مەلای جەباری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەلای جەباری
لەدایکبوون١٨٠٦
گوندی بانگۆڵ
مردن١٨٧٦
ئاوایی تاوێربەرز
شوێنی گۆڕگوندی بانگۆڵ
پیشەمەلا، شاعیر، نووسەر
زمانکوردی
نەتەوەکورد
خوێندنکەرکووک، سلێمانی
سەردەمسەدەی حەڤدەھەم

مەلای جەباری (لەدایکبووی: ١٨٠٦ گوندی بانگۆڵ – مردووی: ١٨٧٦ ئاوایی تاوێربەرز – بەخاکسپاردنی: گوندی بانگۆڵ)

ژیان[دەستکاری]

فەتاح کوڕی سەید مستەفا کوڕی سەید ئیسماعیل کوڕی سەید جانی لە نەوەی شێخ شەرەفەدینی کوڕی سەید عەبدولجەباری باپیرە گەورەی عەشیرەتی جەبارییە. لە ساڵی ١٨٠٦ لە گوندی بانگۆڵ لەدایکبووە. بە منداڵی خوێندنی لە لای مەلا ڕۆستەمی مەلای گوندەکەیان بووە. وا دەردەکەوێت لە مەڵبەندی خۆیدا تەنیا قورئانی خەتم کردبێت و، گوندەکەیان حوجرەی مەدرەسەی خوێندنی زانستەکانی ئیسلام و زمانی عەرەبی تێدا نەبووبێت. لەبەرئەوە بە فەقێیەتی دەڕواتە شاری کەرکووک و لە مزگەوتی نائیب ئۆغلی خەریکی خوێندنی ڕێزمانی عەرەبی و فیڤھی ئیسلامی دەبێت، لە پاشاندا بۆ خوێندن چۆتە سلێمانی و لە دواییدا گەڕاوەتەوە کەرکووک، ئینجا ڕووی کردۆتەوە ھەولێر و ڕەواندز و شنۆ و، بۆ دواجار نیشتەجێی مەڵبەندی خۆی لە کەرکووک بووە. لە ساڵی ١٨٣١دا باوکی کۆچی دوایی کردووە، ناچار بووە واز لە خوێندن بێنێت، یان ھیچ نەبێت پەلە بکات لە تەواوکردنی خوێندنی مەلایەتی، چونکە گومان لەوەدا نییە کە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، ئیتر ناچار بووە خەریکی بەخێوکردنی ماڵ و منداڵ بێت. لەبەرئەوەی مەلای جەباری لە بنەماڵەیەکی سەید و دەوڵەمەند بوو پەیوەندی لەگەڵ کاربەدەست و دەوڵەمەند و شێخە گەورەکانی ئەو سەردەمە ھەبوو، وەک (مەحموود پاشای جاف و شێخ عەبدولڕەحمانی خالیسی) و ھی دیکە. دەڵێن ئاشنایەتی لەگەڵ مەولەویدا بووە، ئەمەیان ڕەنگە بەناوی خوێندەواری و شاعیرییەتییەوە بووبێت.

سەردانەکان بۆ ئەستەمبوڵ[دەستکاری]

پەیوەندی دەرەبەگایەتی لە کۆمەڵگای کوردەواری عوسمانیدا ھەندێ تەنگوچەڵەمەی بۆ پەیدا کردووە، لەبەر ئەوە ناچار بووە دووجار سەر لە ئەستەمبوڵ بدات. جاری یەکەمیان لە ساڵی ١٨٤٢ دەچێتە ئەستەمبوڵ بۆ سەندنەوەی ھەندێ لەو موڵکانەی بنەماڵە و تیرەکانی ھاوسێیان داگیریان کردبوو. وا دەردەکەوێ مەلای جەباری لەم گەشتەیدا سەرکەوتوو بووە. جارێکی دیکەش لە ساڵی ١٨٤٦ دیسانەوە ڕوو دەکاتەوە ئەستەمبوڵ، ئەمجارەیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو دوژمنایەتییەی کە لە نێوان جەباری و ھەماوەندان دا لە ناوەوە بوو، لەم گەشتەیدا تا پلەیەک سەردەکەوێ، چونکە دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی نێوانی لەگەڵ ھەماوەندان دا خۆش نەبوو، ئەمانە بزێو بوون و زیانیان بە دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی دەگەیاند و ھەموو شتێک لە ناوچەی ئەواندا بە دڵی دەسەڵات نەدەکەوتەوە.

پەیوەندی مەلای جەباری و سەید قادر[دەستکاری]

لە ماڵەوە کاروباری بنەماڵە و تیرەی جەباری بەدەست (سەید قادری کاکی)یەوە بووە، ھەندێ جار ناکۆکی دەکەوتە نێوانیانەوە و مەلا ناچار دەبوو بۆ ماوەیەک زویر ببێت و لە مەڵبەندی خۆی بار بکات، ھۆی ناخۆشی نێوان ئەم دوو برایە ھەندێکی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی نادۆستانەی مەلای جەباری و خێزانی سەید قادری کاکی کە ناوی ھاجەر خان بووە، گەیشتۆتە ڕادەیەک بە شیعر ئەو ژنە ھەجوو بکات.

مردن[دەستکاری]

مەلای جەباری لە ساڵی ١٨٧٦ لە ئاوایی تاوێربەرز کۆچی دوایی کردووە، تەرمەکەیان ھێناوەتەوە بانگۆڵ و لەوێ نێژراوە.

لە نموونەیەکی شیعری باسی ھاجەر خانی براژنی دەکات و دەڵێت:

ھەر چەند نێرەکەر گل و گومییەھەر چەند ئەسپ بەن ئاغای ڕۆمییە
سی باتمان تورش، دوو باتمان پیازلە گەڵ ئاوە گەڕەکەی پای جەوەل ناساز
ھورد ھورد بیکوتی لە ھاوانابیساویتە قنگ ھاجەر خانا
بیدەی لە دەفتەر دارا و نەداراھەر چەندی حوشتر جربە و ھاوارا
شیر خوشیلک دۆشاو مار گیرئاڵەت و بیبەر زەنجەفێڵ و سیر
دووبارە بیکوتی ناو ھاوانابیساویتە قنگ ھاجەر خانا
نەوەک ئەی زامە تەشەنە کەرۆدوا جار دەرمان فرە بوەرۆ

جگە لەوە ئەو ناخۆشییەی کە لە نێوان جەباری و ھەماوەندەکان بووە کاکی بە خەتابار داناوە.

لە نموونەیەکی تری شیعری بۆ سەید قادری کاکی دەڵێت:

برا گەورەکەی شان و مل قەویمشەوال عمامەی شەو گرد شەویم
چەرخی پدەرتە قررانی براتەفلسێ لە باتی گشت ئەقرەباتە
ئاو ھەواسان سەدای باوکەڕۆئینەم خاستەرەن لە برایەتی تۆ
ھەوای ھەواسان ناسازی سەرتافخاستەرەن لە حوکم ڕەئیس بێ ئینساف

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • دیوانی مەلای جەباری.
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، عەلائەدین سەجادی.
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی سێیەم، لاپەڕەکانی ٣٣٩ تا ٣٤٨، مارف خەزنەدار، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر: ٢٠٠٣.
  • مێژووی وێژەی کوردی، بەرگی دووەم، سدیق بۆرەکەیی (سەفی زادە)، لاپەڕەکانی ٥٩٨ تا ٦١٥، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر ٢٠٠٨.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]