستانن کە فۆرمی مۆدێرنیان لە شیعری کوردیی باشووریدا ئەزموون کردووە.[٣٠]

شاعیرانی دەیەی دووهەزار

[دەستکاری]

ڕەوتی شیعریی سەدەی نوێ، کە بە شاعیرانی دووهەزارەکان یان نەوەی دووەمی دوای ڕاپەڕین پێناسە دەکرێن، بریتییە لەو شاعیرانەی کە لە کۆتایییەکانی سەدەی بیست و سەرەتاکانی سەدەی بیستویەک کەوتوونەتە شیعرنووسین و بڵاوکردنەوە. ئەم شاعیرانە بە خەمێکی خودیی مرۆڤی مۆدێرن، واتای ئەبستراکت و زمانێکی مۆدێرن و ڕۆژانەوە دەستیان کرد بە شیعرنووسین. واتا لە قۆناغێکدا کە پێیان وا بوو شاعیرانی بەرەکانی پێشوو لە وەسف و زمانێکی ڕازاوەدا جێگیرن، نەوەی دووهەزارەکان بۆ گۆڕانکاری سەریان هەڵدا. شاعیرانێکی وەک: بەیان عەزیزی، هەڵاڵە سوهرابی، ئەنوەر عەرەب... لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لازۆ ئازاد، هێرۆ کوردە، بەشدار سامی، شاڵاو حەبیبە و ڕێبین ئەحمەد خدر لە باشووری کوردستان... هەروەها خووناو ئەیووب و سەرمەد سەلیم لە ڕۆژئاڤای کوردستان و لە باکووریش ئەسرا سادقئۆغڵوو.[٣١]

قاڵبەکانی شیعر[٣٢]

[دەستکاری]

قاڵبەکانی کۆنی شیعر

[دەستکاری]
  • مەسنەوی (دووخشتەکی): قاڵبێکە لە شیعری عەرووزی کە ھەموو بەیتەکان لەسەر یەک کێش ھۆنراون، بەڵام ھەر بەیتێک سەروای سەربەخۆی ھەیە و مەرج نییە لەگەڵ بەیتەکانی تر ھاوسەروا بێ.
  • قەسیدە: قاڵبێکی درێژە لە شیعری عەرووزی (زۆرتر لە ١٤ بەیت تا ٢٠٠ بەیت) کە باڵی یەکەم لەگەڵ باڵە جووتەکاندا ھاوسەروایە. جیاوازیی قەسیدە و غەزەڵ لە ژمارەی بەیتەکان و بابەتی شیعردایە.
  • غەزەڵ: قاڵبێکی شیعرە (لە نێوان ٧–١٢ بەیت) کە ھەموو بەیتەکان لەسەر یەک کێش ھۆنراون و باڵی یەکەم لەگەڵ باڵە جووتەکاندا ھاوسەروایە.
  • موسەمەت: قاڵبێکی شیعریی کۆنە کە شاعیر شیعرەکەی لەسەر چەن باڵی ھاوسەروا دادەڕێژێ، بەڵام سەروای باڵە ئاخرەکان دەگۆڕێ و سەروای باڵە ئاخرەکانیش پێکەوە ڕێک دەخا. وەک پارچەھەڵبەستی بەناوبانگی "کرانشینی"ی شامی کرماشانی.
  • موستەزاد: ئەم قاڵبە لە ڕاستیدا غەزەڵێکە، کە وشە یان ڕستەی ھۆنراو بە ئاخری ھەموو باڵێکی زیاد دەکرێت (وەک ئەم شیعرەی نالی: "ئەی تازەجەوان پیرم و ئوفتادە وو کەوتووم*تا ماوە حەیاتم/ دەستێ بدەرە دەستی شکستەم کە لە دەس چووم*قوربانی وەفاتم)
  • تەرجیع بەند:
  • تەرکیب بەند
  • قەتعە: نەوشەک، ھەڤۆک، وەند، قاڵبێکی شیعرییە بە ٢ تا ٢٠ بەیتەوە لەسەر یەک کێش و سەروا، کە پێچەوانەی قەسیدە و غەزەڵ باڵی یەکەم و دووھەمی بەیتی دەسپێک ھاوسەروا نین.[٣٣]
  • چوارینە: جۆرێک شیعری چوارلەتیی سێ-سەروایییە لەسەر کێشی لا حَولَ و لا قُوَّةَ اِلاّ بِاللە ھۆنراوە. وەک چوارینەکانی خەیامی ھەژار.
  • چوارخشتەکی: جۆرێک شیعری چوارلەتی، کە باڵی ١و٢و٤ پێکەوە ھاوسەروان و پتر لەسەر کێشی (مفاعیلن مفاعیلن مفاعیل) دەھۆنرێت. وەک چوارخشتییەکانی بابەتاھیر.
  • فەرد: قاڵبێکی یەک-بەیتی، کە زۆرتر دەبێتە پەند.

