ھەژار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی

Abdurrahman Sharafkandi In the early Republic of Mahabad.jpg
لەدایکبوون (١٩٢١-0٤-١٣) ١٣ی نیسانی ١٩٢١
مەرگ٢١ی شوباتی ١٩٩١(١٩٩١-02-٢١) (٦٩  ساڵ ژیاوە)
شوێنی دۆزینەی تەرممقبرەالشعرای مھاباد
نەتەوەکورد
پیشەنووسەر، ھۆنراوەوان و وەرگێڕ
ئایینئیسلام، سوننی
ھاوسەرمەعسوومە ئەحمەدی[٢]
مناڵ(ەکان)شێرکۆ، ئاگری، زاگرۆس و خانی[٢]
باوان
  • حاجی مەلا محەممەد (باوک)


عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە ھەژار (لەدایکبووی ١٣ی نیسانی ١٩٢١ لە مەھاباد، ئێران – مردووی ٢١ی شوباتی ١٩٩١ لە کەرەج، ئێران) نووسەر، ھەڵبەستوان و وەرگێڕێکی کورد بوو. خاوەنی ژمارەیەکی زۆر بەرھەمی ئەدەبیی پڕ پیتە. ھەژار برای گەورەی سادق شەرەفکەندی، سکرتێریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.[٣]

ژیان[دەستکاری]

«عەبدولڕەحمانی شەرەفکەندی» کوڕی حاجی مەلا محەممەد بووە و لە ساڵی ١٩٢٠دا لە مەھاباد لە دایک بووە و بە لاویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونە تەرەغە. لە ساڵانی سەرەتایی ژیاندا لە لای باوکیدا و دواتر لە حوجرەکاندا لە بەر دەست چەند کەس لە مامۆستا ئایینییەکان، دەرسی گولستان و بووستانی سەعدی خوێندووە. بەڵام بەپێی ئەو شتەی کە لە چێشتی مجێوردا باسی دەکات، دەستکەوتێکی زۆر کەمی بووە. باوکی ھەژار کەسایەتییەکی خوێندەوار بووە و زانیویەتی بە کوردی بخوێنێت و بنووسێت، ھەر ئەمەش ھانی داوە کە کوڕەکەی خۆی (ھەژار) ھەر لە تەمەنی پێنج ساڵانەوە ئاشنا بە خوێندنەوە و نووسین بکات و دواتریش بینێرێتە مەکتەب و حوجرە. لە ساڵی ١٩٤٠ دەستی بە ھۆنراوە وتن کردووە و ھۆنراوەکانی ئەحمەدی خانی، وەفایی و مەلای جزیری کاریگەری لەسەر ھەستی بووە.

ھەژار ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، تێیدا ئەندام بووە و بەشداری کارە حیزبییەکانی داوە. ئەو بڕوایەکی زۆر بە تینی بە ئامانجەکانی ژ.ک. بووە چونکە لە دوای ئەو ھیچ کات لە ھیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام. ھەژار لە کۆماری کوردستاندا دەوری ھەبووە و لەگەڵ ھێمن لەلایەن کۆمارەوە بە «ھۆنراوەوانی نەتەوەیی کوردستان» دەناسرێن. دوای تێکچوونی کۆماری مەھاباد لە ئازاری ١٩٤٧دا ناچاری بەجێ ھێشتنی وڵاتی دەبێ و ماوەی ٣٠ ساڵ لە باشووری کوردستان و دواییش لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە. لە پاییزی ١٩٤٧ بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشیی سیل بوو، دەچێتە لوبنان و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێتەوە عێراق. لە ساڵی ١٩٥٣ لە ڤێستیفاڵی لاوانی جیھان لە شاری بوخارێستی ڕۆمانیا بەشدار بووە.[٤] پاشان جارێکی تر لە حکوومەتی ئەوسای عێراق قاچاخ دەبێ، بەرەو سووریا ڕادەکات، و ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ لە ئاوایی توربەسپیسان لە سووریا لای حاجۆ ئاغای دەوڵەمەندی کورد ژیاوە. تا ساڵی ١٩٥٧ لەوێ بووە، لە پاشاندا گەڕاوەتەوە بەغدا. کوودەتا سەربازییەکەی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ی بەغدا دەرگای شادی لە ڕووی ھەژاردا کردەوە، لە ھەژاری ڕزگاری بوو، بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە ئاوارەییەکەی ڕووسیایەوە بۆ وڵات.[٤] دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی و لە ساڵی ١٩٦٣ دا، ھەژار دەچێتە پاڵ شۆڕشەکە. کاتێک ڕێککەوتتنامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکوومەتی عێراق مۆرکرا، ناردرا بۆ بەغدا بۆ ڕێکخستنی کاروباری یەکێتی نووسەرانی کورد کە تازە لە ١٠ی شوباتی ١٩٧٠دا دامەزرا بوو، لە کۆنگرەیەکەی ئەو یەکێتییە بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەر ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتیشدا کرا بە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کورد و توانی لە ساڵی ١٩٧٢دا پەرتووکی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی لە فارسییەوە بکاتە کوردی و لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپی بکات.

