مەلا حەسەنی دزڵی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەزاری مەلا حەسەن دزڵی
گۆڕی مەلا حەسەن دزڵی لە پاڵ زیارەتەڵانی ئەسحابەدا لە گوندی دزڵی

مەلا حەسەنی دزڵی (١٨٥٩-١٩٤٦) مامۆستایەکی ئاینیی[١] و شاعیرێکی نیشتمانپەروەر و شۆخیزانی کورد بووە. ڕێکخراوی کولتوری و ھونەریی ڕۆجیار لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠دا لە سەوڵاوا کۆنگرەیەکی بۆ ڕێزنان لە مەلا حەسەنی دزڵی بەڕێوەبرد.[٢]

ژیان[دەستکاری]

ناوی حەسەن کوڕی مەلا موحەممەد کوڕی موحەممەدڕەزایە. لە ساڵی ١٨٥٩ (١٢٧٥ی کۆچیی مانگی) لە گوندی وەیسیا لە ھەورامان لە بنەماڵەی مەردۆخییەکاندا لە دایک بووە. لە دەگاشێخان، شنۆولاجان، دۆڵکانە، سەنگان، ھەولێر، ناوچەی بارزان و سلێمانی دەرسی ئایینیی خوێندووە. لە سەنگان و پاشان لە دزڵی و ھانەیقوڵ و بانیشار دەبێ بە مەلا.

لە نێوان مەلا حەسەن و چەند مەلای دیکەدا کێشەیەکی ئایینی دروستدەبێ. دەچن بۆ بەغدا و لەلای موفتیی بەغدادا مەلا حەسەن ئەوان دەبەزێنێ. موفتیی بەغدا زۆر پێی خۆش دەبێ و بە زانایەکی باشی دەزانێ و پێی دەڵێ چیت ئەوێ بۆت ھەڵدەسووڕێنم، مەلا حەسەنیش دەڵێ خەرجەکەم بدە کە لە زانکۆی ئەلئەزھەری میسر درێژە بە خوێندن بدەم.

مەلا حەسەن ٣ ساڵ لە زانکۆی ئەزھەر دەخوێنێت و پاشان ٩ ساڵیش لەوێ تەدریس دەکات. دیسان بیری ھەورامان دەکاتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ھانەیقوڵ و پاشانیش دزڵی و تا کۆتایی ژیانی لە دزڵی مامۆستای ئایینی دەبێت. لە پیریدا ژن دێنێت و منداڵی نەبووە. لە ساڵی ١٣٦٥ی کۆچیی مانگی مردووە و لە گۆڕستانی ئەسحابی دزڵی ئەسپەردە کراوە.

بڕوای بە تەسەوف نەبووە و ئیتاعەتی دەرەبەگ و خانی نەکردووە و ھەموو کاتێ بە ھەژاری ژیاوە. مەلا حەسەن عەرەبی و فارسییشی بە باشی زانیوە.

مه لا حه سه ن له گل مەلا ئەحمەدی نۆدشی و شیخ حیسام الدین نه قشبندی قه صه بووه له بوواری فه توای ئیسلامی دا.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

مەلا حەسەن کۆمەڵێک ھۆنراوەی بەنرخی بە شێوەزارەکانی ھەورامی و سۆرانی نووسیوە. بەداخەوە خۆی کۆیانی نەکردووەتەوە و لەوانەیە زۆرێکیان تیاچووبێتن.نازناوی لە شیعرەکانیدا «ھیجری» بووە. ئەحمەد نەزیری لە ساڵی ٢٠٠١دا لە سنە کتێبی «شیعرەکانی مەلا حەسەنی دزڵی مەردۆخی» چاپ کردووە کە کۆمەڵێک لە ھۆنراوەکانی مەلا حەسەنی بە شەرحەوە نووسیوە.

نموونەی ھۆنراوەکانی[دەستکاری]

سەد تف و لەعنەت لە قوربان قوربانلە «ئاغا فەرمووی» یەکجارم قینە
خۆم زەلیل ناکەم بۆ فلس و دینارئەویش لەسایەی غیرەتی دینە
ئیسلام و عیززەت، عیلم و کەرامەتکورد و شەرافەت، ڕەسمی دێرینە
ناکەومە پینەی درۆی ئاغایانکەوش و کراسی خۆم ئەکەم پینە
من ھەڵۆی لووتکەی بەرزی داڵانیمھەرگیز وەک قاڵاو ناکەومە چینە
حەسەن بۆ مەقام نۆکەری ناکاتسەد جار ڕیامە ئەو جۆرە ژینە
ئاخر کام قانوون، کام شەرع و کام حەقسەرحەدما ماڕا و گیرامانە شەق؟!
مەر ئێمە ملمێ ھەتا ھەمەدانیا زوڵمێ کەرمێ جە خەڵکی تاران؟
پیسە ھاڕیە دنیاشا ھاڕامەرز و حورمەتوو ئێمەشا ماڕا
ئێمە کەردەنما جەنگو دەوڵەتا؟چێششا گەرەکا ئی بێ‌وڵاتا؟
سا خوا تا کەی ئی وڵاتمانەیاگەو ستەمی ئی زاڵمانە؟
کەی سەردارێ بێ، سەروەری بارۆ؟ھەر جە ھەمەدان قۆڵیشا ماڕۆ؟

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ رۆژنامەی خەبات 04-02-2010، نوسینەکانی چنگیانی[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  2. ^ رێنێسانس نیوز:لە سەوڵاوا رێز له شاعیرێکی کۆچکردوو گیرا ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  • شیعرەکانی مەلا حەسەنی دزڵی مەردۆخی (ئەحمەد نەزیری)، سنە، ٢٠٠١ (١٣٨٠ کۆچیی ھەتاوی)، ISBN 964691324-1-1

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]