دەروازە:وێژەی کوردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دەروازەی وێژەی کوردی


بەخێربێن بۆ دەروازەی وێژەی کوردی!

وێژەی کوردی یان ئەدەبی کوردی بریتیە لە ئەو شێعر، چیرۆک، بەیت، مەتەڵ و گۆرانیانەی کە بە شێوەزار و زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی نووسراوە. وێژەی کوردی بە یەک شێوەزاری تایبەت نیە و بە ھەمووی شێوەزارەکانی کرمانجی، سۆرانی، ھەورامی و کەلھوڕی نووسراوە لە کوردان بە جێ ماوە. شیاوی باسە کە لە مێژووی وێژەی کوردیدا بە زۆری ھۆنراوە بە سەر پەخشاندا زاڵ بووە. ڕەنگە کۆنترین نموونەکانی وێژەی کوردی بریتی بێ لە ئەو ھۆنراوانەی کە بە کوردیی باشووری نووسراوە و شوێنکەوتوانی ئایینی یارسان وەکوو باڵووڵی ماییدەشتی و بابا تاھیری ھەمەدانی بێت.

زیاتر...

ھەنووکە ٣٦٨ وتار لە دەروازەی وێژەی کوردیدا ھەیە.

وتارێک لەوان بە ھەڵکەوت ببینە

وتاری ھەڵبژێردراو

پیرەمێرد یان حاجی تۆفیق بەگ ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە ھۆزانڤان و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو. لە سلێمانی لەدایکبووە و لە لاویدا زانستی ئایینی لەوێ خوێندووە. پیرەمێردیش بەو دەستوورە ھەر وەکوو حاجی قادری کۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانی گەڕاوە و ئەوسا ڕووی کردۆتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە ١٨٩٨دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکوومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسیدا دادەمەزرێت. لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی ھەر لەوێ خەریکی کاری وێژەیی و ڕۆژنامەوانی دەبێت. پیرەمێرد بەرھەمی وێژەیی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتی ڕۆژنامەگەریی کوردی کردووە. لە بواری ڕۆژنامەوانیی کوردیدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە، ھەندێک لەو خزمەتانە بریتیین لە دامەزراندنی ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب و ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی و ڕۆژنامەی ژین و گۆڤاری ژین.

زیاتر...

وێنەی ھەڵبژێردراو

سوارە ئیلخانیزادە (١٩٣٧-١٩٧٥) شاعیرێکی بەناوبانگ و نوێخوازی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو.

وتەی ھەڵبژێردراو

« شیعر و چیرۆک دەتوانن ھەزارەھا باڵەخانە و پرد لەناو زاتی مرۆڤ دابنێن، ئەدەب خزمەتی ناوەوەی مرۆڤ دەکات.»
شێرزاد حەسەن میم

ژیاننامەی ھەڵبژێردراو

عەبدوڵڵا پەشێو شاعیرێکی بەناوبانگی کوردە. بەھۆی دژایەتیی ڕەخنەگرانەیەوە لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک شاعیرێکی سیاسیش دەرکەوتووە و بەشێعر و دەربڕین نەقوستانییەکانی لێ لەقاو داون.

پەشێو ساڵی ١٩٤٦ لە بنەماڵەیەکی ئایینی و لە گوندی "بێرکۆت"ی نزیک شاری ھەولێر لەدایک بووە (ئەو گوندە ئێستا بووەتە بەشێک لە شاری ھەولێر). باوکی مەلای گوندەکە بووە، بەڵام بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە ھەر زوو ماڵئاوایی لە دنیا دەکا، پەشێو دەڵێ: "مامەکانم ھانیان دام بچمە بەر خوێندن، یەکەم جار چوومە قوتابخانەی "خالیدیە بە عەرەبی دەمخوێند". ساڵی ١٩٦١ بۆ یەکەمجار دەست دەکا بە شیعر نووسین و یەکەم شیعری لە ھەفتەنامەی "ھەولێر"دا بڵاو دەکاتەوە. دوابەدوای ئەوە خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی ھەر لە ھەولێر تەواو دەکا. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندی دەکا بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان و لە نێوەڕاستی شەستەکان بەولاوە دەبێتە بەرپرسی قوتابیان و کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەر لەو ساڵانەدا دەست دەکا بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی و لە ڕۆژنامەی "الاخبار – دەنگ و باس" شیعر بڵاو دەکاتەوە ئەم ڕۆژنامەیە ئەودەم ھەفتانە لاپەڕەیەکی بۆ کوردی تەرخان کردبوو. ساڵی ١٩٦٧ بۆ یەکەم جار لە بەغداد ئاشنایەتی لەگەڵ شێرکۆ بێکەسی شاعیر پەیدا دەکا و ھەر ئەو کاتەش "بتی شکاو"ی بە چاپ گەیاندبوو، ھەر لەو ساڵەدا بە یەکجاری واز لە حیزبایەتی دێنێت و بڕیار دەدا خزمەتی بیری "سەربەخۆیی خوازی" بکا. ساڵی ١٩٧٠ لە دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد لە بەغداد بەشداری کردووە. ساڵی ١٩٧١ بۆ ماوەی یەک ساڵ لە گوندی "کەنداڵ"ی دەشتی ھەولێر دەبێ بە مامۆستا.