دوای ھەرەسھێنانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥دا ماڵەکەی لە بەغدا تاڵان کرا. دوای ئەوە ڕۆشتە شاری کەرەجی ئێران و تا کۆتایی ژیانی (ساڵی ١٩٩١) لەوێ مایەوە. ھەژار لە دوای کوودەتاکەی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، کاتی خۆی تەرخان کرد بۆ دانانی فەرھەنگی زمانی کوردی و وەرگێڕان و لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی کوردیدا.

ھەژار لە ژیانیدا گەلێ تاڵی و ئاوارەیی کێشاوە. لە ڕۆژی ٢١ی شوباتی ١٩٩١ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی بەرەو موکریان ھێندراوە و لە گۆڕستانی باغی فیردەوسی شاری مەھاباد بەخاک سپێردرا.

ژیاننامەی ھەژار لە پەرتووکی چێشتی مجێوردا[دەستکاری]

ھەژار لە پەرتووکی چێشتی مجێوردا کە ژیاننامەیەکی خۆیەتی کە بە دەستی خۆی نووسراوە، دەڵێ:

بۆ خۆم لە بیرم نییە کەنگێ بۆ یەکەم جار ھاتوومە دنیاوە! بەڵام وەک بۆیان گێڕاومەوە و باوکم لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا نووسیبووی، ڕۆژی شەشی شابان، ساڵی ١٣٣٩ی ھیجریی مانگی، بەری بەیانی کە ڕۆژێکی زۆر تووش و بارانی بووە لە دایک بووم و بریا ھەر نەبووبام… وەک دەڵێن زۆر منداڵێکی گرینۆک و بە گروو بووم، کەم وەختان ژیربوومەتەوە…

ھەروەھا سەبارەت بە ھێمن دەڵێ:

لە خانەقا دەگەڵ ھاوتەمەنیکی خۆمدا بوومە ئاشنا، ناوی «محەممەد ئەمینی شیخولئیسلام» و پوورزای منداڵە شێخەکان بوو. ئەویش دەبوایە بۆ بەرەکەت دەرس لای مامۆستا مەلا سەعید بخوێنی و لە ماڵی شێخ بژی. نازانم ئەو زیرەکتر بوو یا من! بەڵام ئەوەندە دەزانم لە دەبەنگی و ھیچ فێر نەبووندا، درۆزنیش فەرقی نەدەکردین. ھەر دووکمان وەک یەک دارکاری دەکراین و بە قەد یەک بەر جنێو دەدراین. تەنیا فەرقێکمان کە ھەبوو، ئەو بۆ نەگبەتی شێعری دەگوت و خۆی لە من بە ھونەرمەندتر دەزانی. بەڵام شێعری چۆن؟ یا خوا بە نسیبی دوژمنانت بێ! من لە بەغێڵیان گاڵتەم بە شێعرەکانی دەکرد. ئاخری ھەر وازی نەھێنا و لە دواڕۆژدا بوو بە شاعیرێکی ھەرەبەرز و بە ناوی ھێمن ناوبانگی کرد. کاری ھەرە گرینگمان ڕاوە دووپشک، دزی باخان، مریشک دزین لە ماڵە شێخان و ھەزار بەدفەڕی و کاری نالەباری دیکە بوو.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