قاڵبە بەناوبانگەکانی شیعری جیھان

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. لێکدانەوەی واتای شیعر، کارێکی بۆچوونی جۆراوجۆر بۆ بابەتی شیعر، بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی مەکاتیبی وێژەیی جۆراوجۆر. ئەم واتایەی پێشکەش کرا، لێکدانەوەی تاکەکەسی نووسەری ئەم وتارەیە کە داگری کاکڵەی بۆچوونەکانی لایەنگرانی شیعری عەرووزی و ھەروەھا شیعری ئازادە، و لە زەق کردنەوەی خاڵە دژبەرەکان خۆی لاداوە.
  2. «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١١ی ئازاری ٢٠١٤ ھێنراوە.
  3. http://razzazi.se/index.php?id=26| ٤ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سروودە ئەھوورایییەکانی زەردەشت
  4. «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ١١ی ئەیلوولی ٢٠١٧ ئەرشیڤ کراوە. لە ٦ی نیسانی ٢٠١٩ ھێنراوە.
  5. «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ ھێنراوە.
  6. «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١١ی ئازاری ٢٠١٤ ھێنراوە. ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  7. عەبدولحسێنی زەڕینکووب- «یادداشت‌ھا و اندیشە ھا»، لاپەڕەی٦٤
  8. بووتیقا، بەرگی ١٣ ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  9. «جێگە و پێگەی شیعر لە لۆجیکدا، نووسەر: عەباسی ئەحمەدی سەعدی». لە ڕەسەنەکە لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٢ی ئازاری ٢٠١٤ ھێنراوە.
  10. «کارکردھای شعر در نظر فیلسوفان مسلمان، نووسەر: سەید مادی زەرقانی». لە ڕەسەنەکە لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٢ی ئازاری ٢٠١٤ ھێنراوە.
  11. «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٢ی ئازاری ٢٠١٤ ھێنراوە.
  12. «سەید حەسەن ئەمین، تعریف شعر». لە ڕەسەنەکە لە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٢ی ئازاری ٢٠١٤ ھێنراوە.
  13. ڕوونە کە شیعرەکانی ئەحمەد موفتیزادە تێکەڵێکن لە شۆر و دڵداری و ژیری، بەڵام چون باری فێرکاری و پەروەردەیی لە بەرھەمەکانی ئەودا بەرچاوترە، لێرەدا وەک نموونەیەک بۆ شیعری ژیری ھێنراوە. پڕ ڕوونە کە لە نێو شاعیرانی کورددا نموونەی فراوانمان ھەیە کە نووسەری ئەم بابەتە بە بۆنەی ئاشنایی لەگەڵ شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا، ئەمی وەک نموونەیەکی ڕوون بۆ ئەم بابەتە ھێناوە.
  14. 1 2 فەرھەنگی فارسی-کوردیی زانستگای کوردستان
  15. «یادداشتی بر اوزان ھجایی در شعر کردی». لە ڕەسەنەکە لە ٢١ی نیسانی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٤ی ئازاری ٢٠١٤ ھێنراوە.
  16. تاریخ کردھا
  17. «ھرمزگان؛ اولین شعر مکتوبِ ھورامی». لە ڕەسەنەکە لە ١٢ی ئابی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٤ی ئازاری ٢٠١٤ ھێنراوە.
  18. سەججادی، ع، مێژووی ئەدەبی کوردی، چاپخانەی مەعارفی بەغدا، 1951.
  19. مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کورد، بەرگی دووەم، ھەولێر: ئاراس ٢٠٠٢.
  20. فەرھەنگی فارسی کوردیی زانستگای کوردستان
  21. نگاهی به جریان نۆگرایی در شعر کردی - مادح علی اقدم
  22. مەحموود، بەختیار ئەحمەد. «ڕواڵەتە نوێکانی شیعر لە دیوانی "شەیتان"ی ئەنوەر مەسیفیدا». گۆڤاری پۆڵەتەکنیکی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکان، ژمارە ٢، ٢٠٢٠.
  23. http://www.sherenab.ir/News-View-1800.html[بەستەری مردوو]
  24. وێبلاگی فەرەیدوون ئەرشەدی
  25. سەبارەت بە ژیانی ژیلا حسەینی دەتوانی سەردانی ئەم ماڵپەڕە بکەی. ٧ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  26. suzeni.blogfa.com/
  27. simin-chaichi.blogfa.com
  28. وێبلاگی کولسووم عوسمانپوور
  29. http://www.ebrahimahmadynia.blogfa.com/
  30. پژوھش‌نامە و آسیب‌شناسی شعر کُردی (کلھری): با محوریت ایلام و کرمانشاە، تألیف و گردآوری مازیار نظربیگی (ڕاھین)، کرمانشاە: مؤلف، ۱۳۹۵.
  31. «شیعری کوردی دوای راپەڕین، گۆڕینی ئاسۆکانی چاوەڕوانی». Emrro. ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠١٧.
  32. ویکی فارسی
  33. فەرھەنگی فارسی-کوردیی زانستگای کوردستان