زیاتر...

ڕۆمان

ئێوارەی پەروانە، ناوی رۆمانێکە لە نوسینی بەختیار عەلی. ھەلبەستوان و نووسەری ناودار، بەختیار عەلی، پاش بڵاو کردنی ئەم رۆمانە کە دووھەمین رۆمانیەتی، سەرنجی زۆری بۆ لای خۆی راکێشا. ئەم رۆمانە پێک ھاتووە لە ٢٢ بەش و یەک بەشی کۆتایی و سەرجەم ٢٥٥ لاپەڕەیە. بە پێی ئەو مێژووە لە کۆتایی دوواھەمین لاپەرە دا دانراوە، ئەم رۆمانە لە ماوەی ١٠ مانگ دا لە مانگی ١ تا مانگی ١٠ ی سالی ١٩٩٧ەوە نووسراوە. ئەم رۆمانە لە لایەنی بڵاوکراوەی ڕەھەند، سالی ١٩٩٨ لە سوێد بڵاوبووەوە. ناوی رۆمان بە ئەو ئێوارەیە ئاماژە دەکات کە پەروانە و یەکێک لە ھەڤاڵانی بە ناوی میدیا، دوو پاڵەوانی سەرەکی چیرۆکەکە، لە لایەن براکانیانەوە و لە بەر دەم کۆمەڵێک کەسایەتیی مەزھەبی دا کە بڕوایان ئەوەیە لەگەڵ گوناھباران دا دەجەنگن، لە سێدارە دەدرێن. دوواتر ئەم ئێوارە دەبێتە سەمبۆلی زستان، مردن و دۆراندن.

زیاتر...

پۆلەکان

شیعری ھەڵبژێردراو

خەزنەیێکە بەیتی من دوو میسرەعم داخستووەکەس تەماعی تێ نەکا ڕێگەی دزم لێ بەستووە
بیکە بەر دیبایی نەزمم تا قیامەت نادڕێچونکە ئەبکاری مەعانیی تار و پۆیی ڕستووە
زاھیرەن بەیتم لە نالی و کوردی زۆر کەمتر نییەتالعم بەرگەشتەیە، بەدبەختە بەختم نووستووە
باسی حوور و باسی غیلمان و پەری بۆ من مەکەنوەک مەھی بێ میھری خۆم نەمدیتووە و نەمبیستووە
نیوەشەو گەر دەرکەوێ وەک ماھی سەرکەل تەلعەتیوا دەزانن ئافتاب و موشتەری سەر بستووە
دەست و پێی ئەو پادشاھی حوسنە کوێلەم پێ دەڵێنھێندە ئەنگوستی پەشیمانیم لە حەسرەت گەستووە
دڵ لە کونجی سینەدا گەر خوێن دەنۆشێ و غەم دەخواحاجی بۆ قوربانی عیدی وەسڵی تۆ دایبەستووە
— حاجی قادری کۆیی

دەروازە پەیوەندیدارەکان

ئەو کارانەی دەتوانیت بیانکەیت

پڕۆژەکانی تری ویکیپیدیا

ویکیپیدیا لەلایەن دەستکاریکەرانی خۆبەخشەوە نووسراوە و لەلایەن دامەزراوەی ویکیمیدیا ڕاژە کراوە، کە دامەزراوەیەکی قازانج نەویستە و پڕۆژەگەلێکی تری خۆبەخشانەش ڕاژە دەکات وەک:

دەروازەکان