بە کوردی[دەستکاری]

  • بەیتی سەرە مەڕ، لە ١٩٥٧ لە شام چاپیکردووە.
  • چێشتی مجێور، یادداشتەکانی خۆیەتی.
  • ئاڵە کۆک، دیوانی شێعری سەردەمی کۆمارە.
  • بەیتی سەرە مەڕ، چیرۆکەشێعرێکی درێژە؛ ماکەکەی لە چیرۆکێکی کورتی سەباحەدین عەلی، نووسەری تورک وەرگرتووە.
  • مەم و زین، ھەر بە ھۆنراوە لە کورمانجییە وەریگێڕاوەتەوە بۆ سۆرانی.
  • بۆ کوردستان، دیوانی ھەژار، ١٩٦٥.
  • فەرھەنگی وشەی ھەنبانە بۆرینە «کوردی بە کوردی و فارسی»، تاران، ١٩٩٠.

وەرگێڕان بە کوردی[دەستکاری]

٭ عیرفان، بەرامبەری، ئازادی؛ نامیلکەیەکی دوکتور عەلی شەریعەتییە کردوویەتە کوردی.

  • قورئان بە کوردی
  • ھۆزی لە بیرکراوی گاوان، نووسینی دوکتۆر مستەفا جەواد، لە عەرەبییەوە کردوویەتییە کوردی.

ساغکردنەوە[دەستکاری]

  • دیوانی شێخ ئەحمەدی جزیری (مەلای جزیری)؛ دەق و مانا لێکدانەوە.
  • شەرحی دیوانی مەلای جزیری.

بە فارسی[دەستکاری]

  • تاریخ سلیمانیە (مێژووی سلێمانی).
  • روابط فرھنگی ایران و مصر (پەیوەندییە کولتورییەکانی نێوان ئێران و میسر).
  • قانون در طب، نوسراوەی ئیبن سینا لە عەرەبییەوە بۆ فارسی.
  • آثارالبلاد و اخبارالعباد زکریا قزوینی لە عەرەبییەوە بۆ فارسی.

ھۆنراوەی ھەژار لە ڕووی ناوەڕۆکەوە[٤][دەستکاری]

بەشێکی کەم لە بەرھەمی دڵدار دەچێتە خانەی دڵداری و وەسفی سروشتەوە. بەشی ھەرە زۆری ستایش و پێداھەڵدان و شانازی کردنە، ئەمەی تێکەڵ کردووە بەسیاسەت بەمانای ئەو بەسەرھاتانەی بەسەر کورد ھاتوون ڕۆژگارانی ژیانی شاعیردا. لەم ڕووەوە شیعری بەچوار قۆناغ تێپەڕیوە:

١- سەرەتا تا ساڵی ١٩٤٨: لەم ماوەیەدا شیعری بریتی بووە لە ستایش و پێداھەڵدان. ئیلھامی لە خۆشویستنی قازی محەممەد و دامودەزگای کۆماری کوردستان وەرگرتووە. خۆی بە ستالین و سوپای سووری سۆڤیەتی کۆن خەریک کردووە، داس و چەکوشی کردووە بەڕەمزی مرۆڤایەتی. چونکە دەسەڵاتی سۆڤیەت دەستی ھەبوو لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان.

٢- قۆناغی بەغدا ١٩٤٨ – ١٩٥٨: لەم ماوەیەدا شاعیر دوو سێ ساڵ لە سووریا ژیاوە. لەم قۆناغەدا شیعری ڕەنگدانەوەی بیری کوردایەتییە. ئەگەر لە پێشاندا زۆرتر خەریکی ئەوە بووبێ ھێرش بباتە سەر عەجەم، لەم دەورەدا زیاتر باس لە خراپەی ھەموو دراوسێکانی کورد دەکا وەکو تورک و عەرەب و عەجەم.

