بۆ ناوەڕۆک بازبدە

پەندەکانی پیرەمێرد

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پەندەکانی پیرەمێرد بریتین لەو پەندانەی کە پیرەمێردی شاعیر لە ھەردووک ڕۆژنامەی ژیان دواتر ڕۆژنامەی ژین بڵاوی کردوونەوە. بۆ یەکەم جار لە سەرەتای حەفتاکاندا لەلایەن کاکەی فەلاح لە چوار بەرگی بچووکدا چاپ کراوە. دواتر لەلایەن لیژنەیەک کە پێکھاتبوون لە فایەق ھۆشیار، مستەفا ساڵح کەریم، مەحموود ئەحمەد، حەمە نوری تۆفیق، و ئەحمەد زرنگ لێکۆلینەوە و ساغکردنەوە بۆ پەندەکان کراوە.[١][٢] بۆ جاری چوارەم ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن ناوەندی ئەدیبان لە سێ بەرگدا چاپ کراوە. پەندەکان بەو ژمارانە ڕیزکراون کە ژمارەی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەکە بووە. لە ژمارە ٣٢٣ دەست پێدەکات تا ژمارە ٤٢٧ کۆتایی بەو پەندانە دێت کە لە ڕۆژنامەی ژیاندا بڵاوکراونەتەوە. دواتر لە ژمارە ٤٢٨ تا کۆتایی ئەو پەندانەن کە لە ڕۆژنامەی ژیندا بڵاوکراونەتەوە.

تایبەتمەندییەکان

[دەستکاری]

پەندەکانی پیرەمێرد بە شیعرێکی سادە و ڕەوان وتراون، بریتین لە قسەی نەستەق و پەندی پێشینان، و ھەروەھا توانج و پلار لە کرداری نالەبار، و ئامۆژگاریکردن.

چەند نموونەیەک

[دەستکاری]

ئەگەر دەتەوێ بێ لەوەڕ نەبی
لەناو خەڵکدا پەڵەوەڕ نەبی
ئێرە جەنگەڵە دەبێ مەڕ نەبی
سەودایەک بکە تووشی شەڕ نەبی
لە جێیەک بنو ئاوھات تەڕ نەبی.

ھاونشینی بەد ئەخلاق دەگۆڕێ
پیاو خراپ چاکیش دەخاتە گۆڕێ
ئەو پادشایەی گوێی لە ھامان گرت
لەگەڵ میللەتی خۆی دەری نەبرد.

بیانووی نەوسنیم دۆزییەوە بۆ خۆم
ئەوی ئازایە بڵێت من ناخۆم
برسێتی ڕەگی ھاری پێوەیە
وەک زستان تۆفە و بە کڕێوەیە
ئەم ھەرا و جەنگە ھەر بۆ خواردنە
نەخواردن دوایی گیان سپاردنە
ئەو دەخوا و ئەمیان تەماشا دەکا
دیارە لە دۆستی ئەو حاشا دەکا.[٣][٤]

زەعیم ئەوەتا شێوەی شەمعی بێ
خۆی بسوتێنێ، نەفعی جەمعی بێ
گەورە ئەوەتە خۆێ بە خاک بگرێ
وەک خاک مردووی خۆی لە باوەش بگرێ
گەورە وادەبێ کە بە ڕەنجی شان
کۆی بکاتەوە و بیدا بە میوان
با ھیچ میوانیش مەمنونی نەبێ
بیداو دەربەستی مەمنونی نەبێ.


چاو لە ماڵی خەڵک مەبڕە، حەرامە
بەشی خۆت بەس بێ، حەڵاڵ بەتامە
چاو مەبڕەڕە دەست، خراپ فێر دەبی
بە پارووی خەڵکی درەنگ تێر دەبی.

ھەندێکمان ھەیە ڕەگی خەو دەگرن
تا ئیشیان ھەیە لە بەر پیاو دەمرن
ئەمڕۆ لە لایان ساحێب مەقامی
پێت ھەڵخلیسکا شێت و نەفامی.

ئەو سەرکردەیەی بە ڕاست ئینسانە
بەند و زنجیر لای ڕوتبە و نیشانە
بەڵام نەک قەومی تووش کا و خۆی ڕاکا
وابێ ئیتر کەس بڕوای پێ نەکا.

ئەگەر ئەتەوێ نەیێن بە گژتا
ئامادەی شەڕ بە لە ھەموو وەختا
لە شێنەیشدا پڕچەک بنوێنە
دڵی دوژمنی پێ بیرسێنە.

کە تۆ خۆت شل کرد لەڕوی ناکەسێ
دەڵێ بڕوانە چۆن لێم دەترسێ.

کاسبیش چونکو دەعییەی تیانییە
ھیچ مەئمورێکی پێ ڕەزا نییە.

تا بە چاوی خۆت چشتێ نەبینی
ڕاستی مەزانە عیلم ئەلیقینی
چونکە دەور دەوری درۆو بوختانە
ڕاستی گرانە، درۆ ھەرزانە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «بارزانی کتێبی (پەندەکانی پیرەمێرد) ی کڕی». sulcci.com. لە ڕەسەنەکە لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٥ی ئازاری ٢٠٢١ ھێنراوە.
  2. ^ Hussien، kocher. «ڤیدیۆ:ژیاننامەی پیرەمێرد». History Of Kurdistan. لە ١٥ی ئازاری ٢٠٢١ ھێنراوە.
  3. ^ کوردیپێدیا، Kurdipedia-. «سەرجەم پەندەکانی پیرەمێرد». Kurdipedia.org. لە ١٥ی ئازاری ٢٠٢١ ھێنراوە.
  4. ^ «شیعری ئەگەر دێکانی خاوەن بەخت نەبێ، پیرەمێرد». allekok.ir. لە ١٥ی ئازاری ٢٠٢١ ھێنراوە.

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]