٣- قۆناغی بەغدا و کوردستان ١٩٥٨ – ١٩٧٥: ئەوی ڕاستی بێ ماڵی خێزانی ھەژار لەم ماوەیەدا لە بەغدا بووە، خۆی لە ھاتووچۆدا بووە لە نێوان بەغدا و ناو شاخەکانی کوردستانی عێراق بەپێی پلەی پەیوەندی شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١ بەدەسەلاتی بەغداوە، چونکە ئەو پەیوەندییە لە ھەڵبەزین و دابەزیندا بووە. لەم قۆناغەدا زۆربەی شیعری ھەژار لە ستایشی بارزانی شۆڕشی کورد بووە، ھەروەھا لە دژی خراپەی دراوسێیانی کورد بەتایبەتی عەرەب.

٤- قۆناغی کۆتایی لە ماڵی خۆی لە مەھاباد ١٩٧٥ – ١٩٩١: لەم قۆناغەدا ھەژار خۆی بەشیعر وتن خەریک نەکردووە، بەڵام ئەو شیعرەی وتوویەتی ھەمووی لەسەر بارزانییە، بەھۆی یادی کۆچی دواییەوە، لە یادی ساڵی یەکەمەوە ١٩٨٠ دەست پێکردووە تا یادی ساڵی یازدەمین ١٩٩٠. واتە لە ھەموو ساڵێکدا شیعرێکی داناوە بۆ یادی کۆچی بارزانی تا کۆچی دوایی ھەژار خۆی.


نموونەی ھۆنراوەکانی ھەژار[دەستکاری]

ھەژار لە شیعرێکیدا بەناوی «ھەر کوردم» لە ساڵی ١٩٤٨ لە بەغدا نووسیویەتییەوە، دەڵێ:

ھەر کوردم
بە دەربەدەری یان لە ماڵی خۆم لە خاکی عەرەب لە ئێران و ڕۆم
کۆک و پۆشتە بم، ڕووت و ڕەجاڵ بم کۆشکم دەقات بێ وێرانە ماڵ بم
ئازا و ڕزگار بم شادان و خەندان یان زەنجیر لە مل لە سووچی زیندان
ساغ بم جحێل بم بگرم گوێ سوانان یان زار و نزار لە نەخۆشخانان
دانیشم لەسەر تەختی خونکاری یان لە کۆڵانان بکەم ھەژاری
کوردم و لە ڕێی کورد و کوردستان سەرلەپێناوم گیان لەسەر دەستان
بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم بە کوردی دەدەم وەرامی قەبرم
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە لەو دونیاش بۆ کورد تێ ھەڵدەچمەوە

ھەژار بۆ قازی محەممەد لە شیعری «پاڵەوانان ناترسن»دا دەڵێ:

پاڵەوانان ناترسن
دەرگای شێران کرایەوە دار و بەرد دەنگی دایەوە
گوێ لە زڕەی زنجیر بگرن پاڵەوان ناترسن بمرن
بۆ مەرگ دێن بەئازایی دەڵێی دەڕۆنە سەرشایی
مەردانە ھەنگاو ھەڵدێنن بەدکار بەتوندی دەدوێنن
ڕوو گرژن بەرامبەر دوژمن دەم بە بزەن بەرەو مردن
وا پێشەوای کوردان قازی پێشەوایە بۆ گیان بازی
کوڕەی ماتی شەو دەشکێنێ دڵی زۆردار دەلەرزێنێ

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Iranica - HAŽĀR
  2. ^ ئ ا کوردیپیدیا: شاخانمێک خۆڕاگر وەک چیا، بوردەبار مینا دڵی دایک (یادێک لە ھاوژینی مام ھەژار موکریانی؛ مەعسوومە ئەحمەدی)؛ سەردان لە ٣ی ئازاری ٢٠٢١.
  3. ^ "ئەمڕۆ 28مین ساڵڤەگەرێ کۆچی دوایی مامۆستا ھەژارە". راگەیاندنی گوڵان. Archived from the original on ٢٣ی شوباتی ٢٠١٩. Retrieved ٢٣ی شوباتی ٢٠١٩. Check date values in: |access-date=, |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= (help) Archived ٢٣ی شوباتی ٢٠١٩, لە وەیبەک مەشین.
  4. ^ ئ ا ب مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٣٧٧ تا ٣٨٤، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.